ئەوەی کە لە ئێستادا پەکەکە کردوویەتیە بنیشتە خۆشکەی سەر زاری کادیر و لایەنگرەکانی، زۆرتر پارادایمی کلاسیکە.
سمکۆ عەبدولعەزیزی
دەستەواژەی “پارادایمی سەرۆک عەبدوڵڵا” بۆتە بنێشتە خۆشکەی سەر زاری سەرکردایەتی پەکەکە و کادیر و لایەنگرەکانی، ئەوەش منی ناچار کرد کەوا بڕۆم بەدواداچوونێک بۆ ئەو بابەتە بکەم بۆ ئەوەی بزانم ئەم دەستەواژە چیە و لە چ بوارێک و لە چ کاتێکدا بەکار دەهێندرێت. من پاش بەدواداچوونێکی پیویست بەو ئەنجامە گەیشتم کە ئەم دەستەواژە (ئیدیۆم)ـە بۆ بەرهەمهێنانێکی نوێ لە بوارە جیاجیاکاندا بەکار دەهێندرێت. دەتوانین بڵێین وەکوو تاقیگەیەکی زانستیە، ئەو تاقیگەیە زیاتر لەلایەن زانایانی بواری زانست بەکار دەهێندرێت و هێندێ جاریش لەلایەن زانایانی کۆمەڵناسیەوە بەکار دەبرێت.
بەکورتی دەتوانم بڵێم کە پارادایم (Paradigm)، ئیدیۆمێکە کەوا هەرکەسێک وێژەکانی فەلسەفی بخوینێتەوە زۆرجاران ئەو ئیدیۆمەی بەرچاو دەکەوێت.
پێناسەی پارادایم بریتیە لە: کۆمەڵێک پرسی هزری گشتیی یان بیروباوەڕی بنەڕەتی کە ئەو گرفتە هزریانە یان ئەو بیروباوەڕانەی مرۆڤ دەبن بە پاڵنەر تاوەکوو مرۆڤ ڕوانگەیەکی تایبەت بۆ ئەو ژینگەیە دروست بکات کە تێیدا دەژیت. واتە هەوڵدانی مرۆڤە بۆ لێکۆڵینەوە لە چالاکیەکانی خۆی و چۆنیەتی نزیکبوونەوە لەو چالاکیانە لەناو کۆمەڵگەی خۆیدا.
هەر پارادایمێک کە مرۆڤ پێی دەگات یان دەکەوێتە پێش چاوی مرۆڤ، نابێ دەستبەجێ ئەو بڕوایە لە مرۆڤدا دروست ببێت کەوا ئەو پارادایمە سەلامەت و ڕاست و دروستە، بەڵکوو پێویستە لەسەر ئەساسی ئەم تیئۆریانەی لە خوارەوە ئاماژەی پیدەدەین، بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوە.
1- تیئۆری ههبوون (Ontology )
2- تیئۆری زانین (Epistemology)
3- تیئۆری لێکۆڵینەوە (Methodology)
1ـ تیئۆری هەبوون: لە “تیئۆری هەبوون”دا لێکۆڵەر سەرجەم هەوڵەکانی لێکۆڵینەوەی خۆی بۆ کۆمەڵگە تەرخان دەکات تاوەکوو وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە: “شێوازی ژینگەی ئەو کۆمەڵگەیە چۆنە؟ سروشتی ژینگەی کۆمەڵگەکە چۆنە؟ مرۆڤ دەتوانێ چ زانیارییەکی لەسەر ئەو کۆمەڵگەیە هەبێت؟”.
ئەگەر نموونەیەکی تاقیگە لەسەر ئەم تیئۆریە باس بکەین، دەتوانین بڵێین: ئەگەر ئێمە بەو بڕوایە گەیشتین کە ژینگەیەکی ڕاست و دروست هەیە، لە قۆناخی دواییدا زۆر گرینگە کە ئەم دوو پرسیارە بکەین: ئەو ژینگەیە لە چی پێکهاتووە؟ ئەو ژینگەیە چۆناوچۆن کارتێكەرییان لەسەر یەکتر هەیە؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا، لێکۆڵەر دەبێ بە ئەنجامێک بگات کە بەر لە لێکۆڵینەوەکە ئەو وەڵامانەی لەلا نەبوون و هەروەها هێندێ ڕەگەزی جوانی و ئەخلاقی لەودا پەیدا دەبن کە پێش ئەوکاتە بەهیچ شێوەیەک نەیبوون و دیار نەبوون.
