پیلانێکی داگیرکەرانی کوردستان بۆ گەمارۆدان و وێران کردنی هەرێمی کوردستان لە ئارادایە و ڕادەستکردنی چیای قەرەچووغ بە میلیشیاکانی حەشد لەلایەن پەکەکەوە، لەسەر بنەمای ئەو پیلانە بەڕێوەچوو.
هەپەگە لە 19ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا لە ڕاگەیاندراوێکی لەناکاودا ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە مەخموور دەکێشنەوە. ئەو ڕاگەیاندراوە وەکوو ڕووداوێکی گرینگ دەرئەنجامی سیاسی و سەربازیی دەبێت. لەبەر ئەوەی کە چاوی هەموو جیهان لەسەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس بوو، هیچکەس هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە نەکرد کە ڕادەستکردنی بنکەکانی پەکەکە لە مەخموور بە میلیشیاکانی حەشد، چ دەرئەنجامێکی سیاسی و سەربازیی لێدەکەوێتەوە.
لە ڕاستیدا ڕووداوی ڕادەستکردنەوەی بنکەکانی هەپەگە لە مەخمور بە میلیشیاکانی حەشد، درێژەی خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بوو کە تێیدا هاوپەیمانەتی “یەنەکە ـ پەکەکە” کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشد کرد و هەروەها بەردەوامیی ڕادەستکردنی عەفرین بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوو کە لە ڕێکەوتی 18ی ئاداری 2018دا ڕوویدا، هەربۆیە دەرئەنجامە سیاسی و سەربازیەکانی زۆر و بەرچاو دەبن. لە دۆخێکی وەهادا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی سێهەمی جیهانی، ڕادەستکردنی قەرەچووغ بە داگیرکەران لە بواری بەرگری و پاراستی کوردستاندا، بە شکستێکی گەورە دادەنرێت. با پێکەوە ئاوڕێک لە وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە بدەینەوە.
ئەوەی کە ڕادەست کرا، کەمپی مەخموور نەبوو بەڵکوو چیای قەرەچووغ بوو
لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا گوتراوە “ئێمە هێزەکانمان لە کەمپی مەخموور کشاندۆتەوە”. ئەو ڕستەیە زۆر ئاگاهانە بەکارهاتووە. لە ئەساسدا ئەو شوێنەی کە بەجێ هێڵدراوە، چیای قەرەچووغە نەوەک کەمپی مەخموور. پەکەکە بە هەموو کادیرەکانیەوە لە کەمپی مەخموور ماوە بەڵام سەنگەرەکانی لە چیای قەرەچووغ، ڕادەستی میلیشیاکانی حەشد کردووە.
چیای قەرەچووغ لە دیرۆک و جوگرافیای کوردستاندا گرینگییەکی تایبەتی هەیە. لە هەموو عێراقدا لە ڕووی بەرزاییەوە، هیچ ناوچەیەکی عەرەبەکان لە زێدی کوردان بڵیندتر نیە و هەربۆیەش لە ڕابردوودا چیای حەمرین و چیای قەرەچووغ ڕێگربوون لەبەردەم داگیرکرانی کوردستان لەلایەن ئەعرابەوە. هەربۆیە قەرەچووغ وەکوو قوڵخانێک بەرگری لە دەشتی هەولێر و جوغرافیای کوردستان دەکات.
ئەوانەی کە بیانهەوێ لە “مووسڵ ـ هەولێر ـ کەرکووک”دا باڵادەست بن، ڕوو لە چیای قەرەچووغ دەکەن. لە سەردەمی ڕابردووشدا ئینگلیزیەکان هەوڵی ئەوەیان دەدا بنکەکانی خۆیان لەوێ بدەن بە عێراق.
