ژیان و خەباتی بازەکەی ئارارات، ئیحسان نووری پاشا، لە 47ـەمین ساڵەی شەهیدبوونیدا

ژیان و خەباتی بازەکەی ئارارات، ئیحسان نووری پاشا، لە 47ـەمین ساڵەی شەهیدبوونیدا

ئیحسان نووری پاشا، فەرماندە، نووسەر و جێبەجێکارێکی گەورەی سیستەمی “نەتەوە ـ دەوڵەت”ی کورد بوو.

لە چارەکەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، نەتەوەی کورد لەپێناو بەدەستهێنانی مافی چارەنووسی خۆیدا، خەبات و راپەڕینی نەتەوەیی دەستپێکردووە و لە مەیدانی ئەو خەبات و تیکۆشانانەشدا زۆر کەسی ئازا و قارەمان رۆڵی پێشەنگایەتییان گێڕاوە. یەکێک لەو رێبەرە ئازایانە، ژنراڵ ئیحسان نووری پاشا بوو کە لە 25ی ئاداری 1976دا کۆچی دوایی کرد. لەو کاتەی کە لە ژیاندا مابوو، کوردەکان پێیان دەگوت بازەکەی ئارارات. سەرجەم ژیانی ئەو رێبەرەی کورد تژی بوو لە خەبات و ئازایەتی.

ئیحسان نووری پاشا کێیە؟

ئیحسان نوری پاشا ساڵی 1893 لە شاری بەدلیسی باکووری کوردستان لەدایک بووە. کوڕی “عەلی قولی” ئاغای عەشیرەتی جیبرانلییە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە بەدلیس تەواوکردووە. دواتر لە خوێندنگای سەربازی تایبەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە ئەرزنجان دەستی بە خوێندن کردووە و بە سەرکەوتوویی تەواوی کردووە.

 ئیحسان نوری لەساڵی 1908دا نێردرا بۆ ئیستانبوڵ و لە خوێندنگای سەربازیی ئەو شارە درێژەی بە خوێندن دا. لە بەهاری ساڵی 1910 لە تەمەنی 17 ساڵیدا خوێندنی تەواوکرد و لە ناو هەزاران خوێندکاری ئاکادیمیای سەربازیدا، پلەی 27 بەدەست دەهینێت و لە سوپای دەوڵەتی عوسمانیدا وەک ئەفسەر دەستی بە کار دەبێت.

ئیحسان نوری یەکەم ئەزموونی شەڕی لە ناوچەی بەڵکان تاقی کردەوە. دوای 33 مانگ ئەرکی سەرکەوتووانە لە یەمەن، وەکوو پلەبەرزکردنەوە لە لایەنی سینووری 93 دادەمەرزێت و رەوانەی بەیزۆن کرا.

دواتر لە ساڵی 1914 دا جەنگی جیهانیی یەکەم ڕوویدا و بە فەرمانی پاشای دەوڵەتی عوسمانی ئیحسان نوری و ژمارەیەک ئەفسەری دیکە نێردران بۆ بەرەی شەڕ دژی ڕووسیا. لە شەڕی دژی ڕووسەکاندا لە ناوچەی نێرمان بە سەختی بریندار بووە و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری رەوانەی ئەرزەنجان دەکرێت. دوای چاکبوونەوەی لە ئەرتەشی 9دا ئەرکی پێدرا و وەکوو فەرماندەی یەکینەیەکی گەڕۆکی جەندرمەی ئەو ئەرتەشە، رەوانەی بەرەکانی شەڕ لە گورجستان کرا. دواتر لە ساڵی 1919دا لە ئیستەنبوولی پایتەختدا دەبێتە سەرۆکی لجنەی نوێنەری ئەفسەرانی گارنزۆنی بڕیارگە.

