کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێک، پەیوەندییە تاریکەکانی یەنەکە و پەکەکەی ئاشکرا کرد

کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێک، پەیوەندییە تاریکەکانی یەنەکە و پەکەکەی ئاشکرا کرد

کەوتنەخوارەوەی هیلیکۆپتەرەکە لە دهۆک، رووداوێکی ساکار نیە، بەڵکوو نیشانەی گەلەکۆمە و پیلانگێڕییەکە دژ بە هەرێمی کوردستان.

تەم و مژی سەر رووداوی ئەو هێلیکۆپتەرەی کە ئێوارەی 15ی ئادار لە گوندی بێرکیاتی سەر بە شارۆچکەی چەمانکێ لە دەڤەری دهۆک کەوتەخوارەوە، هێشتا بەتەواوی نەڕەواوەتەوە. دیارە بەپێچەوانەی ئەوەی کە هەسەدە دەیڵێت، ئەوانە هێزێک نەبوون کە بۆ “مەشق و راهێنان” بڕۆنە سلێمانی.

دۆسیەی سوسورلوکی دووەم

لە ساڵی 1996دا ئوتۆمبێلی کەسێک بەناوی “ئەبدوڵڵا چاتلی” کە لەهەر چوار لای جیهانەوە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی کوشتن و قاچاخچێتی هیرۆئینەوە بەدوایدا دەگەڕان، لە ناوچەی سوسورلوک سەر بە بالکەسیرا لە تورکیە، تووشی رووداوی هاتووچۆ هات. ئوتۆمبێلەکەی ئەبدوڵڵا چاتڵی کە لە هەموو جیهانەوە بەدوایدا دەگەڕان، پارلمانتارێک و بەڕێوەبەرێکی پۆلیسی تێدا بوو. ئەو رووداوەی هاتووچۆیە، پەیوەندیی دەوڵەتی سێبەر و مافیا و سیاسەتی ئاشکرا کرد.

دەتوانین بڵێین کە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی هەسەدە، دووەمین رووداوی سوسورلوکە. ئەو هێلیکۆپتەرە راستیەکانی پەیوەندیی “هەسەدە ـ پەیەدە و یەنەکە ـ پەکەکە”ی ئاشکرا کرد و پەیوەندیە تاریکەکانی نێوان ئەو هێزانە لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری وەکوو چەک و ماددەی هۆشبەر، بەتەواوی ئاشکرا دەکات.

لێدوانەکانی هەسەدە و زانیارییە ناڕاستەکانی میدیای پەکەکە ـ یەنەکە بەمەبەستی شاردنەوە و لێڵ کردنی ئەو رووداوەن. یەنەکە هەتا ئێستا سەبارەت بەو رووداوە راگەیاندراوی نەداوە، لەلایەکی دیکەوە ئەوەی وەکوو جەوهەری ئەو رووداوە پێشبینی دەکرێت، زۆر جیاوازترە.

دارکا مازی بەو زانیاریانەی کە لەدەوروبەری پەکەکە و هەسەدەوە دەستیکەوتووە، بەشێک لەو مژارە روون دەکاتەوە.

ئاراستەی هێلیکۆپتەرەکە بەرەو کوێ بووە؟

هەسەدە لە راگەیاندراوەکەی خۆیدا رایگەیاند کە هێلیکۆپتەرەکە ویستووە بڕواتە سلێمانی، بەڵام ئاراستەی هێلیکۆپتەرەکە ئاشکرای دەکات کە ئەو ئیدیعایە ناڕاستە. چوونکە ئەو مەیدانەی کە هێلیکۆپتێرەکەی لێ کەوتووەتە خوارەوە، لەسەر رێگای سلێمانی نیە. ئەو سەرچاوانەی کە ئێمە دەستمان پێیان گەیشتووە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هاتووچۆی هێلیکۆپتێر لەنێوان هەسەدە و یەنەکەدا لەساڵی 2017 بەملاوە، وەکوو رۆتین بەردەوامە. لە ساڵی 2017 بەملاوە لەنێوان هەسەدە و یەنەکەدا ترافیکی هیلیکۆپتێر هەیە، ئاراستەی ئەو ترافیکە لەسەر “سلێمانی، کەرکووک، مەخموور، مووسڵ، شنگال و تل کۆچەر” پێکدێت. هاتووچۆ بەسەر کەرکووک، مووسڵ و شنگال بە هێزەکانی حەشدی شەعبی رادەگەیاندران، ئەو هاتووچۆیانە ناوە ناوە لەسەر یەنەکە و زۆرجاریش لەسەر حەشدی شەعبی تۆمار دەکرێن.

بەڵام ئاراستەی ئەو هێلیکۆپتەرەی کە شەوی 15ی ئادار لە پارێزگای دهۆک کەوتە خوارەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە رێگای سلێمانیەوە نیە، رێگای هیلیکۆپتەرەکە دەڤەری گارە و بادینانە. ئاراستەی گارە بە دووری 200 کیلۆمیتەر دەکەوێتە باکووری رێگای سلێمانی ـ کەرکووک ـ شنگال. هەربۆیە باس کردن لە “مەشقی سلێمانی” لە راگەیاندراوەکاندا مافیان بە راستیەوە نیە. ئامانجی هێلیکۆپتەرەکە چیای گارە و دەوروبەرەی ئەو چیایەیە.