چیای قەرەچووغ لنگێکی پۆرۆژەی هیلالی شیعی ئێرانە
چیای قەرەچووغ لە ئێستاشدا گرینگیی ستراتیژیی خۆی هەیە، چوونکە هۆکاری بنەڕەتیی بۆ سەروەریی لە خەتی “کەرکووک ـ مووسڵ ـ شنگال”، جێگیربوون لە چیای قەرەچووغە. لە سەردەمی ڕێژیمی بەعسدا، سەددام بە جێگیر کردنی ئەعراب لەو ناوچەیە، دەیهەویست دیموگرافیای هەرێمەکە بگۆڕێت. ئەمڕۆکە ئەو دەڤەرە لەچوارچێوەی پرۆژەی هیلالی شیعی ئێرانیەکاندا بەکاردەهێندرێت. ئێران لەساڵی 2012 بەملاوە پیلانێکی بۆ ئەو دەڤەرە داڕشتووە و بەپێی پیلانەکە پشتیوانیی لە ئاژاوە و ناسەقامگیری ناوچەکە دەکات و ڕێگا نادات کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەو دەڤەرەدا باڵادەست بن. هەناردنی گەریلاکانی پەکەکە بۆ چیای قەرەچووغ، بەشێک لەو پیلانەی ئێران بوو.
چیای قەرەچووغ، سەنگەری پێشەوەی پاراستنی هەولێر
چیای قەرەچووغ تەنها 45 کیلۆمیتر لە هەولێری پایتەختەوە دوورە. گوند و دەڤەرە کوردستانیەکانی دەوروبەری چیای قەرەچووغ وەکوو مەخموور، پردێ، دووبز و گوڤەر، لەژێر سایەی ئەو چیایەدان. واتە چیای قەرەچووغ نە تەنها بۆ سەروەریی ڕیگای “کەرکووک ـ مووسڵ” بەڵکوو بۆ پاراستنی هەولێریش زۆر ستراتژیکە.
وەکوو دەزانرێت لە ساڵانی 2020 ـ 2021دا زۆرێک لەو مووشەکانەی کە ئاراستەی هەولێر دەکران، لە داوێنی قەرەچووغەوە دەهاویشتران. لە ئێستادا دەوڵەتی عێراق هەوڵ دەدات بە هۆی ڕەوشی ئابووریی خەڵکەوە، بۆ میلیشیاکانی حەشد جاش کۆ بکاتەوە.
وەکوو هەموومان دەیبینین، چیای قەرەچووغ نەک هەر تەنها بۆ پاراستنی هەولێر گرینگە، بەڵکوو سەنگەرێکی ستراتژییی پاراستنی باشووری کوردستانیشە. ئەو دەڤەرە شوێنێکی ئاسایی نیە وەکوو کە قەرەیەڵان دەڵێت: “ئێمە پاراستنی دەڤەرەکە بۆ لاوەکان دەهێڵینەوە”. پەکەکە بە ئەنقەست لە سەر ماڵپەڕەکانی خۆی دەڵێت: “دەوڵەتی تورک پەلاماری کەمپی مەخمووری دەدا، پەکەکە هەنگاوێکی تاکتیکیی هەڵگرتەوە، ئەرتەشی عێراق دێت و گەلی مەخموور دەحەسێنەوە”.
بەڵام ڕاستییەکەی ئاوهایە: “پەکەکە چەندی لووتکەی گرینگ و خەتی ستراتژیکی قەرەچووغی ڕادەستی میلیشیاکانی حەشد کردووە کە ئەو لووتکانە خەتی پاراستنی سنووری مێژوویی و خەتی بەرگری ستراتژیکی کوردستانن”.
کێ داوای ئەو هەنگاوەی لە پەکەکە کرد؟
ئەگەرچی دەوڵەتی عێراق لە مێژووی خۆیدا زیاتر لە هەمووکات بە پلانەوە دژایەتی کوردان دەکات، بەڵام ئەوە ڕاستییەکی زۆر دژوارە کە گەمارۆی ئابووری، دامەزراندنی سیستەمی جاشایەتی، دیپلۆماسی بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە دەچێت.
ئێمە شوێن پێی ئەو پرۆژەیەی تاران لە سەرجەم هەوڵەکانی پەکەکە لە ساڵی 2012ـەوە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ دەبینین. لە بابەتی ڕادەستکردنی کەمپی مەخمووردا، قەرەیەڵان دووبارە دەیگوت: “داوا لە ئێمە نەکرا کە بڕۆین، ئێمە بۆخۆمان کشاینەوە”. قەرەیەڵان بەو عەقڵە ئاپۆلەتیکەی خۆیەوە دەیهەوێ ئەو جاشایەتیەیان بشارێتەوە کە بۆ عێراق و ئێرانی دەکەن.
