محەممەد سەلیم چوروککایا لەبەرچی و چۆناوچۆن لە پەکەکە جودا بوویەوە؟ ـ 7

محەممەد سەلیم چوروککایا لەبەرچی و چۆناوچۆن لە پەکەکە جودا بوویەوە؟ ـ

ئۆجەلان: “من وام لە مێشکی بەندەکانم کردووە کە لە شوێنی ئەوەی بیر بکەنەوە، بیرکردنەوەکانی من دووبارە بکەنەوە”.

محەممەد سەلیم چوروککایا، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیە. چوروککایا رۆژنامەنووس، سیاسەتوان و نووسەرە و لەسەر نیشتمانپەروەری و هزری کوردایەتی، ماوەی 11 ساڵ لە زیندانە جیاجیاکانی تورکیە لە دۆخێکی هەرە دژواردا بەرگریی کرد و قەد تەسلیم نەبوو. کاتێک کە لە زیندان ئازاد بوو روو دەکاتە چیا و پەیوەندیی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەکات. کاتێک کە لە زیندان ئازاد کرا و گەڕایەوە ناو پەکەکە، بینی کە لەناو پەکەکەدا زۆر شت بوونەتە یاسا و ئەمیش ناڕازی بوو. بەڵام نەیدەتوانی ناڕەزایەتیی خۆی بە ئاشکرا دەرببڕێت. چوونکە ئاشکرا کردنی ناڕەزایەتیەکانی بە واتای دژایەتی کردنی ئۆجەلان دەهات و بێگومان ئەوەش دەرئەنجامەکەی بۆ چوروککایا دەبووە ئەوە کە تۆمەتی خیانەتکار بوونی دەدرایە پاڵ و دواتریش تەسفیە دەکرا. بەو هۆیەوە چوروککایا بڕیاری هەڵاتنی لە پەکەکە دا و وازی لەو حیزبە هێنا و بە نووسینی کتێبێک لەژێر ناوی “ئایەتەکانی ئاپۆ”، هەوڵیدا راستییەکانی ئۆجەلان و پەکەکە بۆ گەلی کوردستان و جیهان ئاشکرا بکات.

لەو کتێبەدا دەردەکەوێت کە پاش ئەوەی لە پەکەکە هەڵدێت، بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بگەیەنێت بە ئورووپا تووشی زۆر تەنگ و چەڵەمە دەبێتەوە، لە لوبنان بە بێ پارە و پاسپۆرت ناچار دەبێت لە شەقام و کۆڵانەکانی بەیرووتدا بمێنێتەوە. زۆرجاران لە خەیاڵی خۆیدا، کۆمەڵێک پرسیاری گرینگ دەخوڵقینێت کە مرۆڤ پێیوایە ئەگەر بەڕاستی لەلایەن پەکەکەوە بگیرابایە، عەبدولڵا ئۆجەلان هەمان ئەو پرسیارانەی لێی دەپرسی. ئێمە هەوڵ دەدەین لە چەند نووسینێکدا باسی هێندێ لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی چوروککایا لە پەکەکە و هەڵوێست و بریارەکانی ئۆجەلان بکەیەن کە نووسەر لە کتێبی “ئایەتەکانی ئاپۆ”دا ئاماژەی پێداون.

ئۆجەلان دەربارەی ئەو کادرانەی پەکەکە کەوا حیسابی کۆیلەیان بۆ دەکات، چ دەڵێت؟

ئۆجەلان دەڵێت:

“مافی قسە کردنی زۆر دەدەم بە بەندەکانم، بەڵام ناتوانن قسە بکەن، ناتوانن چەند وشەیەک بەیەکەوە کۆ بکەنەوە، زۆر گەمژەن، زۆر سووکن، هەر من قسە دەکەم و ئەوانیش گوێ دەگرن.

