ئەو کتێبانەی کە ئۆجەلان ئیدیعا دەکات نووسیویانی، هزر و ڕامانی کێن؟! (3)

ئەو کتێبانەی کە ئۆجەلان ئیدیعا دەکات نووسیویانی، هزر و ڕامانی کێن؟!

عەبدوڵڵا ئۆجەلان شەرعیەتی وتارەکانی لە ژنیەتیی ژنانەوە وەردەگرێت نەک لە هێز ژنانەوە.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیزی

لە نووسینەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا وادەردەکەوێت کە ئەو یەکەم کەس بووە لە جیهاندا باسی لە ئازادی ژن کردووە.

بۆچی ئێمە ئۆجەلان وەها پێناسە دەکەین؟

عەبدوڵڵا هەرگیز باسی سەرچاوەی قسەکانی ناکات، ئێمە هەموومان دەزانین لە پرەنسیپەکانی نووسیندا، کاتێک باسی سەرچاوە نەکراوە، مانای وایە کە نووسینەکە، هزر و ڕامانی نووسەرەکە بۆخۆیەتی.

عەبدوڵڵا هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە پێش ئەو، ژنان داوای مافەکانیان نەدەکرد و ئەو یەکەم کەس بوو کە هانی ژنانی داوە تا داوای مافەکانیان بکەن.

لێرەدا ئێمە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێین، پێش تۆ هەزاران ژن هەبوون کە نووسیویانە و هاواریان کردووە و بە قەڵەمەکانی خۆیان، پەرستگەی پیاوانیان هەڵوەشاندۆتەوە و دیوارەکانی فەلسەفەی پیاوسالارییان داڕماندووە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان نووسینی ئەو چالاکوانانەی مافەکانی ژنانی خوێندۆتەوە، ناوەڕۆکی وتارەکانیانی وەرگرتووە و هەندێک دەسکاریی کردوون و پاشان بەهەمان ناوەڕۆک و ڕامانەوە بڵاوی کردوونەتەوە و خۆی کردووە بە ئیلهامبەخشی مافەکانی ژنان.

سیمۆن دی بۆڤوار (1908-1986) فەیلەسوفێکی فەرەنسی بوو کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەسەر فەلسەفەی هەبوونگەرایی و بزووتنەوەی ژنانی سەدەی بیستەم نووسوویەتی.

دی بۆڤوار لە ساڵی 1949دا گوتبووی: “ژن بۆ ئەوە لەدایک نەبووە کە ژن بێت، بەڵکو وای لێدەکرێت کە ژن بێت، وەک ئەوەی بتوانن کونێک لە مێشکیدا بکەنەوە و هەقێقەت بخەنە ناویەوە”.

دیسانەوە سیمۆن دەڵێت: “ژن چەرم نییە، بەڵکو ئەو بابەتەیە کە لە سەر جەستەدا هەڵدەکرێت”.

پاشان جودیت باتلر فەیلەسوف و لێکۆڵەر و ڕەخنەگری ئەمریکی کە لە ساڵی 1956، لەدایکبووە، لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا لە هەڵوەشاندنەوە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: “ڕەگەز بە دڵخواز نیە، بەڵکوو دووبارەکردنەوەی شتێکە کەوا ئێمە بیر بکەینەوە کە ئەوە هەقێقەتە”.

دواتر چەند فەیلەسوفی ژنی دیکە (بێتی فریدان، جولیا کریستاڤیا) باسیان لە ژن کرد و هەبوونی ژنیان شرۆڤە کردووە و گەیاندوویانەتە ئەو ئاستە کە جەستەی ژن بگۆڕن بۆ زمانی بەرخۆدان.

ئەم چەمکەیان لە سەر ئاستی جیهاندا کرد بە دورهێڵ، نەک تەنها هەندێک گوتاری ڕیتۆریکی

دوای نیو سەدە بەرخۆدانی ئەم ژنە فەیلەسوفانە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرلەنوێ لە زینداندا تەنها هزر و ڕامانی ئەو فەیلەسووفانەی خوێندۆتەوە و هەستاوە کتێبێکی بە ناوی مانیفێست لەسەر ژن بڵاوکردۆتەوە بەبێ ئەوەی باسی نووسەرانی ڕاستەقینەی ئەو بیرۆکانە بکات و دەڵێت:

ژن بۆ کۆیلایەتی لەدایک نەبووە، بەڵکو ئەوان بەکۆیلە دەکرێن.

ئەوەی عەبدوڵڵا لەسەر ژن نووسیویەتی، ڕامانی خۆی نییە، بەڵکو دزینی دەنگی ژنانە بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت.

“ئەوان دەنگ و ڕامانی نوێ نین بۆ ژنان، بەڵکوو دەنگ و ڕامانی فەیلەسوفە ژنەکانی ڕابردوون، بەڵام بە دەنگی پیاوێک کە جێگەی دەنگی ئەو ژنانەی گرتۆتەوە. بەڵێ ئۆجەلان دەڵێت: من لە ناو زینداندا ئەم ئیلهامەم بۆ هاتووە”.