هەوڵ دەدرا وەکوو کەسایەتییەکی نامەحبووب بناسێندرێت

لە دژی حکوومەتی دامات فەرید پاشا بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی پەیمانی ئاگربەستی مۆندرۆس، لە ناو ئەرتەشدا سەرهەڵدانێک رێکدەخات و بە سەرهەڵدان لە دژی حکوومەتی ئیستانبووڵ، هەڵوەشانەوەی حکوومەتەکەی فەرید پاشا خێراتر دەکات. ئەو سەرهەڵدانە بوو بە هۆی رووخانی حکوومەتەکەی فەرید پاشا و دامەزرانی حکوومەتی عەلی رەزا پاشا. بەهۆی چالاکیە کاریگەرەکانیەوە، ئیحسان نووری پاشا لە ئیستانبووڵ وەکوو کەسێکی “نامەحبووب” دەناسێندرێت و ئەویش هەوڵ دەدات کە بگەڕێتەوە بۆ بدلیس، بەڵام کاتێک کە گەیشتە شاری ترابزۆن، رووشتوو پاشا سەرفەرماندەی ئەرتەشی 9، ئیحسان نووری پاشای رەوانەی باکوو کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ بلشویکەکاندا پەیوەندیی دابمەرزینێت و هاوکاریی سنووری عوسمانی ـ رووسیا بکات و هەروەها هاوکاریی لۆجیستیکی بۆ کوڤای مللی دابین بکات.

بەهۆی ئەوەی کە دژی کۆمەڵکوژ کردنی ئەرمەنیەکان وەستایەوە، رەوانەی دادگای سەربازی کرا

لە کۆنترۆڵ کردنی باکوو لەلایەن بلشویکەکان و پشتگیری کردن لە کوڤای مللیدا کاری دژوار ئەنجام دەدات. دواتر لە هەسەنکالە (پاسینلەر) تێکەڵ بە ئەرتەشی 12 دەبێت. لە شەڕی ئەرمەنستاندا بۆ جاری دووەم بریندار دەبێت و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری رەوانەی سەراقامیش دەکرێت. لە شەڕی ئەرمەنیەکاندا لەبەرانبەر فەرمانی خالید پاشا دین دەوەستێتەوە و دژایەتی بڕیاری قڕکردنی ئەرمەنیەکان دەکات و دەڵێت: “من قەد ئامادە نیم بەشداری لە ئازاردان و کوشتنی ژن و منداڵ و پیر و بەساڵاچوواندا بکەم. من قەد قەد بەشدار نابم”. لەسەر ئەو هەڵویستە، “خالید پاشای دین”، ئیحسان نووری پاشا دەسبەسەر دەکات و بە تۆمەتی گوێنەدانە بڕیاری سەربازی رەوانەی دادگای سەربازیی دەکات، بەڵام دۆسیەکە پەراوێز دەخرێت. دواتر لە فەرماندەیی سنووری بازیدێ ئەرکدار کرا. ئەو ئەرکە گۆڕانکارییەکی قووڵ لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئامانجە نەتەوەییەکانی ئیحسان نووری پاشادا دروست دەکات. لەگەڵ خۆشکی فەرماندەکەی خۆیدا ژیانی هاوبەش پێکدەهێنێت.

ژیانی سیاسی و هزرە کوردستانیەکانی ئیحسان نووری پاشا

ئیحسان نووری پاشا لە ئاکادیمیای سەربازیی ئیستانبووڵدا لەگەڵ هزری نەتەوەیی ئاشنا دەبێت و ئەو هزرە لە نەست و کۆنەستیدا چەکەرە دەکات. ئیستانبووڵ بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافیەکەیەوە لەژێر کاریگەریی فکری “نەتەوە ـ دەوڵەت”ی ئوروپاییەکاندا بوو. لە ساڵی 1908دا لەگەڵ راگەیاندنی مەشرووتەی دووەم، لە خەباتی رێکخراوەیی و رۆشنبیریدا، ئەگەرچی رێژەییش بێت، بەڵام دەرفەت بۆ بەرەوپێش چوون دروست بوون. چینی فیئۆداڵی کوردیش، کاریگەرییان لەو هزرە نەتەوپەروەرانەی رۆژئاوا وەرگرت و دەستیان بە جووڵە و رێکخستنێکی توندوتۆڵ کرد. ئیحسان نووری پاشاش لەرێگای هاوڕێیەکانیەوە خودئاگایی نەتەوەیی دەباتە سەرێ و پەیوەست بەو رەوتی وشیاری “نەتەوەیی ـ کوردستانی”یە دەبێت و لە ناو کۆڕ و کۆمەڵی سیاسی و رۆشنبیرانی ئەوکات، کە تایبەت بوون بە نیقاش کردن و بیروراگۆڕینەوە، جێدەگرێت.

