ئایا پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی عێراق بە چارەسەرنەبوونی کێشەی شنگالەوە بەندە؟

ئایا پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی عێراق بە چارەسەرنەبوونی کێشەی شنگالەوە بەندە؟

بەشی یەکەم: شنگال بە حەشدی شەعبی دەکرێت

پەلاماری تیرۆریستانی داعش لە 4ی تەباخی 2014دا بۆ سەر شنگال و پرۆژەیەک کە دواتر پیشکەوت و بابەتی ڕۆڵی ئاکتەرە دیار و شاراوەکانیش هیشتا بۆ کوردەکان بە گشتی و بۆ کوردانی ئێزدیی بەتایبەتی، بەتەواوی ڕوون نەبۆتەوە. ئەو گرفتانەی کە لە شنگال ڕوویانداوە و هەنووکەش بەردەوامییان هەیە وەکوو بابەتی “داعشی دواکەوتوو، ئێزدیەکان قڕ دەکات” دەبیندرێت، دیارە ئەوە بەتەواوی ڕاستە بەڵام تەنها ئەوە نیە. ئەوەی لە شنگال ڕوویدا، هەر لە دەسپێکەوە هەتا ئێستا، بەشێک بوو لە پلانی ڕێگە و هێڵە نوێیەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

چارەسەرکردنی پرسی شنگال، ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت

شنگال کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیر کرا و خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ کران، لە 12 و13ی نۆڤەمبەری 2015دا بە ئۆپەراسیۆنیکی مەزن کە ماوەی 48 کاتژمێری خایاند، ڕزگار کرایەوە. ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر فەرماندەیی سەرۆک بارزانیدا بەڕێوەچوو. داگیرکاریی داعش لە شنگال بەشێوەیەک کۆتایی پێهات کە زۆر کەس و لایەن نەیاندەویست و هیوایان بۆ نەدەخواست. ئەرتەشی عێراق و لایەنە ئێرانیەکان لە قازانجی خۆیانیان نەدەزانی کە شنگال لە ماوەیەکی ئەاوا کورتخایەندا ڕزگار بکرێت و سەروەری و دەسەڵاتی هێزی پیشمەرگەی کوردستان لەوێ بچەسپێت. هێزە نافەرمیەکانی وەکوو پەکەکەش لەبەر هەبوونی داعش دەیانویست هەڵەکە بقۆزنەوە وخۆیان وەکوو هێزێکی ڕەوا پیشان بدەن، هەر بۆیە هەوڵیان دەدا تاوەکوو ئاستەنگ لەبەردەم ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالدا دروست بکەن.

لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوودا شنگال ڕزگار کرا ومەترسی داعش رەویەوە و پلان بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دانرا بۆ ئەوەی ئاوارەکانی شنگال بەرە بەرە بگەڕێنەوە سەر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان. بەڵام ئەو پلانە ئاستەنگی بۆ دروست کرا.

لە 9ی ئۆکتۆبەری 2020دا حکوومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕێکەوتننامەی شنگالیان واژۆ کرد. ڕێکەوتنێکی بەسوود لەژێر 3 سەردێڕدا کە ناوەڕۆکەکەی لە 7 خاڵ پێکهاتبوو، واژۆ کرا. ئەو ڕێکەوتننامەیە لەسەر پرنسیپی هاوپشەکان، بەڕێوەبەریی هاوبەش و بەرپرسایەتی هاوبەش دانرا. ڕێکەوتنەکە لەسەر داواکاریی هەرێمی کوردستان و پشتگیریی هێزە نێونەتەوەییەکانی ڕۆژئاوا پێکهات، بەڵام ئەو هێزانەی کە دیانهەویست ئاستەنگ بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگال دروست بکەن، ئاستەنگیان لەبەردەم جێبەجێ کردنی ڕێکەوتنەکەدا پێکهینا.

بێگومان لایەنی پشت سەرجەم ئەو کارە نێگەتیڤ و نەرێنیانە، ئێران و نوێنەرەکانین لەناو دەسەڵاتی بەغدادا.

شنگال بە حەشدی دەکرێت

ئەو هێزانەی کە ناسەقامگیریی شنگال بە قازانجی خۆیان دەزانن، پەکەکە و میلیشیاکانی حەشدیان لە شنگال جێگیر کردووە و ویستیان گرفتەکانی شنگال بگۆڕن بۆ گرێکوێرە و بیچەقێنن. لەڕاستیدا ئەو لایەنانە توانیان لەوبوارەدا سەرکەوتوو بن. میلیشیاکانی حەشد و پەکەکە، جەماوەرێکی بچووک و توندڕەویان لە دەوری خۆیان کۆ کردۆتەوە و رانتێکی ئابوورییان بۆ تەرخان کردوون. دیارە ئەوانە هەموویان نەک هەر ئامادە نەبوون کە پرسی ئێزدییەکان چارەسەر بکەن، بەڵکوو بەداخەوە گرفتەکانی شنگالیان ئاڵۆزتر کرد.

