پەکەکە ماوەی چەندین ساڵە کە کەمپی مەخمووری وەکوو بارەگایەکی سەربازیی لێکردووە و مەشقی سەربازیی تێدا بەڕێوە دەبرد.
پەکەکە ئەمرۆ پێنج شەممە رایگەیاند، سەرجەم هێزەکانیان لە کەمپی مەخموورەوە کشاندووەتەوە بۆ ناوچەکانی “هەرێمی پاراستنی میدیا” کە مەبەست لێی قەندیل و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستانە. موراد قەرەیەڵانیش لەوبارەوە دەڵێت: “هیچ گومان و دڕدۆنگییەکیان نییە کە خەڵکی مەخمور بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی فکر و فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن”.
فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19/10/2023 رایگەیاند، سەرجەم هێزەکانیان لە کەمپی مەخمورەوە کشاندووەتەوە بۆ ناوچەکانی “پاراستنی میدیا” کە مەبەست لێی قەندیل و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستانە و دەڵێ ئێستا لەو کەمپەدا هیچ هێزێکیان نییە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کرد، بۆ بەرگریکردن لە خەڵک و وەڵامدانەوەی چەکدارانی داعش، ژمارەیەک هێزی هەپەگە و یەژاستاریان رەوانەی کەمپی مەخموور کرد. ئیدارەی کەمپی مەخموور گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی هێزەکانی هەپەگە ئەرکی خۆیان لەو کەمپەدا تەواوکردووە و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاریان داوە بگوازرێنەوە بۆ قەندیل و ناوچەکانی دیکە.
موراد قەرەیڵان، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان، هەر ئەمڕۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانیان لە کەمپی مەخموور رایگەیاند: “هێزەکانمان لە مەخمور ئەرکی خۆیان تەواوکردووە” و وتی، “ئێمە پاراستن و بەرگریی لەوێ رادەستی گەنجانیان دەکەین. هیچ گومان و دڕدۆنگییەکیان نییە کە خەڵکی مەخمور بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی فکر و فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن”.
کشانەوەی گەریلا لە کەمپی مەخموور بە گوتەی پەکەکە لە کاتێکدایە، لەم مانگەدا کەمپی مەخموور دوو جار لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان کراوە. ئێوارەی رۆژی 07-10-2023 دوو مووشەک ئاراستەی کەمپەکە کران، لە ئەنجامدا ژنێک، مێردمنداڵێک و منداڵێک بە سووکی بریندار بوون. هەروەها رۆژی 13ی ئەم مانگە لە ئەنجامی بۆردوومانی کەمپەکە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئافرەتێکی تەمەن 50 ساڵ بریندار بوو.
کەمپی مەخموور، دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن کەمپی (شەهید رۆستەم جوودی)، لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە، بەڵام ئەوە چەندین ساڵە کە پەکەکە وەکوو بارەگایەکی سەربازیی لێکردووە و مەشقی سەربازیی تێدا بەڕێوە بردووە و هەروەها سەرجەم ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکانی باشووری کوردستان لەو کەمپەدا پلانیان بۆ دادەنرێت.
بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخموور، نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەمپەکەدا نیشتەجێن. تورکیا زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، کەمپەکە بووەتە شوێنی پێگەیاندنی ئەندامانی پەکەکە و تاوەکو ئێستا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە.