بەسەرهاتی ئۆرهان ئایدن واقعییەتی پەکەکە دەردەخات و کورتە چیرۆکێکی مێژووی ڕاستەقینەی پەکەکەیە.
کاغەز تورنوسۆل واتە “کاغەز لیتمۆس/Litmus Paper”، ڕێژەی ئەسیدی ناو ماددە دەپێوێت. ئەگەر کاغەز تورنوسۆلێک بکەین بەناو ماددەیەکی شلدا، ڕەنگی کاغەزەکە بەپێی ئەو ڕێژە ئەسیدەی کە لە شلایەتیەکدا بوونی هەیە، گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بە واتایەکی دیکە کاغەز تورنوسۆل راستیی ماددەکە دەستنیشان دەکات. هێندێک ڕووداو هەن کە وەکوو تاقیکردنەوەی تورنوسۆلێن، کاتێک باسیان دەکرێت، ڕاستیەکە ئاشکرا دەبێت.
بەسەرهاتی “ئۆرهان ئایدن”یش وەکوو کاغەز تورنوسۆلە. بەسەرهاتی ئۆرهان ئایدن بۆ پەکەکە وەکوو تورنوسۆلە، بە گێڕانەوەی چیرۆکی ئۆرهان ئایدن، ڕووی ڕاستەقینەی پەکەکە و ئۆجەلان دەردەکەوێت. ئەگەر باس لە بەسەرهاتی ئۆرهان ئایدن بکەین، بۆ مان دەردەکەوێت کە چۆناوچۆن پەکەکە ئەو ئەفسانە مەزنەی، بێواتا کردووە و بە زوڵم و زۆرداری لەناوی بردووە. هەرکەس بەسەرهاتی ئۆرهان ئایدن ببیستێت یەکسەر تێدەگات کە پەکەکە چەندە بێویژدان و بێوەفایە. کاتێک کە بەسەرهاتی ڕاستەقینەی ئۆرهان ئایدن دەبیستین بەتەواوی لە هۆکاری چەواشەکردنی میژوو لەلایەن پەکەکەوە تێدەگەین.
بەسەرهاتی ئۆرهان ئایدن بۆچی ئەوەندە گرینگە؟ لەبەر ئەوەی کە ئۆرهان ئایدن خەباتگێڕ و کۆڵنەدەر بوو و لە دژی فاشیزمی 12ی ئەیلوول بەرخۆدانێکی مەزنی ئەنجامدا. ئۆرهان ئایدن ڕەگ و ریشەی دوژمنی دەرهێنا. دەوڵەتی تورک سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕیەوە. ئۆرهان ئایدن سەرەڕای لەسێدارەدان، گۆڕەکەشی ون کرا. شوێنی گڵکۆکەی ئۆرهان ئایدن دیار نیە و بۆیە هیچکەس ناتوانێ گوڵێک لەسەر گڵکۆکەشی دابنێت و بڵێت: “ئەوە خەباتگێڕی ئەفسانەیی ئێمە بوو، کوڕی ئەم گەلەیە و سۆمای چاوی ئێمەیە”. ئۆجەلان ئۆرهان ئایدنی لە لوبنان کوشت، لەراستیدا خنکاندی و تەرمەکەشی هاویشتە ناو بەرمیلێک ئەسید و تەنانەت ئێسکەکانیشی نەمان.
ئۆرهان ئایدن کێیە؟
ئۆرهان ئایدن لاوێکی باڵا بەرزی ڕەشتاڵە و کەڵەگەت و جوان چاک بوو. لە ساڵی 1958دا لە چەولیک لەدایک ببوو، کاتێک کە هێشتا ئەو منداڵ بوو، بنەماڵەکەی بەرەو ئامەد کۆچیان کردبوو. ئەو براگەورەی 6 برا و خۆشک بوو کە لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی ئامەددا گەورە بوو. ژیریەکەی بەرچاو بوو، وەکوو ئامێری بیرکاری ورد و دەقیق بوو. کەم قسەی دەکرد بەڵام کاتێک کە دەدوا وەکوو فەیلەسووفێک دەدوا. لە خوێندنگای مامۆستایەتی دێرسیمدا دەرسی دەخوێند و هەر لەوێ لەگەڵ ئەندامانی پەکەکە پەیوەندیی دامەرزاند.
