مەبەستی پەکەکە لە دەستنیشان کردنی بارەگاکانی پێشمەرگە چیە؟

هەپەگە، باڵی سەربازیی پەکەکە، سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە دەڤەری ئامیدی وەکوو ئامانج پیشان دەدات. دەزگای راگەیاندنی پەکەکە (ANF)کە پەخشەکەی لە ئورووپایە، ڤیدیۆیەکی لەسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە تۆمار کردووە.

گریلایەک لە ڤیدیۆکەدا دەڵیت: “چەکدرانی تورک، لەوێ و لەژێر ئاڵای کوردستاندا خۆ دەپارێزن، لەوێ رۆژانە لە دژی سەنگەرەکانی گریلا هێرش بەڕێوە دەچێت”.

هەروەها بۆ تێکدانی بیر و هزری مرۆڤەکان دەڵێت: “ئێمە نازانین ئەو هێزەی لەوێیە، هێزی پەدەکەیە یان هێزی ئەرتەشی تورکە”.

هۆکاری ئەوەی کە پەکەکە وا دەڵیت، ئەوەیە کە پاساو بۆ ئەو هێرشانەی بهێنێتەوە کەوا دەیهەوێ لە داهاتوودا دژ بە پێشمەرگەکانی کوردستان ئەنجامیان بدات و بڵێت: “ئێمە هێرشمان کردۆتە سەر چەکدارانی تورک، بەڵام پێشمەرگە و لەشکەری تورک لە یەک سەنگەردا بوون”. تەنها لەو ڤیدیۆیەدا مرۆڤ دەتوانێ ئامانجە قێزەونەکانی پەکەکە بە روونی ببینێت.

چیای ئامێدی مەیدانی چالاکیی رەوا و یاسایی هێزی پێشمەرگەیە لەو ڤیدیۆیەی کە پەکەکە بلاوی کردۆتەوە، جێگیربوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر لووتکەکانی ئامێدی و بەهدینان و ەکوو پێشبازی پیشان دەدرێت. بەڵام پێشمەرگە هێزی رەوای پارێزەری هەرێمی کوردستانە. هێزی پێشمەرگە لە هەر بستێکی خاکی باشووری کوردستاندا، لەسەر ئاخی خۆی و گرێدراوی حکوومەت و پارلمانی خۆیەتی.

هیچ شتێکی یاسایی بەناوی “هەرێمەکانی گریلا” بوونی نیە. لەساڵی 2019 بەملاوە 90٪ی ئەو هەرێمانەی کە پەکەکە وەکوو “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا” رایگەیاندبوون، رادەستی ئەرتەشی تورکیە کراون و تاوانی هەرە مەزن ئەوەیە کە پەکەکە ئەرتەشی تورکی 45 کیلۆمیتر کشاندۆتەوە ناو خاکی باشووری کوردستان.

ئەو پێشمەرگانەی کە لە بەرزاییەکانی ئامێدی جێگیر کراون و کورد لە هەموو مەترسیەکان دەپارێزن، سەرجەمیان رۆڵەی بەرواری، رێکانی، نێروەیی، نهێلی، زێبارین، واتە بۆخۆیان خەڵکی ئەو ناوچانەن. خەڵکی ناوچەکە ناسنامەی سەرجەم پێشمەرگەکانی سەر ئەو بەرزاییانە دەزانن و بە بنەماڵە دەیانناسن. خەڵکی دەڤەری ئامیدی ـ نهێلی باش دەزانن کە لەو گردانەدا یەک چەکداری تورک لە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بوونی نیە.
پەکەکە بۆخۆیشی باش دەزانێت ئەو سەنگەرانەی سەر گردەکان کە ئەو باسیان دەکات، تەنها هێزی پێشمەرگەیان تێدایە.

پەکەکە بۆچی درۆ دەکات؟

پەکەکە لە ساڵی 2020دا لە دەڤەری ئامێدی پەلاماری هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستانی دا ولە ئەنجامدا 7 پیشمەرگەی شەهید کرد ونزیکەی 10 پێشمەرگەش بریندار بوون. لەو کاتەشدا سەرەتا بە درۆ گوتی ئێمە ئەو هێرشەمان ئەنجام نەداوە.

لە سەرجەم سالی 2022دا مژاری میدیای پەکەکە ئەوە بوو کە دەیگوت “پێشمەرگە رێگا بۆ ئەرتەشی تورک دەکاتەوە”. بەڵام لە راستیدا پێشمەرگە تەنها رێگای بۆ سەنگەرەکانی خۆی دەکردەوە.

پەکەکە نایهەوێ راستیی ئەو کارانە بزاندرێ کە ئەرتەشی تورک کردوونی. پەکەکە دەیهەوێ لەسەر شکستەکانی خۆی لە شەڕدا، هێزی پێشمەرگە بە تاوانبار دابنێت و باجی تێکچوونی خۆی بۆ پێشمەرگە ببڕێتەوە.

