“هەرکات بەرژەوەندی کورد و کوردستانمان لەسەروی هەموو بەرژەوەندیەکانەوە دانا، ئەوکات ئێمە بە ئازادی دەگەین”.
بووبێ ئەسەر
لەم سەردەمی کە ئێمەی تێدا دەژین، سەردەمێکە کەوا راستی جێگای خۆی داوە بە درۆ، حیلەگەری بۆتە دڵسۆزی، سیاسەت بۆتە بەرژەوەندی و سووکایەتی کردن بە یەکتریش بۆتە چالاکی و خەباتی سیاسی. ئەمە بارودۆخێکە کەوا ئەمڕۆکە ئێمەی تێداین.
هەموو دەزانین کە ئەمڕۆکە سیاسەتی باکووری کوردستان لە ساڵانی 1960 هەتا 1980، هێشتا ماوە. ئێمە وەکوو نەسڵی ئەوکات، کاری باشمان بۆ نەتەوەکەمان کرد. هەرکەسەو ئەوەی لەدەستی هات بەپێی هێز و تاوانی خۆی درێخیی نەکرد.
لەو سەردەمەدا ئێمە درۆ، چەواشەکاری، فەسادی و حەسوودیمان لەناودا نەبوو، هەربۆیە هەموو کار و چالاکیەکمان تەنها لەپێناو رزگاری و سەربەخۆیی کوردستاندا بوو. ئێمە وێکڕا زۆر قۆناخی دژوارمان تێپەڕ کرد، تێچووی قورسمان دا بەڵام هیچکەس لە جیلی ئێمە بیری لە بەرژەوەندیی شەخسیی خۆی نەدەکردەوە.
دیارە ئێمە کەم ئەزموون بووین، کەموکووڕیشمان هەبوون و دەستی رەش بەدژمان زۆر بوو، بەڵام سەرەڕای بێ ئەزموون بوونیشمان ئێمە بیرمان لە شتی وەها نەدەکردەوە، هەرکەسەو بەئەرکی خۆیەوە سەرقاڵ بوو. ئێمە لەبەر بێ ئەزموون بوونمان وێکڕا تێچووی زۆرمان دا.
ئێمە هەموومان بە فیداکاریی گەورە، خەڵکی خۆمان وشیار دەکردەوە و باسی ژێردەستەبوونمان بۆ دەکردن بۆئەوەی پێکەوە بتوانین زنجیرەکانی داگیرکەران بپسێنین.
داگیرکەرانی نیشتمانەکەمان، لە کار و چالاکیی ئێمە ئاگادار بوون. ئەوانیش بێ کار دانەنیشتن و لەلای خۆیانەوە هەوڵەکانیان دەست پێکرد بۆ ئەوەی پێش بە خەبات و چالاکیی ئێمە بگرن، بەڵام دیسانیش ئێمە کۆڵمان نەدا و شێلگیرتر بووین و بەو هیوایە تیدەکۆشاین کە ئەمڕۆ یا سبەی وڵاتەکەمان رزگار دەکەین.
داگیرکەران ناکۆکی گەورە و دوژمنایەتی بێ وێنەیان خستە ناو کوردان و دەیانهەویست ئێمە بکەوینە گیانی یەک بۆ ئەوەی بەرنامەکانی ئەوان بۆ لەناو بردنی لاوانی کورد ئاسانتر بچنەپێش. ئەوان هەوڵی زۆریاندا، بەڵام نەیانتوانی سەرکەون. ناچار بوون کە کودیتایەکی سەربازی ئەنجام بدەن تاوەکوو بتوانن لە رێگای حکوومەتی سەربازیەوە، مەبەستەکانیان جێبەجێ بکەن، هەربۆیە لە رێکەوتی 12ی ئەیلوولی 1980دا کودیتایان کرد.
دیارە گێڕانەوەی ئەم مێژووە لەتوانای وتارێکدا نیە ودەکرێ بە دەیان کتێبی لەسەر بنووسرێت بۆ ئەوەی نەسڵی دوای ئێمە لە مێژوو و ئەو قۆناخە تێبگەن کە ئێمەی تێدا بووین و ئەزموونی لێوەربگرن.
پاش کودیتا سەربازیەکە، پەرش و بڵاوبوونی هێزە کوردستانیەکان دەرفەتێکی لەباری بۆ داگیرکەران رەخساند تاوەکوو بە ئاسانی بتوانن پیلانەکانیان جێبەجێ بکەن و ئەوەی دەیانهەویست بەسەر لاوانی کوردیدا بهێنن و هێناشیان.
دوورکەوتنەوە لە وڵات و دابڕان لە چالاکی سیاسی، بێهێزی کردین. هەربۆیە ئێمەش بەربووینە گیانی یەک و ئەوەی کە دوژمن دەیهەویست، بەرە بەرە و یەک بە یەک هاتەدی.