یەکێک لە ئەندامە سەرەتاییەکانی پەکەکەیە لە ئامەد و لەساڵی 1975دا و بەر لە دامەزراندنی پەکەکە تێکەڵ بە گرووپی یەکەم ببوو. ئەو لە ئامەد کەسێکی دیار و ناسراو بوو. لە ساڵی 1976دا پارتی کۆمۆنیستی تورکیە گوللـەیەکیان لە لاقی دوران کالکان دا و برینداریان کرد. بۆ تۆڵەسەندنەوەی کاڵکان چالاکیی چەکدارانەی دژ بەو حیزبە ئەنجامدا. هەم لێکۆڵینەوەی تیئۆریکی ئەنجام دەدا و هەمیش خۆی فێری شەڕی چەکدارانە دەکرد. بۆ ئەوەی کە پارە بۆ حیزبەکەی کۆ بکاتەوە، لە بەشی بیناسازیدا کرێکاریی دەکرد.
بۆ یەکەمجار لە مانگی چلەی ساڵی 1979دا دەستبەسەر کرا. ئۆرهان بە لەبەرکردنی کراسی ژنێک توانی لە زیندان هەڵبێت، بەڵام دوای مانگێک جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە. زۆر بەتوندی ئەشکەنجە درا و لەکاتێکدا کە هێشتا لە بەندیخانەدا بوو، پێشبینیی کودیتا سەربازیەکەی 12ی ئەیلوولی تورکیای کردبوو و گوتبووی: “دەوڵەت من لەسێدارە دەدات”.
مەزڵووم دۆغان، ئۆرهان ئایدن وەکوو ڕەمزی بەرخۆدان پێناسە دەکات
لەکاتی دەستبەسەرکردنەکەیدا زۆر بە توندی ئەشکەنجە درا. بەرخۆدانێکی گەورەی لەخۆی پیشاندا و ئامادە نەبوو ناوی تاقە یەک کەس بدرکێنێت. لە دادگاشدا بەرگریی سیاسیی کرد. لە 5ی مژداری 1980دا بەناو دادگای تورکیا سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئۆرهان ئایدندا سەپاند و ئۆرهان بە هێمنی سزاکەی وەرگرت و لەکاتی خوێندنەوەی سزاکەیدا بە دەنگێکی بڵیند و دلێر دروشمەکانی “بژی کوردستانێکی سەربەخۆ و دیموکراتیک، بمرێ کۆلۆنیالیزم”ی دەگوتەوە.
دوای دیاری کردنی سزاکەی لەلایەن بەناو دادگاوە، ئۆرهان رەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا و چاوەڕێی ڕۆژی لەسێدارەدانی دەکرد. کاتێک کە بەناو دادگای تورکیا سزای لەسێدارەدانی بۆ ئۆرهان بڕیەوە ئەو تەمەنی تەنها 22 ساڵ بوو.
بەڕادەیەک بەرخۆدانی کرد کە مەزڵووم دۆغان، یەکێک لە کادرەکانی پەکەکە وتارێکی دەربارەی ئۆرهان ئایدن نووسی و گوتی: “بەرخۆدانی ئۆرهان ئایدن دکرێ هەمووکات وەکوو مەشخەڵێک ڕێگای ئێمە رووناک بکاتەوە”. مەزڵووم دۆغان گوتیشی: “پێویستە ئێمە بەرخۆدانەکەی ئۆرهان ئایدن لە دژی زوڵم بۆخۆمان بکەین بە نموونەیەک”.
لەو سەردەمەدا کودیتای 12ی ئەیلوول روویدا و بوو بە هۆکاریک بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی وەحشیگەری لە زیندانەکانی تورکیادا. ئۆرهان ئایدن لەسێدارە نەدرا بەڵام بەشێوەیەک ئەشکەنجە درا کە لە لەسێدارەدان خراپتر بوو. ئۆرهان ئایدن بوو بە پێشەنگی زیندانیان ئامەد لە دژایەتیکردنی ئەو رێکارە هۆڤانانەی کە لەهەمبەر زیندانیەکان رەچاویان دەکرد و لە ئاداری 1982دا یەکەم کەس بوو کە بەڕۆژووبوون هەتا مردنی دەستپێکرد. چەندە حەیف و بە ئازارە کە یەکێکی دیکە لە پێشەنگەکانی بەڕۆژووبوون هەتا مردن واتە محەممەد شەنەریش وەکوو ئۆرهان ئایدن لەلایەن پەکەکەوە کوژرا.
