8 ساڵ بەسەر رزگارکردنی شنگال لە چنگ تیرۆریستانی داعش تێپەڕ بوو

8 ساڵ بەسەر رزگارکردنی شنگال لە چنگ تیرۆریستانی داعش تێپەڕ بوو

“ئۆپەراسیۆنی ڕزگار کردنی شنگال داستانێکی قارەمانانەی دیکەی پیشمەرگەکانی کوردستان بوو لەژێر فەرماندەیی سەرۆک بارزانیدا”.

رۆژی دووشەممە 13/11/2023، هەشتەمین ساڵیادی رزگاركردنی شنگال لە چنگ تیرۆریستانی داعش بوو. لە ئەنجامی “ئۆپەراسیۆنی ئازادیی شنگال”دا کە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی، دەستیپێکردبوو، لە ڕێکەوتی 13/11/2015دا شنگال رزگار كرا. ڕزگارکردنی شنگال هەم قەدەری تیرۆریستانی داعشی گۆڕی و هەمیش بۆ کوردانی ئێزدی بوو بە جێگای شانازی و دڵسۆزی.

جگە لە هێزەکانی پیشمەرگە هیچ هێزێکی دیکە لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالدا بەشدار نەبوو

7 هەزار و 500 پێشمەرگە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە بوون کە لە 12ی نۆڤەمبەری 2015دا دەستیپێکرد. هێزەکانی پیشمەرگەی زێرەڤانی، یەکینەکانی پێشمەرگەی ڕۆژئاڤا، فەرماندەیی شنگال، فەرماندەیی پشتیوانی یەک، فەرماندەیی بارزان، هێزە تایبەتەکانی 1 و 2، پێشمەرگەکانی گوڵان، هێزی دژەتیرۆر، هێزی 32، هێزی ژینگەی دهۆک، لیواکانی 4 و 8 و 12ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی خۆبەخشەکان، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار بوون. بەپێی سەرچاوە ئەمریکیەکان، داعش بەتەواوی خۆی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە ئامادە کردبوو و تەنها لە سەنتەری شاری شنگالدا ژمارەی تیرۆریستەکانی گەیاندبووە 600 چەکدار و هەروەها زۆر یەکینەشی ڕێکخستبوون.

جگە لە هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستان، هیچ هێزێکی دیکە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا نەکرد. مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان کە بۆخۆی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار بوو، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ BBC ڕایگەیاندبوو: “بەو ئۆپەراسیۆنەی کە ئێمە ڕۆژی چوارشەممە دەستمان پێکرد توانیمان بەشێک لە شنگال ئازاد بکەین” و گوتیشی “ئەرتەشی عێراق هیچ پشتیوانییەکی لە ئۆپەراسیۆنەکە نەکردووە”.

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە کردبوو کە “ئێمە داوای پشتیوانیی چەکی قورسمان لە ئەرتەشی عێراق کرد بەڵام بەداخەوە جبەخانەیان بۆ ئێمە بەڕێ نەکرد و بەشداری کردنیان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سفر بوو”. هێزەکانی هاوپەیمانان بە هێرشی ئاسمانی پشتیوانییان لە ئۆپەراسیۆنەکەی پیشمەرگە کرد.

ئۆپەراسیۆێکی سەربازیی زۆر سەرکەوتوو بەڕێوەچوو

شنگال بۆ داعش شوێنێکی زۆر گرینگ بوو. شنگال قەڵای سەرەکی نێوان دوو ناوەندی ئیداری داعش واتە “ڕەققا و مووسڵ” بوو. واتە ڕۆژئاوا و باشووری پێکەوە گرێ دەدا. هەر بەو هۆیەشەوە ئامادە نەبوو کە بە ئاسانی لە ناوچەکە بڕواتە دەرەوە. ئەمەریکا لە سەرەتای نۆڤەمبەری 2015دا ڕایگەیاندبوو کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش هەژماری چەکدارەکانی تەنها لە سەنتەری شنگالدا گەیاندۆتە 600 چەکدار و ئەمەریکا پێیوابوو کە ئۆپراسیۆنەکەی پیشمەرگە ڕەنگە 6 بۆ 7 ڕۆژ بخایەنێت. فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە داعشیش هەر وەهای گریمانە کردبوو بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە لەماوەی 48 کاتژمێردا بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات.

پیشمەرگەکانی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژی ئۆپەراسییۆنەکەدا ڕێگای نیودەوڵەتی و ڕێگای 47یان کۆنترۆڵ کرد کەوا باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان پێکەوە گرێ دەدات. ئامانجی پیشمەرگە لە کۆنترۆڵ کردنی ڕێگاکە ئەوە بوو کە ئیدی هێزی پشتگیری تیرۆریستانی داعش نەتوانن بگەنە شنگال. چەکدارەکانی داعش لەناو شنگالدا بە بێ پشتیوانی مان و بە ناچاری دەستە دەستە خۆیان تەسلیمی پیشمەرگە دەکرد. هەر لە یەکەم ساتەکانی ئۆپەراسیۆنەکەدا 40 تیرۆریستی داعش خۆیان تەسلیم بە پێشمەرگەکانی کوردستان کرد. لە ڕاگەیاندراوێکی فەرماندەیی گشتی پیشمەرگەدا ئاماژە بەوە کرا کە “هەر لە یەکەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالدا، لانیکەم 100 چەکداری داعش خۆیان تەسلیم بە پیشمەرگەکان کرد و ناوچەیەک بە پانتایی 150 کیلۆمیتری چوارگۆشە ڕزگار کراوە”.

