پەکەکە ئاستەنگە لەبەردەم ئاشتی و ئاسایش و ئارامی شنگالدا و هۆکاری مەرگ و ئاژاوە و ئاڵۆزیەکانی شنگالیش تەنها پەکەکەیە.
بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە کوردە ئێزدییەکان لەلایەن پارلمانی ئاڵمانی فیدراڵیەوە، بۆ ئێزدیەکان دەسکەوت و پێشکەوتنێکی گرینگ بوو. ئەگەرچی پێشتریش هێندێک وڵات لەو بوارەدا هەنگاویان هەڵگرتبوو، بەڵام هەڵوێستی سیاسیی ئاڵمان، رەوشەکەی بردە ئاستیکی بەرزتر. بە واتایەکی دیکە هەڵوێستی ئاڵمان دۆخێک دروست دەکات کە دەتوانێ هەڵوێستی یەکێتیی ئورووپاش دیاریی بکات. هەڵبەت ئەو بڕیارە زۆر لایەنیشی هەژاند. لەناو ئەو لایەنانەی کە کەوتنە جموجووڵ، هەم دۆستی ئێزدیەکان هەن و هەمیش دوژمنانی گەلی ئێزدی بوونیان هەیە. لایەنێکیش هەیە کە ئەگەرچی خۆی بە دۆست دەنوینێ، بە ڵام لە راستیدا دوژمنی کوردانی ئیزدیە، کە ئەویش پەکەکەیە.
پاش ئەوەی کە بابەتی شنگال و ئێزدیەکان بوو بە مژاری نێودەوڵەتی، پەکەکەش بیری لەوە کردەوە کە “چ سوودێکی بۆ ئەو تێدا دەبێت”. لەلایەکی دیکەشەوە بۆ لەناوبردنی ئەو رێکەوتننامەیە کە لە 10ی جۆتمەهی 2020دا لەنێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا واژۆ کرابوو و بە رێکەوتنامەی شنگال دەناسرێت، چالاکییەکانی دەستپێکرد. سیخوڕی ساختەی خوڵقاند و هەوڵیدا کۆمەڵگەی ئێزدی بە گژ یەکدا بکات. کاتێک کە پەکەکە نەیتوانی میری ئێزدیەکان بەوشێوەیە کە دەیهەویست بەکار بهێنێت، بێڕیزی کردنی بە میر دەستپێکرد و دەیان هەواڵی درۆ و چەواشەکارانەی دەربارەی جەنابی میری ئێزدییەکان بڵاو کردەوە.
سیاسەتی پەکەکە لە شنگال: ئێزدیەکان لە کوردستان داببڕێت و کوردستان بە بی ئێزدی بهێڵێتەوە
هەڵوێستی پەکەکە لەسەر شنگال، پێشبازییەکی نۆرماڵی سیاسی نیە و تەنها ویستێکیش نیە بۆ ئەوەی کە بۆخۆی جێگایەک دروست بکات، بەڵکوو هەڵوێستی پەکەکە لەسەر شنگال بەتەواوی نیشانەی نەخۆشییەکی خراپ و کوشندە، واتە خیانەتە.
پەکەکە لەساڵی 2014 بەملاوە، هەڵویستێکی ویرانکەر درێژە پێدەدات، لەم دواییانەشدا، مستەفا قەرەسوو، بەڕێوەبەری پەکەکە ئەو خیانەتەی پەکەکەی دووپات کردەوە و گوتی: “با ئێزدییەکان خۆیان رێکبخەن. با لە ناو عێراقدا خۆیان پارێزگاری لە خۆیان بکەن. دەکرێت کە پەیوەندی لەگەڵ باشوری کوردستانیشدا هەبێت”. قەرەسوو ئێزدیەکانی فرۆشتووە بە عێراق و بەخێری خۆی ئیزنی ئەوەی داوە کە دەتوانن لەگەڵ باشووری کوردستانیشدا پەیوەندییان هەبێت.
سەیرکەن خیانەت کە باسی دەکەیەن، رێک ئەوەیە، پەکەکە دەیهەوێ کوردانی ئێزدی لە باشووری کوردستان داببڕیت و کوردستان بە بێ ئێزدی بهێڵدرێتەوە. پەکەکە کەوا خاوەن ئەو خیانەتەیە، لەئێستادا خۆی وەکوو خاوەن و نوێنەری ئێزدیەکان پیشان دەدات. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە پەکەکە لە شنگالدا تەنها یەک ئامانجی سیاسیی هەیە: “لە رێگای فرۆشتنی شنگالەوە قازانجی حیزبی بۆخۆی دەست بخات و جێگایەک بۆخۆی بکاتەوە”.