ئۆرهان پێشەنگایەتیی هەموو بەرخۆدانی زیندانی ئامەدی دەکرد. لە ساڵی 1988دا بۆ زیندانی مەلەت گوازرایەوە. لەوێش ئەگەرچی دوور بوو لە هەڤاڵەکانی بەڵام دیسانیش دەستی لە بەرخۆدان هەڵنەگرت. بە تاقی تەنها خۆی مابوویەوە، ڕۆحی ئیدی توانای تەحەمول کردنی ژیانی نەمابوو. تووشی هێندیک گرفتی دەروونی هات و بەردەوام پێی وابوو کە دوژمن گوێی لێ ڕادەگرێت و بەدوایدا دەڕوات.
دەوڵەتی تورک لەبەر باشتر کردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ یەکیەتیی ئەورووپادا سزای لەسێدارەدانی ڕاگرتبوو، بەڵام سزاکە بەتەواوی هەڵنەگیرابوو. لە ساڵی 1991دا بەهۆی بڕیاری عەفووێک بەناوی “ئۆزال” لە زیندان ئازاد کرا. لە مردن ڕزگاری بوو، بەڵام جوانی و ڕۆحەکەی ئیدی نەیاندەتوانی خۆیان لەبەر ئازاری بەسەرهاتەکەی ڕابگرن. لەسەر داوای بنەماڵەکەی نەشتەرگەریی بۆ کرا. ئەو دەیگوت بەپێی پزیشکەکان “بەهۆی ئەشكەنجەدانەوە، تووشی شیزۆفرینی بووە”. پاش نەشتەرگەریەکە چاک بوو. پاش ئەوەی کە رەوشەکەی تۆزێکی دیکە باشتر بوو، گوتی “پێویستە من بڕۆمە چیا، من دەڕۆمە لای هەڤاڵەکانی خۆم”. پەیوەندییەکی دروست کرد و ڕۆیشتە لوبنان. لەوێیەوە ئیدی چارەنووسی تاڵی ئۆرهان دەستیپێکرد.
بەرگریکارانی زیندانەکان یەک بە یەک لەناوبران
ئۆرهان گەیشتە دیمشق و لەوێ ناوی “هێژا کەڤر”ی لەسەر خۆی دانا. زۆرێک لە هەڤاڵەکانی کە وەکوو ئەو لە زینداندا ئازاد کرابوون، لە دیمشقدا بوون. دیارە هەروەکوو چۆن ئەو زیندانیانە لەهەمبەر کردەوەکانی ئۆجەلاندا حەپەسابوون، ئۆرهانیش وای لێهات. ئەو ئۆجەلانەی کە وەکوو هاوڕێ دەیانناسی، ئیدی ببوو بە سەرۆک ئاپۆ. ئۆجەلان بەرخۆدانەکانی زیندانی وەکوو کارێکی بچووک دادەنا و گوتی ئێوە بۆ نان، مانتان لە خواردن گرتووە. هەروەها دەیگوت کە خەباتی زیندان خەباتێکی عاتیفییە. بەو نزیکبوونانەی لە ئاپۆ، تارڤمای ئۆرهان هیشتا قووڵتر دەبوو. ئەگەرچی باری تەندروستیشی باش نەبوو و پێویستیی بە پشتگیریی دەروونی هەبوو، بەڵام رەوانەی بۆتانیان کرد. لەوێ دیسان شیزۆفرینیەکەی سەریهەڵدایەوە. دواتر ئۆرهان گەڕێندرایەوە بۆ دیمشق.
