“بڕیارە لەگەڵ ئۆجەلاندا پرۆسەی ئاشتی و چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و لقوپۆپەکانی پەکەکە تاوتوێ بکرێت”.
بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، شاندێكی پەرلەمانی توركیا، كە لە پێنج پەرلەمانتار پێكهاتوون و ئەندامی كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی)ن و لەلایەن نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پارلمانی دەوڵەتی تورکەوە دەستنیشان کراون، سەردانی ئیمیڕاڵی دەكەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەكەكەدا کۆدەبنەوە.
فەتی یڵدز جێگری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، داوای لە نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد و گوتبووی: “بۆ وەرگرتنی بۆچوون و لێدوانەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری ڕێکخراوەکە [پەکەکە]، سێ یان چوار ئەندامی کۆمیسیۆنی ‘هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی’ هەڵبژێرێت کە بە وردی کات و شێوازی ئەم کارە لەبەرچاو بگرن و دیاریی بکەن”.
فەتی یڵدز جێگری سەرۆکی مەهەپە وادەیەکی دەستنیشان کرد و داوای لە نوعمان کورتولموش کرد و وتی: “پێویستە کۆمیسیۆنی پەرلەمان گوێ لە ئۆجەلانیش بگرێت”.
باس لەوە دەکرێت کە پێشنیاری مەهەپە کە “پێویستە کۆمیسیۆن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە” بە پشتگیرییەوە، پێشوازیی لێکراوە. پێنج ئەندامی کۆمیسیۆنی “هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی” کە لەلایەن نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاوە دەستنیشان دەکرێن، لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە کۆدەبنەوە.
ڕۆژنامەی سۆزجوود لەوبارەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە: دوابەدوای بانگەوازەکەی جێگری سەرۆکی مەهەپە، دەوترێت هەوڵەکان بۆ ناردنی پێنج ئەندامی کۆمیسیۆنی “هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی” بۆ دوورگەی ئیمراڵی دەستیپێکردووە.
کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا لە 51 پەرلەمانتار پێکدێت کە 22 پەرلەمانتار لە ئاکەپە، 11 پەرلەمانتار لە جەهەپە، 5 لە پارتی دەم، 4 لە مەهەپە، 3 لە گروپی یەنیۆل و 4 پارلمانتاریش لەو حیزبانەی دیکە کەوا فراکسیۆنیان نیە، پێکدێت. بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە “شاندەیەکی ئیمرالی” کە هەتا پێنج ئەندام لەخۆدەگرێت بۆ نوێنەرایەتیکردنی کۆمیسیۆنەکە پێکدێت. بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ئۆجەلان، پرۆسەی نوێی ئاشتی و پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و بارودۆخی ئەو ڕێکخراوانەی دیکە تاوتوێ بکرێت کە بە ناوی جیاوازەوە وەک (پارتی سەدەف/یەپەگە) لە ناوچەکەدا کاردەکەن.