ئۆجەلان لە ڕێگەی ڕووداوەوە داوای لە کوردەکان کرد کە لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر بکەون و دەستبەرداری مافەکانیان بن

ئۆجەلان لە ڕێگەی ڕووداوەوە داوای لە کوردەکان کرد کە لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر بکەون و دەستبەرداری مافەکانیان بن

ئۆجەلان دیسان جەختی لەسەر کۆمەڵگەی دیموکراتیک کردۆتەوە و هیچ ئاماژەیەکی بە مافە نەتەوەییەکانی کورد نەکردووە.

ئەمڕۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی پێشکەش بە کۆنفرانسی ناوەندی توێژینەوەی ڕووداو کرد و داوای لە هەموو کوردەکان کرد کە لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەردا بن و لەگەڵیان لەناو یەکیەتی و یەکگرتوویدا بن.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو، کۆنفرانسێک لەژێر ناوی “ئاشتییە سەختەکەی تورکیا؛ چەکدانانی پەکەکە و خاڵەکانی وەچەرخانی سیاسەت لە دۆخێکی جیۆپۆلەتیکی ناسەقامگیردا” لەسەر ئەو پڕۆسەیە سازکرد کە لە تورکیا و باکووری کوردستان لەئارادایە و دەولەتی تورک بە “پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات.

عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش پەیامێکی نووسراوی بۆ کۆنفرانسەکە هەنارد و پەیامەکە لەلایەن میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتییەوە خوێندرایەوە.

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جارێکی دیکە جەختی لەسەر کۆمەڵگەی دیموکراتیک کردۆتەوە و هیچ ئاماژەیەکی بە مافەکانی نەتەوەی کورد لەم پڕۆسەیەدا نەکردووە.

ئۆجەلان داوای لە کوردان کردووە و دەڵێ: “من پێم باشە کە کورد، لە یەکڕیزی و هاودەنگیدا بێت لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە دەرفەتی پەیوەندییەکی بنەمادار بە کۆمەڵگەی دیموکراتیکیان بۆ دەڕەخسێنن. من ئەمە بە “ئەنتێگراسیۆن لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک” پێناسە دەکەم. ئەو پرۆسەیەی ئێستا ئەنجامی دەدەین لەسەر ئەم بنەمایەیە و باوەڕم وایە سەرکەوتوو دەبێت”.

ئەم قسانەی ئۆجەلان بەو مانایە دێت کە کورد لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بکەوێت و واز لە مافە نەتەوەییەکانی خۆی بهێنێت و لەناو ئەو دەوڵەتانەدا ئاسمیلە ببێت. ئەو ئاسمیلاسیۆنە لە ڕوانگەی ئۆجەلاندا وەک کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێناسە دەکرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئۆجەلان هەروەها وتی: “لەو باوەڕەدام پەیوەندییەکانی نێوان کوردانیش بە شێوەی یەکڕیزیی لەسەر بنەمای دیموکراتیک دەبێت. داوا لە هەموو کوردەکان دەکەم لەسەر زەمینەی دیموکراتیک کۆببنەوە و یەکگرتووبن”.

عەبدوڵڵا ئۆجالان بە ڕاسپاردەی باخچەلی و ئەردۆغان یەکەم پەیامی خۆی لە 27ی شوباتی 2025دا هەنارد و تێیدا داوای لە حیزبەکەی کرد کە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و پێی ڕاگەیاندن: “مۆدێلتان بەسەرچووە، چەکەکانتان دابنێن”!

لەو کاتەوە تا ئێستا، چوار پەیامی تر لە ئیمرالیەوە نێردراون، لە هیچکام لەو پەیامانەدا ئۆجەلان باسی مافەکانی کوردی نەکردووە، بەڵام لە هەموویاندا جەختی لە بێدەوڵەتی و بێ نەتەوەیی بوونی کوردانی کردۆتەوە و دەڵێت: “ئێمە لە جیاتی نەتەوەی کورد، نەتەوەیەکی دیموکراتیک دادەمەزرێنین”!.

پوستێن ھەمان بەش