روانگەی سووری: ئیسرائیل پێگەی میلیشیا ئێرانیەکانی لە رۆژئاوای شاری مسیاق مووشەکباران کردووە و بەهۆیەوە 3 کەس کوژراون.
ئیسرائیل بارەگاکانی ئەرتەشی رێژیمی سووریا لە پارێزگاکانی تەرتووس و حەمای لە رۆژئاوای ئەو وڵاتەی بە مووشەک کردوونەتە ئامانج و بەهۆیەوە چەند چەکدارێکی سووریە کوژراون و بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12/3/2023، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا)، رایگەیاند: “کاتژمێر 7:15ـی بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی دیمشق، ئیسرائیل بە مووشەک لە ئاراستەی باکووری لوبنانەوە دەوروبەری تەرتووس و حەمای کردۆتە ئامانج”.
ئاژانسەکە ئاماژەی بە ژمارەی مووشەکەکان نەکردووە، بەڵام دەڵێت “ژمارەیەکیان لەلایەن بەرگریی ئاسمانیمانەوە خراونەتە خوارەوە و ئاماژەی بەوەش کردووە، 3 سەرباز بریندار بوونە و هەندێک زیانی ماددیش هەبووە”.
هاوکات روانگەی سووریە بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە کە ئیسرائیل پێگەی میلیشیا ئێرانیەکانی لە رۆژئاوای شاری مسیاق مووشەکباران کردووە و بەهۆیەوە ئەفسەرێکی ئەرتەشی سووریا و 2 کەسی نەناسراو کوژراون و هەروەها 2 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی زانیاریەکانی روانگەی سووری ئەو شوێنە 7 مانگ لەوەپێش و لە رێکەوتی 25ی تەباخی 2022دا جارێکی دیکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بوردومان کرابوو.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی لەو ناوچانە هەن، کە کراونەتە ئامانج.
شایانی باسە رۆژی سێشەممە، 7ـی ئادار ئیسرائیل فڕۆکەخانەی حەلەبی مووشەکباران کرد و 3 کەس بەهۆیەوە کوژران. فڕۆکەخانەکەش بەهۆیەوە داخرا.
لە رێکەوتی 19ی شوباتیش، ئیسرائیل بە فڕۆکە ناوچەیەکی لە دیمەشقی پایتەخت کردە ئامانج کە دەزگا ئەمنییەکانی سووریای لێبوو و لانیکەم 15 کەس بەهۆیەوە کوژران.
لە ساڵی 2011 بەملاوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر ئەرتەشی سووریە و میلیشیا ئێرانیەکان لەو وڵاتەدا و جەختیشی کردۆتەوە کە هیچکات رێگا نادات حیزبوڵڵای لوبنان و هێزە ئێرانیەکان لەناو خاکی سووریەوە ببنە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل و پەلاماری ئەو وڵاتە بدەن.
ئیسرائیل ئەوە ناشارێتەوە کە هێرشی لەو جۆرەی کردووەتە سەر سووریا و دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەوەیە هەژموونی ئێران لەو وڵاتە کەم بکاتەوە.