ژنراڵ ئیحسان نووری پاشا؛ رێبەرێکی مەزن بۆ سەربەخۆیی کوردستان

ژنراڵ ئیحسان نووری پاشا؛ رێبەرێکی مەزن بۆ سەربەخۆیی کوردستان

 “ئەرکی من ناساندنی سەربەخۆیی کوردستان و بەڕێوەبردنی شەڕە هەتا ئەو کاتەی کە سەربازێکی تورک لەسەر خاکی ئێمەدا مابێت”.

ئەمڕۆ 47ـەمین ساڵوەگەڕی شەهید بوونی ئیحسان نووری پاشا بوو. ئیحسان نووری پاشا لە ساڵی 1892دا لە شاری بدلیسی باکووری کوردستان چاوی بەدنیا هەڵهێنا. کوڕی عەلی قولی، یەکێک لە پێشەنگەکانی عەشرەتی “جبران”ی کوردانە. ئیحسان نووری خوێندنی سەرەتایی لە بدلیس تەواو کردووە و دواتر ئامادەیی سەربازیی ئەرزەنجانی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە، کە عوسمانیەکان بۆ منداڵی سەرۆک عەشرەتەکانیان دروست کردبوو. دواتر لە ساڵی 1908دا لە ئاکادیمیای سەربازیی ئیستەنبۆلدا، درێژەی بە خوێندن داوە. ئیحسان نووری لە ساڵی 1910 و لە تەمەنی 17 ساڵیدا خوێندی خۆی تەواو کرد و وەکوو فەرماندەیەک تێکەڵ بە سوپای عوسمانی بوو. لەناو هەزاران قوتابیدا پلەی یەکەمی  بە پلەی ئەفسەری لە ریزی 27دا بەدەستهێنا.

لە قۆناخی یەکەمی ئەرکەکەیدا لە ناو سوپای عوسمانیدا، فەرماندەیی گرووپێکی کرد کە ئەرکی دامرکاندنەوەی سەرجەم ئەو ناڕەزایەتییانە بوون کە نەتەوەپەرستەکان دژ بە عوسمانیەکان ئەنجامیان دەدا. ئەو وەکوو فەرماندەیەکی سەرکەوتوو لە باڵکان و لە یەمەن، یەکەمین ئەرکی خۆی جێبەجێ کرد. پاش ماوەیەکی کورت شەڕی یەکەمی عالەمی دەستپێدەکات و ئەو لە بەرەی رؤژهەڵاتەوە دژ بە رووسیا شەڕ دەکات. لە تێکەڵچوونێکدا بەناوی “نەرمان” بە سەختی بریندار دەبێت و بۆ تیمار کردنی برینەکەی رەوانەی شاری ئەرزنجان دەکرێت. بەهۆی کەشوهەوا و وەرزی سەرماوە، خەریک بوو لەسەرما رەق هەڵێت و قامکەکانی سەرما دەیانبات. پاش ساڕێژ بوونەوەی برینەکانی، لە سوپای 9دا ئەرکدار دەکرێت. پاش کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی دەگەڕێتەوە ئیستەنبۆل و لەوێ هاوڕێیە کۆنەکانی رێکدەخات و سەرهەڵدانێک دژ بە حکوومەتی فەرت پاشا بنیات دەنێت. ئەو سەرهەڵدانە بە سەرەتایەک بۆ هەڵوەشانەوەی حکوومەتی فەرت پاشا دێتە ئەژمار. ئیحسان نووری هاوکات لەبواری سەربازیشدا درێژە بە چالاکیەکانی دەدات.

