“لە تورکیا دەرگای سەردەمێکی نوێ کراوەتەوە، تاوەکوو ژیانی ئاشتییانە و دیموکراسی جێگەی شەڕ و وێرانکاریی بگرێتەوە”.
عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکی دیکەی سەبارەت بە ئاشتی نارد و سەرەڕای تێزە بەردەوامەکانی پەیوەست بە میللەت و ژیانی دیموکراتیک و بەهێزکردنی تورکیا، پەیامەکەی هیچ شتێکی بەناوی کورد و کوردستانەوە تێدا نییە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە بە بۆنەی 1ی ئەیلول، “ڕۆژی جیهانی ئاشتی”یەوە پەیامێکی نارد و گوتی: “ئاشتی تەنها بێدەنگبوونی چەکەکان نییە، بەڵکوو دامەزراندنی ژیانێکی دیموکراتیکە”.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە بە بۆنەی یەکی ئەیلولەوە ناردوویەتی، دەڵێ: “ئاشتی ڕاستەقینە کاتێک بەدی دێت کە ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا جێبەجێ بکرێن”.
پەیامەکەی ئۆجەلان لە میتینگی تایبەت بە 1ی ئەیلوول، “ڕۆژی جیهانی ئاشتی” لە ئەستەنبوڵ خوێندرایەوە.
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەم شێوەیەیە:
“بۆ ئەو کەسانەی لەپێناو ئاشتی و دیموکراسییدا تێدەکۆشن…
بانگەوازەکەمان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک، هەنگاوێکی سیاسیی ئاسایی نییە؛ بەڵکوو هەنگاوێکی ستراتیژیی و قۆناغێکی مێژووییە. بەم بانگەوازە، هەم لە تورکیا و هەم لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرگای سەردەمێکی نوێ کراوەتەوە، تاوەکو ژیانی ئاشتییانە و دیموکراتیک جێگەی شەڕ و وێرانکاریی بگرێتەوە.
ئەمە تەنها داخوازییەک نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی بەرجەستەیە و پێویستە بە هەلی بەهێز و هەنگاوی پراکتیکی بەدی بهێنرێت.
چونکە ئاشتییەکی ڕاستەقینە، تەنها بە بێدەنگکردنی چەک و کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادان، بەدی نایەت. هەرکات ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری هەموو بوارەکانی ژیانی گرتەوە، ئەوکات ئاشتییەکی ڕاستەقینە دێتەدی.
گۆڕانی کۆمەڵایەتی تەنها مافێک نییە بۆ گەلانمان، بەڵکوو ئەرکی سەرەکییە لەم سەردەمە نوێیەدا.
حەتمەن بە تیکۆشانی گەلانمان، پایەکانی ئاشتی و دیموکراسی و بەهاکانی ئازادی قایمتر دەبن و لەنێو ژیانی کۆمەڵایەتییدا ڕەنگدانەوەیان دەبێت.
ئەم وڵاتە ئیتر دەبێتە وڵاتی ئەوانەی کە ئاشتی و ژیانی دیموکراتیک هەم وەک ماف و هەم وەک ئەرکی خۆیان دەبینن.
بەبۆنەی 1ی ئەیلولەوە، بانگەواز لە گەلانمان دەکەم کە خاوەنداری لەم ئەرکە مێژووییە بکەن و ڕێپێوانی ئاشتی و ئازادی فراوانتر بکەن.
لەو بڕوایەدام، هەمووان لە جدییەت و هەستیاریی ئەم قۆناغە تێدەگەن و ڕەچاوی دەکەن و بە ڕۆحییەتێکی ئاشتیخوازانەوە هەنگاودەنێن.
بەم بڕوایەوە، سڵاو و ڕێز و خۆشەویستی بێپایانی خۆمتان ئاڕاستەدەکەم.
عەبدوڵا ئۆجالان
دوورگەی ئیمراڵی”.