شنگال بۆ پەکەکە “مریشکێکە کەوا هێلکەی زێڕینی بۆ دەکات”
شنگال بۆ پەکەکە ناوەندی سەرمایەگوزاریە. لەسالی 2014 بەملاوە، پەکەکە بەهۆی شنگالەوە، لەلایەک لە عێراق و لەلایەکی دیکەشەوە لە ئێران چەک و پارە و قەرەبوو وەردەگرێت. پارە، چەک و هتد… ئەو داهاتانەن کە لە رێگای میلیشیاکانی حەشدەوە دەدرێن بە یەبەشە وسەرجەمیان دەڕۆنە گیرفانی پەکەکە. پەکەکە رێژەیەکی کەم لەو داهاتە سەرفی شنگال دەکات و باقیەکەی هەموو بۆ دەسەڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستاندا خەرج دەکات.
دیپلۆماتەکانی پەکەکە بەو دۆسیانەی کە لە بەردەستیاندایە، سەردانی رۆشنبیر، نووسەر، پارلمانتار و دامەزراوە ئەمنیەکان لە ئورووپا دەکەن، هەست و ئیحساسەکان دەکەنە موخاتەبی خۆیان و لە دژی هەرێمی کوردستان فکری دژبەر بڵاو دەکەنەوە.
پەکەکە لە رێگای سلێمانی، کەرکووک، مەخموور و شنگالەوە بازرگانی دەکات. لەسەر ئەو خەتەوە ماددەی هۆشبەر رەوانەی وڵاتە رۆژئاواییەکان دەکات. تەنانەت هێندێک میدیای عەرەبی ئیدیعا دەکەن کە پەکەکە لە سنوونی تلیاکی چاندووە. هەروەها پەکەکە لە سووریا و عێراق قاچاخی چەک و چۆڵ دەکات. نەوتی رۆژئاوای کوردستانیش لە رێگای شنگالەوە بە قاچاخ دەفرۆشریت.
پەکەکە گریلا بریندارەکانی خۆی و ئەو بریندارانەی کە ئیدی ناتوانن لە بەرەکانی شەڕدا بمێننەوە، لە شنگال و لەژێر ناوی چالاکی “سیاسی ـ مەدەنی”دا، جێگیر دەکات، لاوانی شنگال وەکوو شەڕڤان تێکەڵ بە خۆی دەکات و دەیانگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکە.
ئەگەر رێکەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، هێزە نایاساییەکان دەبێ لە شنگال بڕۆنە دەرەوە و دەسەڵاتی شنگال بگەڕێندرێتەوە بۆ خەڵکی رەسەنی شارەکە. بەمەش ئەو باڵادەستیەی پەکەکە لە شنگال کۆتایی پێدێت. واتە پەکەکە ئەو “مریشکە کەوا هێلکەی زێڕی بۆ دەکات” لەدەست دەدات و پەکەکە ئیدی ناتوانێ شنگال ئیستیسمار بکات. تەواو مەسەلەی پەکەکە ئەوەیە.
پەکەکە لە شنگال خۆی لەژێر داوێنی دایکەکاندا دەشارێتەوە
مستەفا قەرەسوو، کە لەژیانی خۆیدا فێری دوو وشەی کوردی نەبووە و ئەگەر دوو دایکی ئێزدی ببینێت ناتوانێ دوو کەلیمە قسەیان لەگەڵدا بکات، دێت و مۆژگاریی کوردانی رەسەن دەکات. چۆن دەبێت کە قەرەسووی بێ رەوشت و دڵسۆزی کەماڵیزم دەربارەی ناسنامە و داهاتووی خاکی پیرۆزی شنگال قسە بکات. قەرەسوو هەوڵ دەدات زێدی رەسەنی گەلی کورد واتە شنگال بە عێراقەوە گرێ بدات.
