دادگای ئانکارا دۆسیەی ئاشکرا کردنی گۆڕی “شێخ سەعیدی پیران” و هەڤاڵانی رەد کردەوە

دادگای ئانکارا دۆسیەی ئاشکرا کردنی گۆڕی “شێخ سەعیدی پیران” و هەڤاڵانی رەد کردەوە

کۆمەڵەی شێخ سەعید و پارێزەرەکانی دۆسیەکە: “بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی رێکۆپێک بکرێت، دۆسیەکە رەد کراوەتەوە”.

دادگای ئانکارا دۆسیەی ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و 46 هاوڕێی رەد کردەوە. کۆمەڵەی شێخ سەعید و پارێزەرەکانی دۆسیەکەش دەڵێن، پرۆسەی یاسایی بۆ دەستنیشان کردنی شوێنی ناشتنی تەرمی ئەو ئەرزشانەی کورد درێژە پێدەدەن.

کۆمەڵەی شێخ سەعید: بەمەبەستی ئاشکرا کردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و 46 هەڤاڵی کە وێکڕا لەسێدارە درابوون، دۆسیەیەکیان لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کردبۆوە وداوامان کردووە کە شوێنی ناشتنی تەرمی شێخ سەعید و 46 هاوڕێیەکەی ئاشکرا بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ دادگای ئاناکارا بەبیانووی ئەوەی کە لە ئارشیڤ و بەڵگە فەرمیەکانی دادگاکەدا زانیاریی لەوبارەوە بوونی نیە، دۆسیەکەی رەد کردەوە.

بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی شێخ سەعید و پارێزەرەکانی دۆسیەکە رایانگەیاندووە کە بە بێ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی رێکۆپێک بکرێت، دۆسیەکە رەد کراوەتەوە. جەختیشیان کردۆتەوە کە ئەوان لە درێژەدان بەو پرۆسە یاساییەیان بۆ ئاشکرا کردنی شوێنی ناشتنی تەرمی ئەو ئەرزشانەی گەلی کورد بەردەوام دەبن و تا بە ئەنجامی حقۆقی و یاسایی دروست نەگەن، دەست هەڵناگرن.

شێخ سەعید

شێخ سەعید لە ساڵی 1865 لە ناوچەی پالووی خارپێت لە باکووری کوردستان لەدایکبووە و شێخێکی پایەبەرز و ناوداری تەریقەتی نەقشبەندی بوو. شێخ سەعید خوێندنی ئایینی لە شاری خنسێی سەر بە ئەرزروومی باکووری کوردستان تەواو کردبوو.

شێخ سەعید بە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردەکان لە باکووری کوردستان راپەڕینێکی لە 13ی شوباتی 1925دا دەستپێکرد و ناوچەی لجێ سەر بە ئامەدی کۆنترۆڵ کرد. دیارە ساڵێک پێشتر و لەساڵی 1924دا شێخ سەعید نامەیەکی بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکان بەڕێ کردبوو و تێیدا داوای دەستەبەر کردنی مافەکانی نەتەوەی کوردی کردبوو. پاش وەڵامنەدانەوەی کۆمەڵەی نەتەوەکان بە داواکارییەکانی، شێخ سەعید کۆبوونەوەیەکی بۆ سەرۆک عەشیرەتەکانی باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان ساز کرد و داوای پشتیوانیی لێکردن و ئامادەکاریی بۆ دەسپێکردنی شۆڕش بە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتیکی سەربەخۆی کوردی کردبوو.

راپەڕینی شێخ سەعید لە مێژووی کوردەکانی باکووری کوردستاندا بە یەکێک لە بەرفراوانترین راپەڕینەکان دێتە ئەژمار چوونکە 14 شار و ناوچەی باکووری کوردستانی گرتەوە و پاش سەرکوت کردنی راپەڕینەکەش سەرجەم بەڕێوەبەرانی ئەو شۆڕشە وێکڕا لەسێدارە دران.

پاش سەرکوت کردنی راپەڕینەکەی، شێخ سەعید لە رێکەوتی 10ی گوڵانی 1925دا لەبەردەم بێدادگای ئامەددا راوەستا و پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ماوەی 5 رۆژ بەردەوام بوو.

سەرئەنجام لە 28ی حوزەیرانی 1925دا بەناو دادگای تورکەکان بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر شێخ سەعید و 46 هاوڕێیدا سەپاند.

پوستێن ھەمان بەش