نمایشی گریلا لەلایەن پەکەکەوە، بۆ لەناوبردنی دوژمن نیە بەڵکوو تەنها بۆ پاراستنی خودی حیزبەکە و کۆکردنەوەی خەڵکە لە دەوری خۆیاندا.
لە رێکەوتی 4ی حوزەیراندا وەزارەتی بەرگریی تورکیا، دیمەنی 3 گریلای بڵاو کردنەوە کە یەکیان ژنە گریلایەک بوو و لە دیمەنەکاندا وادەردەکەوێت کە لەناو ئەشکەوتێکدا لەلایەن تورکیاوە دەسبەسەر کراون. لە ڕاستیدا ئێمە وەکوو کوردێک، دڵمان نەهات ئەو هەواڵە بڵاو بکەینەوە. دواتریش لە 9ی حوزەیراندا هەواڵێکی دیکە لەسەر ئەو گریلایانە بڵاو کرایەوە کە بەپێی هەواڵەکە 3 گریلا کە یەکیان ژنەگریلا بوو، بەهۆی برسیەتیەوە رێڵەخۆکانیان وشک بۆتەوە. دیارە دڵمان نەهات ئەو وێنە ناخهەژێنانەش بڵاو بکەینەوە. لەو وێنانەدا هەر سێ گریلاکە رەنگ بە ڕوویانەوە نەمابوو، سپی هەڵگڕابوون و هەر ئێسکەکانیان مابوو. ئێمە چاوەڕێ بووین، کەسێک شتێک بڵێت.
دواتر هەپەگە ئاشکرای کرد کە ژنە گریلایەک بە ناوی “گوڵستان گولمەز” (سارینا)، لەدایکبووی ساڵی 1996، لە تێکهەڵچوونێکدا لە هەرێمی زاپ، دەستگیر کراوە و لە شاری “وان”ی باکووری کوردستان نەشتەرگەیی مەعیدە و رێخۆڵەکانی بۆ کراوە. هەپەگە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بابی گوڵستان لە رێکەوتی 8 حوزەیراندا رۆیشتۆتە نەخۆشخانە و سەردانی کچەکەی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆخی تەندروستیی باشە. چەند رۆژ دواتر راگەیاندرا کە گریلایەکی ژن و گریلایەکی دیکە بە ناوی “حەسەن رەمزی” (خابور) لە عەفرین بەدیل گیراون و هیچ زانیاریک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نیە. وا گریمانە دەکرێت کە ئەم 3 کەسە هەمان ئەو 3 گریلایە بن کە وەزارەتی بەرگریی تورکیا هەواڵی بەدیلگیرانیانی بڵاو کردبۆوە.
لەڕاستیدا کەس حەز ناکات سەبارەت بەو رەوشە بنووسێت کە ئەو رۆڵانەی کوردی تێدان. بەڵام پاش ئەو رووداوانە، کاتێک مرۆڤ گوێ لە دوایین لێدوانەکانی موراد قەرەیەڵان، فەرماندی گشتیی هەپەگە دەگرێت کە تێیدا دەڵێت: “ئێمە لە زاپ شکستمان بە ئەرتەشی تورکیا هێنا، تورکیا ناتوانێ جووڵە بکات و چەقیوە، ئێمە لە سەرکەوتنی یەکجاری نزیک بووینەتەوە و هتد…” یاریەکانی برسیبوونی پەکەکەی وەبیر دێتەوە.
یاریەکانی برسیبوون و کۆمەڵگەی نمایشی
“یاریەکانی برسیبوون” (The Hunger Games)، ناوی کتیبیکی “سوزانا کۆلینز” نووسەری ناوداری ئامریکاییە کە لە 3 بەش پێکدێت و باسی دۆخی وڵاتێک بەناوی “پانێم” (Panem) دەکات لەدوای قیامەتدا. ناوی ئەسڵیی کتێبەکە “یاریەکانی برسیبوون” (The Hunger Games)ـە و فیلمێک لەسەر ئەو کتێبە دروست کراوە کە زۆربەی خەڵاتەکانی بردۆتەوە و ریکۆردی بینینی فیلمی شکاندووە. فەلسەفەی ئەو کتێبە هێشتا هەر باسوخواس و نیقاشی لەبارەوە دەکرێت.