عەبدوڵڵا، کۆکەرەوەی قسەکانی سیمۆن دی بۆڤوارە بە بی ئەوەی کە ناوی بهێنێت. ئۆجەلان چووەتە ناو گۆڕەپانی فۆکۆ و دەسووڕێتەوە، بە بێ ئەوەی کە هیچ ئاماژەیەک بە ناوی خاوەن مەیدانەکە بکات. ئۆجەلان فکر و ڕامانەکانی بتلەری دزیون و لە گیانی ئاپارتایددا و بە شێوەیەکی عیرفانی و سۆفیگەرانە باسی کردووە و وەها پیشان دەدات کە ئەو لە زینداندا بەو حەقیقەتە ڕۆحییە گەیشتووە.

دوای ئەوەی عەبدوڵڵا ئەم مانیفێستییەی بڵاوکردەوە، کەسێکم نەدۆزیەوە کە بوێری بێت و لە ئۆجەلان بپرسێت: “تۆ ئەم هزر و ڕامان و لێکۆڵینەوە و تیۆریانەت لە کوێوە هێناوە؟”

بە هۆی نەزانیی کادیرانی پارتی کرێکاران و بێئاگاییان لە بارەی ڕۆشنبیرانی جیهان، وەک مرۆڤی نەخوێندەوار وان کە ئاگایان لە دەوروبەری خۆیان نیە. ئەوان پێیان وایە ئەم بیرکردنەوانەی عەبدوڵڵا بیری ئیلاهین و لە ڕێگەی ئیلهامەوە بۆی هاتوون.

هەربۆیە لە نێوان کادرەکانی پارتی کرێکاراندا هاوکێشەیەک دروستبووە کە ئەیش بریتیە لە:

“دزینی هزر و بیرۆکە، گۆڕدراوە و بووەتە یاسایەکی پیرۆز”.

ئەم یاسا پیرۆزە وەک پەرستگایەکی لێهاتووە. تەنها ژنان مافی چوونە ناو ئەم پەرستگایەیان هەیە. کاتێک ژن دەچێتە ناو پەرستگایەکەوە، ئازادییەکەی بەقەد پابەندبوونی بەو یاسای پیرۆزە گەورەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دروستی کردووە. بە واتایەکی تر ئازادی ژن پەیوەستە بە وتار و قسەکانی ئۆجەلانەوە.

گرنگە ژنان بزانن عەبدوڵڵا نە کەسێکی بیرمەند و ڕۆشنبیرە و نە کەسێکی خوڵقێنەریشە، بەڵکو وێنەیەکی نوێی بۆ ژنان کێشاوەتەوە.

ژن لە چاوی ئۆجەلاندا ژنێکە کە قسەکانی ئەوی بەدڵ بێت، ئەگەر قسەکانیشی بەدڵ نەبێت، ئەمە بەو مانایە دێت کە هێشتا نەیتوانیوە بازنەی پیاوان تێپەڕ بکات.

لە وتارەکانی عەبدوڵڵادا، هیچ بوارێک بۆ ژنان نیە کە لە سنووری وتارەکانیدا دەربکەون. ژنان نابێت بیر لە ڕۆڵی خۆیان بکەنەوە و نابێ ڕەخنە لە قسەکانی ئەو بگرن.

ئەوەی ئێمە بەکورتی سەبارەت بە هزری ئۆجەلان سەبارەت بە ژنان گوتمان ئەوەیە کە ئەو زەلامە هیچ پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازانەی بۆ ژنان نەخوڵقاندووە، بەڵکو پڕۆژەیەکی پسیکۆلۆژیکی ڕەوانبێژیە بۆ خوڵقاندنی ژنێکی 24 عەیاری پەکەکەیی. واتە بە بڕوای ئۆجەلان پێویستە ژنان بیرۆکەکانی ئەو بکەن بە نەخشەڕێگەیەک و وەکوو ئەساسی هەموو شتێک وەریبگرن و ناوی ئۆجەلان لەسەر ئاڵای یەکسانی بنووسن.

دزی تەنها ئەوە نیە کە لە گیرفانەکان دەکرێن، بەڵکو گەورەترین دزی، دزینی هزر و ڕامانی مرۆڤەکانە.

عەبدوڵڵا بە تۆمەتی دزی ڕۆشنبیری، دەبێتە گەورەترین تاوانباری جیهان و ئەو جۆرە دزیە لە سەرکوت گەورەترە.

بۆچی شتێک لە سەرکوت گەورەتر هەیە؟

چونکە کاتێک خۆت دەکەی بە خاوەنی بیرۆکە و ڕامانی کەسێکی دیکە، مانای وایە تۆ لە ڕێبازی زانستی لاتداوە و بوویت بە ساختەکارێکی مێژوویی.

ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەیە کە ئۆجەلان لە وتارەکانیدا وەها پیشان بدات کە ژن وەکوو کەناڵێکن بۆ گواستنەوەی قسەکانی و شەرعیەتی وتارەکانی لە ژنیەتیی ژنانەوە وەردەگرێت نەک لە هێز ژنانەوە.

پوستێن ھەمان بەش