پەکەکە لە ساڵی 2014 بەملاوە لە شنگال لەژێر داوێنی چەند دایکی ئێزدیدا خۆی دەشارێتەوە و لە بن سێبەری ئەواندا جێگایەکی ژیان بۆخۆی دروست دەکات. ئەگەر پەکەکە لە شنگال وەدەر بنرێت و شنگال ئارام ببێتەوە، ئێران ئەو ئیمتیازانە لە پەکەکە وەردەگرێتەوە کە پێیداون و پێیان دەدات. لێدوانەکەی قەرەسوو کە دەڵیت: “با شنگال بخرێتەوە سەر عێراق”، لە راستیدا پەیامێکیشە بۆ حکوومەتی نوێی عێراق، بەو واتایە “ئێوە شنگال لە کوردستان وەربگرن، ئێمە پشتیوانیتان لێدەکەین”. ئێمە دەزانین کە لەئێستادا هێندیک دیپلۆماتکاری پەکەکە بە دیدار لەگەڵ لایە شیعەکان و تەنانەت هێندێک لایەنی سوننەش لە بەغدا و سلێمانیدا، هەوڵ دەدەن بەڵێنەکەی خۆیان بۆ “دابڕانی شنگال لە کوردستان” نوێ بکەنەوە.
دەستی پەکەکە بە خوێنی شنگالیەکان سوورە
مستەفا قەرەسوو، بەوپەڕی بێشەرمی و بی ئەخلاقیەوە دەڵێت: لە هێرشەکانی سەر شنگالدا، “پەدەکە زانیاریی هەواڵگری دەداتە تورکەکان”. بەڵام لە راستیدا هۆکاری سەرەکیی ئەو هەموو مەرگ و ئاڵۆزیانە، مێشکە بۆگەنیوەکەی قەرەسوو و حیزبەکەیەتی. پەکەکە چەند لاوێک و بنەماڵەکانیان لە شنگال وەکوو قەڵخانی مرۆیی بەکار دەهێنێت. راستییەکانی روودای شنگال لە ساڵی 2014دا هیچ پەیوەندیی بەو چیرۆکانەوە نیە کە پەکەکە دەیانهۆنێتەوە.
لە ساڵی 2014 بەملاوە پەکەکە سواری سەری ئیزدیەکان بووە و دەڵێت: “ئێمە ئێزدیەکانمان رزگار کرد”. با وادابنێین کە پەکەکە چەند ئێزدییەکیشی رزگار کردبێت، بەڵام ژمارەی ئەو ئێزدییانەی کە بەکوشتنی داون زۆر زۆر لەوانە زیاترن کە رەنگە رزگاری کردبێتن. پەکەکە سواری کۆڵی چەند ئێزدییەک بووە کە تراڤمایان دەرباز کردووە و بە بێ پسانەوە دەڵێت “ئێمە ئێوەمان رزگار کرد”.
ئایا میری ئێزدیەکان، ئێزدی نیە؟
مستەفا قەرەسوو لەبەرخۆیەوە دەپرسێت “ئاخۆ دەکرێت لە نێوان پەدەکە و حکومەتی ناوەندی عێراقدا شتێکی بەو جۆرە بێتە ئاراوە؟ راوێژ لەگەڵ ئێزدییەکاندا کراوە؟”
میری ئێزدیەکان رایگەیاند کە ئەوان رێکەوتنی شنگال وەکوو “رزگاربوونی ئێزدیەکانی شنگال” دەبینن و پەسندی دەکەن. مەجلیسی رۆحانیی ئێزدیەکانیش رایگەیاند “رێکەوتننامەی شنگال تاقە رێگای سارێژ کردنی برینەکانمانە” و رێکەوتنەکەی پەسند کرد. شنگال 3 پارلمانتاری لە پارلمانی عێراقدا هەیە کە بە دەنگی راستەوخۆی خەڵکی شنگال هەڵبژێردراون و ئەرکدار کراون، هەر سێ پارلمانتارەکەش رێکەوتننامەی شنگال پەسند دەکەن. وادیارە قەرەسوو، میری ئێزدیەکانیش بە ئیزدی نازانێت بۆیە دەڵێت کە روانگەی ئێزدیەکان لەبەرچاو نەگیراوە.
پەکەکە نواندنی دوایین پەردەی شانۆکەی خۆی لە شنگالدا دەکات و دەڵێت من نوێنەر و خاوەنی ئێزدیەکانم. بەڵام ئەمە راست نیە، بەڵکوو راستیەکەی ئەوەیە: پەکەکە ئاستەنگە لەبەردەم ئاشتی و ئاسایش و ئارامی شنگالدا و هۆکاری مەرگ و ئاژاوە و ئاڵۆزیەکانی شنگالیش تەنها پەکەکەیە. هەرکات پەکەکە لە شنگال بڕوات، سەرجەم کێشە و گرفتەکانی شنگالیش لەگەڵی دەڕۆن.