یەکترناسینی جەمعییەتی تەعالی کوردستان و دروست شرۆڤە کردنی کەماڵیزم

لەناو جەوی نژادپەروەری ئیستانبووڵدا دەستی بە کۆمەڵێک سەرچاوەی مێژوویی رادەگات و رێگای جیهانبینی سیاسیی خۆی خۆش دەکات. لە شەڕی جیهانی یەکەمدا بەهۆی ئەرکە سەربازییەکەیەوە لە ئیستانبووڵ دەرکەوت بەڵام لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ناوچەکە دەکرد. لەگەڵ کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد کە پاش جەنگی یەکەمی جیهانی و لە ساڵی 1918دا دامەزرابوو، ئاشنایەتیی پەیدا کرد و بوو بە ئەندام تێیدا. بە نووسینی وتار لەسەر مێژوو بۆ گۆڤاری “ژین” ئۆرگانی راگەیاندنی کۆمەڵەی KTC، چالاکیی کلتووریی بۆ کوردان دەستپێکرد. هاوکات هەڵسەنگاندن بۆ ئەو مافانە دەکات کە لە پایماننامە نیودەوڵەتیەکاندا تایبەت بە ئەتنیک و نەتەوەکان پەسند کراون و ئانالیزیان دەکات. ئیحسان نووری پاشا لە گۆڤاری “ژین”دا بە گوتاری شیکردنەوە لەسەر “پرەنسیپەکانی ولسۆن و کورد”، تیشک دەخاتە سەر مافەکانی کورد لە یاسا نیودەوڵەتیەکاندا.

لە بواری نەتەوەییدا و لەلایەنی سیاسیەوە هێشتا کوردەکان لە فریوی “دەوڵەتی هاوبەشی کورد و تورک” تێنەگەیشتبوون. بزووتنەوەی کەماڵیست ئەگەرچی لە سەرهەڵدانی کۆچگەریدا لە ساڵەکانی 1920 و 1921، رووی قێزەون و قڕکەری خۆی دژ بە کوردەکان پیشاندابوو، بەڵام بەداخەوە کوردەکان نەیانتوانی ئەو دۆخە بە دروستی ئانالیز بکەن و نەیانتوانی خۆیان لە تاکتیکە پیلانگێڕانەکانی کەماڵیستەکان بەدوور بگرن.

ئیحسان نووری پاشا لەو تاکتیکەی کەماڵیستەکان تێدەگات و بەشێوەیەکی چالاکانەتر بەشداریی لە تیکۆشانی نەتەوەیی کورداندا دەکات. کاتێک کە لە سێرت لە کۆنفرانسێکدا ئەرکی پارستن و تەفتیشی سەربازیی لەئەستۆ بوو، پەیوەست بە کۆمیتەی ئیستیقلالی کوردستان ـ ئازادی دەبێت.

بازەکەی ئارارات پەیوەست بە حیزبی ئازادی دەبێت

رێکخراوی ئازادی، یەکەمین حیزبی قەدەغەیە کە لە کوردستان بە رێبەرایەتی خالید بەگی جبری، یووسف زیا و چەند نەتەوەپەروەری دیکەی کورد دامەزرا. ئەو حیزبە دەبێت بە سەیوانێکی نەتەوەیی لە کوردستاندا بۆ کۆکردنەوەی رامانی جیاوازی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان. ئیحسان نووری پاشا بوو بە بەرپرسی لقی سێرتی ئەو رێکخراوە و لەژێر رێبەرایەتی “ئازادی”دا لە پرۆسەی ئامادەکاری بۆ راپەڕینێکی گەورەی نەتەوەیی پلان بۆ داڕیژراو، بەشدار دەبێت.

