موراد قەرەیەڵان سیگناڵی پیلانێکی مەترسیداری لێدا

موراد قەرەیەڵان سیگناڵی پیلانێکی مەترسیداری لێدا

ئەوەی روون و ئاشکرایە، ئەوەیە کە هاوپەیمانەتی و رێککەوتنی پەکەکە لەگەڵ بافل تاڵەبانیدا هیچی بۆ کوردان لێ شین نابێت.

موراد قەرەیەڵان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند ئەوان ئەو پلانەیان خستۆتە بواری پراکتیکەوە کە ماوەیەکی زۆر بوو بە نهێنی لە رۆژەڤی حیزبەکەیاندا بوو. قەرەیلان بەشداریی لە بەرنامەی تایبەتی “ستێرک تی ڤی” پەکەکەدا کرد و لە بەشی کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا باسی لە بەرنامەیەکی شاراوەی پەکەکە بۆ “یەکیەتیی نەتەوەیی” کرد کەوا بەقەولی قەرەیەڵان، پەکەکە ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکات.

قەرەیەڵان چیی گوت؟

موراد قەرەیەڵان لە دوایین لێدوانیدا لەسەر مژاری “یەکیەتیی نەتەوەیی”، گوتی: “لەوچوارچێوەیەدا و لەم دواییانە هاوسەرۆکی کەنەکە بەڕێز ئەحمەد کاراموس سەردانی باشووری کوردستانی کرد و هەندێک چاوپێکەوتنی ئەنجامدا. ئێمە ئەم کارە زۆر بە مانادار دەزانین. بێگومان لەم کاتەدا شتێکی زۆر بەنرخ و پێویستە. هەروەها بەڕێز بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەوازی بۆ یەکێتیی نەتەوەیی کرد. ئێمە ئەم بانگەوازەش بە واتا دەزانین… ئێمە وەک بزووتنەوە، لەلای خۆمانەوە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین… ئەگەر هەندێک ناتوانن شان بدەنە بەر ئەوە با شانی نەدەنە بەر. نابێت ئێمە بەهۆی هیچ کەسێکەوە خۆمان سنوردار بکەین، نابێت بڵێین: ‘ئەگەر فڵان کەس نەیەت کارەکە نابێت’.”

بە قسەکانی قەرەیەڵاندا وا دەردەکەوێت کە پەکەکە دەیهەوێ چەند گرووپێک کۆ بکاتەوە و کۆبوونەوەیەک لەژێرناوی “یەکیەتیی نەتەوەیی”دا ساز بکات. پێگەی “دارکا مازی” لە کانوونی 2022دا وتارێکی تێروتەسەلی لەسەر ئەو مژارە بڵاو کردبۆوە کە ئێوەی بەڕێز دەتوانن لەم لینکەدا ئەو وتارە بخوێننەوە.

گەمەی مەترسیداری پەکەکە لە سلێمانی و چیرۆکی یەکیەتیی نەتەوەیی کەنەکە

گرفتەکانی بەردەم یەکیەتیی نەتەوەیی

ئەگەرچی پەکەکە لەساڵانی 2000 بەملاوە بەردەوام مژاری “یەکیەتیی نەتەوەیی” لە رۆژەڤی خۆیدا گەرم کردبێت، بەڵام لە راستیدا هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی رێگری لە پێکهاتنی یەکیەتییەکی نەتەوەیی کوردستانی بکات. هەربۆیە کۆمەڵێک بەربەستی لە بەردەم دیالۆگی نێوان کوردان دروست کردووە و هەموو هەوڵی خۆی خستۆتەگەر بۆ ئەوەی لە سەرجەم پارچەکانی کوردستاندا لانیکەم دانوستانەکانی ناوماڵی کورد پێکنەیەت.

نموونەی هەرەبەرچاو، رۆژئاوای کوردستانە. لە سالی 2011 بەملاوە کە پرۆسەیەکی سیاسی لە سووریە دەستیپێکرد، پەکەکە بە حێڵە و چەواشەکاریەکی گەورە رێگریی لە یەکیەتیی کوردان کرد.

