ژن لەناو پەکەکەدا ـ 4

ژن لەناو پەکەکەدا ـ

ئۆجەلان لەسەر شەڕی 21 ڕۆژەی پەکەکە دژ بە هەرێمی کوردستان دەیگوت: “ئەوەی کە ڕوویدا، هەڵەیەک بوو”.

لەناو پارتی کرێکاراندا ژنان زیانێکی هەرە گەورەیان بەرکەوتووە، ئەو حیزبە لەژێر ناوی بەرخۆدان و کوردستانی شیریندا ژنان هەڵدەخەڵەتێنێت، سازمانیان دەدات و دواتر وەکوو ئامرازێک لە ڕاستای بەرژەوەندییە تەسکە حیزبیەکانیدا بەکاریان دەهێنێت. ئەوە یەکێک لە سیاسەتە سەرەکیەکانی پارتی کرێکارانە.

 “ژن لەناو پەکەکەدا” ناونیشانی کتێبێکە کەوا نەژدەت بۆڵدان بە زمانی تورکی نووسیویەتی و لەلایەن هۆشەنگەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. “ژن لەناو پەکەکەدا” ساڵی 2022 بڵاو کراوەتەوە.

هەروەک لە بەشەکانی پێشووشدا ئاماژەمان پێکردووە، لەو کتێبەدا بەسەرهاتی راستەقینەی 10 ژن بڵاو کراوەتەوە کە لە پەکەکە دابڕاون. ئێمە لە زنجیرە وتارێکدا هەوڵ دەدەین بە کورتی ئەو چیرۆکانە بۆ ئێوە خوێنەرانی بەڕێزی “دارکا مازی” بگێڕینەوە.

شەڕی 21 رۆژە لە دژی پارتی و یەکێتی

“نەوال” کچێکی خەڵکی شاری “وان”ی باکووری کوردستانە. ئەویش وەکوو هەزاران کچی دیکەی کورد بەهۆی عیشق بە نیشتمانی شیرینەوە، تێکەڵ بە پەکەکە بوو. بەڵام هەر لە یەکەم رۆژەکانەوە و کاتێک کە ڕووی ڕاستەقینەی ئەو حیزبەی بۆ دەردەکەوێت، تووشی شۆکێکی گەورە دەبێت. حیزبێک کە بەناوی خەبات لەپێناو کوردستاندا دژایەتی کورد و کوردستان دەکات.

لە بەشی سێهەمدا نەوال باسی لەوە کردبوو کە میژووی کوردستانیش وەکوو هەموو بابەتەکانی دیکەی گرێدراو بە کوردستانەوە، لەلایەن پارتی کرێکارانەوە چەواشە دەکرێت و پەکەکە کادرەکانی خۆی لەسەر مێژوویەکی چەواشە پەروەردە دەکات. لەم بەشەدا نەوال چیرۆکی شەڕی 21 ڕۆژەی پەکەکە دەگێڕێتەوە کە لە ساڵانی نۆهەتەکاندا پارتی کرێکاران لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەی برد.

موراد قەرەیەڵان نەیدەویست کۆتایی بە شەڕەکە بهێندرێت

نەوال دەڵێت: “شەڕی پەکەکە لە دژی پارتی و یەکێتی، بۆماوەی 21 ڕۆژ بەردەوام بوو. دواتر ڕێکەوتنێک کرا و فەرمان هات کەوا سەنگەرەکانی شەڕ چۆڵ بکەین. زۆرێک لە فەرماندەکانی ئەوکاتی ئێمە دژی ڕاگرتنی شەڕ بوون و دەیانگوت ئێمە قوربانیەکی زۆرمان داوە و نابێ شەڕ رابگیرێت. لەوکاتەدا فەرماندەکەی ئێمە لە ڕێگای بێتەلەوە دۆخەکەیان بۆ ئۆسمان ئۆجەلان باس دەکرد و ئۆسمان ئۆجەلانیش پێی ڕاگەیاندن کە هەر سێ بڕیارگەی پەکەکە لە باشووری کوردستان، قبووڵیان کردووە کە شەڕەکە ڕابگیرێت و لە ئێستادا تەنها هەڤاڵ جەماڵ ناڕازیە و ئاستەنگیمان بۆ دروست دەکات”.

هەروەها دەستنیشانیشی دەکات کە “لەکۆتاییدا هەموو فەرماندەکانی ئێمەش ناچار بوون کە ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەن. لەو کاتەدا بەشێوەیەکی بەپەلە دەست بە ڕێکخستنەوەی کادرەانی پەکەکە کرا و بەشێک لە هێزەکان رەوانەی کەمپی “زەلێ” کران و بەشێکی دیکە دەربازی هەرێمی خواکورک بوون”.

نەوال لە درێژەدا دەشڵێت: “بە ڕەزامەندیی یەنەکە، زۆربەی هەرەزۆری هێزەکانمان بە ئوتۆمبێل گوازرانەوە بۆ کەمپێ زلێ و من باشم لەبیرە ئەوکاتە لە هێندێ ناوچەدا ڕاوەستاین و خەڵکی دەڤەرەکە بەشێوەیەکی سەیر لێیان دەڕوانین. ڕاستە کە شەڕی کورد لەگەڵ کورد بوو، بەڵام ئێمە تووشی شکستێکی گەورە هاتبووین، ئەوەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئیمە دانابوو. جارێکیان لە گوندێک ڕاوەستاین و لە مزگەوتی گوندەکە ماینەوە و داوا لە خەڵکی گوندەکە کرا تاوەکوو یارمەتیمان بدەن. گرفتی گەورەمان زۆر هەبوو، بەڵام گەورەترین و جیددیترینیان گرفتی نان بوو. ئێمە هەموو برسی بووین و نان نەبوو بیخۆین. دواتر گەیشتینە کەمپی زەلێ، دۆخێکی زۆر خراپمان هەبوو. لەوکاتەشدا ئۆجەلان دەیگوت: “ئەوەی کە ڕوویدا، هەڵەیەک بوو. ئەگەر ژەهریش بووبێت ئیدی تێپەڕی و پێویستە ئێمە خۆمان بۆ دواڕۆژ ئامادە بکەین”.

ناکۆکیەکانی نێوان 3 بڕیارگەکەی پەکەکە لە باشووری کوردستان

نەواڵ دەبێژێت: “لە کەمپی زەلێ بە سکی برسی و لەو دۆخە نالەبارەدا، حیزب خولێکی پەروەردەیی کردەوە. لەکاتێکدا کە بە عالەمی ئاشکرا دیار بوو رەوشەکە چەندە خراپە، ناکۆکیی نێوان بڕیارگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستانیش پەرەیان سەندبوو، هاوکات ناکۆکی و ململانی نێوان کادرەکانی باکوور و ڕۆژئاڤای ناو پەکەکەش قووڵتر ببوونەوە”.

لە بەشی داهاتوودا باس لە یەکەمین کۆنفرانسی ژن لەناو پەکەکەدا دەکەین و ئاماژە بەوە دەکەین کە بۆچی ئۆجەلان ئەو کۆنفرانسەی رەد کردبۆوە.

پوستێن ھەمان بەش