پەکەکە یەکێک لە هاوزیندانیەکانی ئۆرهانی کوشتبوو، ئەوە بۆ ئۆرهان زەربەیەکی قورس بوو. ئۆرهان زۆر خەمگین بوو، لە دژی ئاپۆ دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد. ئۆجەلان زۆر لە ئۆرهان دەترسا، چونکە ئەو بە بێ ترس رەخنەی لە ئۆجەلان دەگرت. لەو کاتەدا زیندانیی دیکەش لە دیمەشقدا هەبوون. ئۆجەلان نەیدەتوانی بە ئاسانی بەڵایەک بەسەر ئۆرهاندا بهێنێت، بەڵام هەر لەوکاتەوە چاوەڕێی دەرفەتێک بوو.
نە ئۆجەلان و نە بەڕێوەبەریی پەکەکە، بارودۆخی دەروونی ئۆرهانیان لەبەرچاو نەدەگرت و نەیاندەناردە نەخۆشخانە. ئاپۆ ئۆرهانی لەم ماڵەکەوە دەگواستەوە بۆ ئەو ماڵەکە. ئۆجەلان بەردەوام دەیگوت: “ئەو لەپێش چاوی من دوور بخەنەوە”. لەلایەکی دیکەوە ئۆرهان هەرکات ئۆجەلانی دەبینی ڕەخنەی لێدەگرت. ئەگەرچی باری دەرونیی باش نەبوو بەڵام ئەو ڕەخنانەی لە ئۆجەلانی دەگرتن، هەموویان راست و دروست بوون.
لە تەمووزی 1994دا دوایین تەعلیمات بۆ ئۆرهان دەرکران. تەعلیماتەکە کوشتنی ئۆرهان بوو. شۆفێرەکەی ئۆجەلان، کەسێکی خەڵکی “قامیشلوو” بوو بەناوی “حەمید”، ئەو هەموو پیلانەکەی داڕشت. بە ئۆرهان گوترا با بڕواتە لوبنان و لەوێ هەوای پاک هەڵبمژێت. جگە لە حەمید کە لەو سەردەمەدا سەرجەم کردەوە قێزەونەکانی ئۆجەلانی جێبەجێ دەکرد، دوو کەسی دیکە بەناوەکانی “دەلیل ئامەد” و “ئەحمەد کۆبانێ”ش لە ئوتۆمبێلەکەدا بوون.
ئۆرهانیان بردە کارگەی مەشگال واتە شوێنی پاک کردنەوەی میوە لە بەرلاس. لەوێ کەسانێک هەبوون کە لەلایەن پەکەکەوە سزا درابوون. هەرکام لەو زیندانیانە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕان بۆ ئەوەی خۆیان بە پەکەکە ئیسبات بکەن و لە رەخنە رزگاریان بێت. هیچکەس لەوی ئۆرهانی نەدەناسی. بانگیان لە دوو گەنج کرد و گوتیان: “ئەو کەسە سیخوڕە و بۆ دەرمانخوارد کردنی سەرۆک نێردراوە و دەبێ سزا بدریت”. دوو کەسی خەڵکی ڕۆژئاڤا ئۆرهانیان خنکاند. لە مەخزەنی کارگەکەدا بەرمیلێکی ئەسیدی لێبوو، ئەوانەی کە لەوێ لەناو دەبران، دەهاویشترانە ناو بەرمیلە ئەسیدەکە. ئۆرهانیشیان خنکاند و هاویشتیانە ناو بەرمیلە ئەسیدەکەوە.
یەکێک لەو کەسانەی کە فەرمانی کوشتنی ئۆرهانی جێبەجێ کرد کەسێک بوو بەناوی “حەمید قامیشلوو” کە سالێک دواتر لەبەر ڕەخنە گرتن لە ئۆجەلان رەوانەیان کرد بۆ چیا و لەساڵی 2001دا لە قەندیل لە پەکەکە جودا بوویەوە ولە ئێستادا نیشتەجێی ئەرووپایە.
