باسکردن لەوەی کە کوردستان نابێ سەربەخۆ بێت، خیانەتکردنە لە نەتەوەی کورد…

باسکردن لەوەی کە کوردستان نابێ سەربەخۆ بێت، خیانەتکردنە لە نەتەوەی کورد...

نەفرەت لەو کەس و لایەنە ناوخۆیی و دەرەکیانەی کە هەوڵدەدەن بێدەوڵەتبوون بەسەر نەتەوەی کورددا فەرز بکەن.

هەشتاهەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا بەردەوامە. دانیشتنەکە لە 9ی ئەیلولەوە دەستی پێکردووە و سەرۆکی دەوڵەتانیش لە 22 تا 30ی ئەیلول بەشداری دانیشتنەکان دەبن. کێشەی فەلەستین و بەتایبەتی غەززە، مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکەی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. لەگەڵ بەردەوامبوونی دانیشتنەکاندا، زۆرێک لە دەوڵەتان ڕایانگەیاند کە فەلەستین وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە فەرمی دەناسن…

هاوکات لەم ڕۆژانەدا، هەشتەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیش بوو. ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی، کورد لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە خواستی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاند. ئەگەرچی نەتەوە یەکگرتووەکان گوێی لە دەنگی کورد نەگرت، بەڵام ئەم ڕیفراندۆمە وەڵامێک بوو بۆ پشتگوێخستنی سەدانساڵەی کورد و هەروەها هەڵوێستێکی نەتەوەپەروەرانەش بوو دژ بە دابەشکردنی خاکی کوردستان لە پەیمانی لۆزاندا.

بەشێکی بەرچاو لە میللەتی کورد پشتیوانی ڕیفراندۆمیان کرد. تەنانەت کەسانێک هەبوون کە لە ترسی حزب یان بزووتنەوەکەیان بێدەنگ بوون، بەڵام بە نهێنی پشتگیریان لە “هەڵوێستەکەی سەرۆک مەسعوود بارزانی لە دژی پەیمانی لۆزان” دەکرد. بەپێی ئەنجامی ڕیفراندۆم، 92.7%ی کورد بە “بەڵێ” دەنگیان بە “سەربەخۆیی کوردستان” داوە.

کورد ئەگەر نەتەوەیەکی نۆرماڵ بوایە، لە هەموو شوێنێک ئاهەنگی 25ی ئەیلولی دەگێڕا و لە هەموو شوێنێکدا ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی بڵاودەکردەوە. لە ڕاستیدا ئەگەر چوار پارچەی کوردستان یەکگرتوو بوایە، دەچوونە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە نوێنەری کوردی تێدا نییە و “کێشەی فەلەستین” دەبێتە گرنگترین بابەتی ڕۆژەڤ و دەیانگوت “ئایا نوێنەرانی نەتەوەی کورد دەتوانن دانمان پێدا بنێن، ئایا ئەمانە داواکاریی ئێمەن؟” بەڵام ئەمە ڕووی نەدا. ناوەندێکی سیاسی کورد هێرش دەکاتە سەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان.

لە ڕاستیدا ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان وەک تاقیکردنەوەیەک وابوو کە مەعدەنی هەموو کەسێکی لەم کۆمەڵگەیەدا دەرخست. دەتوانین لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە سیاسەت لە باشووری کوردستان فلتەر بکەین.

بۆ نمونە لەم دواییانەدا میدیاکانی یەکێتی نیشتمانی (یەنەکە) زۆر ڕاپۆرتیان بڵاوکردۆتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕیفراندۆم زیانی بە کورد گەیاندووە. بەڵام یەنەکە بۆخۆی بە فەرمی پشتگیری لە بەڕیوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرد. جگە لەوەش ئەگەر کورد لە دوای ڕیفراندۆمدا خاکی لەدەستدابێت، ئەوە بەهۆی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەنەکەوە بوو. بافڵ تاڵەبانی و لاهوور تاڵەبانی، سەرکردەکانی ئەوکاتی یەنەکە، پێکەوە کەرکووکیان فرۆشت. شەڕەکەی ئێستاشیان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی دەستکەوتەکانی ئەو خیانەتە نگریسەیە.

بەڵام مەسەلەکە ئەمە نییە. مژاری ڕیفراندۆم شتێکە کە کورد پێویستە نیقاشی بکات: ئەو کوردانەی دژی ڕیفراندۆمن و دەڵێن کورد نابێت دەوڵەتی هەبێت و تەنانەت ئەوانەی کە خۆیان وەک دۆست پیشان دەدەن، پێویستە ڕووی ڕەشیان بۆ گەلی کورد ڕای گشتی کورستان ئاشکرا بکرێت.

لە هەموو مەترسیدارتر ئەو ئایدۆلۆژیا و بزوتنەوانەن کە بەناوی کوردەوە هەڵتۆقیون و دەیانهەوێ برەو بەو پەیامانە بدەن کە “بێدەوڵەتبوون ئازادییە و بەدەوڵەتبوون کۆیلایەتییە”. ئەمەش لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکەی حیزبیەوە (ئەگەرچی هەڵوەشاندنەوەی خۆشی ڕاگەیاندووە، بەڵام هێشتا ڕۆحی خۆی لەنێو بزووتنەوەکانی دیکەدا بڵاودەکاتەوە) بەڕێوەدەبرێت.