بۆ نموونە هەموو رێکەوتنەکانی نێوان هێزەکانی رۆژئاوا (ئەنەکەسە و پەیەدە)، راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە قەندیل و نوێنەرەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان، تەگەرەیان بۆ دروست کرا. بەهۆی ئەو ئاستەنگ خوڵقاندنانەی پەکەکەوە، رۆژئاوای کوردستان زۆر شار و هەرێمی وەکوو “عەفرین، گرێسپی و سەرێ کانی”ی لەدەستداوە.

جێمس ف.جێفرەی، سەرۆکی بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ویڵسۆن سەنتەر، لە هەڤپەیڤینێکی ئەم دواییانەیدا باسی لە هەڵوێستی پەکەکە بەنیسبەت رۆژئاوای کوردستانەوە کردووە و دەڵێت: ” نوێنەرانی قەندیل سەرەکیترین گرفتن لەبەردەم دروست نەبوونی یەکیەتی نەتەوەیی رۆژئاوای کوردستاندا، چوونکە لە راستیدا نایانهەوێ هیچکات یەکیەتیی نەتەوەیی پێکبێت”.

شوێنێکی دیکە کەوا پەکەکە رێگری لە یەکیەتیی نێوان کوردەکان دەکات، رۆژهەڵاتی کوردستانە. پەکەکە حیزبە سەرەکیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە نەتەوەپەرست و دواکەوتوو ناودەبات و دژایەتییان دەکات. پەکەکە رێگا بە پێشمەرگەکانی “پەدەکە ـ ئ” و “کۆمەڵە” نادات کە لە سنوورەکانەوە بڕۆنە ناو قووڵایی رۆژهەڵاتی کوردستان.

پەکەکە لە ریگای پروپاگانداکانیەوە، تۆی دوژمنایەتیی لەناو ماڵی کورداندا چاندووە. ئەو جەماوەرەی کە هێشتا لەژێر کاریگەریی پروپاگاندای پەکەکەدان، مانیپۆل دەکرێن و لەناو خۆیاندا تووشی هەڵە دەکرێن و لەسەر بابەتی ئەوەی کە کێ دوژمنە و کێ دۆستە، مێشکیان تێکدراوە. جەماوەری پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان، وازیان لە داعش و رێژیمی ئەسەد هێناوە و تەنها دوژمنایەتی ئەنەکەسە وبزووتنەوەی بارزانی دەکەن. بە هەمان شێوە ئەو ناکۆکیە کاریگەریی خۆی لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستانیش داناوە و مێشکی جەماوەری پەکەکە لەو بەشەی نیشتمانیش تێکدراوە.

پیلانی پەکەکە چیە؟

پەکەکە خاوەن پلانێکی دوورودرێژە بۆ ئەوەی حیزبە هاوپەیمانەکانی خۆی کۆ بکاتەوە و وەکوو کۆنگرەی یەکیەتیی نەتەوەیی کورد رایبگەیەنێت. لە 21ـەمین کۆنگرەی کەنەکە کەوا لەمانگی کانوون لە وڵاتی هۆڵەندا پێکهات، کۆمیتەیەکی ئامادەکاری بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پلانە ئەرکدار کراوە.

ئەگەرچی لە کۆمیتەکەدا هیندێک لە کەسایەتی و حیزبەکانی باشووری کوردستانیش بەشدارن، بەڵام پەکەکە لە رێگای ئەو چالاکیەوە هەوڵ دەدات هێندێک بەرنامەی ستراتژیکی دیکەی حیزبەکەی بباتە پێش. یەکێک لەو بەرنامانە ئەوەیە کە ناکۆکی نێوان یەنەکە و پەدەکە بقۆزێتەوە و جێگایەک بۆخۆی دروست بکات و قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی باشووری کوردستان لاواز بکات.