لە ناو ئەرتەشدا ئەفسەرانی کورد رێکدەخات. بەهۆی گرفتی مووسڵ و سەرهەڵدانی نەستووریان وەکوو فەرماندی لقی 18ی ئەرتەشی 7 ئەرکدار دەکرێت. ئیحسان نووری بە هێزە سەربازیەکەیەوە روو لە شێرناخ دەکات. نیوەی لقی 18 لە کوردەکان پێکدەهات. هاوکات عەلی رەزا برای یووسف زیا یەکێک لە دامەزرێنەرانی جەمعییەتی ئازادی، هورشت بەگ ئەرتووشی، راسم بەگ و تەوفیق بەگ لەو لقەدا بەرپرسایەتییان هەبوو. بڕیاری حیزبی ئازادی ئەوە بوو کە راپەڕینی گەورەی نەتەوەیی لە ناوچە سنووریەکانی باشوری کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی بریتانیا بوو دەستپیبکات. لەسەر ئەو پلانە، یووسف زیا بە عەلی رەزای برای گوتبوو کە ئێوە لە شێرناخەوە دەست بە راپەڕین بکەن و بە هێزە سەربازیەکەتانەوە بەرەو بتلیس پێشڕەوی بکەن. هێزەکانی عەشیرەتی باکووریش لەگەڵتان دەبن. ئێوە دەتوانن لە بتلیس کوردستانی سەربەخۆ دابمەرزێنن و رایبگەیەنن. بەڵام کاتێک کە ئیحسان نووری و هاوڕێیەکانی هاتنە شێرناخ، دەوڵەت ئاگادار بوو کە ئەوان بەرنامەی بزاڤێکیان هەیە هەر بۆیە یەکسەر رەوانەی ئەلکێ (بەیتوشەباب)ی کردن. لەلایەک بڕیاری دەستپێکردنی راپەڕینی نەتەوەیی و لەلایەکی دیکەوە هەوڵەکانی کەماڵیستەکان بۆ ئەوەی کوردەکان و نەستووریان بەیەکتری بە کوشتن بدەن لەئارادا بوو، هەربۆیە پیویست بوو کە ئیحسان نووری پاشا و هەڤالەکانی بە زووترین کات و دەستبەجێ دەست بە سەرهەڵدان بکەن.

سەرهەڵدانی بەیتوشەباب و کۆتاییهێنان بە فریودانی “وڵاتی هاوبەش و برایەتی ئیسلامی”

بەپێی هێندیک مێژونووس، سەرهەڵدانی ئەلکێ، لەبەر تلگرافی کۆدکراوی یووسف زیا کە بۆ عەلی رەزای برای ناردبوو، بێوەخت دەستیپێکرد. بەڵام ئەگەر جەوی سیاسی ـ سەربازی ئەو کاتە و رۆژ و پلانی حیزبی ئازادی لەبەرچاو بگرین، دەبینین کە لە کاتی سەرهەڵدانەکەدا هیچ هەڵەیەک نەبووە. لەوبارەوە ئیحسان نووری پاشا فەرمانێکی نووسراو بۆ ئەفسەرانی کورد ئامادە دەکات و ئەوانیش واژۆی دەکەن کە تێیدا ئەرکی سەرجەم ئەفسەرانی کورد لە کاتی سەرهەڵداندا بە روونی دەستنیشان کراوە. لەو فەرمانە نووسراوەدا بە بەرفراوانی دیاری کراوە کە سەرهەڵدانی سەربازی لە کوێ دەستپێدەکات و لە کاتی سەرهەڵداندا کامە ئەفسەر چ ئەرکێکی لە ئەستۆیە. لە 3 ـ 4ی ئەیلوولی 1924دا یەکەمین سەرهەڵدانی بەرنامەبۆداڕێژراوی کوردەکان دژ بە کۆماری نوێی کەماڵیست دەستیپیکرد. سەرهەڵدانی ئەلکێ ئەگەرچی لەبواری سەربازیدا شکستی خوارد، بەڵام لە میژووی سیاسیی کورد و کوردستاندا جێگەیەکی گرینگی هەیە. ئەو سەرهەڵدانە کۆتایی بە وەهمی فریوکارانەی “برایەتی ئیسلامی، وڵاتی هاوبەش” هێنا کە هەر لە ئیمپراتۆری عوسمانیەوە هەتا دامەزرانی رێژیمی کەمالیست بەسەر کورداندا سەپابوو.

رێگا بۆ جیابوونەوەی سیاسیی کوردەکان کرایەوە، خودئاگایی نەتەوەیی کوردانی پێشخست و رێگای بۆ بزاڤی سەربەخۆی کوردەکان هەموار کرد.

