هەموو هەوڵێکی پەکەکە و ئۆجەلان ئەویە کە کەماڵیزم لەبەرچاو کوردان شیرین بکەن، بەڵام لەڕاستیدا قبووڵ کردنی کەماڵیزم بەواتای لەناوچوونی کوردانە…
بووبێ ئەسەر
کەماڵیزم لەسەر بنەمای قڕکردن، تاڵان کردن و کاولکردنی کورد وکوردستان بنیات نراوە. کەماڵیزمەی نایهەوێ لە هیچ جێگایەک ناوێک لە کورد بمێنێت و بۆ دژایەتی کردنی کوردان بەردەوام لە هەوڵ و چالاکیدایە. دیارە بەشێک لەو هەوڵانەی ئەنجامیان هەبووە، بەڵام هێندێ جاریش ئەو داخواز و هەڕەشانە وەکوو برووسکەیەک بە سەروچاوی خۆیدا دراونەتەوە.
کاتێک کە لە سوید باخچەیەکی ساوایانی کوردی دانرا، کاربەدەستانی تورک شێت و هار بوون، نامە لەسەر نامە و هەڕەشە لەسەر هەڕەشەیان بۆ سویدیەکان دەنارد بۆ ئەوەی کە باخچەکە دابخرێت. بەڵام هەوڵەکانی تورکیا سەری نەگرت و ئەو باخچەیەی منداڵان هەنووکەش لە شاری “ستۆکهۆڵم”دا خزمەت بە منداڵانی کورد دەکات.
کاتێک کە بە پێشەنگایەتی کۆمکار لە ڕۆژانی 6ـ7ـ8ی حوزەیرانی 2003دا لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، پێشانگەیەکی کتێبی کوردی لەژێرناوی “جگەرخوێن”دا دامەزرا ـ پێشانگەکە بەشێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو پێکهات ـ کاربەدەستانی تورک دیسان خۆیان پێنەگیرا و داویان کرد کە لایببەن، بەڵام تورکەکان لەوەشدا سەرکەوتوو نەبوون. ئەوە کە نەیانتوانی سەرکەوتوو بن نیشانەی ئەوەیە کە لەئێستا بەولاوە دەور دەوری ئێمەی کوردە و ئێمە ئەگەر لەبەرژەوەندیی وڵاتەکەی خۆماندا بڕیار بدەین و لەوپێناوەدا کار بکەین. بێگومان دەتوانین سەرکەوتن بەدەست بهێنین.
ئەوە کەماڵیزمە کە ڕێگا نادات ئێمە ناوی کوردی لەسەر بەرد و دەوارەکانی خۆشمان دابنێین، بە هەزاران مرۆڤی ئێمەیان کوشتووە، ڕاپەڕینەکانی ئێمەیان سەرکوت کردووە، کوشتار و کاولکاریی زۆر گەورەیان بەسەر کورد و کوردستاندا هێناوە بۆئەوەی کورد هەمووکات لێیان بترسێ. بەڵام کوردان هیچکات ملیان بۆ کەج نەکردووە و هەمیشە لە بەرانبەر ئەو سیستەمەدا کە لەسەر بنەمای قڕکردنی ئێمە بنیات نراوە، خەباتیان کردووە و هەنووکەش درێژەی پێدەدەن.