2ـ تیئۆری زانین: لێکۆڵەر بۆئەوەی دەستی بە هێندێ پێزانینی تایبەت لەسەر کۆمەڵگە بگات، لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات. زۆر گرینگە کە ئەم پرسیارە بکات: “من لەم لێکۆڵینەوەیدا پێویستە بە کوێ بگەم؟” هیچ لێکۆڵینەوەیەک ناتوانێ وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، ئەگەر وەڵامی پرسی “تیئۆری هەبوون”ی نەدابێتەوە. بەڵام ئەگەر توانیبێتی وەڵامی پرسیارەکانی تیئۆری هەبوون بداتەوە، ئەوکات بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری تیئۆریی زانین، دەگاتە قۆناخێکی دیکەی زانین. ئەو قۆناخەش ئەوەیە کە لێکۆڵەر لە قۆناخی فۆکۆس خستنە سەر ژینگەوە دەربازی قۆناخی فۆکۆس خستنە سەر بابەت دەبێت (Objectivism). واتە ئەو لەناو کۆمەڵگەدا دەربازی بابەتی کۆمەڵایەتی دەبێت. یانخود باشتر بیڵێم لە ڕواڵەتەوە دەربازی ناوەڕۆک دەبێت.
3ـ تیئۆری لێکۆڵینەوە: بۆ ئەوەی کە لێکۆڵەر بتوانێ بە هێندێ ئەنجام بگات لەم تیئۆریەدا، پێویستە وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە: “چۆن دەتوانین بە راستییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بگەین کە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین؟ ئەو میتۆدانە کامانەن کە مرۆڤ دەتوانی بەکاریان بهێنێت بۆ ئەوەی بە ڕاستییەکانی کۆمەلگەکە بگات؟
کاتێک کە لێکۆڵەر وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە، لە ئەنجامدا ڕاستیەکانی ژینگەکە و ئەو میتۆدانەی کە دەبێ بەکاریان بهێنیت بۆ لێکۆڵەر ڕوون دەبنەوە.
بەو پێناسە و تیئۆریانەی کە ئێمە خستمانەڕوو، دەگوترێ پارادایمی کلاسیکی، بەڵام ئەو ئاستەنگانەی کە لە ئێستادا لەبەردەم لێکۆڵەرانی زانستی کۆمەڵایەتیدا سەریان هەڵدوە ئەوەیە کە پارادایمی کلاسیکی نەیتوانیوە بە ئەنجامی ڕاست و دروست بگات. چوونکە ئەو تیئۆریە لە ڕووی زانستیەوە نەیتوانیوە وەکوو پێویست وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە. ئەوەش بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی کە لێکۆڵەرانی کۆمەڵگە لەم قۆناخەوە دەربازی قۆناخێکی دیکە ببن بۆ ئەوەی بتوانن وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە. بەو قۆناخەی کە ئێستا پێیگەیشتووین دەگوترێ: پارادایمی گۆڕەر (Paradigm Shift)، لەم قۆناخەدا پێویستە لێکۆڵەر هێندێ گۆڕانکاری لە تیئۆریەکانی پێشتردا بکات، بەتایبەتی لەسەر تیئۆری هەبوون. کاتێک کە لێکۆڵەر ئەو گۆڕانکاریانە دەکات، ئەو دەرئەنجامەی کە پێی دەگات جیاوازە لەو دەرئەنجامەی کە لە ڕێگای پارادایمی کلاسیکیەوە پێی گەیشتووە.
پارادایمی گۆڕەر، لێکۆڵەر بەرەو هزری ڕێکخراوەیی دەبات. هزری ڕێکخراوەییش پاڵ بە لێکۆڵەرەوە دەنێت بۆ ئەوەی لە کورتکردنەوە و لێکدابڕان دوور بکەوێتەوە.
ئەوەی کە لە ئێستادا پارتی کرێکاران (پەکەکە) کردوویەتیە بنیشتە خۆشکەی سەر زاری کادیر و لایەنگرەکانی، زۆرتر پارادایمی کلاسیکە.
من ناتوانم بڵێم کە ئەوەی پەکەکە بەکاری دێنێ ئەساسەن “پارادیم”یشە، چوونکە 40 ساڵ بەر لە عەبدولڵا، شرۆڤە کارانی سیاسیی کورد، ئەو بابەتەیان ئالایز کردووە و دواتر عەبدوڵڵا دژایەتی ئەو بابەتەی کردووە. هەوڵ دەدەم لە وتارێکی دیکەدا باسی لێوە بکەم.