پاش سەرهەڵدان، عەلی رەزا دەستگیر دەکرێت. ئیحسان نووری پاشا و سەرکردەکانی دیکەی سەرهەڵدان هاوڕی لەگەڵ 350 بۆ 400 سەرباز، روو لە چیای کاتۆ دەکەن. سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەت، ئیحسان نووری دەڵیت من لە ژیانی خۆمدا هەڵەیەکم کرد و دەڵێت: “لە رۆژی یەکەمی سەرهەڵداندا هۆشمەندیی من خیانەتی پێکردم، لەبەر ئەوەی من قەدەغەم کرد کە گوللـە بە هەڤاڵەکانی پێشووی خۆمەوە بنێم”. ئەو هێزە سەربازیەی لەگەڵ خۆی برد و لەوێ ئازادی کردن و بۆخۆی چەند ئەفسەرێکی دیکە پەڕینەوە بەرەو باشووری کوردستان، ماوەیەک لە چیای شنگال مانەوە. لەو کاتەدا ئینگلیسیەکان پێشنیاریان بە ئیحسان نووری پاشا دەکەن کەوا کاریان لەگەڵدا بکات، بەڵام ئیحسان نووری ئەو پێشنیارەی رەت کردبۆوە و گوتبووی: “من بۆ رزگاریی نەتەوەی کورد خەبات دەکەم، بۆیە ئامادە نیم وەکوو ئەفسەری یەکینەیەکی سەربازی خزمەت بە ئینگلیسیەکان بکەم”.

سەرهەڵدانی شێخ سەعید

دواتر هەواڵی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران دەگاتە ئیحسان نوری و هاوڕێکانی و بە مەبەستی بەشداری کردن لە شۆڕشەکەدا دەچنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خۆیان دەگەیەننە ناوچە سنووریەکانی باکووری کوردستان، بەڵام بەهۆی فشار و توندکردنی سنوورەکانەوە ناتوانن خۆیان بگەیەننە شیخ سەعید و شۆڕشەکە سەرکوت دەکرێت و شیخ سەعید ئەفەندی و شێخ عەبدوڵڵا مەلەکی سەرکردەکانی شۆڕشەکە دەستبەسەر دەکرێن. ئیحسان نووری، تەوفیق بەگی مێردین و راسم بەگ بە ناچاری دەگەڕێنەوە شاری رەواندزی باشووری کوردستان. ئیحسان نووری بۆ ماوەیەک لەلای سەید تاها، نەوەی شیخ عوبەیدوڵڵا نەهری، قایمقامی رەواندز دەمێنێتەوە. بەڵام ئەوێیش بۆ ئەوان دەبێتە ئیقامەتێکی کاتی و دەوڵەتی تورک لە 27ی گوڵانی 1925دا سەید عەبدولقادر سەرۆکی جەمعییەتی تەعالی کوردستان و کوڕەکەی بەناوی سەید محەممەد، بە بیانووی هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ شۆڕشی شیخ سەعید، لەسێدارە دەدات.

پاش ماوەیەک ئیحسان نووری و راسم بەگ، لەگەڵ سەید موسلح برای سەید تاها و کوڕی سەید عەبدولقادر سەید عەبدوڵڵا ، گوندی نەهری، بنەماڵەی نەهرییەکان و عەشیرەتەکانی ناوچەکە بە پێشەنگایەتی سەیید عەبدوڵڵا لە دژی دەوڵەت سەرهەڵدانێکیان دەستپیکرد و شەڕێکی گەورە لە سێکوچکەی زاگرۆس واتە لە شەمزینان روویدا. پاش شکستی سەرهەڵدانی نەهری، ئیحسان نووری و راسم بەگ دەچنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خۆیان دەگەیەننە لای سمایل خانی شکاک (سمکۆی شکاک).

پاش ماوەیەک بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە سمکۆی شکاک ناچار دەبێت بەرەو باکووری کوردستان بڕوات. لەو هێرشانەدا راسم بەگ شەهید دەبێت و ئیحسان نوری پاشاش لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێت. دەوڵەتی ئێران ئیحسان نوری پاشا بۆ شاری زەنجان دەگوازێتەوە و دەیخاتە ژێر چاودێرییەوە. دوای چەند مانگێک لە دەرفەتێکدا خۆی دەدزێتەوە و دەچێتە شاری (خۆی) سەر بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ماڵی کەسایەتییەکی ئەو ناوچەیە بە ناوی حەسەن سدقی دەمێنێتەوە.