ئەوە یەکەم فڕین نیە بۆ دەڤەری گارە

وەکوو دەگوترێت پەکەکە هەتا ئێستا لەسەر ئەوە رێگایە چەندین سەفەری هێلیکۆپتەری کردووە. لە هەموو هاتووچۆکاندا، کەشوهەوای باراناوی بە باش دادەنرا. هەروەها دۆڵە چۆڵەکان لە دەڤەری چیای خێرە هەتا بێخێرێ بەکار دەهێندران. هێلیکۆپتەرەکان لەو سەفەرانەدا مووشەک، جبەخانە و فەرماندە سەربازیەکانی پەکەکە دەگوازنەوە.

بێگومان ئامانجی ئەو هێلیکۆپتەرەش کە کەوتە خوارەوە، رۆیشتن بۆ بارەگاکانی پەکەکە بووە لە چیای گارە بۆ وەرگرتنی هێندێک فەرمان و گواستنەوەی فەرماندەران. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەستمان کەوتوون، جگە لەو ناوانەی کە ئاشکرا کراون، ئەندامێکی فەرماندەییشی تێدایە.

ئەو هێلیکۆپتەرانە هی کێن؟

پەکەکە لە ساڵی 2015 بەملاوە هەوڵدەدات کە هێلیکۆپتەری دەست بکەوێت. بەشێک لە ئەندامەکانی لە ئورووپا و ئێران راهێنانیان پێکرا و مەشقی لیسانسی فرۆکەوانییان بۆ ئامانجی تایبەت بینی. هاوکات ژمارەیەک لە کادرەکانی پەکەکە لەناو هەسەدەشدا راهێنانیان پێکرا. واتە ئەگەرچی پەکەکە خاوەن هێلیکۆپتەرێکی جەنگییش نەبێت، بەڵام بە زۆر هۆکارەوە هێلیکۆپتێر بەکار دەهینێت.

بەڵام هیندێک هۆکار هەن کە دەیسەلمێنن ئەو هیلیکۆپتێرانەی کەوتوونەتە خوارەوە، هی یەکێتی نیشتمانی بوون. زۆر وێنەی بافڵ تالەبانی و بەرپرسانی هێزەکانی دژە ـ تیرۆری یەکێتی وەکوو وەهاب هەڵەبجەیی هەن کە لە بەردەم ئەو هێلیکۆپتەرەی جۆری ئاس 1350 ئەئورۆجۆپتەرا گیراون کە لە سنووری دهۆک کەوتە خوارەوە. هاوکات لە راگەیاندراوەکەی هەسەدەدا هیچ ئاماژەیەک بەوە نەکراوە کە ئەو هێلیکۆپتێرانە هی هەسەدە بن.

بابەتی هێلیکۆپتەری دووەمیش زۆر ئاڵۆزە. هەسەدە سەبارەت بە هیلیکۆپتەری دووەم هیچ زانیارییەکی نەداوە. هێشتا نازانرێت کە ئەو هێلیکۆپتەرەی دووەم بەڕاستی کەوتۆتە خوارەوە یان لەو شوێنە نیشتۆتەوە کە پەکەکە بۆ دیاریی کردووە، بەڵام ناتوانێ هەستێت.

زانیاریی سەرنجڕاکێش لەسەر 15ی ئادار: بۆدیگوارد کێن؟

ئەوە حاشای لێناکریت کە رووداوی هێلیکۆپتەرەکە پەیوەندییە تاریکەکانی نیوان یەنەکە و پەکەکە ئاشکرا دەکات. بەڵام بەتایبەتی لە 14 ـ15ی ئاداردا لە سلێمانی و لەناو یەنەکەدا ئاڵۆزییەکی سەربازیی سەرنجڕاکێش روویدا. لە گەڕەکی سەرچنار کە ناوچەیەکی بەناوبانگی شاری سلێمانیە، هێزەکانی سەر بە بافڵ تاڵەبانی هێرشیان کردە سەر چەند شوێنێکی وەکوو هۆتێل لالەزاری لاهوور شیخ جەنگی و کارمەندەکانیان دەستگیر کردن. لە راستیدا پێشتریش و لە رێکەوتی 8ی ئاداردا، هێزەکانی سەر بە بافڵ تاڵەبانی هێرشیان کردبووە سەر شوێنی قەسری لاهوور شێخ جەنگی و سەروچاوی کارمەند و پاسەوانەکانیان لە ناو قەسرەکەدا بەستبوون و وەکوو تیرۆریست هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا کرابوو.

