“دووران تەنها پرسیارێکم لە تۆ هەیە: لەو کاتەدا ئیبراهیم ئایدن بۆچی سەردانی ئێوەی کردبوو؟”
سمکۆ عەبدولعەزیز
لە چلەمین ساڵوەگەڕی دەستپێکردنی شەڕی چەکداریی پارتی کرێکاران و دامەزراندنی “H,R,K”دا کە ئەمڕۆکە ناوی “HPG”ی لەسەرە، دووران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە لە میدیای حیزبەکەیدا دەرکەوت و باسی لە هێندێک بیرەوەری کرد. کاڵکان لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتی: “ئەوکاتیش هەر وەک ئێستا تەنها پەدەکە بە پشتگیریی دەوڵەتی تورک هێرشیان دەکردە سەر ئێمە”.
کاتێک ئەوەم خوێندەوە، مات و حەیران مام و ئەو پەندە کوردیەم وەبیر هاتەوە کە دەڵێت: “بێ نان و خوێ یان بێ ئەختوبار”.
عەباس ئەفەندی، هەرکەسی دیکە ئەو قسەیەی گوتبا، زاتی تۆ نەدەبوو گوتبای. لەوکاتەدا من بۆخۆم لەوێ بووم و ئیوەش هەبوون. ئێمە نان و ئاوێکمان پێکەوە خواردووە. لەبیرت دێت کاتێک کە نەتدەزانی بە کوردی قسە بکەیت و من پێم گوتی “هەڤال لەبەرچی بە کوردی قسە ناکەیت؟” وەرگیڕێک قسەکانی منی بۆ تۆ وەرگێڕایەوە و تۆش بە تورکی وەڵامت دایەوە کە “من کورد نیم، من تورکم، تۆ هێشتا منداڵی و هیچ لە سیاسەت تێناگەی”. من ئەو قسانەی تۆم باش لەبیرە و هەست دەکەم بۆخۆیشت لەبیرت مابێت.
واز لە زمانی کوردی بهێنین عەبباس، ئایا تۆ دوخێنی شواڵەکەی خۆتت لەبیر کردووە کاتێک کە تۆ بە بێ دۆخین بەسەر شانی خۆتت دابوو و بەردەوام لێت بەردەبوویەوە و بە ناچاری قایشێکت لەسەر شەرواڵە کوردیەکەت بەستبوو، تا ئەوکاتەی کە من دوخێنم بۆت کڕی.
بەڵی تۆ و ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکەت باش دەزانن لەو کاتەدا واتە ساڵی 1983، کاتیک کە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر لوبنان و ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبەکەی تۆ لەو هێرشانەدا کوژران و بریندار بوون و ژیانی ئۆجەلان کەوتبووە مەترسیەوە و ترس و لەرز دایگرتبوو و هەروەها دواتریش کاتێک کە ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبەکەتان بە دیلی کەوتنە دەست ئیسرائیل، عەبدولڵا تەنها بیری لە هەڵاتن دەکردەوە و ناوی بەرخۆدانیشی لەسەر هەڵاتنەکەی دانا. باشترین بیرۆکەیەک کە بە زەینی عەبدوڵڵادا هات ئەوە بوو کە پەیوەندیی بە ئێرانیەکانەوە بکات و پێیوابوو ئێران دەبێتە باشترین پەناگە بۆی چوونکە ئێران و ئیسرائیل دوژمنایەتییان هەیە. ئەوە بوو کە بە نوینەرایەتی عەبدوڵ ئۆجەلان دوو کەس بەناوەکانی “محەممەد قەرەسەنگور” و “عەگید” بە فڕۆکەیەکی سووری لە دیمشقەوە ڕۆیشتنە تاران و ئامانجی سەردانەکەش بریتی بوو لە:
ئامانجی یەکەم: دروست کردنی پەیوەندیی لەگەڵ ئێران
ئامانجی دووەم: دروست کردنی پەیوەندیی لەگەڵ پەدەکە
ئەو کەسانە لە سەردانەکەیاندا توانیان ئەو دوو ئامانجە دەستەبەر بکەن. پەیوەندیی نێوان ئێران و پەکەکە دەستیپێکرد و لەوکاتەوە هەتا ڕۆژی ئیمڕۆ جەمیل باییک سەرپەرشتیی ئەو پەیوەندیە دەکات.
لە ئاداری 1983دا پەدەکە رەزامەندیی دەربڕی بۆ ئەوەی باڵی سەربازیی پەکەکە لە باشووری کوردستان خۆی رێکبخات و پەدەکە بڕیاری دا کە بە هەموو شێوەیەک بەتایبەتی لەبواری سەربازی و لۆجستیکیەوە، هاوکاریی پەکەکە بکات. تۆ بۆخۆت باش دەزانی کە ئێوە بە خێری سەری پەدەکە و پێشمەرگەکانی کوردستانەوە فێری شەڕی گەریلایەتی بوون. تۆ باش دەزانی پاش ئەو ڕێککەوتنە، ئۆجەلان بڕیاری رەوانە کردنی هێزێکی گەریلای بە سەرپەرشتیی “کالکان، سلێمان و تەرزی جەمال” کە هەمووتان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوون، دەرکرد. ئاغا عەبباس لەبیرت دێت بەرلەوەی کە خۆتان سازمان بدەن، عەبدولی ئۆجەلان کۆبوونەوەیەکی بۆ گرتن و لە کۆبوونەوەکەدا پێی گوتن: “باش بزانن و خۆتان گێل مەکەن، ئەو پەیمانەی ئێمە لەگەڵ پەدەکە لەڕووی ناچاریەوەیە و هەربۆیە پەیمانێکی کاتی دەبێت، هەتا ئەوکاتەی کە ئێمە سەقامگیر دەبین. پێویستە لەسەرتان کە زۆر وشیار بن و نەکەونە ژێر کاریگەریی بنەماڵەی بارزانی، چوونکە بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە هێزیکی وشیار و خاوەن ئەزمون و فێڵباز و پیلانگێڕن”.
لەو بڕوایەدام کە ئەو قسانەی عەبدوڵیت هێشتا لەبیر مابن و وەکوو زەنگۆڵەی دەواران، دەنگەکەی هێشتا لە مێشکی تۆدا بزرینگێتەوە.سەیرێکی خۆتان بکەن، لەوکاتەوە هەتا ئێستا ئێوە عەینی شتن و زۆر غەددارن.
دووران کاڵکان ئایا لەبیرت چۆتەوە کە لەژێر سایەی پەدەکە و بە پشتگیری پەدەکە بوو کە بەمشێوەیە خۆتان دابەش کرد:
دوران کاڵکان مەگەر تۆ هێزەکەی خۆتت لە زاپ دانەنا؟
ئایا لەبیرت چۆتەوە کە لە ساڵی 1983 هەتا 14/5/1984، تاقە یەک فیشەکیشتان نەتەقاند؟
دووران تەنها پرسیارێکم لە تۆ هەیە: لەو کاتەدا ئیبراهیم ئایدن بۆچی سەردانی ئێوەی کردبوو؟