پەروین بوڵدان: ئۆجەلان گوتوویەتی: “زۆر باس و بابەت هەیە کە بە کۆمیسیۆنەکەی بڵێم”

پەروین بوڵدان: ئۆجەلان گوتوویەتی:"زۆر باس و بابەت هەیە کە بە کۆمیسیۆنەکەی بڵێم"

بوڵدان: پەراوێز خستنی ئۆجەلان هەڵەیە، چونکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پەکەکە هەیە و دەبێ ڕوانگەکانی بە هێند وەربگیردرێن.

پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، بەشداریی لە بەرنامەیەکی تەلەفزۆنیدا کرد و سەبارەت بە دوایین دیداری شاندەکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە قسەی کرد.

پەروین بوڵدان، پارلمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، داوا دەکات کۆمیسیۆنی پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە کۆببێتەوە؛ دەشڵێت: پرسی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ خودی ئۆجەلان، تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە و پێی ڕاگەیاندوون، کە لەلای ئەو هێڵی سوورن.

پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی، بە میدیاکانی نزیک لە پارتەکەی ڕاگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دیدارەکەی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاندووە کە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا هێڵی سوورن و لەلای ئەو گرنگییەکی تایبەتیان هەیە.

بە گوتەکانی بوڵدان لە میانەی ئەو دیدارانەی لە ئیمراڵی کردوویانە، ئۆجەلان زیاتر باسی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کردووە و کەمتر چووەتە نێو باس و پرسی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام چەند جارێک جەختی کردووەتەوە، کە ڕۆژئاوای کوردستان لای ئەو هێڵی سوورە.

سەبارەت بە کۆمیسیۆنی پڕۆسەی ئاشتی، پەروین بوڵدان دەڵێت: نابێت کەس بە هەڵە تێبگات، ئەو کۆمیسیۆنە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دانەمەزراوە، تەنیا بۆ قۆناغی چەکدانانی پەکەکە و چەند بابەتێکی دیکەی تایبەت بە پەکەکە دامەزراوە، کە ڕۆڵ و ئەرکی کۆمیسیۆنەکە جێگەی بایەخە.

ئەندامەکەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی داوای کرد، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئۆجەلان گوتوویەتی زۆر باس و بابەتم هەیە بۆ ئەوەی بە کۆمیسیۆنەکە بڵێم.

بوڵدان جەختی کردەوە کە پەراوێز خستنی ئۆجەلان وەکوو موخاتەب، هەڵەیەکی گەورە دەبێت و ئەو وەکوو ئاکتەرێک خاوەن کاریگەرییەکی زۆرە لەسەر پەکەکە و دەبێ ڕوانگەکانی بە هێند وەربگیردرێن.

پوستێن ھەمان بەش