لاهوور جەنگی داوای یارمەتیی لە هیزە نێودەوڵەتیەکان کرد و ئەو رووداوەی بە “کردەوەیەکی مەترسیدار” ناوبرد

لە پرۆسەی تەسفیە کردنی لاهووردا بە داری زۆر، کۆمەڵێک گرفت بۆ بافڵ تاڵەبانی دروست بوون. یەکێک لەوانە ئەوە بوو کە لەناو پێکهاتەی سەرکیی باڵی سەربازیی یەنەکەدا، هیزەکانی دژە ـ تیرۆر بەناوی “خۆپاراستن”، زۆر کەسی دلسۆزی لاهوور جەنگی هەن. ئەگەرچی بافڵ زۆربەشیانی تەسفیە کردبێت، بەڵام لاهوور جەنگی کە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەرپرسی هێزەکانی دژە ـ تیرۆری یەنەکە بووە، هیشتا زۆر لایەنگر و دڵسۆزی شاراوەی هەر ماون.

دەگوترێ کە بافڵ تاڵەبانی لەبەر ئەوەی کە رەنگە کاریگەریی لاهووریان لەسەروە مابێت، بڕوای بە هێندێک لە کەسانی نزیکی خۆیشی نەماوە. لە دەوروبەری یەنەکەدا کە هەموو کەس یەکتر دەناسن و لە یەکتری دەترسن، زوو پلان و نهێنییەکان ئاشکرا دەکرێن و زانیاریەکان زوو دزەیان پێدەکرێت. بافڵ لەو بوارەدا لەگەڵ پەکەکە و هەسەدەدا هاوکاریی دەکرد. وەکوو دەزانرێت تیمەکانی پەکەکە و هەسەدە، لە هێندێک ئۆپراسیۆنی تایبەت بە یەنەکەدا بەشدار دەبن.

واتە راگەیاندراوە ناشەفافەکەی هەسەدە کە دەڵێ “بۆ مەشق دەرۆیشتنە سلێمانی”، ئەو ئەگەرە پشتڕاست دەکاتەوە کە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ تیمەکەی هەسەدەدا دەیانهەویست لە ئۆپراسیۆنێکی نهێنیدا بەشدار ببن. جۆری پەیوەندیەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و پەکەکە ئەو ئەگەرە زیاتر پشتڕاست دەکاتەوە.

هاوکات هەسەدە کە پێشتر ئەو کارەی بۆ لاهوور شێخ جەنگی کردبوو، ئەمجارە هەمان خزمەتی بە بافڵ تالەبانی دەکرد.

هەڵوێستی سووکی بافڵ تاڵەبانی

لەکاتیکدا کە هەموو ئەم رووداوانە روو دەدەن، بەڵام بافڵ تاڵەبانی لەسەر هەڵوێستە سووکەکانی بەردەوامە. بافڵ وێنەیەکی خۆی بە جل و بەرگی هێزەکانی دژە ـ تیرۆری هەسەدە (YAT) بڵاو کردۆتەوە و ئەو هەڵوێستەی بافڵ تاڵەبانی زۆرتر لە دژی لاهوور جەنگی و باڵی ناڕازی ناوی یەنەکە بڵاو دەکرێتەوە.

داوای هەسەدە بۆ پەیوەندیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان

لەبەر ئەوەی هەسەدە دەزانێت کە رووداوەکە رووداوێکی تاریکە و کۆمەڵێک پیلانی شاراوە بەهۆی ئەو رووداوەوە ئاشکرا دەبن، هەوڵ دەدات کە رووداوەکە لەژێر ناوی شەهیدان، قارەمانەتی شەهیدەکان و شەڕ لە دژی داعشدا بشارێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش خۆیان لە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەدوور دەگرن. هەسەدە داوا لە بنەماڵەی ئەو کەسانە دەکات کەوا گیانیان لەدەستداوە، بۆ ئەوەی بڕۆن و داوای تەرمی رۆڵەکانیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.

کاتیک کە هێلیکۆپتێر لەسەر خاکی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانیدا تێپەڕ دەبوو، ئیزنیان لە حکوومەت وەرنەدەگرت، بە دەوردانەوەی حکوومەت کاری شاراوەیان دەکرد و سەروەریی حکوومەتی کوردستانیان پێشێل دەکرد و دواتریش جەوێکی هەستیار دەخوڵقێنن و رەوایەتی درۆ و چەواشەکارانە بڵاو دەکەنەوە و دەیانهەوێ بەوشێوەیە راستیەکان پەردەپۆش بکەن.

ئەو هەڵوێستانە ئەوەمان پیشان دەدەن کە پەکەکە و یەنەکە پیلانێکی رەش و تاریکیان دژ بە هەرێمی کوردستان هەیە. لنگێکی ئەو پیلانە لەژێر ناوی یەکێتیی نەتەوەییدا و دوو لنگەکەی دیکەی ئەو پیلانەش لایەنی سەربازی و قاچاخچێتین.

کەوتنەخوارەوەی هیلیکۆپتەرەکە لە دهۆک، رووداوێکی ساکار نیە، بەڵکوو نیشانەی گەلەکۆمە و پیلانگێڕییەکە دژ بە هەرێمی کوردستان.

دارکا مازی بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەسەر ئەو مژارە بەدەستیهێناوە، لە لیکۆڵینەوەکانی لەسەر ئەو رووداوە بەردەوام دەبێت.

پوستێن ھەمان بەش