دەلیل ئامەد، خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانە و بە بنەماڵەوە تێکەڵ بە پەکەکە بووە. هاوژینەکەی بەناوی مزگین ئامەد (ئاینور هۆلاکۆ) لە ئێستادا ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەورووپای پەکەکەیە و لە پاریسدا دەژیت. دەلیل ئامەد بە پاسپۆرتی عێراقیەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاری دیپلۆماسی دەکات و لەبەر کردەوە قێزەونەکانی خۆی و ئەو کوشتنانەی کە ئەنجامی داون، بە بێدەنگی کار دەکات. لەم دواییانەدا ڕاگەیەندرا کە ئەو لە قاهیرە یان لە بەیرووتدا دەژیت.
ئەحمەد کۆبانێ زۆر کردەوەی قێزەونی بۆ پەکەکە ئەنجامداون و لەو کردەوانەی دەترسا. لەم دواییانەدا کاتێک کە دەیهەویست لە پەکەکە ڕابکات، پێیانزانی و کوشتیان.
هەڤاڵەکانی ئۆرهان بێدەنگ مان و لاڵ بوون
کاتێک کە ئۆرهان کوژرا، دووران کاڵکان بەرپرسی خوێندنگەی ناوەندی پەکەکە بوو لە دیشمق. ئۆرهان ئەو کەسە بوو کە لە ساڵی 1976دا لە وەڵامی بریندارکردنی کاڵکاندا چالاکیی ئتۆڵەسەندنەوەی ئەنجامدا. دووران کاڵکان ئۆرهانی باش دەناسی. ئەو دەیزانی کە ئۆرهان دەکووژرێت، بەڵام بێدەنگەی لێکرد.
ماوەیەکی کەم پاش ئەوەی کە ئۆرهان کوژرا، مستەفا قەرەسوو لە ئەورووپاوە گەڕایەوە بۆ دیمشق. مستەفاش بیستی کە ئۆرهان کوژراوە بەڵام ئەویش بێدەنگەی لێکرد. قەرەسوو کە داوای مافپەروەری، حقووق و سۆسیالیزمی لە هەموو کەس دەکرد و کەسێک کە لە بەڕۆژووبوون هەتا مردن لەگەل ئۆرهاندا بوو و بە چاوی خۆی ئازایەتیی ئەوی بینیبوو، لەهەمبەر کوشتنی ئۆرهان بە تەعلیماتی ئۆجەلان بێدەنگ بوو.
“فوئاد کاڤ” یەکێک لە هاوڕێیانی ئۆرهان لە زینداندا کە لەئێستادا لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتیەکان هەوڵ دەدات هەموو ئەو کەسانەی کە لە ئەورووپا دەژین کۆنترۆڵ بکات، بۆ ڕۆژێک لە ڕۆژان نەیگوت ئۆرهان لەبەرچی کوژرا؟
هەڤالەکانی ترسان و بێدەنگ بوون، ئەوان بە دزیکەوە دەیانگوت “ئەوەی کە ئەفسانەیەکی وەکوو ئۆرهان بکووژێت، دەتوانێ ئێمەش بکووژێت”.
ئۆرهان ئەفسانەیەک بوو کە لە ساڵانی 1980 و 1990دا لەناو گەلدا وەکوو ڕەمز سەیر دەکرا. ئەو ڕۆڵەی خەڵکی ئامەد بوو. گەلی کورد ئێخەی ئۆجەلانیان نەگرت و پێیان نەگوت “تۆ بۆچی ڕۆڵە ئازا و قارەمانەکەی ئێمەت کوشت؟” ئۆرهانێک کە بۆ شەرەف و کەرامەتی خەڵک زۆر ئێش و ئازاری چیشتبوو.
ئۆرهان نەک لەبەر نەخۆشییە دەروونیەکەی، بەڵکوو لەبەر ئەوە تیرۆر کرا کە رەخنەی لە ئۆجەلان دەگرت
بەڵێ ئۆرهان لە تراڤمایەکی مەزندا دەربازی ببوو و گرفتی دەروونیی هەبوو، بەڵام هیچکات پەلاماری هیچکەسێکی نەدابوو، دەستی لەکەس بەرز نەکردبۆوە و بێڕێزیی بە هیچکەس نەکردبوو. نەخۆشیەکەی هەمیشەیی نەبوو بەڵکوو کاتی بوو. ئەگەر پشتگرییەکی پزیشکی و مەعنەویی بۆ کرابا، ئەو باش دبۆوە. بە کورتی ئەگەر پەکەکە جەریانێکی ڕاست و دروست بایە، ئۆرهانیش سەلامەت دەبوو.
