بۆچی میت دەیهەوێ “ئۆجەلانێکی بچووک” لە دەمیرتاش دروست بکات؟

لەهیچ شوێنێک بەکەسانی لەوشێوەیە ناگوترێت دوژمن، بەڵکوو پێیان دەگوترێ بەکرێگیراو، پیاوی دەوڵەتی داگیرکەر و خائین بە نەتەوەکەی خۆی.

سەبارەت بە پەیوەندیە نهێنیەکانی نێوان پەکەکە و “میت”ی تورک زۆر شت باس کراون، بەڵام پەکەکە هەموو کات ئینکاری دەکات و ئەو کەسانەش کە ئەو پەیوەندیە ئاشکرا دەکەن بە سیخوڕی و خیانەت کردن تۆمەتبار دەکات.

پەکەکە هیچکات رێگا نادات کە بەشێوەیەکی کراوە باس لە پەیوەندیەکانی نێوان میت و پەکەکە بکرێت. پەکەکە هەموو شت ئینکار دەکات، بەڵام کاتێک کە مرۆڤ ئاوڕێک لە مێژووی رووداوەکان دەداتەوە، هەموو شتی بۆ ئاشکرا دەبێت. پەکەکە بەشێوەی سیستماتیک لەسەر هزری کوردانی باکوور بەگشتی و لایەنگرەکانی خۆی بەتایبەتی کاری کردووە. بە دژەئینفۆرماسیۆن و هەواڵی بێ بنەما هەوڵیداوە مێشکیان بشواتەوە، بەداخەوە زۆربەیان تەنها ئەو شتانە دەبینن کە پەکەکە پێیان دەڵیت و پیشانیان دەدات.

پەکەکە لایەنگرەکانی خۆی بەشێوەیەک هەڵخەڵەتاندووە کە ئامادە نین بڕوا بەو ڤیدیۆیانەش بکەن کە لە زیندانەکانی تورکیەدا بە نهێنی لە ئۆجەلان هەڵگیراون. ئەوان بەشێوەیەک فریودراون کە دەڵێن ئەو ڤیدیۆیانە مۆنتاژ کراون وئۆجەلان قسەی وای نەکردووە و میت ئەو ڤیدیۆیانەی دروستکردووە و مۆنتاژی کردوون.

لە ئێستادا لە رۆژەڤی تورکیەدا باس لەوە دەکرێت کە هاکان فیدان، سەرۆکی میت داوای لە سەلاحەدین دەمیرتاش کردووە تاوەکوو جێگای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگرێتەوە. خودی دەمیرتاش ئەو داوایەی ئاشکرا کردووە. ئەگەرچی پێشتر پەکەکە ئەو شتانەی ئینکار دەکرد کە لەوبارەوە بڵاو دەکرانەوە، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە، چوونکە لەلایەن یەکێک لە کادرەکانی پەکەکەوە ئەم باسە هاتۆتەگۆڕێ. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە بۆچی میت دەیهەوێ سەلاحەدین جێگای عەبدوڵڵا بگرێتەوە؟

مرۆڤ لە سروشتی خۆیدا وایە کە نایهەوێ دوژمنی هەبێت، ئەگەر هەشیبێت دەیهەوێ بە زووترین کات دوژمنەکەی لەناو ببات. ئەگەر ئەو دوژمنایەتیە لەلایەنی گشتی و نەتەوایەتیشدا بێت، ئەوکات رەوشەکە زۆر جیاوازتر دەبێت و مرۆڤ چەند بتوانێ بە زووترین کات دوژمنەکەی بشکێنێت، لەناوی ببات و لەسەر عەرزی بسڕێتەوە، بەورادەیە زووتر دەگاتە ئامانجەکانی. ئەگەر پێچەوانەی ئەوە روو بدات، ئەوکات هەموو کەس دەبێ بزانێت کە هیچ دوژمنایەتییەکی راستەقینە لەگؤڕێدا نیە و ئەوەی هەیە هاوئاهەنگیە نە شتێکی دیکە.

دۆسیەی کۆبانێ لە دادگای سزا قورسەکانی ئانکارادا بەردەوامە و سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش لەو دۆسیەیە وەردراوە. دانیشتنی دادگا لە رێکەوتی 1ی کانوونی 2022دا دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.

هێندێک لە بەڵگەکانی ئەو دۆسیەیە کە لەلایەن هەدەپەوە بڵاو کرانەوە، زۆر سەرنجڕاکێشن. هەدەپە رایگەیاند: دەمیرتاش لە دانیشتنی دادگادا ئاماژەی بەوە کردووە کەوا لەسەردەمی پرۆسەی ئاشتیدا کە وەکوو شاند دەچوونە ئیمرالی، هاکان فیدان سەرۆکی “میت”، داوای کۆبوونەوەی لێکردووە، بەڵام ئەو قبووڵی نەکردووە. دەمیرتاش دەڵێت ئاگاهانە دەیانهەوێ لەنێوان ئەو و رێبەری پەکەکە (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)دا رۆژەڤێکی هەڵە دروست بکەن و ئەوەش ئاگاهانە دەکرێت.

دەمیرتاش دەڵێت: “با کەس هیوادار نەبێت کە ئێمە پاشەکشە بکەین و خۆمان تەسلیمی ئەوان بکەین. پێشنیاریان کرد کە من بخەنە جێگای ئۆجەلان، ویستیان ئۆجەلانێکی بچووک لە من دروست بکەن. من منم و ئۆجەلانیش ئۆجەلانە. ئۆجەلان هێز و رۆڵی هەیە و کاریگەریی بەسەر سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. ئێمەش وەکوو نوێنەرێکی سیاسیی گەل بۆ چارەسەری لە پارلماندا خاوەن رۆڵین”.

بەو قسانەی دەمیرتاشدا وادەردەکەوێت کە ئۆجەلان ئیدی مردووە، یانیش بەرەو مردن دەڕوات و دەوڵەتی پشتپەردەی تورکیش دەیهەوێ کەسێکی دیکەی لەجێگا دابنێت تا لە رێگای ئەو کەسەوە درێژە بە رێبازی فریودانی کوردان بەدەستی کوردان بدات و لە رێگای سەرۆکێکی ساختەوە، کوردەکان بخاتە خزمەت بەرژەوەندیی تورکیەوە. ئەگەر وەها نەبێت چۆن میت دەیهەوێ کەسێکی دیکە لە جێگای ئۆجەلان دابنێت؟ لەبەرچی دەوڵەت دەیهەوێ ئۆجەلانێکی دیکە (ئۆجەلانی بچووک) بخولقینێت؟ ئایا مانای ئەوە نیە کە بەپێچەوانەی ئەوەی پەکەکە دەیڵێت، ئۆجەلان دوژمنی تورکیە نیە؟ لەکامە شوێن و سەرزەمین ئێوە بینیوتانە کە کەسێک هەوڵ بدات بۆ ئەوەی دوژمن بۆخۆی داتاشێت و بەخێوی بکات؟ نا، بەکەسانی لەوشێوەیە ناگوترێت دوژمن، بەڵکوو پێیان دەگوترێ بەکرێگیراو، پیاوی دەوڵەتی تورک و خائین بە نەتەوەکەی خۆی.

پوستێن ھەمان بەش