پاش پەلاماری تیرۆریستانی داعش لە ساڵی 2014دا، قاسم سلێمانی بۆخۆی دەیهەویست کە پەکەکە جارێکی دیکە لە کەمپی مەخموور جێگیر ببێت. واتە هێزە سەربازیەکەی پەکەکە لەچوارچێوەی پرۆژەکەی قاسم سلێمانیدا لەوێ ئەرکدار کران. ئەمڕۆکەش کشانەوەی پەکەکە دیسان هەر لەسەر داوا و بڕیاری ئێران بوو.
ئەو ڕادەستکردنە لەناکاوەی چیای قەرەچووغ، پەیوەندیی بە شەڕی ئیقلیمی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە هەیە و بە واتای هەڵویستی ئێران دێت بەرانبەر بە ئامریکا. هاوکات بەو مانایەش دێت کە ئێران دەیهەوێت خۆی لەهەمبەر هەولێردا جێگیر بکات.
ڕادەستکردنەوەی سەنگەرەکان بە میلیشیاکانی حەشد لەلایەن پەکەکەوە، خیانەتێکی نەتەوەییە
کاتێک کە مرۆڤ ئەو کردەوانە لەپاڵ یەکتر دادەنێت، ئەو ئەنجامەی بۆ وێنا دەبێت کە: “هەپەگە (پەکەکە)، لە 19ی ئۆکتۆبەردا سەنگەرەکانی بەرگری کردن لە کوردستانی لە چیای قەرەچوغ، ڕادەستی چەکدارەکانی “حەشدی شەعبی” کردن و ئەوەش وەکوو ئەوەیە کە هەولێر و کەرکووک، سەنتەری شار، ناوچە، بیرە نەوتەکان و کێڵکەکانی غازی کۆرمۆری رادەستی میلیشیاکانی حەشد کردبێت.
میلیشیاکانی حەشد، بەشێکن لە شیعەکان و هەروەکوو چۆناوچۆن ئەعرابی سوننە وچەکدارانی تورک عەفرین و سەرێکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان داگیر کرد، زیهنییەتی کۆمەڵکوژ کردنی کوردان پەیڕەو دەکەن. هەربۆیە گومانی تێدا نیە کە ڕادەستکردنی سەنگەرەکانی قەرەچووغ بە میلیشیاکانی حەشد وەکوو دوژمنی کوردان، بە واتای خیانەتی نەتەوەیی دێت.
پرۆژەی گەمارۆدانی کوردستان: گردی جاسووسان، قەندیل، شنگال و ئێستاش قەرەچووغ
بابەتێکی گرینگ هەیە کە پێویستە ڕۆشنبیران و مێژووناسانی کورد بە جیددی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن. لەماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا هەر شوێنێک کە پەکەکە گوتوویەتی “ئەو شوێنە هی منە و کەس بۆی نیە پێدا تێپەڕ بێت”، دواتر بۆتە قەڵای داگیرکەران و کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان. ئەو بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی دوورودرێژ هەیە. ئێمە تەنها دەتوانین بە کورتی باس لە بەشێک لەو شوێنانە بکەین کە پەکەکە لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، ڕادەستی ئێرانی کردوون.
پەکەکە لە 5ی ئۆکتۆبەری 2011دا هێڵی سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕادەستی ئێران کردبوو. لە مێژوودا هیچکات هیچ دەوڵەتێک دەسەڵاتی بەسەر لووتکەی قەندیلدا نەبووە، بەڵام پەکەکە ڕۆیشتنی پێشمەرگەکانی کوردستانی بۆسەر لووتکەی قەندیلی قبووڵ نەکرد و لووتکەکی رادەستی ئێران کرد. هەروەها گردێکی گرینگ هەیە لە قەندیل کە بە گردی جاسووسان دەناسرێت، پەکەکە ئەویشی ڕادەستی پاسدارەکانی ئێران کرد. بەوشێوەیە پەکەکە قەڵای هەرە گرینگی خەبات و بەرخۆدانی کوردان واتە چیای قەندیلی تەسلیم بە ئێران کرد. پەکەکە تەنها لە داوێنی چیاکەدا ماون و سەرجەم بەرزایی و لووتکە ستراتژیکەکانی قەندیل لە دەست ڕێژیمی ئێراندان.
