لە ئیزمیر هێرشکرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس، کوژراو و برینداری لێکەوتۆتەوە

لە ئیزمیر هێرشکرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس، کوژراو و برینداری لێکەوتۆتەوە

پارێزگاری ئیزمیر: هێرشکارەکە هەرزەکارە و بەچەکی ڕاو پەلاماری بنکەی پۆلیسی داوە

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، هێرشێکی چەکداریی کرایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە ئیزمیر، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو پۆلیس کوژران.

میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیسی ئیزمیر، ژمارەیەک پۆلیس کوژران و بریندار بوون.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، هێرشەکە کراوەتە سەر بنکەی پۆلیسی ساڵح ئیشگۆرەن لە شارۆچکەی باڵچۆڤا. لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو ئەفسەری پۆلیس کوژراون و دووی دیکە بە سەختی بریندار بوون.

ئاشکراشیان کردووە، بەپێی زانیارییەکان مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ هێرشەکەی ئەنجامداوە و لە ئێستادا دەستگیر کراوە،  لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە.

سلێمان ئێلبان، پارێزگاری ئیزمیر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شارەکە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: هێرشکارەکە قوتابییە و پێشەی تاوانی نییە، چەکی ڕاوی باوکی لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە.

پارێزگاری ئیزمیر ئاشکرای کرد، هێرشکارەکە تەمەنی 16 ساڵە و قوتابییە، بە چەکی ڕاوی باوکی، هێرشی کردووەتەوە سەر بنکەیەکی پۆلیس و ڕووبەڕووبوونەوە دروست بووە، لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا، دوو پۆلیس کوژران و 2ـی دیکەش برینداربوون کە یەکیان دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لە چاودێری چڕدایە، هاوکات چوار هاووڵاتی برینداربوون، پارێزگاری ئیزمیر ڕاشیگەیاند: هێرشکارەکە دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

پوستێن ھەمان بەش