“پەکەکە بەردەوام دەیگوت پەدەکە و یەنەکە نوێنەرایەتی کوردان ناکەن، ئەوان نوێنەرایەتی سیستمی ئیمپریالیزمی جیهانی دەکەن”.
“نەوال” کچێکی خەڵکی “وان”ی باکووری کوردستانە. ئەویش وەکوو هەزاران کچی دیکەی کورد بەهۆی عیشق بە نیشتمانی شیرینەوە، تێکەڵ بە پەکەکە بوو. بەڵام هەر لە یەکەم رۆژەکانەوە تووشی شۆکێکی گەورە دەبێت بەتایبەتی کاتێک یەکەم وانەیەک کەوا لەو حیزبەدا وەریدەگرێت، وانەیەکە لەژێرناوی “پێشمەرگە دوژمنە”.
پارتی کرێکاران بە هەزاران کچی کوردی فریو داوە، رفاندوونی و بە داری زۆر راکێشی چیای کردوون، دیارە بەشێکیش بە حەزی خۆیان و بۆ بەرەنگاربوونەوی ستەمکاریی دەوڵەتی تورک تێکەڵ بە پەکەکە بوون. “نەوال”ی وان یەکێک لەو کچانە بوو کە لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیەکانی، زانکۆیان بەجێهێشت و لە تەمەنی 18 ساڵیدا روویان لە “بایەزید” و چیای ئاگری کرد.
نەوال بەسەرهاتی 9 ساڵ تەمەنی خۆی لەناو پەکەکەدا بۆ “نەژدەت بۆڵدان” گێڕاوەتەوە و لە کتێبێکدا بەناوی “ژن لەناو پەکەکەدا” بە دیکیۆمێنت کراوە. لەو کتێبەدا بەسەرهاتی 10 ژن تۆمار کراوە کە لەناو پەکەکەدا بوون و دواتر لەو حیزبە هەڵهاتوون و نەوال یەکێکیانە. ئێمە هەوڵ دەدەین زۆر بە کورتی بەشێک لەو بەسەرهاتانە بۆ خوێنەرانی بەڕێزی “دارکا مازی” باس بکەین.
وانەی یەکەم: پێشمەرگە دوژمنی ئێمەیە
نەوال لە ساڵی 1992دا کاتێک کە خوێندکاری زانکۆی “یوزونجی یل”ی وان بوو، لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیەکانیدا لە “وان”ـەوە دەڕۆنە “بایەزید” و لەوێیەوە خۆیان دەگەیەننە چیای ئاگری و لە شاخدا هەڤاڵانی پەکەکە دەبینن.
نەوال دەڵێت: بە گەیشتنمان بۆ ناو هەڤاڵان، ئێمە ئۆسمان ئۆجەلانمان بینی. ئەو پێی گوتین ئێرە زۆر دژوارە و پێویستە ئێوە خۆتان رابێنن. سەبارەت بەو سەرپۆشەش کە لەگەڵ گەیشتنمان لەسەریان کردبووین، ئۆسمان گوتی ئەوە شتێکی سروشتییە!
نەوال بەمشێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدات: “یەکەمجار کە سەرپۆشیان لەسەر کردین، ئێمە لە کەمپی شەهید بێریڤان دەماینەوە. ئێمە 3 گرووپی ژنان بووین. هەڤاڵێکی ژن لەوێ هەبوو کە پێیان دەگوت “دیلان جەندرمە”. دیلان لە ئورووپاوە هاتبوو. کاتێک کە ئۆجەلان دەسبەسەر کرا ئەو لە نزیکی بوو. دیلان دواتر لە پەکەکە جودا دەبێتەوە. ئێمە لە خولی پەروەردە بەشدار کراین. 80٪ی ئەو کچانەی لەوێ بوون، خوێندکاری زانکۆ بوون و لە خولی پەروەردەی پەکەکەدا شتی سادە و کلاسیک دەگوترانەوە. پەکەکە ئێمەی لەسەر مێژووی کوردستان، جوغرافیای کوردستان و دامەزرانی پەکەکە پەروەردە دەکرد.
نەوال دەڵێت: لەوێدا من زۆر بێهیوا بووم چوونکە ئەو شتانەی کە لە خولی پەروەردەکەدا بە ئێمەیان دەگوت، من بۆخۆم زۆر باشتر دەمزانین و لە زانکۆ خوێندبوومن. دواتر بۆم دەرکەوت کە پەکەکە دەیهەوێ لەژێر ناوی پەروەردەدا، فکر و ئیدئۆلۆژیی خۆی لە زیهنی ئێمەدا جێبخات. سەرەڕای ئەوە، پەکەکە ئێمەی بۆ شەڕ کردن دژ بە پێشمەرگە ئامادە دەکرد. ساڵی 92 بوو کە شەڕی باشوور دەستیپێکردبوو. پەکەکە بە شەڕ لە دژی پێشمەرگەی دەگوت “شەڕی باشوور”.
پەدەکە تەمسیلی بریتانیا دەکات
پەکەکە لە شەڕ بە دژی پەدەکە و یەنەکە لە ساڵی 1992دا، دەیان کەسی بەهێزی دەبردنە سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕ. من لە تیمی چەکی دۆشگادا بووم. پەکەکە بەردەوام پێی دەگوتین کە “پێشمەرگە دوژمنی ئێمەیە”. پەکەکە بە پەدەکە و یەنەکەی نەدەگوت هێزێکی کوردین، بەڵکوو دەیگوت ئێمە شەڕ لەگەڵ ئیمپریالیزم دەکەین و ئەو هێزانە نوێنەرایەتی ئیمپریالیزم دەکەن. لە ئێستاشدا هەر هەمان شت دەڵێت.
نەواڵ دەڵێت: “پەکەکە بەردەوام دەیگوت پەدەکە و یەنەکە نوێنەرایەتی کوردان ناکەن، ئەوان نوێنەرایەتی سیستمی ئیمپریالیزمی جیهانی و هێندێک لە دەوڵەتان دەکەن. پەکەکە دەیگوت، پەدەکە تەمسیلی بریتانیا دەکات و بریتانیاش دوژمنی سەرەکیی گەلی کوردە. لە زۆربەی خولە پەروەردەییەکانی ساڵی 1992دا ئەو بۆچوونانە وەکوو وانە بە کادرەکان دەگوترانەوە. بە کورتی پەکەکە بە گریلا و کادرەکانی دەگوت: “پەدەکە و یەنەکە دوژمنی سەرەکیی گەلی کوردن” و بەوشێوەیە مێشکی ئەوانیان پڕ دەکردنەوە.
سەبارەت بە شەڕیش نەوال دەڵێت: “پەکەکە نەیتوانی لە شەڕ دژ بە پێشمەرگەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، هەربۆیە بەردەوام پەدەکە و یەنەکە وەکوو دوژمن دەناسێنێت و رێگای نەداوە هیچکات کادرەکانی پەکەکە بتوانن پەدەکە و یەنەکە وەکوو خۆیان بناسن”.
لە بەشی داهاتوودا ئێمە باس لە مێژووی کوردستان دەکەین، با بزانین کە پەکەکە لە خولە پەروەردەییەکانیدا بە چ شێوازێک وانە مێژوویەکان بە کادرەکانی دەڵێتەوە.