لە 1ی حوزەیرانی 2018دا یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ئێرانی بەناوی “شەکوری” گوتبووی: “ئێمە ئامادەکاریی گرینگمان بۆ دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکانی ئێران کردووە و لە ئەنجامدا سەرکەوتنمان بەدەستهێنا. ئێمە توانیمان پاش 60 ساڵ، ئاڵای ئێران لە قەندیل بەرز بکەینەوە. لە جێبەجێ کردنی ئەو پلانەدا، هیزە خۆجێیەکان هاوکارییەکی زۆریان کردین”. ئەوە قسانەی ژنراڵێکی ئێرانی بە ڕوونی دەریدەخات پەکەکە لەباتی ئەوەی لووتکەکانی قەندیل بە پێشمەرگەکانی کوردستان بسپێرێت هەموویانی ڕادەستی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران کردن.
دواتر دۆخێکی هاوشێوە لە مەخمووریش پێکهات. هەروەکوو چۆن بە بەرنامەی داگیرکەران پەکەکە وەک جەردەڤان لە چیای قەرەچووغ جێگیر کرا بە هەمانشێوە کاتێک کە پێیان گوت بکشێوە، یەکسەر کشایەوە. هەمان شت لە شنگالیش روودەدات. پەکەکە بە ئیرادەی خۆی نەڕۆیشتۆتە شنگال بەڵکوو لەلایەن ئێرانەوە نێردراوە و هەرکات ئێران فەرمانی پێبکات کە لە شنگال بکشێتەوە، بێگومان بێ یەک و دو دەکشێتەوە.
ئەگەر ئێمە بەم پەرسپەکتیڤەوە لە بڕیاری چۆڵ کردنی قەرەچووغ بڕوانین، بە ڕوونی لەوە تێدەگەین کە پرۆژەیەک هەیە دەیهەوێ کوردستان هەنگاو بە هەنگاو گەمارۆ بدات. ئەگەر پەکەکە پارتێکی ڕاستەقینەی کوردستانی بایە، لەکاتێکدا کە ئەو هەموو پەلامارە دژ بە کوردان بەڕێوە دەچێت، ئەوا بیری لە ڕادەستکردنی بنکەکانی بە پێشمەرگەکانی کوردستان دەکردەوە. بەپێی قسەیەک کە پەکەکە دەڵێ لە مەخموور کشاینەوە بۆ ئەوەی تورکیای تێ نەیەت، کەواتە بۆچی لە دەڤەرەکانی دیکەدا ئەو روانگە و وشیاریە ڕەچاو ناکات؟ واتە لەبەرچی شەکیف، ڕۆژهەڵاتی مەتینا، خانتوور، زناری کێستە، کورەژار و لێلکانی ڕادەستی پێشمەرگەکانی کوردستان نەکرد بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک نەتوانێ داگیریان بکات؟ بەڵام پەکەکە سەرجەم هەوڵەکانی هێزی پیشمەرگە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە وەکوو “هێرش بۆسەر خۆی” لە قەڵەم دەدات. سەرجەم سنووری باکووی ڕادەستی ئەرتەشی تورکیا کرد و هەنووکەش هێڵە سنووریەکانی باشووری کوردستانیش ڕادەستی دەوڵەتی عێراق دەکات. پەکەکە هێزێکی بەکرێگیراوە و هەوڵ دەدات دەسکەوتەکانی باشوور لەناو ببات. لەو یاریەدا پەکەکە “هاوپەیمانی خاوەنەکانی پرۆژەی گەمارۆدان و وێران کردنی کوردستانە”. ڕادەستکردنی چیای قەرەچووغ بە میلیشیاکانی حەشد، لەسەر بنەمای ئەو پیلانە بەڕێوەچوو.