پەلاماردانی پەدەکە لە بنەڕەتدا پەلاماردانی ئەرک و ڕۆڵی کوردستانیبوون و دابینکردنی داهاتوویەکی ئازاد و سەربەخۆیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، جەریانێکی سیاسیە کە مۆری خۆی بە مێژووی 150 ساڵی دوایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، چەسپاندووە. مێژووی 150 ساڵەی رێکخراوی پەیڕەوانی بارزانیەکان، بەپێی بارودۆخی سەردەم، بە یەکگرتوویی و کۆدەنگییەکی نەتەوەیی پێکهاتووە. سەرەڕای کاریگەریی پەدەکە لەسەر باڵانسی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پارادایمەکەشی، دینامیکی گۆڕانە. سیستەمی پەیوەندی ـ ناکۆکی، وەکوو پێویست نەناسراوە، کوردان نەیانتوانیوە بە باشی ئەو هێزەی کە مێژووی کوردستانی بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ گۆڕی (پەدەکە)، بناسن و بیناسینن.
لەم ساڵانەی دواییدا، سیاسەتی گەمارۆدان و پەراوێزخستن دژ بە پەدەکە بەڕێوە دەبرێت. هۆکارەکەشی ڕوونە ئەو مێژووەی پەدەکە کەوا لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، وەکوو پێویست ڕوون نەکراوەتەوە، تەنها بەشی ئێستای ئەو گەمارۆیە دیارە، بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا هەرکەسێک کوردی کفن کردبێت، پەدەکە کفنەکەی دڕاندووە. ئێمە دەتوانین هۆکاری دوژمنایەتی کردنی پەدەکە لەژێر دو سەردێڕدا باس بکەین.
1ـ گەڕانەوەی بارزانی نەمر و تێکدانی سیستمی لۆزان
لەنیوەی سەدەی بیستەمدا، دەرکەوتەی زۆر تراژیک بۆ کوردەکان هاتنەپێش. لۆزان و پەیمانەکانی پاشکۆی لۆزان، کوردستانیان خستە ناو شەوێکی تاریک و ساردی زستانیەوە، دەوڵەتە کۆلۆنیالیستیەکان لەو دۆخە زۆر رازی بوون و هاووڵاتیانی رۆژئاوایی خاوەن بڕیاری لۆزانیش، لەبەر رێکوپێک کردنی پەیمانێک کە دەریان کردبوو، زۆر کەیفخۆش بوون. پەیمانی لۆزان و هاوپێچەکانی بەشێوەیەکی باش جێبەجێ دەکران.
ئەو قۆناخەی کە مێژووی گۆڕا، لەوێیەوە دەستپێدەکات. چەخماخەیەک کە بتوانێ سنوورەکانی لۆزان بهەژێنێت، لێدرا و مەلا مستەفا بارزانی پاش کودیتای جەنەراڵ عەبدولکەریم قاسم لە 14ی تەمووزی 1958دا گەڕایەوە کوردستان و عێراق و گوتی ئێمەش بەناوی کوردانەوە لەسەر مێزی گفتوگۆکاندا حوزوورمان هەیە. ئەو گەڕانەوەیەی بارزانی نەمر، لەناو ئەوانەی کە لایەنگری پەیمانی لۆزان بوون و بەتایبەتی لەناو بەریتانیەکاندا، نیگەرانییەکی گەورەی دروست کرد. لەبەر ئەوەی کە بەو گەڕانەوەیە نەک هەر لە باشووری کوردستان، بەڵکوو لە پارچەکانی دیکەشدا ژیانەوەیەکی نوێی کوردی دەستیپێکرد. ئەو سیاسەتەی کە لە ساڵانی شێستەکاندا لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردبوو، لەژێر کاریگەریی پەیڕەوانی بارزانی نەمردا بوو.
راستییەکانی ئەو خاڵە مێژووییە، روونن: لە نیوەی سەدەی بیستەم بەملاوە، بزاڤی سیاسیی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان، لەسەر بناخەی تەڤگەری بارزانی چووەپێش. پەدەکە وەکوو پارتی، شانە سەرەتاییەکانی سیستەمی حیزبیبوونە لە کوردستاندا، سەرەڕای هەموو ئینکارییەکانی دەوروبەر بەڵام پەدەکە وەکوو پێکهاتەیەکی سیاسی، کاریگەریی لەسەر هەموو حیزبێکی کوردستانی هەیە، شەڕ لە دژی پەدەکە، لەڕاستیدا شەڕە دژ بە خۆیبوونی سیاسیی کوردان.