لە ئیستاشدا هەوڵ دەدەن کە ڕەوشەکە ئاڵۆزتر بکەن و هەر بەوپێیەش داوا لە گەلی شنگال دەکەن کە بەتەواوی ببن بە حەشدی شەعبی و لەو بوارەدا دەوڵەتی عێراق پیلانێکی بەربڵاوتری خستۆتەگەڕ. یەکینەی نوێ بۆ میلیشیاکانی حەشد دادەمەرزێن و بڕیار دراوە کە لە شنگال دوو تابووری نوێ بۆ میلیشیاکانی حەشد دابمەرزێت.

گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال و تەڵەی بە حەشدی کردن

عێراق هاوکاریەکانی بۆ ئێزدیەکانی ناو کەمپەکان ڕاگرت و دەیانهەوێ ئێزدیەکان ناچار بکەن تاوەکوو بگەڕێنەوە بۆ شنگال. پیلانەکە ئەوەیە کە گەلی هەژاری ئێزدی تێکەڵ بەو دوو تابوورەی میلیشیاکانی حەشد بکرێن. بۆ ئەوەش ئەرکێک بە پەکەکە درا و پەکەکەش بانگەواز بۆ لاوانی شنگال دەکات و پێیان دەڵێت: “بگەڕێنەوە، کار بۆ ئێوە ئامادەیە، کارێکی زەحمەتیش نیە، مانگێک 15 ڕۆژەان دەوام دەکەن و مەعاشی خۆتان وردەگرن”. دۆخەکە جۆرێکە کە ڕەنگە بەهۆی گرفتی ئابووری و بێکاریەوە لاوەکان زوو بکەونە ناو ئەو تەڵە و داوەی کە بۆیان دانراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە زانراوە کە عێراق هەمان ئەرکی بە “ڕەیان کلدانی” سەرۆکی تەڤگەری بابلیۆن (ئاشووریەکانی ناو حەشدی شەعبی) داوە تاوەکوو کار بۆ سەرخستنی ئەو تەڵە و داوە بکات. وەک لە میدیاکاندا بڵاو کراوەتەوە ئەرکی دامەزراندنی هێزێکی 1000 کەسیی میلیشیاکانی حەشد لە دەشتی نەینەوا بە “رەیان کلدانی” شۆڤینیست و دوژمنی قەسدەسەری کوردان سپێردراوە کە بەردەوام دەڵێت خاکی کوردستان هی ئاشووریەکانە. بەپێی زانیاریەکان ڕەیان کلدانیش دەیهەوێ کە ئەو هێزە لە کوردانی ئێزدی پێکبهێنێت. وەکوو ئاشکرا بووە، ڕەیان کلدانی بە دەوروبەرەکەی خۆی گوتووە کە “ئێزدیەکان کەیفیان بە موسڵمان نایەت و دواتر لەگەڵ خۆمان دەکەون”. بەم پیلانە ئێزدیەکان هەم دەبن بە حەشدی و هەمیش دابەش دەبن.

من لێرە نیشانەیەک دادەنێم، ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە کۆتای ڕەیان کلدانی بوو بە پارلمانتار و بەتایبەتی لە ڕاگرتنی هاوکاریەکانی حکوومەتی عێراق بۆ کەمپەکانی ئاوارە ئێزدیەکان ڕۆڵی هەبوو. واتە ئیڤان فایەق هاوکاریەکان بۆ کەمپی ئاوارە ئێزدیەکان ڕاگرتووە و ڕەیانیش چەکدار بۆ میلیشیاکانی حەشد کۆ دەکاتەوە.

دوورخستنەوەی شنگال لە کوردستان چی لە پشتەوەیە؟

ئەو هۆکارە مێژوویی و کۆمەڵایەتی ـ کلتوورییانەی کە دەیانهەوێ شنگال و ئێزدییەکان لە کوردستان داببڕن، زۆر گرینگن. ئێزدایەتی، خانەی بنەڕەتیی کۆمەڵگەی کوردی پێکدەهێنێت. جیاکردنەوەی ئێزدیەکان لە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە هێرش بۆ سەر ناسنامە و کلتووری ڕەسەنی کوردی و سیاسەتی لەناوبردنی هەرێمی فیدراڵی کوردستانە، بەڵام بێگومان هۆکاری جوغرافیایی شنگال، ئەو پەلامارانە زیاتریش دەکات.