سوزانا لە کتێبەکەیدا باس لە ژیانی هەژارەکان دەکات کە لە 12 هەرێمی جیاجیای ئەو وڵاتەدا دەژین و دەپەرژێتە سەر ژیانی دەوڵەمەندەکانیش کەوا لە پایتەخت (کاپیتاڵ)ی وڵاتدا ژیان بەسەر دەبەن. وڵاتەکە لەلایەن دیکتاتۆرێک بەناوی “پانەم شۆ”ـەوە بەڕێوە دەبرێت و رێگایەکی دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی 12 هەرێمە هەژارنشینەکە و پایتەختی دەوڵەمەند نشینیەکەی وڵات، لەژیر دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە: تەماشا، مەحکوومی و ترس.
هەرساڵ لەو 12 هۆزە، کچێک و کوڕێک کە تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 18 ساڵیدایە، بە تیروپشک دەستنیشان دەکرێن و لە شوێنێکی تایبەتی رادەگیردرێن و داوایان لێدەکرێت کە یەکتری بکووژن و شەڕەکە هەتا ئەوکاتەی کە تاقە کەسێک دەمێنێتەوە، بەردەوام دەبێت. ئەو هۆزەی کە یەکێک لە نوێنەرەکانیان زیندوو بمێنیتەوە، لە سەرانسەری ساڵدا دەتوانێ دەستی بە خواردن رابگات. سەرجەم ئەو جینایەتانە لەرێگای تەلەفزیۆنەوە راستەوخۆ بۆ خەڵک بڵاو دەکرێتەوە وخەڵک بە چاوی خۆیان دەیبینن. بۆ ئەوەی کە دەوڵەمەندەکانی کاپیتاڵ بمێننەوە، هەژارەکان دەبن بە بەشێک لەو نمایشە، چوونکە “ترس” لە برسیەتی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە، وادەکات هەموو کەس خۆی بە نیازمەندی دیکتاتۆر بزانێت. دیمەنی کوژرانی ئەو لاوانە پیرۆزی سیستەمەکە و ترسان لێی دروست دەکات. کاتێک کە هەموو کەس بە پیشاندانی ئەو مردنە پیرۆزانەوە سەرقال دەبێت، لە پشت ئەو سیستەمەوە ئیستیسمار بەڕێوە دەچێت.
ئەو لاوانەی کە دەمرن، رێگا بۆ دیکتاتۆر شۆ و دەسەڵاتەکەی هەموار دەکەن.
نمایشی گریلا لەلایەن پەکەکەوە، بۆ لەناوبردنی دوژمن نیە بەڵکوو تەنها بۆ پاراستنی خودی حیزبەکە و کۆکردنەوەی خەڵکە لە دەوری خۆیاندا.
لێرە، شەڕی گریلاکانی پەکەکەش وەکوو یاریەکانی برسیبوون، نمایشی مەرگە. گریلاکانی پەکەکە، گریلای نمایش کردنن. گریلایەتی بۆ پەکەکە بۆ ئەوە نیە کە زەربە لە دەوڵەتی تورک بدەن و داگیرکەر لە وڵات وەدەر بنێن، بۆ ئەوەش نیە کە ئەوان لە رێگای سەربازیەوە مافەکانی کورد دەستەبەر و مسۆگەر بکەن، بەڵکوو بۆ ئەوەیە کە کوردەکان لە دەور سیستەمی پەکەکە کۆ بکەنەوە و مەحکوومی پەکەکەیان بکەن. ژمارەی ئەو سترانانەی کە بە باڵای گریلادا وتراون، لە ژمارەی گریلاکان زیاترن. وێنەی ژنە گریلا جەوان و بەدەوەکان بەشێوەیەک پێشکەش بە کۆمەڵگەی کوردی دەکرێن و گریالایەتی لە پەکەکەدا تەنها نمایشیکە بۆ داپۆشینی راستیەکان.