ژنراڵ ئیحسان نووری پاشا و بەڵێنی پووچی کەمالیستەکان

ئەو سەرهەڵدانەی ئیحسان نووری پاشا لەلایەن “ئیتیحاد ـ تەرەقی”یەوە بە گرینگ دادەنرێت و پەیوەندیی لەگەڵ دروست دەکەن. بەو بەڵێنە بۆشانەی کە کەمالیستەکان دەیاندا: “ئێمە لە دژی مافەکانی گەلی کورد نین، ئێمە دەمانهەوێ لەگەڵ نوێنەری کوردەکان کۆ ببینەوە و داخوازیەکانیان قبوول بکەین. ئەم خەباتە، خەبات بۆ ئازادیی هەردوو گەلی کورد و تورکە”. “مەجلیسی گەورەی نەتەوەی تورکەکان” TBMM بە بەشداری کوردەکان و تورکەکان کۆ دەبێتەوە. بەڵام هەر زوو دەردەکەوێت کە بەڵێنە درۆیینەکانی تورکەکان، ئیحسان نووری پاشای زیاتر لە رێکخراوە کوردیەکان نزیک دەکاتەوە. لەبواری رێکخراوەییەوە تێکەڵاوی لەگەڵ جەماعەتی تەعالی و تەرەقی کورد دروست کرد کە لە ساڵی 1918 بە سەرۆکایەتی سەید عەبدولقادر گەیلانی دامەزرابوو. روانگە نەتەوەیی ـ سیاسیەکانی خۆی لە رێگای نووسینی وتار بۆ رۆژنامەی “ژین” بڵاو دەکردەوە کە بڵاوکراوەی جەماعەتی ئیتیحاد و تەرەقی بوو. یەکێک لە وتارەکانی بەناوی “پرەنسیبەکانی ولسۆن و کورد”، پێگەی ناوبراو لە سوپادا دەخاتە گومانەوە بەڵام ئیحسان نووری پاشا پاشگەز نابێتەوە و لەسەر نووسین بەردەوام دەبیت.

لێکۆڵەرانی سیاسی و رووناکبیرانی کورد لە ئیستەنبۆل، لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆچگەریدا رێگای گەڕانەوەیان بۆ کوردستان گرتە پێش. بە رادیکالیزەتر بوونی هەڵوێستی کەمالیستەکان لە بەرانبەر کوردەکاندا، هاوکێشەی بزووتنەوەی سیاسی ئاشتیخوازانە و مەدەنی کوردەکانیش گۆڕانکاریی بەسەردا هات. سەردەمی بزووتنەوەی رادیکاڵ دەست پێدەکات. هەوڵ و زەختی ئینکارکەران و لە ئەنجامدا پاشگەزبوونەوەی تورک لەو بڕگانەی کە لە راگەیەندراوی کۆماریدا هاتبوون، بوونە هۆکاری ئەوە کە کورد رێبازی رادیکاڵی خەبات هەڵبژێریت. لە ساڵی 1923دا لە ئەرزرووم، خالید جبران، یووسف زیا بەگ، حاجی مووسا موتک و هتد… لەژێر سەرۆکایەتی سەرکردە کوردەکاندا، رێکخراوی ئازادی دامەزرا. ئەو حیزبە لە ماویەکی کورتدا بوو بە هێلانەی سەرجەم ئەو نیشتمانپەروەرانەی کورد کە لە کەمالیستەکان بێهیوا ببوون. لەسەرجەم پارێزگا کوردیەکاندا لقی ئەو حیزبە دامەزران. حیزبی ئازادی؛ بەپێچەوانەی رێبازی نەرم و نیان و ئاشتیانەی جەماعەتی تەعالی و تەرەقی کوردەکان بوو. حیزبی ئازادی خەباتی چەکدارانەی کردە بناخە و بە ئارمانجی رزگارکردنی کوردەکان دەستی بە خەبات کرد.

کورد لەبواری سیاسیدا، دۆخی بێ بڕیاریی بەجێدەهێشت. بزووتنەوەی ئازادی بە رێکخستنی ئەفسەرانی کورد لەناو سوپادا، سەرهەڵدانی سەربەخۆیی نەتەوەیی کردە هێزی خۆی. کاتێک کە ئیحسان نووری پاشا لە سێرت خەباتی دەکرد، تێکەلی حیزبەکە بوو. ئیحسان نووری لەماوەیەکی کورتدا بوو بە یەکێک لە کەسایەتیە هەرە گرنگەکانی رێکخراوەکە. کاتێک کە ئەو لە سێرت وەکوو کارمەندی سوپا چالاکیی دەکرد، سەرۆکایەتی لقی سێرتی رێکخراوەکە وەئەستۆ دەگرێت. هەر بۆیە ئەو بە هۆی داڕشتنی نەخشەی سەرهەڵدانی حیزبی ئازادی و رێکخستنی ئەفسەرانی کوردی ناو سوپا، ئەرکێکی هەرە گرنگ وەئەستۆ دەگرێت.

“من دەمهەوێ بۆ رزگاریی گەلی کورد خەبات بکەم، من ناتوانم وەکوو زابتی یەکینەیەک خزمەتی ئینگلیزیەکان بکەم”.