لە شۆڕشی “ئاگری”دا لەلایەن خۆییبوونەوە ئەرکدار دەکرێت

دوای شکەستەکەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925دا، کۆمەڵێک سەرکردەی خۆییبوون لە ئاگری بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم پاشای سەرۆکی هۆزی جەلالی کۆبوونەوە و لە ساڵی 1926دا شۆڕشێکی نوێ بە فەرماندەیی برۆ حەسکێ دژی دەوڵەتی تورکیا دەستیپێکرد. سەرهەڵدانی ئاگری کە بە ناوی ئیحسان نووری پاشاوە دەناسرێت، بەردەوامیی شۆڕشی شێخ سەعید بوو. ئەو شۆڕشگێڕانەی کورد کە لە شۆڕشی شێخ سەعیددا بەشدار بوون و نەڕۆیشتبوونە سووریا و عێراق و درێژەیان بە بەرخۆدانی خۆیان دابوو، روویان لە سەرهەڵدانی ئاگری کرد. سەرهەڵدانی ئاگری وەکوو درێژەی شۆڕشی مەزنی ساڵی 1925 بەر لەوەی کە ئاگری شۆڕش دابمرکێت، پێشکەوت. ئەگەرچی کە بڕیاری برۆ حەسکێ تێلی بوو بە هۆی سەرهەڵدانەکە، بەڵام ئەو هەنگاوە بوو بە دەسپێکی شۆڕشێکی گەورە کە بۆ ماوەی 4 ساڵ بەردەوامیی هەبوو. رێکخستنی خۆییبوون کە لە ساڵی 1927دا دامەزرابوو، سەرهەڵدانی ئاگریی لەباوەش گرت. ئیحسان نوری پاشا، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بەهۆی ئەزموونی لە بواری سەربازیدا، وەک فەرماندەی گشتی شۆڕشی ئاگری هەڵبژێردرا.

ئیحسان نووری پاشا لە ساڵی 1927دا خۆی گەیاندە پارێزگای ئاگری و بەشداری لە شۆڕشەکەدا کرد. رۆیشتنی ئیحسان نووری پاشا بۆ چیای ئارارات، شۆڕشەکەی لە سەرهەڵدانێکی ناوچەییەوە گۆڕی بۆ بزووتنەوەیەکی سەربەخۆیی نەتەوەیی. لەبواری سەربازیشەوە شەرڤانەکانی کورد سەر لەنوێ رێکخرانەوە و لەچوارچێوەی سیستەمێکی هیرارشی (سیستمێک کە تێیدا هەرکەسێک خاوەن ئەرک و پلەی دیاریکراوە) سازمان درانەوە. هێزی سەربازی لەسەر بنەمای شەڕی پارتیزانی ریکدەخرێ و سیستەمی پلەبەندی سەربازیی دادەنرێت. ئەزموونی باڵای جەنگاوەریی ئیحسان نووری پاشا هەر زوو لە مەیدانی شەڕدا خۆی دەنوینێت و دەوڵەتی تورک تووشی ترس و دڵەراوکێیەکی گەورە دەکات. دەوڵەتی تورک بە بیستنی ئەو هەواڵە کە ئیحسان نووری پاشا لە چیای ئاگرییە، تووشی ترس و لەرزێکی زۆر هات و لە بەهێزی شۆڕشی نوێ تێگەیشت. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە دەوڵەتی کەماڵیست لە توانای فەرماندەیی و ئازایەتی ئیحسان نووری پاشا لە مەیدانی شەڕدا ئاگادار بوو.

دەوڵەتی تورک زانی کە سەرهەڵدان، کاردانەوەیەکی کاتی نیە، بەڵکوو شەڕێکی نوێی سیاسی و سەربازییە کە ئامانجی رزگاریی نەتەوەیی کوردانە. ئیحسان نووری پاشا گرینگییەکی گەورە و تایبەت بە بەشی پروپاگاندا و راگەیاندنی شۆڕش دەدات. لەو بارودۆخی دژواری شۆڕشەدا دەزگایەکی چاپ دەستدەخات و رۆژنامەی ئاگری چاپ و بڵاو دەکاتەوە. لە رێگای رۆژنامەی ئاگریەوە گەل لە شۆڕش و ئامانجەکانی شۆڕش ئاگادار دەکرێنەوە. هاوکات دامەزراوەکانی دەوڵەت ـ نەتەوەی مۆدیڕن لەسەر دیرەکتیڤەکانی حیزبی خۆییبوون دادەمەرزێنێت. کۆماری کوردی چیای ئارارت وەکوو بەرهەمی ئەو خەباتە ستراتژیکە رادەگەیەندرێت. بە دیاری کردنی سەرۆک وەزیر و وەزیران، ئەو کۆمارەی چیای ئاگری رەسمییەت پەیدا دەکات. بە ئاڵای نەتەوەیی خۆی، سروودی نەتەوەیی و ئەرتەشی نەتەوەیی بناخەی دەوڵەتی کوردستان دادەنێت. هەروەها لە جوغرافیای ژێر سەوەریی حکوومەتی ئاگریدا لەسەر بنەمای دادپەروەری و سیستمێکی حقووقی، یاسا پەسند دەکرێت. سەرهەڵدانی چیای ئارارات نموونەیەک لە دەوڵەتی نەتەوەیی کوردە، بۆیە لە سەرهەڵدان گەورەتر بوو.