هەرکات کە باس لە واقعییەتی دامەزرانی پەکەکە، ژیانی رێبەر و بەڕێوەبەرەکانی و ئەو سیستمە دەکەین کە ئەوان دایانمەرزاندووە و دەڵێین کە هیچ دەسکەوتێکی بۆ کوردان نەبووە و ناشیبێت، یەکسەر تەرمی ئەو گریلا جەوانانەمان پیشان دەدەن کە گیانیان لەدەستداوە. پەکەکە بەهۆی کوژرانی رۆڵەکانی کوردەوەیە کە دەتوانێ بە دەیان خیانەت و پەیوەندیی قێزەونی خۆی لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا بشارێتەوە.
ئۆجەلان؛ ئەو سەرۆکەی کە بە گریلاکانی دەگوت بەرگری بکەن و بۆخۆشی تەسلیم بوو
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەکاتێکدا ساڵەهای ساڵ بە هەموو کەسی دەگوت “برخۆدان ژیانە و تەسلیمبوون خیانەتە”، پاش ئەوەی کە گەڕایەوە بۆ تورکیا، بە ئاشکرا گوتی “من دەمهەوێ خزمەتی دەوڵەتی تورک بکەم”. کاتێک کە گریلای 17 و 18 ساڵان دەکەوتنە دەست دوژمن، تەنها لەبەر ئەوەی کە هێندێک زانیاریی سووتاویان بە دوژمن دابوو، بە خائین لەقەڵەم دەدارن، بەڵام ئۆجەلان لە دانپێدانانەکانیدا هەموو زانیارییەکی گرینگی لەسەر رێکخستن و بەڕێوەبرانی پەکەکە دا بە دەوڵەت و پەکەکەش ناوی بەرگریی لەسەر دادەنێت.! ئۆجەلان بە دەوڵەتی تورکی گوت “ژێربەژێر پشتیوانیم لێبکەن، دەتوانین پێکەوە هەولێر وەربگرین و رێگا نەدەین بارزانی و تاڵەبانی ببنە دەوڵەت”. سەرەڕای ئەو هەموو خزمەتەی کە ئۆجەلان بە دوژمنانی کوردستانی کردووە، کەچی هێشتا ناتواندرێ ئیسبات بکرێ کە ئۆجەلان خائینە، هەربۆیە ئەویش دەڵێت: “هەزاران مرۆڤ لەپێناو مندا خۆیان سووتاندووە”. خیانەتەکانی ئۆجەلان بە سیستمی گریلا ـ شەهید و مەرگ پەردەپۆش دەکرێن.
موراد قەرەیەڵان، فەرماندەیەکی شکستخواردووە. لەساڵانی نۆهەدەکاندا قەرەیەڵان بە ئەسپەکەیەوە لە زۆزانەکانی فەراشین، بەستا و گاباردا ئازادانە دەسووڕایەوە. هەفتەنین، خواکورک، گەلیی زاپ و سەرجەم ناوچەکانی باکووری کوردستان لەژێر فەرماندەیی ئەودا رادەستی دەوڵەتی تورکیا کراون. بەڵام لەبەر ئەوەی کە گریلای زیاتر بمرێت، دیسانیش دەڵێت “ئێمە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، ئێمە دەوڵەتی تورکمان زەمینگیر کردووە”. هۆکاری لەژیاندا مانەوەی قەرەیەڵان و دەرکەوتنی لە شاشەی تەلەفزیۆنەکاندا، گریلای نمایشییە.
هەمان ئەو گریلا نمایشیانە بوونەتە هۆکار کە جەمیل باییک، سۆزدار ئاڤێستا و مستەفا قەرەسوو کە لە هەموو ژیانیدا تاقە گوللـەیەکی نەناوە بە دوژمنانی کوردستانەوە، هێشتاش هەر خۆیان بە ڕیبەری کوردان دادەنێن.
