تورکیا داوا لە هەسەدە دەکات کە دەست لە هەموو جۆرە کردار و گوتارێک هەڵبگرێت کە زیان بە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگەیەنێت.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵی، تێکەڵنەبوونی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لەگەڵ ئەرتەشی دەوڵەتی سووریا، هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییان و دەشڵێ هەم بۆ “ئاسایشی وڵاتەکەیان و هەم بۆ سەقامگیریی سووریا”، لە هەموو روویەکەوە پشتیوانیی سووریا دەکەن.
زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/9/2025، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەفتانەی وەزارەتەکە، کە لە بارهگای فەرماندەیی هێزە تایبەتەکان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. گوتی: “جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی چەکدانان و یەکگرتنەوە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی هەسەدەوە، هەڕەشەیە لەسەر یەکێتیی سووریا و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا”.
راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا داوای لە هەسەدە کرد، “بەگوێرەی پرۆسەی یەکگرتنەوە لەگەڵ سوپای سووریا بجووڵێتەوە و دەست لە هەموو جۆرە کردار و گوتارێک هەڵبگرێت کە زیان بە یەکێتیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگەیەنێت.”
زەکی ئاکتورک گوتیشی، چاودێریی ئەو پرۆسەیە دەکەن و لە کاتی پێویستدا هەم بۆ ئاسایشی وڵاتەکەیان و هەم بۆ سەقامگیریی سووریا، لە هەموو روویەکەوە پشتیوانیی سووریا دەکەن.
لە ڕێکەوتی 10ی ئاداری ئەمساڵ، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا لە دیمەشق رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، بە گوێرەی رێککەوتنەکە هەسەدە دەبێت ببێتە بەشێک لە هێزەکانی سووریا، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.