ئەو گۆڕانکاریانەی کە بەهۆی گەڕانەوەی بارزانی نەمرەوە لە مێژووی کوردستاندا پێکهات، توانی رێگا لە چەرخی چوار دەوڵەتی داگیرکەر و هێندێک دەوڵەت و لقوپۆپ وڵاتانی رۆژئاوا بگرێت. ئینکار کردنی کوردان، تێکشکێندرا، کاریگەریی گۆڕانکار و جووڵەی مێژوویی بە بریاری پەدەکە، دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانی وەکوو تورک، فارس، عەرەب و سەرکێشیەکانیانی ئاڵۆز کرد. ئەگەر پەدەکە نەبایە، پرۆژەکانی لۆزان هەنگاو بەهەنگاو، هەموویان جێبەجێ دەکران. هەربۆیەشە کە نەیاری پەدەکە ئەوەندە زۆرن.
2ـ کۆکردنەوەی هێزی کوردان و چالاکیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
تێکۆشانی بێ ناوبڕی پەدەکە لە سەدەی بیستەم، لەساڵی 1992دا کوردی کرد بە خاوەن دەستوورێکی نێودەوڵەتی، شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان هەتا ئەوکاتەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا، بوون بە هۆکاری ئەوەی کە پەیمانی “دژە ـ کورد”ی لۆزان، بەسەرجەم ئامانجەکانی نەگات. پەیمانی لۆزان بە هەبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زەربەیەکی گەورەی خوارد و کۆالیسیۆنی “دژە ـ کورد” نەیتوانی ئەو پیشکەوتنانەی کوردان رابگرێت و سەرکوتیان بکات.
پەدەکە و تەڤگەڕی بارزانی، لە مێژوو و چارەنووسی کورداندا، نرخ و ئەرزشێکی وەکوو حکوومەتی فیدراڵی کوردستانی زیاد کردووە، لە بناخەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا خەتی “پەدەکە و خەباتی بارزانی” هەیە. ئەوە راستییەکی مێژووییە و ناگۆڕدرێت. هەموو میللەتێک لە قۆناخی بنیاتنانی نەتەوەکەیدا، لەسەر ئەساسی بەرخۆدانی مێژوویی دامەزراوە. بارزانی و پەدەکە لەسەر پێڕەوەی سیاسیی نەتەوەی کورد دامەزراون.
ئەو رەوایەتیەی کوردان کە لەلایەن پەدەکەوە خوڵقاوە، چارەنووسی ناوچەیی ناسنامەی کوردی گۆڕی و بەو دەسکەوەتەی پەدەکە، کوردەکانیش ناسنامەی سیاسی، سەربازی و ئابووریی خۆیان بەدەستخست. مرۆڤ دەتوانێ بڵێ، پەلاماردانی پەدەکە، لەڕاستیدا پەلاماردانی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانە. هەروەها ئیمە لە شەڕی ناوخۆیی بەملاوە، ئەگەر سەیر بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە هەم فیزیکی و هەمیش بە سیاسەتی نەرم بەردەوام هەوڵێکی ئاشکرا لە دژی قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە. واتە مەسەلەکە پەدەکە نیە، بەڵکوو مەسەلەکە ڕووخاندنی ئەو سیستەمەیە کە بەهۆی پەدەکەوە دامەزراوە.
راستییەکانی پشت هێرشە ئابووریەکان، چین؟
هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەبواری ئابووریدا و کۆکردنەوەی ئابووریدا، رەوشێکی بوون بەهێزی زۆر پیشکەوتووی بۆ کوردەکان پێکهێنا. لەبەر ئەوەی بە درێژایی مێژوو، هیچکات کورد لەسەر خاکی خۆی سوودی لە چەرخەی سیستەمی ئابووریی وەرنەگرتووە. هۆکاری ئەوەش کە بزاڤی نەتەوەیی کورد نەیدەتوانی بەهێز ببێت هەر ئەوە بووە. هەرێمی کوردستان ئەوە تێکشکاند. کوردەکان نەک هەر تەنها شارەکانی خۆیان ئیدارە دەکەن، بەڵکوو هاوکاریی ئابوورییش دەکەن و کۆمپانیا ئابووریە جیهانیە گەورەکان رادەکێشن بۆ کوردستان. یەکسانیی سیاسی لەو دەسکەوتە ئابووریە، مافی خۆبەڕێوەبردنی دەوڵەتە و هاوتای دیپلۆماتیکیش بەشدارە. هاوبەش بوونی سیاسەت بە واتای یەکسانیی هێزێش دێت. هەرێمی کوردستان شەریکی دەوڵەتەکانە، ئەگەرچی لەناو سیستەمێکی فیدراڵیشدا بێت، بەڵام وەکوو دەوڵەتێکی کاریگەر رۆڵ دەگێڕێت.
