ژن لەناو پەکەکەدا ـ 3

ژن لەناو پەکەکەدا ـ 3

 “میژووی کوردستانیش وەکوو هەموو بابەتەکانی دیکەی گرێدراو بە کوردستانەوە، لەلایەن پارتی کرێکارانەوە چەواشە دەکرێت”.

پارتی کرێکاران هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە، لەژیر درۆی زلی وەکوو ئازادیی ژن، حورمەتی ژن، خەت و سەردەست کردنی ژن و زۆر درۆی دیکەی هاوشێوە، کچ و ژنانی کوردی فریو داوە. ئەو حیزبە، ژنی کوردی بۆخۆی کردۆتە ماتریاڵێک و تەنها لە ڕاستای بەرژەوەندیەکانی خۆیدا، بەکاریان دەهێنێت و پروپاگاندایان پێوە دەکات.

“ژن لەناو پەکەکەدا” ناونیشانی کتێبێکە کەوا نەژدەت بۆڵدان بە زمانی تورکی نووسیویەتی و لەلایەن هۆشەنگەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. “ژن لەناو پەکەکەدا” ساڵی 2022 بڵاو کراوەتەوە.

لەو کتێبەدا بەسەرهاتی راستەقینەی 10 ژن بڵاو کراوەتەوە کە لە پەکەکە دابڕاون. ئێمە لە زنجیرە وتارێکدا هەوڵ دەدەین بە کورتی ئەو چیرۆکانە بۆ ئێوە خوێنەرانی بەڕێزی “دارکا مازی” بگێڕینەوە.

درێژە بە چیرۆکی نەوال دەدەین

“نەوال” کچێکی خەڵکی شاری “وان”ی باکووری کوردستانە. ئەویش وەکوو هەزاران کچی دیکەی کورد بەهۆی عیشق بە نیشتمانی شیرینەوە، تێکەڵ بە پەکەکە بوو. بەڵام هەر لە یەکەم رۆژەکانەوە و کاتێک کە ڕووی ڕاستەقینەی ئەو حیزبەی بۆ دەردەکەوێت، تووشی شۆکێکی گەورە دەبێت. حیزبێک کە بەناوی خەبات لەپێناو کوردستاندا دژایەتی کورد و کوردستان دەکات.

لە بەشی دووەمدا نەوال باسی چەواشەکاریەکانی پەروەردەی کرد کەوا چۆناوچۆن بەڕێوەبەرانی پەکەکە هەموو شتێک بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان بەوان دەقەبووڵێنن. نەوال دەڵێت سەرەڕای ئەوەی کە لە خولەکاندا پێیان دەگوتین پێشمەرگە دوژمنە و پەدەکە تەمسیلی ئیمپریالیزم دەکات، مێژووی کوردستانیش بەتەواوی چەواشە دەکرا و بەپێچەوانە پیشان دەدرا.

پەکەکە چۆناوچۆن مێژووی کوردستان بۆ کادرەکانی خۆی باس دەکات

نەوال دەربارەی یەکەمین درۆی پەروەردە دەڵێت: “من بەر لەوەی کە تیکەڵ بە پەکەکە بم، زۆر شتم لەسەر میژووی کوردستان دەزانی. لەو ساڵانەدا کە من لەناو پەکەکەدا بووم، لە ڕاستیدا سەبارەت بە مێژووی ڕاستەقینەی کوردستان نە وانەیەکمان خوێند و نە هیچکەسێکیش شتی نووسی. لەبەر ئەوەی کە هیچ کتێبێک لەسەر مێژووی کوردستان لە ناو ئەو حیزبەدا نەبوو”.

نەوال لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “من ناتوانم هیچ شتێک لەسەر مێژووی کوردستان باس بکەم. لە خولە پەروەردەییەکاندا هیندێک وانەی بێ واتا بۆ ئێمە باس دەکران. هەرکات بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە خولەکاندا ئەو وانانەیان پێدەگوتین، ئێمە خەو دایدەگرتین، لەبەر ئەوەی شتێکی وەها گرینگیان باس نەدەکرد و تەنها ئەو شتانەیان دووپات دەکردەوە کە حیزبەکە دەیهەویست ئێمە بیزانین”.

میژووی کوردستانیش وەکوو هەموو بابەتەکانی دیکەی گرێدراو بە کوردستانەوە، لەلایەن پارتی کرێکارانەوە چەواشە دەکرێت. لە ڕوانگەی پەکەکەوە مێژووی کوردستان لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە ئەو حیزبە دامەزراوە. پەکەکە سەرجەم خەبات و شۆڕشەکەنی سەدەی ڕابردووی کوردەکان و هەروەها ئەوانەی زۆر کۆنتریش رەد دەکاتەوە. پارتی کرێکاران سەرجەم ڕێبەرانی کورد بە درێژایی مێژوو، بە سیخوڕی ئینگلیزیەکان دادەنیت و هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ میژوویەکی درۆ و چەواشەکارانە بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆی لە خولە پەروەردەییەکاندا، فێری گریلاکانی دەکات.

لە بەشی داهاتوودا ئێمە باس لە 21 ڕۆژ شەڕی پەکەکە و پەدەکە دەکەین. نەوال ئەو زانیاریانە دەگێڕێتەوە کە بەچاوی خۆی لە مەیدانی شەڕەکەدا بینوونی.

پوستێن ھەمان بەش