دەوڵەتی تورک بە بیانوی سەرهەڵدانی نایاسایی لە جۆلەمێرگ، لە ساڵی 1924دا ئیحسان نووری پاشا دەنێرێتە شێرناخ. ئیحسان نووری پاشا بە پلەی سەرلەشکەر لە شێرناخ ئەرکدار دەکرێت. ئەو پۆستەکەی بۆ ریکخستنی سەرهەڵدان بەکار دێنێت. ئیحسان نووری پاشا ناچار دەبێت بەپێی ئەو ئەمرەی کە بە کۆدی “بەپەلە” بەڕێ کراوە، ئەو شەوەی کە پلان جێبەجێ دەکرێت، بچێتە ئەلکێ (بەیتولشەباب). راسم بەگ، تەوفیق جەمیل، هۆرشت ئەرتووشی و براکەی یووسف زیاد عەلی رەزا بەگ، کە لەیەکێتی ناو زابیتەکانی کۆمیتەی ئازادی بوون سەرهەڵدانی ئەلکێ دەستپێدەکەن.

گولـلەی یەکەمی سەرهەڵدان، شێخ سەعید لە ئەلکێ تەقاندی. بەڵام سەرهەڵدان وەکوو ئەوەی کە پلانی بۆ داڕێژرابوو، نەچووە پێش و ئەو ئەنجامانەی کە چاوەڕوان دەکرا بەدەست نەهاتن. لە ئەنجامی سەرهەڵدانی ئەلکێ کە وەکوو یەکەم سەرهەڵدانی رێکخراوی مێژووی کۆماری دێتە ئەژمار، رێکخستنەکانی ئازادی لەناو سوپادا ئاشکرا بوون. بەهۆی ئەو سەرهەڵدانەوە عەلی رەزا بەگ دەستگیر کرا. ئیحسان نووری پاشا، هوورشت ئەرتووشی، تەفیق جەمیل و راسم بەگ لەگەڵ 350 سەرباز رۆیشتنە چیای کاتۆ. دواتر ئیحسان نووری پاشا بەشێوەیەکی کاتی لە چیای شنگال جێگیر دەبێت. لەو ماوەیەدا ئینگلیزیەکان ، پێشنیاریکیان پێشکەش بە ئیحسان نووری پاشا کرد کە لەگەڵ ئەواندا کاری سەربازی بکات. لە وەڵامی ئەو پێشنیارەدا ئیحسان نووری پاشا گوتی: “من دەمهەوێ بۆ رزگاریی گەلی کورد خەبات بکەم، من ناتوانم وەکوو زابتی یەکینەیەک خزمەتی ئینگلیزیەکان بکەم”.

حیزبی خۆییبوون لە ساڵی 1927دا لە لوبنان دامەزرا. سەرهەڵدانی ئاگری ئۆرگانیزە دەکات و ئیحسان نووری پاشا وەکوو سەرۆکی ئەو سەرهەڵدانە دەستنیشان دەکات.

لەو ماوەیەدا سەرهەڵدانی شێخ سەعید لە باکووری کوردستان دەستی پێکرد. ئیحسان نووری پاشا دەچێتە باکوور بۆ ئەوەی بەشداری لەو سەرهەڵدانەدا بکات. بەڵام بەرلەوەی ئەم بگاتە شوێنی مەبەست، سەرهەڵدانەکە سەرکوت دەکرێت و ناچار دەبێت جاریکی دیکە بگەڕیتەوە باشووری کوردستان و لەگەڵ سەیید تاها نەهری لە رەواندز بمێنیتەوە. بەڵام ئیحسان نووری پاشا بەردەوام بیر لەوە دەکاتەوە پێویستە بەهەر شێوەیەک بۆی دەکرێت بەشداریی لە بەرەوپێشبردنی خەبات لە باکووری کوردستاندا بکات. بۆ ئەو مەبەستە دەڕواتە رۆژهەڵاتی کوردستان و لەگەڵ شۆڕشەکەی سمکۆی شکاک دەکەوێت. کاتێک کە سەرهەڵدانی سمکۆی شکاک سەرکوت دەکرێت، ئیحسان نووری پاشا دەکەوێتە دەستی هێزەکانی ئێران و دەگوازرێتەوە بۆ شاری زەنجان. ئیحسان نووری پاشا دەرفەتێک بۆ خۆی دەدۆزیتەوە لە شاری زەنجان بە دزیەوە خۆی دەگەیەنێتە شاری خۆی لە رۆژهەلاتی کوردستان. ئەو ناونیشانی سەرهەڵدان لە کۆچەریەکانی سەرحەد وەردەگرێت و روو لە چیای ئاگری دەکات. شۆڕشگێڕانی کورد پاش سەرکوتی سەرهەڵدانەکەی شێخ سەعید، لە بەرخۆدان بەردەوام دەبن و چیای ئاگری دەکەنە پەناگایەک بۆخۆیان. چیای ئاگری دەبێتە ناوەندێکی سەرەکی شەڕی سەربەخۆیی نەتەوەیی کوردەکان. ئیحسان نووری پاشا دەچێتە ئەو شوێنەی کە پێویستە ئەو لەوێ بێت. ئەو هەم کوالیتی هێزەکان بەرز دەکاتەوە و هەمیش بزووتنەوەکە بەڕێوە دەبات. حیزبی خۆییبوون لە ساڵی 1927دا لە لوبنان دامەزرا. سەرهەڵدانی ئاگری ئۆرگانیزە دەکات و ئیحسان نووری پاشا وەکوو سەرۆکی ئەو سەرهەڵدانە دەستنیشان دەکات.