ئەوە ماوەیەکی دوور و درێژە کە هێرش دەکرێتەوە سەر ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئارمانجی ئەو هیرشانەش ئەوەیە کە کوردەکان لە قەوارەی شەریک وەدەربنێن و دیسانەوە بیکەن بە خزمەتکار، ئەو هێرشە لە دژی مافی خۆبەڕێوەبەرییە.
زەختێک کە بەغدا لە رێگای مووچە، بوودجە و هتد… ـەوە لەسەر هەولێر دروستی دەکات زۆر بەرچاوە، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە هێزی هێرشکاری گەورەش بوونیان هەیە. ئەو مانیپۆلاسیۆنە میدیاییەی هێندێک لۆبی ئامریکاییش کە راستەوخۆ بنەماڵەی بارزانی دەکاتە ئامانج، پەیوەندیی بەو هێرشە ئابووریانەوە هەیە. لەباتی ئەوەی کە فۆکۆس بخەنە سەر سەرۆک کۆمار و بەرپرسەکانی خۆیان، هەڵدەستن و فۆکۆس دەخەنە سەر کوردستان. دیارە ئەوە کرداری ناحەزانە و روونە کە سیاسەتی پەدەکە لەسەر ناوی کوردان، بەهێزبوونی ئابووری پێکدەهینێت و دژبەرانی کوردان ئەوەندە قەڵس دەکات کە رۆژنامەی چەپی تورک “دوڤار” دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر بەهای کۆتەکەی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە. ئەو هێرشە فکریانەش، وەکوو ئەوانەی پێش خۆی هەڵوەشایەوە و پووچەڵ کرایەوە.
کەس ناتوانێ قبووڵی بکات کە کوردەکان دەوڵەمەند ببن و بە خۆشگوزەرانی بژین، هیچکەس، تەنانەت ئەوانەش کە دەڵێن کوردەکانمان خۆش دەوێت، دەیانهەوێ کوردەکان برسی و دەربەدەر و رەشووڕووت بن و تیرۆر بکرێن. وێنەی ئەو کەسانەی کە لەساڵی 1991دا لەبەر کۆمەڵکوژیی سەددام هەڵاتن و لەسەر سنوور لەبرسان مردن، هێشتا هەر بڵاو دەکرێنەوە. ئەوان ئاوەدانبوونی کوردستانیان ناوێت، کوردەکان بەشایستەی ئەو تاوەرانەی کە لەهەولێر دروست دەکرێن و هەروەها بینایەی لۆکس و مارکە جیهانییە بەناوبانگەکان، نازانن. ئەوان دەیانهەوێ کورد مالوێران و دەربەدەر بن. پەدەکە کوردی دەوڵەمەند کرد، هەربۆیە پەلامار دەدرێت.
پەلاماردەرانی ئەمدواییانەی پەدەکە، ئەگەر بەو پەرسپەکتیڤەوە نەبیندرێن، دەتوانێ وەکوو ناکۆکی نێوان حیزبەکان وێنا بکرێت. بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە ناکۆکیەکان پەیوەندییان بە پەدەکە و ئەرکی مێژوویی پەدەکەوە هەیە. پەلاماردانی پەدەکە لە بنەڕەتدا پەلاماردانی ئەرک و ڕۆڵی کوردستانیبوون و دابینکردنی داهاتوویەکی ئازاد و سەربەخۆیە.
جا ئەو هێرشانە پەکەکە ـ یەنەکە بیکەن یان بەڕێوەبەرانی عێراق یانیش لۆبیی وڵاتانێکی وەکوو بەریتانیا و ئەمریکا، جیاوازییان نیە و ئیمە دەبێ هەوڵ بدەین دژی ئەو گەمارۆیە سەر پەدەکە راوەستین و هەوڵ بدەین گەمارۆکە بشکێنین. هەڵوێستی راستەقینەی نیشتمانپەروەری و هەڵوێستی کوردستانی، ئەو هەڵویستەیە کە لە بەرانبەر هێرشەکانی سەر پەدەکەدا راوەستاوە.