لەساڵی 1994دا ئاپۆ لە دیمشقدا دەیان خانوو و چەندین ڤیلای هەبوون. ئۆجەلان لەگەڵ ئەو کچانەی کە بۆ “پەروەردە کردن” لەگەڵ خۆی دەیهینان و دەیبردن، لەو ڤیلایانەدا دەژیا و ئەگەر ویستبای دەیتوانی ئۆرهانیش بباتە لای خۆی. پەکەکە بە دەستووری ڕێژیمی ئەسەد بە ئاسانی ڕێگای نێوان ئەوروپا و شامی بەکار دەهێنا و دەیتوانی ئۆرهان رەوانەی ئەورووپا بکات. بەڵام ئاپۆ شتی وەهای نەکرد. ئۆرهان نە لەبەر نەخۆشی بەڵکوو لەبەر ئەو ڕەخنانە کوژرا کە لە ئاپۆی دەگرتن.
لە ئیستادا کەس ئۆرهان ناناسێت. هەروەکوو ئەوەی کە قەد نەژیابێت، ئێستاکە ئەندامانی پەکەکەش نازانن کە کەسێکی ئازا و قارەمانی وەها لەو مێژووەدا هەبووە.
ئۆجەلان لە کتێبی بەرگریکرندەکەی خۆیدا بەناوی “پاراستنی گەل” کە لەساڵی 2004دا چاپ کرا، دەڵێت: “من داوای لێبووردن لەو جوچکانە دەکەم کە بەهۆی کلتووری نێچیرڤانیەوە، سەریانم لێکردۆتەوە و ئەنجن ئەنجنم کردوون و بەفێڵ ڕاوم کردوون، داوای لێبووردن لەو حەیوانانە دەکەم کە کوشتوومن”. هۆۆۆۆ ئۆجەلان بۆچی تۆ داوای لێبووردن لە ئۆرهان ئایدنی ئازا و قارەمان و ئەفسانە و ئوستوورە ناکەیت؟ ئایا تۆ هەست بە پەشیمانی ناکەیت لەوەی کە ئۆرهانت خنکاند و لە بەرمیلی ئەسیدت هاویشت؟
بەڵێ هێندێک ڕووداو هەن کە وەکوو کاغەز تورنوسۆل وان و لەسەر هەر شتێکی دابنێیت ڕاستییەکەی دەردەخات. بەسەرهاتی ئۆرهان ئایدنیش واقعییەت و ڕووی ڕاستەقینەی پەکەکە دەردەخات.
بەسەرهاتی ئۆرهان ئایدن ئەوەمان پیشان دەدات کەوا پەکەکە چۆناوچۆن شۆڕشگێڕان دەکووژێت و چۆناوچۆن ژیانی مرۆڤەکان بە بێویژدانی و بێ ئەخلاقی لەناو دەبات. هەروەها دەردەکەوێت کەوا چۆناوچۆن هەتا ئێستا باییک، کاڵکان، قەرەسوو و داینەسۆرەکانی دیکەی پەکەکە لەسەر خوێنی ئەو قوربانیانە دەژین.
بەسەرهاتی ئۆرهان ئایدن دەریدەخات کە کەسانی کۆڵنەدەر و خەباتگێڕ و ئازا چۆناوچۆن دەکووژرێن و هاوکات کەسانی وەکوو ئاپۆش کە هێشتا زللـەیەکی بەرنەکەوتوو بە پاڕانەوەوە دەڵێت “دایکم تورکە و دەمهەوێ ببمە خزمەتکاری دەوڵەت” چۆناوچۆن گەورە دەکرێنەوە. بەداخەوە خیانەتکارانی وەکوو ئاپۆ وەکوو سەرۆک دەناسرێن و رەمزەکانی بەرخۆدانیش وەکوو ئۆرهان ئایدن بە خیانەتکار دادەنرێن. بەسەرهاتی ئۆرهان ئایدن، کورتە چیرۆکێکی مێژووی ڕاستەقینەی پەکەکەیە.