ڕۆژنامەنووسێکی ئافرەتی ئاڵمانی هاتە ئێرە، گوتی: ‘لە جیهاندا کەس نیە بە قەد تۆ مۆنۆلۆگ بکات’. من چی بکەم پیاوێک نیە لە بەرانبەرم بئاخڤێت. پێم گوت، کۆمەڵگەی ئیمە ئاوا بێ زمان کراوە. خۆ ئافرەتەکە نەیدەزانی من ئەوەی قسە بکات و بیر بکاتەوە بێدەنگم کردووە، پێویست بوو بێدەنگی بکەم. چوونکە خوداوەند دەیڵێت و بەندەش تەنها دەڵێت ئامین. ئەوەی بەندەی من بێت، تەنها دەتوانێت وتەی من دووبارە بکاتەوە و من بەو وشانەی کە خۆم بەکاری دێنم بەچاک وەسف دەکات. جگە لە بیرۆکە دۆزینەوە، هێنانە سەر زاری ئەوەی بیری لێکردۆتەوە، مونافیقییە. هەرخۆی من وام لە مێشکی بەندەکانم کردووە کە لە شوێنی ئەوەی بیر بکەنەوە، بیرکردنەوەکانی من دووبارە بکەنەوە. بۆیە ئەگەر بیر بکەنەوە بە هەمان جۆر بیر دەکەنەوە،  کاتێکیش کە دەنووسن بەهەمان شێوە دەنووسن، کاتێک قسە دەکەن بە هەمان جۆر قسە دەکەن. ئەوە ڕێگایەکی زۆر باشە بزانن چۆن مرۆڤەکان بە یەک جۆر دەخوڵقێندرێن. ئەوە نموونەی ئەو کۆمەڵگا یەک جۆرەیە کە هەوڵ دەدەم بیخوڵقێنم. کاتێک بیری جیاواز نەبێت، ئیدی کێشە، کێشمەکێش و شەڕە قسەش دروست نابێت. لە دژی من ئوپۆزیسیۆنیش ناخوڵقێت. من دەیلێم و ئەوان دووبارەی دەکەنەوە، ئاوا دەبێت بە بیروڕای گشتی.

با ڕوونتر باسی بکەم، من بەتاقی تەنیا بیرۆکە دەدۆزمەوە، کاتێک کە بەندەکانم هەموو بەیەکەوە دووبارەی دەکەنەوە، دەبیت بە بیروڕای گشتی، ئاوا باشترە! کاروبارەکان بەڕێوە دەچن یان نا؟ من سەیری ئەوە دەکەم، هەر خۆی پێویست ناکا، بەندە بیر بکاتەوە. بۆ مەگەر لەبەرانبەر وتەکانی خودادا بەندە بیرۆکەی هەیە؟

من یاساکانی خۆم داڕشتوون، وتوومە ئەوەی وتارەکانی من بەو وشانەی کە خۆم بەکاریان دەهێنم دووبارە نەکاتەوە، لەگەڵ شێوازی پەکەکە ناگونجێت، مونافیقە و لەسەر رێچکەی پارتیەکە نیە. بەندەکانم لەکاتی وانەی ئاکادیمیا دەتوانن بە روخسەت وەرگرتن قسە بکەن. بەو ئاواهییە قسە دەکەن کە ئەوەی من بۆیانم شەرح کردووە، دووبارە بۆ منی شەرح دەکەنەوە. ئەو ئازادیی قسەکردنەم بۆیە پێیان داوە تا قسە بکەن و خۆیان بەرەو پێش ببەن. بەڵام کاتێک من لە وانەکان بم پێویست ناکات ئەوان زۆر قسە بکەن، چوونکە ئەوەی من بۆیانم باس کردووە، ئەوان دووبارە بۆمی باس دەکەنەوە”.

ئایا پێویست دەکات زبدە بفرۆشیتە زوبدەچی؟ بیگومان نەخێر، یەکەم پایەی بوون بە خوداوەند ئەوەیە: ڕێگرتن لە بیرکردنەوەی بەندەکان، ئەوەی پێیان دەفەرمووی دووبارەی بکەنەوە و ئەنجامی بدەن. هەرکات بەندەی وات خوڵقاند، یەکەم پایەی خوداوەند بوونت بڕیوە. بۆیە من مۆنۆلۆگ دەکەم، سووکایەتییان پێ دەکەم، نزمیان دەکەمەوە، پاڵەپۆەستۆیان دەخەمەسەر و دوای ئەوەی ڕێگا لە بیرکرنەوەیان دەگرم، دەیانخەمە دۆخیکەوە کە تەنها قسەکانی من دووبارە بکەنەوە و دەیانکەم بە بەندە. بێگومان ئەوەی بەلای ڕاست و چەپدا بڕوات دەیانکەمە پەیڕەوکردنەوە”.

پوستێن ھەمان بەش