پەکەکە بەو تەعاموڵانەی کە بەسەر تەرمی گریلاکانەوە دەیکات پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ میلیشیاکانی حەشد و ئیتڵاعاتی ئێران و فرۆشتنی عەفرین و هتد… دەشارێتەوە.
نمایش بەردەوامە
یەکێک لە تایبەتمەندیە سەرنجڕاکیشەکانی کتێبی “یاریەکانی برسیبوون” (The Hunger Games)، ئەوەیە کە خەڵکی وڵاتی ناو رۆمانەکە واتە “پانێم” (Panem)، راستەوخۆ لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە، سەیری مردنی رۆڵەکانی خۆیان دەکەن. هەموو کەس بە براوە و دۆڕاوەوە بە بینینی مەرگی هەرکام لەو مێرمنداڵانە چەپڵە لێدەدات و وەکوو یارییەکی فووتباڵ لایەنگرییان لێدەکەن. جەماوەری دەوروبەری پەکەکەش وەکوو خەڵکی “پانێم” وان. ئەوان بوونەتە بەشێک لە یاریەکە و هیوای مەرگ دەخوازن. بەرزکردنەوەی ئەو پێڵاوە گەورەیەی گریلا لە میهرەجانی ساڵی رابردووی پەکەکە لە ئەورووپاشدا هەر ئەوە بوو. کوردەکانی باکووری کوردستان بە مردنی گریلا یەخسیر کراون.
سیاسەتوانە لەگاڵەکانی باکووری کوردستان وەکوو ئەحمەت تورک، پەروین بوڵدان، سڕی سورەییا ئۆندەر باش دەزانن کە ئەگەر گریلایەکی نمایشی نەبێت، خەڵکی دەنگیان پێ نادات و لەبەر ئەوەی کە نانی گریلای نمایشی دەخۆن، متەقیان لێوە نایەت.
تەنانەت بنەماڵەی گریلا شەهیدەکانیش دەنگیان لێوە نایەت. ئەوانەی خاوەنی نییەتی هەرە باشیش بن لە رووی دەروونیەوە، مەخدووری ئەو خۆپیشاندانانەن و چاوەڕێن کە بەو مەرگانە رزگاری ببینن. ئەوانیش لەو مەرگانە سوودمەند دەبن، ئەگەر رۆڵەکانیان بمرن کە بوونەتە مەخدووری گریلایەتی نمایشی، ئەوکات ئەوانیش سوودمەند دەبن و پێیان دەگوترێ “بنەماڵەی بەنرخ”. ئەوانیش هێندێ جار دەبنە کاندید و کاتێک کە دەڕۆنە ئۆفیسەکانی هەدەپە بە رێزەوە پێشوازییان لێدەکرێت. باب و برای وا هەن کە هەوڵ دەدەن بە هۆی مردنی رۆڵەکەیانەوە، لەناو ریزەکانی پەکەکەدا جێگە و پێگەیەک بۆخۆیان بەدەست بهێنن، رێزی تایبەتیان لێبگیرێت و کارێکیان وەدەست بکەوێت.
لە “زاپ” کە بۆماوەی 45 ساڵ لە کۆنترۆڵی پەکەکەدا بوو، 3 گریلا لە برسیەتیدا مردن، رێخۆڵەکانیان وشک ببوو و خۆیان تەسلیمی تورکەکان کرد. بەڵام قەرەیەڵان دەڵێت: “ئێمە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە”. لایەنگرەکانی پەکەکە لەسەر تویتەر و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەها قسە دەکەن کە کەسێک نەزانێ پێیوایە ئەوان لە زاپ جەنگاون. چالاکانی میدیای پەکەکەش لەسەر شاشەکانەوە بە کەیفخۆشییەکی زۆرەوە هەواڵی ئەو مەرگانە پێشکەش بە ڕای گشتی دەکەن. خەڵکیش وەکوو دێوانە بە حەیرانەوە سەیری دەکەن.
لاوەکان دەمرن و یاریەکە بەردەوامە.