دەبێ لە نێوان بزاڤە نەتەوەییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا، کوردیناسیۆنێکی نەتەوەیی، دیموکراتیک و نیشتمانی دابمەزرێت.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) بە بۆنەی 1ی ئەیلول “ڕۆژی جیهانیی ئاشتی”یەوە، ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاو کردەوە.
دەقی بەیاننامەکەی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان:
ئەمڕۆ 1ی ئەیلول ڕۆژی جیهانیی ئاشتییە.
ئاشتی، ئاماژەیە بۆ نەبوونی شەڕ و پێکدادان و توندوتیژی و کاولکاری و دوژمنایەتی لە نێوان دەوڵەتان و کۆمەڵگەکان و مرۆڤەکاندا. بەڵام ئاشتی تەنها نەبوونی شەڕ نییە، بەڵکوو هاوکات ڕێزگرتن و ئارامی و هاوئاهەنگیشە. ئاشتی نێوان گەلان و کۆمەڵگەکان و مرۆڤەکاندا وەک پردێک وایە کە دەرکەوتەکەی ئارامییەکی کۆمەڵایەتییە بۆ ئایندەیەکی باشتر، بە دوور لە ترس و دڵەڕاوکێ و مەترسی.
ئەگەر بە سادەترین و پوختترین شێوە سەیری ئەم مانایەی ئاشتی بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤایەتی لە هەر چوار گۆشەی جیهاندا لە ئاشتی ڕاستەقینە دوورە.
ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر ناوچەی جیهاندا و هەروەها لە وڵاتی ئێمەشدا واتە کوردستان، شەڕ، جینۆساید و کۆمەڵکوژیی بەردەوامە. زۆربەی گەلانی جیهان لە ئاشتی و ئارامی و هاوئاهەنگی بەدوورن و لەناو هەڕەشە و ترس و دڵەڕاوکێ و ناخۆشیی جۆراوجۆردا دەژین.
لە نێو گەلانی جیهاندا، یەکێک لەو گەلانەی کە لە نەبوونی ئاشتیدا، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بێگومان نەتەوەی کورد و گەلی کوردستانە. بە تایبەتی لە ماوەی 200 ساڵی ڕابردوودا شەڕ، کۆمەڵکوژی، جینۆساید، ئاسمیلاسیۆن، کاولکاری، ئاوارەیی، نائارامی، هەڕەشە و ترس و دڵەڕاوکێ بوونەتە بەشێک لە ژیانی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان. گەورەترین ناعەدالەتی ئەوەیە کە کورد و کوردستان وەک نەتەوە و نیشتمانێک، بەسەر چوار پارچەدا دابەش کراون و داگیر کراون. وەک نەتەوە، ڕووبەڕووی ئینکاری و ئاسمیلاسیۆن و کۆمەڵکوژی و جینۆساید بووەتەوە.
ئێمە وەک نەتەوە و حیزب لەگەڵ ئەوەداین کە هەموو پرس و کێشەکانی جیهان، بەبێ شەڕ و کۆمەڵکوژی و کاولکاری و بە شێوەیەکی ئاشتیانە و لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن. ئەمە بێگومان لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی جیهاندایە.
ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر بنەمای قبووڵکردنی دوو دەوڵەت و بە شێوەیەکی ئاشتیانە و لە ڕێگەی دانوستانەوە، چارەسەر بکرێت. بەڵام تەنها بە چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی نایەت.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەورەترین مەسەلە کەوا ڕێگا لە ئاشتی دەگرێت ئەوەیە کە نەتەوەی کورد و وڵاتەکەی [کوردستان] داگیر کراون و پارچە پارچە و دابەش کراون. ئەزمون و ژیان سەلماندوویانە تا گەلی کورد و کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە ڕزگاریی یەکجاریی نەگەن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
هەرچەندە لە باشووری کوردستان، فیدرالیزم وەکوو دەسکەوتێک بەدیهاتووە، بەڵام 45%ی خاکی باشووری کوردستان هێشتا لەژێر داگیرکاری بەغدادایە. جگە لەوەش دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ لاوازکردن و کەمکردنەوەی مافە فیدراڵیەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان، هەموو شێواز و میتۆدێکی ناعەقڵانی دەگرێتەبەر و جێبەجێی دەکات. ڕژێمی بەغدا لە عەقڵ و هۆشمەندی و سیاسەت و هەڵوێستی ئاشتیخوازانە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بەدوورە و نایهەوێت کە ماددەی 140 بە پێی دەستووری بنەرەتیی فیدراڵی عێراق جێبەجێ بکرێت.
ڕووخانی ڕژێمی بەعسی بەشار ئەسەد لاپەڕەیەکی نوێی بەڕووی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و هەموو گەلانی سووریادا کردەوە. بەڵام ڕژێمی نوێی دیمەشق، ڕژێمەکەی ئەحمەد ئەلشەرعیش، هەروا لە بیر و هۆشمەندیی ئازادیخوازانە و دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانی بەدوورە و ڕێگە بە سیستەمێکی فیدراڵی و دیموکراتیک و دادپەروەر و ئازاد نادات کە تێیدا گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و گەلانی دروز و عەلەوی و کریستیان و تورکمان و عەرەب و هەموو گەلانی سووریا خۆیان وەک شەریک لەو سیستەم و دەسەڵاتەدا ببینن.