لەهەموو تاڵتر ئەوەیە کە ئێمە بووینە دوژمنی یەکتر، ئێمە بووینە رق لەدڵ لەبەرانبەر یەکتردا و بووین بە تاوانباری یەکتر. ئێمە بە عەقڵێکی سەلیم و بە لۆژیک و وەکوو برا تاوتوێی ئەو قۆناخەمان نەکرد کە پێکەوە پێیدا گوزەرمان کردبوو. ئێمە هەرکامەمان لەلای خۆیەوە ئەوانی دیکەی بە تاوانبار زانی. هەربۆیە لەو یاریە تێنەگەیشتین کە بە دەستی دوژمن خزایە ناو ئێمەوە…
ئیدی کاری ئێمە لە چالاکیی سیاسیەوە دابەزی بۆ شکاندن و تاوانبارکردنی هەڤاڵەکانی خۆمان. حەسوودی، فەسادی و تەڵەکەبازی بوو بە کلتووری ئێمە و بە وەها کلتوورێکەوە ئێمە هەتا ئێرە هاتووین. ئەو کلتوورە وای لێکردووین کە بە دژایەتی کردنی خۆبەخۆ سەرقاڵ بین، ئێمە بە قسەی زل یەکتریمان تاوانبار کرد و تەنانەت هێندێکیش فەرمانیان بە کوشتنی هاوپەیمانە دڵسۆزەکانی خۆشیان کرد. واتە ئێمە گەیشتبووینە ئاستێکی وەها کە دژایەتی کردنی یەکتری ببوو بە بەشێک لە ژیانمان.
ئێمە ئەمڕۆ بووینەتە قوربانیی ئەو کلتوورەی کە ئێمەی بەردایە گیانی یەکتر و نەیهێشت ببینە یەک. چەندە دواکاری و بانگەوازیش بۆ یەکیەتیی دەکرێت، بەڵام پێکنایەت. بۆ پێکهێنانی یەکیەتیی و یەکڕیزی بەر لەهەموو کارێک پێویستە ئێمە خۆمان لەو کلتوورە دووربخەینەوە کە بە دەستی دوژمن کەوتۆتە ناومان و بووەتە بەشێک لە ژیانمان. واتە دەبێ سەرەتا خۆمان ئازاد بکەین، پێویستە بە عەقڵێکی سەلیم رەخنە لە خۆمان بگرین و لە بەرانبەر کردارە هەڵەکانماندا داوای لێبووردن لە یەکتری و لە خەڵکی خۆمان بکەین.
پێویستە ئیدی بە چاوێکی برایانەوە سەیری یەکتر بکەین و لەو راستییە تێبگەین کەوا هاوکاری، هاوپەیمانەتی و یەکیەتییەک کە بە دەستی نیشتمانپەروەران و بە هەست بە بەرپرسایەتی کردنی حیزبە کوردستانیەکان پێک بێت، لە بەرژەوەندیی هەمووماندایە… بەپێکهاتنی یەکیەتییەکی وەها، ئێمە هەموو وێکڕا قازانج دەکەین و نەتەوەکەشمان بە سەرکەوتن دەگات.
بەڵام وا هەڵسوکەوت بکەین کە ئینگارهیچ رووینەداوە و هیچکەسێک هەڵە و کەموکووڕیی نەبووە و هەروەها بەو کەسانەوە کە ساڵانێک دوژمنایەتی یەکیان کردووە، یەکیەتی نەتەوەیی پێکنایەت. پێویستە ئێمە لێرەوە دەستپێبکەین.
هەرکات بەرژەوەندی کورد و کوردستانمان لەسەروی هەموو بەرژەوەندیەکانەوە دانا، ئەوکات ئێمە بە ئازادی دەگەین و دەتوانین بەرەو سەربەخۆیی کوردستان هەنگاو بنێین.
وەکوو پێشینیان گوتوویانە “ب ڤێ قووشێ ئەم نکارن خوە بگێژینن مووشێ”، هێڵی نەتەوەیی لە بزاڤی باکووری کوردستان، پێویستییەکی جیددیی بە ریفۆرم و چاکسازی هەیە. ئەگەر ئێمە لە سەد ساڵەی لۆزاندا ئەو چاکسازیە نەکەین، هەتا سەد ساڵی دیکە ناتوانین بژین و هەموومان پێکەوە شکست دەخۆین. شکستی ئەمجارەش وەکوو ئەوانەی رابردوو نابێت، بەڵکوو دەرکەوتەکەی دەبێتە ئەوە کە ئیدی کورد لە باکووری کوردستاندا وەکوو گەل و نەتەوە بوونی نامێنێت.
بۆ دامەزراندنی سەیوانێکی نەتەوەیی، پێویستە سەرەتا هەرکەسەو حیسابی خۆی بدات، دان بە کەموکووڕی و هەڵەکانیدا بنێت. نابێ بڵێین: “ئەوەی رۆیشت بەدوای مەکەوە”. بە بڕوای من سەرەتا هاک ـ پار، پاک، حەرەکەتی ئازادی، کەدەپە و تەڤگەر، بەو مەرجەی کە هەرکەس بە دڵسۆزیەوە دان بە هەڵەکانیدا بنێت، دەتوانن هەنگاوی یەکەم هەڵبگرن. هەتا ئەوە روونەدات، زەحمەتە یەکیەتی و یەکگرتوویی حیزبە کوردستانیەکان پێکبێت و من دەڵێم کە پێکنایەت. هاک ـ پار لەم هەڵبژاردنانەدا هەنگاوی باشی هاویشت، با ئێمە ئەوە بکەین بە سەرەتای قۆناخێکی نوێ و دەست بە هاوکاری، هاوپەیمانەتی و یەکیەتی بکەین.
پێویستە رۆشنبیرانی کوردیش، دەستی خۆیان بۆ هاوکاریی حیزبەکان درێژ بکەن، لە رۆژی ئەمڕۆدا بێلایەن بوون و دانیشتن هیچ سوودێکی بۆ نەتەوەکەمان نابێت.
“یان دەبێ ببین بە یەک، یان لەناودەچین یەک بە یەک”.