توانیبووی بناخەکانی دەوڵەتێکی کوردی دامەزرێنێت

سەرهەڵدان بە راستەوخۆ بەڕیوە بردنی چالاکیەکانی حیزبی خۆیبوون و دیاری کردنی ئیحسان نووری پاشا وەکوو “نوینەری سەربازی” دەستیپێکرد. ئیحسان نووری، کە فەرماندەیەکی سەربازی لێهاتوو بوو، بە رێکخستنی هێزەکان لەژێر ئەمری “برۆیێ حەسکێ تێل” کە بە “ئیبراهیم پاشا” دەناسرا، توانیبووی بناخەکانی دەوڵەتێکی کوردی دامەزرێنێت. ئیحسان نووری کە لەلایەکەوە پێکهاتەی سەربازیی سەر لە نوێ دامەزراندبوو، لەلایەکی دیکەشەوە بە دیاریکردنی سەرۆک وەزیر، وەزیرەکان، ئاڵا، سوپا و رۆژنامەی خۆی لە ئاگری بناخەی دەوڵەتێکی کوردیی بنیات نابوو. لەژێر سەرکردایەتی برۆ حەسکدا دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوە بردنی سڤیل دامەزران. رۆژنامەیەک بەناوی “ئاگری” بە دەفەتیکی زۆر کەم بڵاو کرایەوە. سیستەمیکی بێتەل “لاسەرکی” دامەزرا. لە لووتکەی ئاگریدا ئاڵای سی ڕەنگی کوردستان هەڵکرا. چیای ئاگری گوندی “کوردئاوا”ی وەکوو پایتەختی کۆماری کوردان راگەیاند. پارێزگار و قایمقامیان بۆ دەستنیشان کرد کە نوێنەرایەتی حکوومەتی سەربەخۆی کوردەکان لە ئاگری و ناوچەکانی بکات. سەربەخۆیی نەتەوەی کورد کە سەرەڕای هەموو دەستێوەردان و دژایەتیەکانی دەوڵەتی تورک، بەرەوپێش دەچوو، لە ساڵی 1928دا دەربازی قۆناخێکی نوێ بوو. دەوڵەتی تورک ویستی ئەو تەکتیکانەی کە بۆ سەرهەڵدانەکانی دیکەی کوردان بەکاری هێنابوو، لە “ئاگری”یش بەڕێوەی ببات، هەربۆیە لەگەڵ هیزە کوردیەکان دەستی بە دانوستان کرد. مەجلیسی گەورەی نەتەوەیی تورکەکان، کۆمیسیۆنی خۆی بەناوی “رێککەوتن” رەوانەی ناوچەکە کرد. لەو کۆمیسیۆنەدا 12 وەکیل لە پارێزگاکانی کوردستانیش ئامادە بوون. ژنراڵ ئیحسان نووری پاشا سەرۆکایەتی شاندی کوردەکانی دەکرد. کۆمیسیۆن بەڵێنیدا کە “حکوومەت عەفوواتیکی گشتی بۆ ئەو کەسانە رابگەیەنێت کە سەرهەڵدانیان راگەیاندووە و هەروەها ئیحسان نووری پاشاش لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا پلەیەکی باڵای پێبدرێت. لە بەرانبەردا شۆڕشگێڕانی کوردیش پێویستە چەکەکانی خۆیان دابنێن و خۆیان رادەستی هێزەکانی حکوومەت بکەن”.