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا 2 پیشمەرگە شەهید بوون و نزیکەی 10 پیشمەرگەش بە سەختی بریندار بوون. دیارە پاش هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر کوردستان لە ساڵی 2014دا، هێزەکانی پیشمەرگە بۆ کردنەوەی ڕێگا و ڕزگار کردنی شنگال بە گشتی نزیکەی 600 شەهیدیان پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردبوو.

سەرۆک بارزانی “ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال”ی پیشکەش بە ژنانی ئێزدی کرد

پاش کۆنترۆل کردنەوەی سەرجەم ناوچەکە، سەرۆک بارزانی لە چیای شنگال پەیامێکی بڵاو کردەوە و “ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال”ی پیشکەش بە ژنانی ئێزدی کرد.

سەرۆک بارزانی گوتی: “ئیمە یەک بست لە خاکی پیرۆزی کوردستان لە چنگ تیرۆریستانی داعشدا ناهێڵێن و هەمووی ڕزگار دەکەین.” هەروەها سەرنجی خستە سەر گرینگیی ئازادکردنی شنگال و گوتی “ئەو سەرکەوتنە، سەرکەوتنی لەبری هەموو جیهانە”.

سەرۆک بارزانی لە ڕووی تەکنیکیشەوە هەڵسەنگاندی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە کرد و ڕایگەیاند “هێزەکانی پیشمەرگە لەماوەی 48 کاتژمێردا 3 هەزار کیلۆمیتر چوارگۆشەیان لە تیرۆریستانی داعش پاک کردۆتەوە”.

سەرۆك بارزانی، لە دێژەی پەیامەکەیدا رایگەیاند: “ئازادكردنی شنگال لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش لەڕووی سەربازی و سیاسی و مێژووییەوە سەركەوتنێكی مەزن بوو بۆ گەلی كوردستان كە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكانمان تۆمار كرا”. هەروەها راشیگەیاند: “ئەم سەركەوتنە بە هەموو لایەك دەڵێت كە ئیتر ئەو رۆژە رۆیشت داگیركار و ستەمكاران گەلی كوردستان بچەوسێننەوە. ئێستا گەلی كوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی دەكات و دوژمن دەشكێنێ و پارێزەری بەهاكانی مرۆڤایەتیشە”.

قەشمەریەکانی پەکەکە لەهەمبەر ئۆپەراسیۆنەکە

هێزەکانی پەکەکە لە سەر ڕۆژئاڤاوە هاتنە شنگال و هەوڵیاندا ئەو ئەفسانەیە لەناو گەلدا بڵاو بکەنەوە کە گۆیا بە 12 کەسەوە شنگالیان پاراستووە. پەکەکەش لەگەڵ هێزە عێراقیەکان بەشێوەیەکی هاوبەش کاریان بۆ ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالدا دەکرد. سەرەڕای ئەوەش کاتێک بینیان کە ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو، هێندێک لە هێزەکانیان لە چیای شنگال خۆیان بەردایەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستانەوە ڕزگار کرابوون. پەکە دیسان لە ڕێگای میدیاکانیەوە هەوڵیدا خۆی بکات بە شەریکەبەشی ئەو سەکەوتنە و بۆ ئەو مەبەستە ئاڵاکەی خۆی لەسەر بینای سایلۆی گەنم و شوێنە گرینگەکانی دیکە هەڵکرد. دیارە ڕاستیەکەی ئەوەیە کە هێزەکانی پەکەکە لە سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکەدا تاقە یەک فیشەکیشیان روو بە داعش نەتەقاند و تەنها لەو ناوچانەی کە پیشمەرگەکان رزگاریان کردبوو، نمایشی میدیاییان بەڕێوە دەبرد.

واتە تێکەڵبوونی پەکەکە بە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال تەنها شۆیەکی میدیایی بوو، دەنا لە واقعییەتدا پەکەکە بە کردەوە هیچ بەشدارییەکی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا نەکردبوو.

پەکەکە وەکوو ئەوەی کە هەمیشە لە مێژووی خۆیدا کردوویەتی، لە شنگالیشدا هێزەکانی خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسکەوتەکانی خەڵکی دیکەدا نمایش کرد و ویستی سەرکەوتنەکە بەناوی خۆیەوە تۆمار بکات. پەکەکە لەماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا لە ڕێاگی زۆر شانۆی “سیاسی ـ میدیایی”یەوە هەوڵیداوە کە بڵێت تەنها پەکەکە بوو کە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکەی بەڕێوە بردووە، بەڵام هەقیقەتەکەی ئەوەیە کە ئۆپەراسیۆنی ڕزگار کردنی شنگال داستانێکی قارەمانانەی دیکەی پیشمەرگەکانی کوردستان بوو لەژێر فەرماندەیی سەرۆک بارزانیدا.

پوستێن ھەمان بەش