 لە مانگی ئەیلولی 1930دا دەوڵەتەکانی ئێران و تورکیا و دەوڵەتی سۆسیالیستیی رووسیا، وێکڕا پەلاماری ئاگریان دا و شۆڕشەکەیان سەرکوت کرد. بۆ یەکەمجار بوو کە تورکەکان بە دیپلۆماسیەت شۆڕشێکی کوردان سەرکوت بکەن. لە تیرمانگی 1930دا کۆماری کوردیی ئاگریی پاش 4 ساڵ هەڵوەشایەوە. نزیکەی 34 سەرکردەی شۆڕشی ئاگری دەستبەسەرکران و لەسێدارەدران. ئیحسان نوری پاشا جارێکی تر ناچاربوو خۆی بگەیەنێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێوە بۆ سوریا و دواتر خۆی ڕادەستی هێزی فەرەنسا کرد. فەرەنسیەکان ئیحسان نوری پاشایان ناردە لوبنان و لە بەیروت نیشتەجێ بوو.

شەهادەتی گوماناوی ئیحسان نووری پاشا

زۆری نەخایاند، ئیحسان نوری جارێکی تر خۆی گەیاندە ئێران و پاش تێپەڕ کردنی 4 ساڵ لە ژیانی لەناو زینداندا، لەگەڵ یاشار خانمی هاوژینیدا لە تاران نیشتەجێبوون و لەژێر زەخت و فشارێکی زۆری دەزگای هەواڵگریی ساواکدا، ژیانێکی هەژارانەیان دەستپێکردەوە. دیارە هەژاری و بارودۆخی نالەباری ژیانیش، نەیتوانی ئیحسان نووری پاشا لە دۆزی نەتەوەیی کورد دووربخاتەوە. لەسەر مێژووی کوردستان کتێبی دەنووسی، لە کۆنفرانسەکاندا لێدوانی دەدا و وتاری لەسەر پرسی کورد دەنووسی. ئیحسان نووری لە دژوارترین هەلومەرجیشدا و لەژێر زەختی دوژمنانی کوردیشدا لە خەبات و تیکۆشان لەپیناو دۆزی رەوای کورد و کوردستان بەردەوام بوو.

لە 18ی ئاداری 1976دا ماتۆرسیکلێتێک بەشێوەیەکی گوماناوی خۆی پێدا دەکێشیت و بە سەختی بریندار دەبێت. بازەکەی ئارارات سەرئەنجام لە 25ی ئاداری 1976دا بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە یەکەێک لە نەخۆشخانەکانی تاراندا گیانی لەدەستدا و تەرمە ماندووەکەی لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا لە تاران بەخاک سپێردرا. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن، ڕووداوەکە پلانێکی حکومەتی ئێران بووە و ئیحسان نوری پاشا شەهید کراوە.

ئیحسان نووری پاشا، فەرماندە، نووسەر و جێبەجێکارێکی گەورەی سیستەمی نەتەوە ـ دەوڵەت ی کورد بوو. ئەو فەرماندەیەکی ئەفسانەیی و بازەکەی ئارارات بوو، ئێمە بە رێز و حورمەتەوە خەبات و تیکۆشانی ئیحسان نووری پاشا بەرز رادەگرین و بەڵێنی خۆمان لە بەدیهێنانی ئامانج و خەون و خولیاکانی ئەو رێبەرەی کورد بۆ دامەزراندنی “نەتەوە ـ دەوڵەت”ی کوردی دووپات دەکەینەوە.

پوستێن ھەمان بەش