لەئێستادا پەکەکە زۆربەی مێرمنداڵانی ناو ڕیزەکانی لە ڕێگای گرووپی “جوانێن شۆرەشگەر”ـەوە فریو دەدات و دەیانڕفێنێت.
پارتی کرێکاران وێنەی 15 مێرمنداڵی کچی بڵاو کردۆتەوە ولەسەری نووسیویەتی “ژنانی جەوان بە تێکەڵبوونیان بە ریزەکانی گەریلا، 27ی نۆڤەمبەر پیرۆز دەکەن”.
میدیای پەکەکە ڕۆژی دووشەممە 27/11/2023، هەواڵی تێکەڵبوونی 15 مێرمنداڵی کچی کوردی بەرجەستە کردووە و لەسەری نووسیویەتی “ژنانی جەوان بە تێکەڵبوونیان بە ریزەکانی گەریلا، 27ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی دامەزرانی پەکەکەیان پیرۆز کرد”.
پەکەکە بۆ دابین کردنی هێزە شەڕکەرەکەی پشتی بە فریودان و رفاندنی مێرمنداڵان لە سەرجەم پارچەکانی کوردستان و بەتایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان بەستووە و ئەمەش بارەها لەلایەن رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤەوە شەرمەزار و ئیدانە کراوە. پەکەکە لاوانی کورد دەڕفێنێ و پاش بەزۆر چەکدارکردنیان، بەدەست جەندرمەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەکوشتنیان دەدات و ئەم تاوانەی پەکەکە گەیشتۆتە ئاستێک کە دەکرێ ناسنامەی “حیزبی کوردکوژ”ی پێ بدرێت. پەکەکە پاش گیانلەدەستدانی ئەو لاوانە دەڵێ: ئەوان شایستەی ئەوە بوون کە ببنە قوربانی ئاپۆ.!
لە هەواڵەکەی ڕۆژی دووشەممەی میدیای “ANF”ی پەکەکەدا، وێنەی 15 مێرمنداڵی کچ بڵاو کراوەتەوە کە تەمەنیان لەنیوان 12 بۆ 15 ساڵیدایە و لەبارەیانەوە نووسراوە کە “ئەوان بەدوای ئاپۆ و فەلسەفەی ئاپۆدا هاتوون”. پەکەکە پەیامێکی پێ بڵاو کردوونەتەوە کە تێیدا لە زمانی ئەو منداڵە بەستەزمانانەوە گوتراوە: “ئاپۆ و پەکەکە عێشق و ئیرادەی ژنانی جەوانن”.
لە ئێستادا پەکەکە زۆربەی مێرمنداڵانی ناو ڕیزەکانی لە ڕێگای گرووپی “جوانێن شۆرەشگەر”ـەوە فریو دەدات و دەیانڕفێنێت کەوا لە ڕۆژئاوای کوردستان و لەژێر چەتری پەیەدەدا کار دەکات. “جوانێن شۆرەشگەر” ئەو منداڵانە هەڵدەخەلەتێنێت، دەیانڕفێنێت و دواتر بە زۆر چەکداریان دەکا و تێکەڵ بە ریزەکانی پەکەکەیان دەکات. دواتر پەکەکە لە میدیاکانی خۆیدا وەهای پیشان دەدات کە ئەو منداڵانە بە بڕیاری خۆیان بەدوای ڕێگاکەی ئۆجەلاندا هاتوون و تێکەڵ بە ڕیزەکانی پەکەکە بوون. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو منداڵانە بە قسەی جۆراوجۆر فریو دەدرین و دواتر لەپێناو بەرژەوەندییە حیزبییەکانی پەکەکەدا دەکرێنە قوربانی.
پەکەکە بە بڵاو کردنەوەی وێنەی کچانی جوان و خۆش سیما لەلایەک دەیهەوێ سیمای ڕەشی خۆی بشارێتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە دەیهەوێ لەو ڕێگایەوە گەلی کورد بە گشتی و لاوانی کورد بەتایبەتی فریو بدات بۆ ئەوەی تێکەڵ بە پەکەکە ببن. بەڵام لە ئێستادا رووی ڕەشی پەکەکە لای هەموو کەس ئاشکرا بووە و ژمارەیەکی زۆر کەم لە لاوان فریوی درۆکانی پەکەکە دەخۆن و ئەوانی دیکە دەڕفێندرێن و بە داری زۆر چەکدار دەکرێن.