رەش و سپی

رەش و سپی

هەدوو ئەو لایەنانەی کە ئەردۆغان و کلچدارۆغلو تەمسیلیان دەکەن، هیچ بڕوایەکیان بە سەرەتاییترین مافەکانی کوردان نیە.

ـ سمکۆ عەبدولعەزیز

گرفتی هەرە گەورەی پارتە کوردیەکان بە گشتی و پارتی کرێکارانی کوردستان بەتایبەتی، جەختی لەرادەبەدەرە لەسەر رەنگەکانی رەش و سپی. هەتا ئێستا بەو بڕوایە نەگەیشتوون کە لە سیاسەتدا لەنێوان رەش و سپیدا زۆر رەنگی دیکە بوونیان هەیە.

هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی دەوڵەتی تورک، دوو بەش لەخۆی دەگرێت، بەشی یەکەم دەنگدانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیە و لە بەشی دووەمیشدا ئەندامانی پارلمانی تورکیا دیاری دەکرێن.

لەم وتارەدا ئێمە تیشک دەخەینە سەر بەشی یەکەم، کەوا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیایە. لەم هەڵبژاردنەدا چەند کەسێک خۆیان بەربژێر کردووە، بەڵام کێبڕکێی دژوار لەنێوان دوو کەسدا دەکرێت. یەکێکیان خۆی بە نوێنەری ئسیلامی سیاسیی دادەنێت کە ئەویش رەجەب تەیێب ئەردۆغانە و ئەوی دیکەشیان خۆی بە نوێنەری کەماڵیزم دەناسێنێت کە ئەویش کەماڵ کلچدارۆغلویە.

لە سەد ساڵی رابردوودا، کوردەکان دەسەڵاتی هەر دوو لایەنەکەیان ئەزموون کردووە. هەر دوو لایەنەکە لە سەدەی رابردوودا و بۆ نەهێشتنی نەتەوەی کورد، هەر شتیکیان لەدەست هاتبێت، درێخییان نەکردووە. ئەوان هیچکات دانیان بە مافەکانی کورداندا نەناوە و هەروەکوو تورکی شاخی ناویان بردوون. زۆرجار هەر کوردیان بە مرۆڤ حیساب نەکردووە، باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە لە سەردەمی حوکومڕانی هەدوو ئەو لایەنانەی کە ئەردۆغان و کلچدارۆغلو تەمسیلیان دەکەن، هیچ بڕوایەکی گارانتۆریان بە سەرەتاییترین مافەکانی کوردان نەبووە. ئەو روانگە فیکریەی کە زمانەکەت دەخاتە ژێر پێی، دەتوانێ لە داهاتوودا چ کارێک بۆ کوردان بکات؟!

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، کوردەکان بوون بە 3 بەش. دابەشبوونی کوردەکان دەردێکی دێرزەمانە و کورد هیچکات نەیتوانیوە خۆی لەو نەخۆشیە رزگار بکات. هەر لە سەردەمی شەڕی چالدران و زۆر لەوە کۆنتریش، کوردەکان بەردەوام بە دەست ئەو دەردەوە ناڵاندوویانە.

لەم هەڵبژاردنەشدا، بەشێک لە کوردەکان کە کراسی ئیسلامی سیاسییان لەبەر کردووە، دەنگ بە رەجەب ئەردۆغان دەدەن. دەنگەکەشیان لەسەر بنەمای ئەو هزرە هاوبەشەیە کە هەردووکلا خۆیان بە ئیسلامی دادەنێن.

بەشێکی دیکە لە کوردەکان کەوا خۆیان بە دەمامکی کوردیەوە پیشان دەدەن و سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانن، دەنگی خۆیان بە کلچدارۆغلو دەدەن. پرسیارێکی جیددی لێرەدا دروست دەبێت. پڕ روونە کلچدارۆغلو تەمسیلی توێژی رەگەزپەرستی تورکیە دەکات و هەمووشمان دەزانین کە روانگەی رەگەزپەرستیی تورک لەبەرانبەر کوردەکاندا چۆنە و لە سەد ساڵی رابردوودا چ بەڵایەکیان بەسەر کورداندا هێناوە، هاوکات پارتی کرێکارانیش خۆی وا دەنوینێت کە دەستەبەر کردنی مافی کوردان و رزگار کردنی کوردەکان ئامانجی سەرەکییەتی. لەم هاوکێشەیەدا دەردەکەوێت کە پێکناکۆکییەکی دژوار بوون هەیە. پرسیارە جیددیەکە ئەوەیە کە ئەوەی ئەو دوو لایەنە [پەکەکە و کلچدارۆغلو]ی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا یەکخستووە، چیە؟

پاش لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بەو ئەنجامە گەیشتم کە دەنگدانی ئەو بەشە لە کوردەکان بە کلچدارۆغلو، بۆ ستراتژیی دەوڵەتە ئیقلیمیەکان و هەروەها روانگەی ئەو دەوڵەتانە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی تورک لە داهاتوودا دەگەڕێتەوە. چۆناوچۆن؟

کلچدارۆغلو کەسێکە کە بڕوای تەواوی بە میساقی میللی و کەماڵیزم هەیە، هەروەها کەسێکی نزیک لە رێژیمی ئێرانە و خۆی بە رەچەڵەک بە ئیرانی دادەنێت و ناوی باپیری خۆی لە ساڵی 1950 لە قەمەرخان گۆڕی بۆ کلچدارۆغلو. هاوکات بڕوایەکی تەواوی بە بنەماڵەی ئەسەد و یەکپارچەیی سووریا هەیە. کلچدارۆغلو کەسێکی نزیکە لە نووری مالیکی و دەزانین کە مالیکی یەکێک لەو کەسانەیە کەوا لە عێراقدا تەمسیلی فکری شیعەی ئێرانی دەکات.

پارتی کرێکاران لەم ماوەی دواییدا و هەر لەپاش ئەوەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەند کرا، بەناوی پارادایمزمەوە، ستراتژیی خۆی لە دەوڵەتی کوردیەوە گۆڕی بۆ “برایەتی گەلان”، وەسفی میساقی میللی تورکیا دەکات و مستەفا کەماڵ ئاتاتورک بە کەسێکی دیموکرات دادەنیت و لە رێگای جەمیل باییکەوە لە پیکهێنان و پاراستنی هیلالی شیعەدا بەشدارە و هەروەها بووەتە پارێزەری یەکپارچەیی سووریا و لە شنگالیش بووەتە هاوپەیمان و شەریکی میلیشیاکانی حەشد، کە نووری مالیکی رێبەرایەتیی دەکات.

واتە رێککەوتنەکانی پارتی کرێکاران و کەماڵ کلچدارۆغلو بۆ بەڕێوەبردنی توکیا لە پاشەڕۆژدا، پەیوەندیی بە مافەکانی کوردە نیە، بەڵکوو بەستراوەتەوە بە ستراتژیی ئیرانەوە.

بەشێ سێهەمی کوردەکان ئەوانەن کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بایکۆت دەکەن، واتە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار دەبن بەڵام تەنها دەنگ بە کەسانی جێی متمانەی خۆیان و کوردە راستەقینەکان دەدەن بۆ پارلمانی تورکیا و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا دەنگ نادەن. من پێموایە کە روانگەی بەشی سێهەم کوردپەروەرانەیە و لە رووی ستراتژیکەوە زۆرترین خزمەت بە پرسی کوردان دەکات.

پوستێن ھەمان بەش