ڕەیان کلدانی لەسەر پێشێل کردنی یاساکان لە مووسڵ بەردەوامە

ڕەیان کلدانی لەسەر پێشێل کردنی یاساکان لە مووسڵ بەردەوامە

گازینۆی “لباشا” هیچ مەرجێکی تەندروستیی نیە بەڵام لەبەر ئەوەی کە زاوای رەیان کلدانی خاوەنی گازینۆکەیە، لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیوە دایبخەن.

شەوی 26ی ئەیلوولی 2023، لە ناوچەی حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوادا ئاگرکەوتنەوە لە ئاهەنگی بووک و زاوادا لە هۆڵی “هەیسەم” ڕوویدا و بەهۆیەوە 113 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەهۆی کاردانەوەی توند بەرانبەر بە رووداوەکە، حکوومەتی عێراق ناچار بوو کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕابسپێرێت تاوەکوو ڕێکاری توند بەرانبەر بە سەرجەم هۆڵەکانی تایبەت بە ئاهەنگ گێڕان و یانەکانی شەوانە لە سنووری دەشتی نەینەوادا بگیرێنە بەر و بڕیاردرا ژمارەیەکی بەرچاویان دابخەن و هەتا ئەوکاتەی کە مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ نەکەن، نابێ بکرێنەوە. بەڵام یانەیەکی شەوانە بەناوی “ریستۆرانت و گازینۆی لباشا” کە هیچ مەرجێکی تەندروستیی ڕەچاو نەکردبوو دانەخرا.

سەرچاوەکانی “دارکا مازی” ئاشکرایان کرد کە خاوەن ریستورانت و گازینۆی “لباشا” کەسێکە بەناوی “دیار شیما” کە زاوای رەیان و ئۆساممە کلدانی یە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو یانە شەوانەیەش هاوشێوەی هۆڵی هەیسەم  (ئەو هۆڵەی حەمدانیە کە ئاگری گرت) دروستکراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە زاوای رەیان کلدانی خاوەنی گازینۆکەیە، لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیوە ڕێکاری پێویستی لەبەرانبەردا بگرنە بەر و دانەخراوە.

سەرچاوەکانی دارکا مازی ئاشکراشیان کردووە کە برایەکی “سەمیر سەلمان نەبوو” خاوەن هۆڵی “هەیسەم”، بەناوی “عەقید عامر سلێمان نەبوو” لەساڵی 2017دا یەکێک لە فەرماندەکانی یەکینەی بابلیۆن بووە لە حەمدانیە. عامر شەریکی ئۆساممە کلدانی فەرماندەی لیوای 50ی بابلیۆنە و دەستی لە دروستکردنی “هۆلی هەیسەم”دا هەبووە.

هەروەها لەچوارچێوەی پروپاگانداکانی بزووتنەوەی بابلیۆندا بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئۆساممە کلدانی 6 ئوتۆمبێلی حکوومیی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی بۆ پروپاگانداکەنی خۆی لەکاتی سەردانی کردنی لە بەرپرس و کەسایەتی و شیخەکاندا لە سنووری نەینەوا بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ژمارەی ئەو ئوتۆمبێلانەی کە لەگەڵیدان زیاتر وێنا بکرێت. شایەنی باسە لە ئێستادا کاروانی ئوتۆمبێلەکانی “ئیڤان فایەق” وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە 2 بۆ 3 ئوتۆمبێل تێناپەڕێت.

Share