ڕێژیمی ئێرانیش درێژە بە سیاسەتی داگیرکاری و بێبایەخکردنی مافە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەڕێوەبردنی لەسێدارەدان لە دژی هەموو گەلانی ئێران و پێشێلکردن و بێبایەخکردنی ئازادی، دێموکراسی، دادپەروەری و یەکسانی دەدات.
لە تورکیا و باکوری کوردستان باس لە ‘‘پرۆسەیەکی نوێ’’ دەکرێت. بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا ئەم “پڕۆژە”یە وەک “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” پێناسە دەکەن و ەندێک لایەن و کەسیش بە “پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری و دیموکراسی” ناوی دەبەن.
پەکەکە لە کۆنگرەی 12ی خۆیدا بڕیاریدا چەک دابنێت. ئێمە ئەم بڕیارەی چەکدانانی پەکەکە لە بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان دەزانین و هیوادارین ئەم بڕیارە بە کردەیی جێبەجێ بکرێت. بێگومان دەوڵەتی تورکیاش دەبێت کۆتایی بە هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بهێنێت.
بێگومان کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری و شەڕ زۆر گرینگە؛ بەڵام ئەمە بە تەنها خۆی پرسی کورد و کوردستان چارەسەر ناکات. لەم ڕووەوە دەبێت بە شێوەیەکی ئۆبژەکتیڤ، بەرنامەیەکی کورتخایەن و مامناوەند و درێژخایەن ئامادە بکرێت. موخاتەبی پرسی کورد و کوردستان تەنیا یەک کەس و حیزبێک نییە؛ بەڵکوو موخاتەبی ئەم پرسە هەموو لایەنە سیاسی و مەدەنی و دیموکراتیکەکانی گەلی کوردن. پێویستە “نوێنەرایەتی کورد” بە بەشداری هەموو ئەو پێکهاتانە دابمەزرێت و نوێنەرایەتی کورد بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کوردستان ببێتە موخاتەبی دەوڵەتی تورکیا. بەڕای ئێمە سەرەتای ئاشتی و چارەسەری لەوێیەوە دەست پێدەکات.
لە پەرلەمانی تورکیا، “کۆمیسیۆنی پشتگیری نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی” بە بەشداریی ئەو لایەنانەی کە نوێنەریان لە پەرلەماندا هەیە، دامەزراوە.
بەڵام بەداخەوە، ئەم کۆمیسیۆنە لەڕێگەی کردار و کۆبونەوەکانییەوە هەتا ئەمڕۆ، نیشانی داوە کە زۆر دوورە لەو هۆشمەندی و بەرنامە و ئامانج و هەستیاریەی کە بیهەوێت ڕێگای ئاشتی و یەکسانی و دادپەروەری و دیموکراسی و ئازادی و چارەسەرکردنی پرسی کورد هەموار بکات. نومان کورتولموش، سەرۆکی کۆمسیۆنەکە، ڕێگەی بە دایکێکی کورد نەدا کە لە میانی یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەو کۆمسیۆنە، بە زمانی کوردی قسە بکات. باشە چۆن کۆمیسیۆنێکی لەم شێوەیە دەتوانێت ڕێگا بۆ چارەسەرکردن بکاتەوە؟
ئەگەر ڕوو لە بانگەواز و لێدوان و وتاەکانی ئۆجەلان و پەکەکە و دەم پارتی بکەین، دەبینین هیچ بەرنامە و سیاسەتێکیان بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە و بەردەوام، بۆ مافە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکانی گەلی کورد و بۆ گەیشتن بە قەوارەیەکی نەتەوەیی، جوگرافی و سیاسی لە کوردستاندا، پێ نیە.
لەبەر ئەم ڕاستییەش وتار و هەڵوێستەکانی دەوڵەتی تورکیاش و ئەوانەی ئۆجەلان و پەکەکە و پارتی دەمیش، ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کوردستان هەموار ناکەن، ڕێگا لە بەردەم ئاشتییەکی ڕاستەقینە و لە بەردەم ئازادی و دیموکراسی و یەکسانی و دادپەروەری خۆش ناکات. بەداخەوە ڕامانی ئاشتی بە هەڵە شرۆڤە دەکەن و بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان و بەپێی ئایدۆلۆژیاکانی خۆیان شرۆڤەی دەکەن. ئەوان هەم ناوەڕۆکی ئاشتی پووچەڵ دەکەنەوە و هەمیش بە ئەنقەست پرسەکە دەشێوێنن و ئاڵۆزی دەکەن.
نەتەوەی کورد، پێش هەموو شتێک، لە ڕێگەی تێکۆشان و هەوڵە بەرفراوان و هەمەلایەنەکانییەوە، لە ڕێگەی خەباتێکی بەهێز لە دیاسپۆرا و لە ڕێگەی هەوڵی فرەلایەنی دیپلۆماتکەوە دەتوانێت دەرگای ئاشتی بکاتەوە. بۆ ئەنجامدانی خەباتێکی وەها بەرفراوان، پێویستە بە هۆشمەندی و هۆشیارییەکی نەتەوەیی و دیموکراتیکەوە یەکیەتیی ناوماڵی کورد پێکبێت. پێویستە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پرەنسیپی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانە، لە هەموو پارچەکانی کوردستان و لە دیاسپۆرادا، هاوکارییە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکان دابمەزرێت. هەروەها دەبێ لە نێوان بزاڤە نەتەوەییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا، کوردیناسیۆنێکی نەتەوەیی، دیموکراتیک و نیشتمانی دابمەزرێت.
1/9/2025
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)