بەداخەوە ئەگەرچی ئاپۆ گۆیا بۆ رزگارکردنی هەر چوار پارچەی کوردستان (!) هاتبووە مەیدان، بەڵام هەموو هەوڵی ئەوەیە کە گەلی کورد کەیفی بەو کەماڵیزمە بێت. هێشتاش دەیهەوێ کوردەکان کەماڵیزم وەکوو شتێکی باش قبووڵ بکەن. ئەوسا وەرە لەو دۆخە و لەو حاڵە و لەو عەجایەباتە بڕوانە و هاوارت لێهەڵنەستێت. ئەی هاوار چۆناوچۆن دەکرێ ئیدئۆلۆژییەک کە کوردەکانی کۆمەڵکوژ کردووە، کوشتوونی و لەسێدارەی داون، بۆ کوردان باش بێت؟ ئایا مەگەر خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەی ئێمە لەهەمبەر ئەو ئایدیۆلۆجیایەدا نەبووە؟
بە بڕوای من دیمەنی کۆتایی سیناریۆیەکە ئەوەیە کە لەسەرەتاوە نووسرابوو. بەپێی ئەوە دەبێ لە پەردەی کۆتایی شانۆکەدا، کوردەکان بکەن بە کەماڵیست. ئەگەر ئەوەشیان پێنەکرێت هەوڵ دەدەن کەماڵیزم لەبەرچاوی کوردان شیرین بکەن. خۆی لەخۆیدا کاتێک ئەو کەماڵیزمەی کە ئەوەندە ڕق و قینەی دژ بە کوردان لەدڵدایە، لەبەرچاو ئێمەی کورد شیرین بکرێت، ئەوکات ئیدی لە باکووری کوردستاندا هیچ خەبات و تێکۆشانیک دژ بە کەمالیزم بەڕێوە ناچێت. ئەوەش واتای ئەوەیە کە ئیدی کورد، هەم تورکەکان بە خاڵی خۆیان دادەنێن و هەمیش تەنانەت وەکوو برای گەورەی خۆیان گوێڕایەڵیان دەبن. واتا و رامانەکشی ئەوەیە کە ئیدی کورد لە باکووری کوردستان وەکوو نەتەوە نامێنێت.
هەربۆیەشە کە لەئێستادا هەموو هەوڵ و تەقەلایەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەکەکە/کادەک ئەوەیە کە ئەو کەماڵیزمە لەبەرچاوی کوردان شیرین بکات. هاوکات دەشیهەوێ ئەوەش بەرجەستە بکات کە سەرجەم ئەو خەبات و ڕاپەڕینانەی کەوا دژ بە کەماڵیزم بەڕێوەچوون، دواکەوتووانە بوون. هەربۆیە ئێمە دەبێ هەتا ئەوجێگایەی کە لە دەستمان دێت و پێمان دەکرێت، دژایەتی و خەباتی خۆمان لەهەمبەر کەماڵیزم درێژە پێبدەین و بەهیزتری بکەین. ئێمەی کورد چیمان لەدەست بێت بۆ ڕووخاندن و لەناوبردنی ئەو سیستمە، نابێ درێخیی بکەین. قبووڵ کردنی کەماڵیزم بەواتای لەناوچوونی کوردانە… نابێ قەد لەبیرمان بچێت کە هەتا کەماڵیزم لە تورکیادا دەسەڵاتی هەبێت ئەوا چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی کورد نامومکینە.
دەما نوو ژمارە: 2003/55
تێبینی:
ـ بەڵێ خوێنەرانی بەڕێز من 20 ساڵ لەوەپیش ئەوم وتارەم نووسیوە. ئێستا سەیری دۆخی کوردەکان لە باکووری کوردستان بکەن و بزانن چۆناوچۆن حەز لە کەماڵیزم دەکەن و لە هەموو بوارێکدا پشتگیرییان لێدەکەن واتە پشتگیریی لە جەهەپە وەکوو نیمادی کەماڵیزم دەکەن. لە ئێستادا بێدەنگەکردنی ڕۆشنبیرانی کورد لە باکووری کوردستان، بەهۆی حەزلێکردنە لە کەماڵیزم. ئەو کەماڵیزمەی کە کاربەدەستانی تورک بە شەڕ و کوشتن نەیانتوانیبوو لەبەرچاو کوردانی شیرین بکەن، ئەوا بەدەستی پەکەکە مسۆگەر کرا و زۆربەی کورد بوونە حزلێکەری کەماڵیزم و بێدەنگیی گەورەی ڕۆشنبیرانی باکووری کوردستانیش هەر لەبەر ئەو حەزڵیکردنەیە.
ـ لە سەردەمێکدا پەکەکە ناوی خۆی کردبووە “کادەک” و ئەو وتارە لەو سەردەمەدا نووسراوە.