پێشبینی دەکرێت کە پەکەکە لە هاوینی داهاتوودا لەسلێمانی کۆبوونەوەیەک لەژێر ناوی کۆنگرەی نەتەوەییدا ساز بدات. بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا کۆنفرانسێک لەژێر ناوی “سەدەمین ساڵوەگەڕی پەیمانی لۆزان” بەڕێوە دەبات. لەو کۆنفرانسەدا داوای کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دەکات و دواتر کۆنفرانسێک لەژێر ناوی “کۆنگرەی نەتەوەیی”دا لەلایەن پەکەکە و لقوپۆپەکانیەوە، بەڕێوە دەبرێت.

پەکەکە بەو هەوڵانەی، سیگناڵێکیش بە ئێران، عێراق و تورکیە دەدات کە لە قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی هەریمی کوردستان بێزارن و دەیانهەوێ لەناوی ببەن.

کاریگەریی کەنەکە و بافڵ تاڵەبانی

پشتیوانی سەرەکی پەکەکە بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکەی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە)یە، کەوا لەژێر سەرۆکایەتی بافڵ تالەبانیدا رۆژبەڕۆژ زیاتر لاواز دەبێت. یەنەکە لەسەرجەم بوارەکاندا هێزێکی زۆری لەدەستداوە و لە سەنگەرەکەی خۆی واتە شاری سلیمانی، جەماوەرێکی زۆری لەدەستداوە. یەنەکە لەساڵی 2014دا لە رقی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە خەیاڵی لاواز کردنی پەدەکە، لە سلێمانی پەکەکەی جێگیر کرد. لە ئێستادا پەکەکە بۆتە سەروەری یەنەکە و هەتا دەڕوات یەکێتی نیشتمانی زیاتر دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی پەکەکەوە.

پەکەکە لە ستراتژیی خۆیدا هەوڵدەدات یەنەکە وەکوو سەرباز و ماسکێک بۆخۆی بەکار بهێنێت. بەو ئامانجە بەڕێوەبەریی کەنەکە کەوا لقێکی پەکەکەیە، ماوەی مانگێکە لە سلێمانی دیدار و کۆبوونەوە بەڕێوە دەبات. لەم دواییانەدا و لە 12ی ئاداردا بافڵ تاڵەبانی راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا داوای “یەکیەتیی نەتەوەیی” دەکات.

خەڵکی باشووری کوردستان بیرکردنەوەیان لەسەر داواکاریەکەی بافڵ تالەبانی بۆ “یەکیەتیی نەتەوەیی” چیە؟

ئەو داواکاریەی بافڵ تاڵەبانی لەلایەن خەڵکی باشووری کوردستانەوە بە جیددی وەرنەگیراوە. یەکێتی نیشتمانی بەدەست گرفتی ناوخۆیی زۆر جیددیەوە دەناڵێنێت. لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەنەکە تەسفیە کرا، موراد کانی کوردەیی و هاوکار جاف تیرۆر کران. زۆرێک لە چالاکانی رەخنەگری یەنەکە بەناچار سلێمانیەیان بەجێهێشت. لەناو ئەو کەسانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگە دێرینەکانی یەنەکەش دەبیندرێن کە زیاتر لە 30 ساڵ، رابردووی خزمەت کردنیان هەیە. رای گشتی و سیاسەتوانەکان لە وەڵامی داواکاریەکی بافڵ تاڵەبانی بۆ “یەکیەتیی نەتەوەیی” گوتیان: “سەرەتا جینایەتەکانی ناوخۆی یەنەکە رابگرە، بکوژەکانی هاوکار جاف رادەستی دادگا بکە و لە ناو حیزبەکەی خۆتدا یەکیەتی پێک بهێنە، ئەوجا باس لە یەکیەتیی نەتەوەیی کوردان بکە”.

تەنها موراد قەرەیەڵان بەپیری داواکاریەکەی بافل تاڵەبانیەوە هات و گوتی: “داواکارییەکی زۆر گرینگ بوو”. دیارە پێشتریش ئەحمەد کارامووس راگەیاندراوێکی بەهەمان ناوەرۆک بڵاو کردبۆوە.

ئەوەی روون و ئاشکرایە، ئەوەیە کە هاوپەیمانەتی و رێککەوتنی پەکەکە لەگەڵ بافل تاڵەبانیدا هیچی بۆ کوردان لێ شین نابێت.

پوستێن ھەمان بەش