لە شنگال بیری نەوت و گازی زۆر گرینگ بوونیان هەیە. دەوڵەمەندی شنگال لە ڕووی سەرچاوەی ژێرزەوینیەوە دەکرێ بڵێین بە ئەندازەی کەرکووکە. شنگال دەکەوێتە ناو پرۆژەی هیلالی شیعەی ئێران  و هەروەها لەبەر ئەوەی کە لەنێوان ڕۆژئاوا و باشووری کوردستاندا هەڵکەوتووە، دەتوانێ لە پلانەکانی داهاتووی کورداندا پێگەیەکی گرینگی هەبێت. لەبەر ئەوەیە کە وەکوو ناوەندی یەکگرتنی کوردان سەیر دەکرێت. بەتایبەتی شنگال بۆ دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە هاوکیشەی دەسەڵاتداریی عێراق، بەکار دەهێندرێت.

پرۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”، بە شنگالدا تێپەڕ دەبێت

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای ڕیگای نوێی وزە و بازرگانیدا دەگەڕێت، ئاڵۆزیەکانی ئەم قۆناخەش بەشێکی بەهۆی دیاریکردنی ئەو ڕێگا نوێیانەی ئینیرژی و وزەیە. دەتوانین بڵێین کە عێراقیش یان سیاسەتی شیعەش لەژێرناوی “پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان”دا بەشداریی لەو پرۆسەیەدا دەکات. عێراق دەیهەوێ ڕێگایەک کە بەندەری “فاو” کەوا لەلایەن چینیەکانەوە دروست دەکرێت و پێشبینی دەکرێت کە بکرێتە بەندەرێکی هەرە گرینگ و هەرەمەزنی جیهان، بە تورکیاوە گرێ بدات. واتە عێراق دەیهەوێ لەنێوان کەنداوی بەسرا و تورکیادا، ڕێگایەکی بازرگانی گرینگ دروست بکات. ئەو پرۆژەیە 17 ملیارد دۆلاری بۆ تەرخان کراوە. ڕێگایەکی 1200 کیلۆمیتری ئوتۆمبێل و شەمەندەفەرە بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمانەی کە لەسەر بەسرا- ناسریە- نەجەف- کەربەلا-بەغدا- سامەڕا- مووسل- شەنگال- ئۆڤاکۆی رەوانەی تورکیا دەکرێن، لە ڕێگای شرنەخ- مێردین- رووحا- دیلۆک- عۆسمانی- ئەدەنەوە بگەیندرێنە بەندەری مێرسین.

بەڵام ڕەوشێکی وەها هەیە کە ئەگەر ڕێگاکە بە کوردستاندا تێپەڕێت، ئەوا پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەهێزتر دەکات و دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل دەبێت بە ناوەندێکی هەرە گرینگ و گەورەی بازرگانی. نە تورکیا و نە عێراق ـ ئێران نایانهەوێ کە کورد لە ناوچەکەدا ئەوەندە بەهێز ببێت و هەموو هەوڵیان ئەوەیە کە کوردستان لەو پرۆژەیەدا پەراوێز بخرێت و بێبەش بکرێت. تەنها ڕێگا بۆ پەراوێز خستنی کوردستان ئەوەیە کە شنگال لە هەرێمی کوردستان داببڕن چوونکە ڕێگاکە بە شنگالدا تێپەڕ دەبێت.

هۆکاری حەزی عێراق بۆ شنگال چیە؟

هێشتا دیار نیە کە “پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان” چۆناوچۆن جێبەجێ دەکرێت و لایەنەکان چەندە دەتوانن لەسەر پرۆژەکە ڕێککەون بەڵام ئەوە ڕوونە کە پرۆژەکە گرینگییەکی حەیاتی و ژینەکیی بۆ عێراق هەیە. کاتێک کە سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەڵمانیا لەگەڵ شۆڵتز، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبوویەوە، سەرنجی خستە لەسەر ئەو پرۆژەیە و گوتی: “ئێمە سەبارەت بە چۆنیەتی گواستنەوەی گازی سروشتی گفتوگۆمان کردووە”. بێگومان ڕێگای هەرە کورتی گواستنەوە ئەوەیە کە لەڕێگای تورکیاوە بێت.

عێراق لەگەڵ ئەوەی کە هەوڵ دەدات دەست بەسەر بیرە نەوتەکانی کوردستان و گازی کۆرمۆردا بگرێت، هاوکات هەوڵ دەدات ڕێگایەک بۆ فرۆشتنی سامانەکانی کوردستان بە دەرەوە دروست بکات. ڕەوشی شنگالیش بەو هەموو پرۆژانەوە بەستراوەتەوە. لە شنگالدا پیلانگێڕی و گەمارۆدان و دوژمنکاری لە دژی کورد و کوردستان بەڕێوە دەبرێت.

پوستێن ھەمان بەش