هەپەگە پاش بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی مەرەش، لە دژی ئەرتەشی تورک ئاگربەستی راگەیاند. دیارە خۆی لەخۆیدا هیچ شەڕێکیش لە ئارادا نەبوو، دەوڵەتی تورک هەر شوێنێکی ستراتژیک کە ویستبێتی بە بی بەرگری داگیری کردووە. پەکەکە جەماوەرەکەی خۆی بە مردن، بە خوێن و شەڕ مۆتیڤە دەکات، بەردەوام دوژمنی خەیاڵی ساز دەکات و دەیهەوێ ناو ماڵی کوردان تێک بدات.

پەکەکە دەیهەوێ بە پێشمەرگە، شەریکایەتی خۆی لەگەڵ ئەرتەشی تورک بشارێتەوە پەکەکە لەو ڤیدیۆیەی کەوا بڵاوی کردۆتەوە دەپرسیت: “بۆچی لەشکەری تورک دەتوانی لە گردی هەککاری بمێنێتەوە؟” دواتریش دەڵێت: “ئەو شوێنە گردی هەککاریە، دەوڵەتی تورک لە رۆژئاوای زاپدا تەنها لەوێ هەیە، ئەوە شوێنی لەشکرە کۆلۆنیالیستەکانی تورکە، ئاڵای باشووری کوردستانیان لەپێشدایە، هێزەکانی پەدەکە خۆیان بۆ ئەوان کردۆتە قەڵخان و پێشگیری لە هێرشی ئێمە دەکەن”.

ئەو قسانە سەرتاپایان درۆن، ئەرتەشی تورک لە سنووری زاخۆ هەتا سێکوچکەی چیاکانی زاگرۆس، لەسەر خەتی شەمزینان لە هەموو شوێنێکدا هەیە. پەکەکە یەک بە یەک ئەو شوێنانەی تەسلیمی تورکەکان کرد و بەجێێهێشتن. لەئێستاشدا ئەوان پەلاماردانی گردی هەککاری وەکوو رزگار کردنی کوردستان پێناسە دەکەن. پەکەکە بۆخۆی لەوماوەی یەک شەودا گردی هەکاریی تەسلیمی دەوڵەتی تورک کرد و بەرەو گردی بەهار و پشتی گوندەکانی بەرچی و گوهەرز هەڵهات.

ئەگەر پەکەکە دەیهەوی ئەرتەشی تورک لە باشووری کوردستان وەدەر بنێت، دەتوانێ بڕوات و لە عەڤداڵ کۆڤی، لێلکان، چیای شەکیف و دەڤەری برادۆستەوە دەست پێبکات. یانیش دەتوانێ لە چیای خانتوور و مێرگە شیشێ لە حەفتەنینەوە دەستپیبکات. یان دەتوانێ بڕوات و لە زناری کێستە لە بەرواری باڵا، یانیش لە کورەژار و لەپشت شیلادزێیەوە دەست پێبکات.

ئەگەریش هەر زۆری حەز لێیە هێرش بکاتە سەر گردی هەککاری، خۆ 3 ئاراستەی ئەو گردە چۆڵن، دەی با بفەرمێت لەو سێ ئاراستەوە دەستپێبکات خۆ کەس دەستی نەگرتووە. بەڵام مەبەستی پەکەکە رۆیشتن بۆ ئاش نیە، بەڵکوو مەبەستی پەکەکە قووتانی ئاشەوانەکەیە.

پەکەکە لە هیچ شوێنێک پەلاماری دەوڵەتی تورک نادات. ئەوسا ئەوە کە دەڵێن لەبەر پێشمەرگە ئێمە ناتوانین هێرش بکەین، ئەوە بێ ئەخالقییەکی گەورەیە. پێشمەرگە بۆ ئەوەی پەکەکە شەڕەکە نەکێشێتەو ناوەندی شاری ئامێدی، لەبەر پاراستنی دەڤەری گەشت و سەیران وەکوو پارکی بەری سیلێ و سۆلاڤ و سەیرانگەکانی شێرانە و بەمەبەستی پاراستنی خەڵکی ئەو دەڤەرە و رێگاکانی هاتووچۆ، هێزەکانی لەو ئەو لووتکانەدا جێگیر کردوون.

هاوکات لە شاری ئامێدییەوە هیچ رێگایەکی ماشێن ناگاتە سەر گردی هەکاری، تەنها رێگایەک لە باشووری ئەو گردەوە هەیە و دەربازی گوندی کورکوو ـ بناڤی دەبێت، کە پەکەکە لە ساڵی 2011دا ئەو رێگایەی بۆخۆی تەخت کردووە.

چەند شرۆڤەیەکی زۆر ئاسان پیشانمان دەدەن کە پەکەکە حیزبێکە کەوا هیچ شەرمێک لە درۆ کردن ناکات. بەڕێوەبەرانی باڵای ئەو حیزبەش ئەو شتانەی کە هەموو کەس دەزانیت درۆیە، بەبێ شەرم و تەریق بوونەوە باس دەکەن.

ئاخاوتنێک کە تێیدا بڵێت هێزی پێشمەرگە لە ئامێدی ئەرتەشی تورک دەپارێزێت، درۆیەکی گەورەی شاخدارە. بەڵام هەموو درۆیەک رێکەوتێکی کۆتایی هەیە، هەروەک چۆن کۆتاییهاتنی پەکەکە نزیک بۆتەوە، دیرۆکی کۆتاییهاتنی ئەو درۆیانەش نزیک بۆتەوە.

پوستێن ھەمان بەش