پێکناکۆکی قسەکانی سەبری ئۆک، هەڵەی زارەکی نیە، بەڵکوو سەلمێنەری هەبوونی ترافیکی دیداری نێوان تورکیا و پەکەکەیە.
سەبری ئۆک، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە و ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە، بە شداریی لە بەرنامەیەکی ستێرک تیڤیدا کرد و لە قسەکانیدا بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لە ئیمرالی هەڵسەنگاند.
قسەکانی سەبری ئۆک پێکناکۆکی گەورە و زەقیان تێدا هەبوو. ئۆک لەلایەک ئیدیعای دەکرد کە تەجرید (گۆشەگیری)یەکی گەورە لەسەر ئۆجەلان هەیە و داوای دەکرد کە “هەروەکوو چۆناوچۆن خەڵکی فەرانسە ڕژانە سەر شەقامەکەن، پێویستە کوردیش بۆ ئۆجەلان بینە سەر شەقام”. لەلایەکی دیکەش هێندێ زانیاریی تازەی لەسەر ئۆجەلان باس دەکرد و بە روونی دەردەکەوێت کە لە بانگەوازەکەی سەبری ئۆکدا پێکناکۆکی بەرچاو هەن.
پەکەکە ئەو زانیاریانەی لە کوێ بەدەست هێناوە؟
پێکناکۆکیەکان لە قسەکانی سەبری ئۆکدا سەرنجڕاکێش بوون.
ئۆک لەکاتێکدا لە قسەکانیدا یەکەمجار گوتی کە ماوەی 28 مانگە هیچ دیدار و چاوپێکەوتنێک لە گەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا پێکنەهاتووە، هاوکات لەسەر ئۆجەلان زانیاریی نوێی باس دەکرد. سەبری ئۆک بە پێداگریەوە ئەم قسانە دەکرد: “لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەر و بەڕێوەبەرایەتی ئیمرالی نامەی بێ ناو و نیشان دراوەتە رێبەر ئاپۆ. لەو نامانەدا بە رێبەر ئاپۆ گوتراوە ‘ئێمە ژەهرێکی بەو جۆرەت پێبدەین کە بەو ژەهرە بمریت، ئەو مێرووانەشی تەرمەکەت بخۆن ئەوانیش بەو ژەهرە دەمرن’. هەروەها بە رێبەر ئاپۆیان وتبوو تۆ رۆژ لە دوای رۆژ دەمریت، بەڵام تۆ ئاگات لەوە نابێت”.
قسەکانی سەبری ئۆک لەناو کورداندا بووە جێگای مشتومڕ و ڕای گشتی ئەو پرسیارەی لا دروست بووە کە ئەگەر دیدار لەگەڵ ئۆجەلان بوونی نیە، سەبری ئۆک ئەو زانیاریانەی لە کوێ وەرگرتووە؟
لەساڵی 1999 بەملاوە پەکەکە زۆر لێدوان و ڕاگەیاندراوی وەکوو “لە ئیمرالی گۆشەگیری هەیە، ئاگامان لە ڕێبەر ئاپۆ نیە، ڕێبەرایەتی ئەشکەنجە دەدرێت، ڕێبەرەکەمان ژەهرخوارد دەکرێت و هتد…” بڵاو دەکاتەوە. بەڵام بە تیپەڕینی کات دەرکەوتووە کە ئەوەی پەکەکە باسی دەکردن هەموویان زانیاری درۆیین بوون و ئۆجەلان بەردەوام پەیوەندیی لەگەڵ حیزبەکەی هەبووە و ئەو پەیوەندییە هیچکات نەپساوە.
بۆ نموونە لە 24ی ئاداری 2018دا و چەند ڕۆژ پاش ئەوەی کە پەکەکە لە عەفرین کشایەوە و ڕادەستی تورکیای کرد بۆ ئەوەی داگیری بکات، پەکەکە لە راگەیاندراوێکدا گوتبووی: “لەنێوان تورکیا و ڕووسیادا هاوپەیمانەتییەکی ستراتژیک پێكهاتووە و بەمەبەستی راوەستاندنی بەرگریی عەفرین وەکوو شاند سەردانی ئیمرالییان کردووە”. هەموومان دەزانین کە زانیارییەکی گرینگی لەو ئاستە، تەنها دەکرێ لە کاناڵی دەوڵەتەوە بە پەکەکە بگات.
هەروەها دەزانرێت کە لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2012 و لەکاتێکدا کە دەگوترا لە ئیمرالی گۆشەگیری (تەجرید) هەیە، بەرپرسانی پەکەکە و میت لە دیدار و گفتوگۆدا بوون و ڕۆژانە لە ئیمرالیەوە نامە بۆ قەندیل بەڕێ دەکرا.
شایانی باسە سەبری ئۆک کەسێکی زۆر گرینگە و ئەوکەسەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە پێداگریەوە دەیگوت: “سەبری نوێنەری تورکیەیی منە”. لەوکاتەوە کە ئۆجەلان لە ئیمرالیدایە، زۆرجاران سەبری ئۆک سەردانی کردووە و گفتوگۆیان کردووە. سەبری ئۆک لەلایەن “میت”ی تورکیاشەوە وەکوو کەسێکی بڕواپێکراو بەکار دەهێندرێت و بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵی هەیە. لە ڕاستیدا زۆرجاران بە سەبری ئۆک دەگوترێت “پیاوی میت لەناو پەکەکەدا”.
شایانی باسە دەرکەوتووە کە سەبری ئۆک لەساڵی 2017دا ڕۆیشتۆتە ڕۆژئاوای کوردستان و لەوێ چاوی بە نوێنەرانی “میت” کەوتووە.
هەربۆیە وادانانرێت کە پێکناکۆکی ناو قسەکانی سەبری ئۆک هەڵەیەکی زارەکی بێت، بەڵکوو وادیارە کە لەنیوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا ترافیکی دیدار و چاوپیکەوتنەکان بەردەوامە و هەوڵ دەدرێت لە ڕای گشتی بشاردرێتەوە.