ئەرکی من لە تورکیا ناساندنی سەربەخۆیی کوردستانە

بەڵام ئیحسان نووری پاشا ئەو پێشنیارە رەد دەکاتەوە. “ئێوە ناتانهەوێ بە ناسینی مافە نەتەوەییەکانی کورد ئەو شەرە کۆتایی پی بینن” لە درێژەدا گوتی: “ئێرە وڵاتی منە و منیش پێویستم بە هیچ شتێک نیە. من بڕوا بە بەڵێنەکانی دەوڵەتی تورک ناکەم. من سەرکردەی حیزبی خۆیبوون و فەرماندەی گشتیی هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردم. لەم ئەرکەدا، من پێڕەوی لە فەرمانەکانی خۆیبوون دەکەم و شانازی بەوە دەکەم کە ئەندامی خۆیبوونم. ئەرکی من لە تورکیا ناساندنی سەربەخۆیی کوردستانە و بەڕێوەبردنی شەڕە هەتا ئەو کاتەی کە سەربازێکی تورک لەسەر خاکی ئێمەدا مابێت. ئەگەر ئێوە پێشنیارێکی سیاسیتان هەیە کە دەتانهەوێ پێشکەشی خۆیبوونی بکەن، من دەتوانم پێشنیارەکانتان بە خۆیبوون بگەیەنم. ئەوە دروست نیە کە ئێوە بەڵێنی پارە و پلەو پایە بە تاکەکان بدەن، ئەو هەوڵانە بێسوودن لەبەر ئەوەی ئەو پرسەی بڕیارە چارەسەر بکرێت، پرسێکی شەخسی نیە بەڵکوو پرسێکی نەتەوەییە”.

بەو هەڵوێستە ژیرانەیە، ناوی ژنراڵ ئیحسان نووری پاشا لە لاپەڕەکانی مێژوودا بە ئاوی زێڕ تۆمار دەکرێت. کاتێک کە دەوڵەتی تورک تێگەیشت کە ئەو ناتوانێت شۆڕشی ئاگری سەرکوت بکات، بە رێکەوتنی دیبلۆماتیک هەوڵی شکستهینانی بە سەرهەڵدانی کوردان دەستپێکرد. تورکیا توانی ئێران بەلای خۆیدا راکێشێت. کێشە سنووریەکانی لەگەڵ ئێران وازلێهێنا و لە ساڵی 1930دا حکوومەتی تورک هێرشێکی گەورەی دەستپێکرد. یەکێتی سۆڤیەت وەکوو زلهێزێکی جیهانی پشتیوانیی تورکیای دەکرد. لەوەش خراپتر پشتیوانی ئێران بوو لە تورکیا بۆ ئەوەی کۆتایی بە سەرهەڵدان بهێنێت. سەرکەوتنی تورکەکان لەبواری دیبلۆماسیدا بوو بە هۆکاری لەناوبردنی شۆڕشی ئاگری. بە واتایەکی دیکە سەرهەڵدانی ئاگری بە هاوکاری ئیران و یەکیتی سۆڤییەت تێکشکا. دەکرێ بڵێین کە تورکیا لە رێگای سەرکەوتنی دیبلۆماسیەوە سەرکەوتنی سەربازیی بەدەستهێنا. دەولڵەتی کوردان لە ئاگری تێکچوو، ژنراڵ ئیحسان نووری پاشا لە ساڵی 1930دا دەربازی ئیران دەبێت و ژیانیکی پڕ لە ئێش و ئازار دەستپێدەکات.

بەردەوام باسی لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەکرد

سەرەڕای سەرجەم ئەو مەرجە دژوارانە و لەژێر چاودێری توندی “ساواک”دا و بێ بەهرە بوون لە کەمترین ئیمکانیاتی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ژنرال ئیحسان نووری پاشا لە هەر دەرەتانێک بۆی رەخسابا، هەندێک جار بە نووسینی وتار و کتێب یان بەشداری کردن لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەی نیودەوڵەتیدا، بەردەوام باسی لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەکرد. سەرئەنجام بەهۆی لێدانی ماتۆرسکیڵیکەوە لە 18ی ئاداری ساڵی 1976دا بە سەختی بریندار بوو، ماوەی حەوتوویەک لە کۆمادا مایەوە. فەرماندەی ئەفسانەیی شۆڕشگێڕانی کورد، سەرۆکی مەزنی کورد ژنرال ئیحسان نووری پاشا لە 25ی ئاداری 1976دا لە کاتژمێر 06:00ی بەرەبەیان شەهید بوو. تەرمە پیرۆزەکەی بە خولیا و ئاواتی رزگاریی و سەربەخۆیی کوردستانەوە لە گۆڕستانی “بەهەشت زارا” لە مەراسیمێکی بچوکدا بە بەشداریی ژمارەیەک لە نیشتمانپەروەرانی کوردستان بە خاک سپێردرا. ژمارەی گۆڕە پیرۆزەکەی 9 / 58.12.

پوستێن ھەمان بەش