ڕێژیمی ئێران لەماوەی حەوتوویەکدا 6 بەندکراوی کوردی لەسێدارە داوە

ڕێژیمی ئێران لەماوەی حەوتوویەکدا 6 بەندکراوی کوردی لەسێدارەداوە

“لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 582 کەس لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون”.

ڕێژیمی ئێران لەماوەی حەوتوویەکدا 6 بەندکراوی کوردی لەسێدارەداوە کە بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکرابوون و لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو. شایانی باسە لەو 6 کەسە دوانیان منداڵ بوون.

لەو 6 کەسە چوار کەسیان خەڵکی پارێزگای ئیلام و دوو کەسەکەی دیکەشیان خەڵکی شاری مهاباد لە پارێزگای ورمێ و شاری کۆهدەشت لە پارێزگای لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

 بە پێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29/11/2023، ئەیووب کەریمی، هاونیشتمانیی خەڵکی شاری مهاباد دوای 14 ساڵ زیندانیکردن، لە زیندانی قزڵ حیساری شاری کەرەجی ئێران لەسێدارەدرا.

 ئەو هاونیشتمانییە کوردە لە 7/12/2009، لەگەڵ شەش هاونیشتمانیی دیکە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت و کامەران شێخە لەسەر دۆسیەی کوژرانی عەبدولڕەحیم تینا، مەلای مزگەوتێکی مهاباد دەستگیر کران. ئەو هاونیشتمانیانە لە کۆتاییەکانی ئاداری 2016 دادگایی کران و لە 25/5/2016 بە فەرمی پێیان راگەیێندرا کە سزای سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

 هەروەها دوو هاونیشتمانیی دیکە بە ناوەکانی ئیقبال فەتحوڵڵاهی خەڵکی ئیلام و موحسین ئەمرایی خەڵکی شارۆچکەی گەڕاوەندی سەر بە شاری کۆهدەشت لە پارێزگای لوڕستان، رۆژی سێشەممە لە گرتووخانەی قزڵ حیساری شاری کەرەج لە سێدارەدراون.

 هەردوو زیندانییەکە پێنج ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیر کرابوون.

 بە پێی زانیارییە خۆجێیەکان، دوێنێ سێشەممە لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش سزای لەسێدارەدان بەسەر سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی شەهرام محەممەدبەیگی، عەلی ئاغامحەممەدی و ناسر مەقسوودی جێبەجێ کرا.

 هەر سێ بەندکراوەکە خەڵکی پارێزگای ئیلامن و بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستگیرکرابوون. شەهرام محەممەدبەیگی تەمەن 38 ساڵ و خەڵکی شاری ئیلام، عەلی ئاغامحەممەدی تەمەن 47 ساڵ و خەڵکی شاری مەلەکشایی و ناسر مەقسوودی خەڵکی دەڕەشار بوون.

رێژیمی ئێران لە رێکەوتی 24ی نۆڤەمبەریشدا دوو هاووڵاتی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە ناوەکانی “حامدڕەزا ئازەئی” تەمەن 17 ساڵان و “میلاد زۆهرەڤەند” تەمەن 22 ساڵی لەسێدارە دابوون.

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسێدارەدانی ئەو دوو لاوەی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە شەرمەزار کردبوو و داوای لە ڕێژیمی تاران کردبوو کە لەسێدارەدانەکانی ڕابگرێت.

بەپێی ئاماری ڕێکخستنی مافەکانی مرۆڤی ئێران (ئهر) و پلاتفۆرمی پێکەوە لەهەمبەر سزای لەسێدارەدان، لە سەنتەری پاریس، لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 582 کەس لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون و ئەوەش لە ساڵی 2015 بەملاوە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانە لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە لەماوەی یەکساڵدا. شایانی باسە ساڵی 2021یش 333کەس لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە درابوون.

پوستێن ھەمان بەش