ئۆجەلان لە ساڵی 1999 بەملاوە هەوڵی ئەوە دەدات کە کورد بە بیرۆکەی بێدەوڵەتی ڕازی بکات. ڕەنگە کەسێک هەستێت و بڵێت “بارودۆخەکە گونجاو نیە، ئێمە ئێستا ناتوانین ببینە دەوڵەت و پێویستە بۆ قۆناغێکی دیکە دوابخرێت”، یانیش کەسانێک بڵێن “لەئێستادا ناکرێ هەموو پارچەکانی کوردستان ببن بە یەک دەوڵەت، با لەپێشدا یەک یان دوو پارچە ببنە دەوڵەت، هەتا مانەوەی کورد مسۆگەر ببێت و بە تێپەڕبوونی کات بارودۆخی بەشەکانی دیکەش هەموارتر و ڕوونتر دەبێتەوە”، ئەمانە بابەتی ستراتژیکین و دەکرێ مشتومڕیان لەسەر بکەن. بەڵام ئەوەی ئۆجەلان دەیهەوێ بەسەر کوردانیدا بسەپێنێت زۆر جیاوازە. ئۆجەلان ڕاستەوخۆ دەڵێت: “دەوڵەت سیستەمێکی کۆنەپەرستانە و دواکەوتووانەیە، دەوڵەت خراپەیەکی گەورەیە و بێدەوڵەتبوون ئازادییە”. بۆ ئەمەش ئاماژە بە بەڵگەکانی سەردەمی بەردینی نوێ و فەزا و میتۆلۆژی دەکات، بەڵام ئەوەمان بۆ ڕوون ناکاتەوە کە کۆمەڵگە بێدەوڵەتەکانی لە جیهانی ئەمڕۆدا چییان بەسەر هاتووە.

ئەوە ڕاستییەکە کە بە درێژایی مێژوو هەموو نەتەوەیەک، وەکوو دەوڵەتێک مانەوە و هەبوونی خۆی پاراستووە. لە ڕاستیدا ئۆجەلان ئەو ئایدۆلۆژیا کۆلۆنیالیستیانەی کە ئیدیعای ئەوە دەکەن “کورد نەتەوە نییە، بەڵکو گرووپێکە”، نەرم دەکات و دووبارە پێشکەش بە نەتەوەی کوردیان دەکاتەوە. لەم ڕووەوە ڕامانەکانی ئۆجەلان بە ئەنقەست لەلایەن زلهێزە کۆلۆنیالیستەکانی چوار پارچەی کوردستانەوە بڵاودەکرێنەوە.

بۆ نموونە حکومەتی ئێران ڕێگە دەدات هەموو بەرگری و کتێبەکانی ئۆجەلان بە زمانی فارسی لە ڕۆژهەڵات و ئێران بڵاو بکرێنەوە. لە ڕاستیدا بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆ کە لەگەڵ حکومەتی تاراندا کاردەکەن، ئەو کتێبانە بەسەر خوێندکارەکانیاندا دابەش دەکەن. حکومەتی عێراق ڕێگە بە سەندیکاکانی پارێزەران و سەندیکا ئەکادیمییەکان دەدات بیرۆکەکانی ئۆجەلان پەرە پێدەدەن. بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی ئۆجەلان لە شاری سلێمانیەش، پڕۆژەی دەولەتەکانی عێراق و ئێرانە، کە ترسی ئەوەیان هەیە کورد ببێتە نەتەوەیەکی بەهێز و دەوڵەت خۆیان هەبێت.

ئێمە دەزانین بەریتانیا کەوا یەکێک لە بەهێزترین هێزەکانی دژابەری دەوڵەتی نەتەوەیی کوردە، لەو کاتەی کە مەرجەکانی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کورد دانرابوو، بە ئەنقەست ئۆجەلانی بەرجەستە کرد. تەنیا لە کاتی ڕیفراندۆمدا بوو کە بەریتانیا ڕێگەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانی تایبەت بە “ئازادیی ئۆجەلان”ی دەدا و سەندیکاکانی بەریتانیا خۆپیشاندانەکانیان ڕێکدەخست و سەندیکایان بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆجەلان دادەمەزراند.

لە ساڵی 1999 بەملاوە، تورکیا بەردەوام ستایشی ئۆجەلان دەکات و پشتی دەگرێت بۆ ئەوەی کە دژایەتی بەدەوڵەتبوونی کورد و کوردستان بکات.

بۆ نموونە ئۆجەلان 25 ساڵە، تەنها لە هەمبەر ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردە کە ساغ و سەلامەتە و درێژە بە ژیان دەدات. ئۆجالان بۆ ئەوەی وەک “ڕێبەر” بناسرێت، داهاتووی نەتەوەی کورد دەفرۆشێت.

دەکرێ بگوترێ هەرکەسێک ئامۆژگاری کورد بکات کە بیرۆکەکانی ئۆجەلان “پێشکەوتنخوازانەیە و پێویستە پەیڕەویی لێبکرێت”، ئەو کەسە لە ڕاستیدا دژایەتی بەدەوڵەتبوونی کوردی دەکات و هەبوونی ستاتۆیەکی کوردی و کوردستانی ڕەت دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە هێرشی دۆستە ساختەکانی کورد بەردەوامە.

بۆ نموونە کاتێک ڕیفراندۆم کرا، چەپەکانی تورکیا زیاتر لە ڕاستڕەوەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر کورد لەبەر ئەوەی کە داوای سەربەخۆیییان دەکرد. ڕۆشنبیرانی تورکیش لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ ڕیفراندۆمەکە دەکرد. جەلال باشلانگچ کە ئێستا مردووە، لەو کاتەدا چووە سلێمانی و لەژێر ناوی ئەوەی کە گۆیا دۆستێکە، ئارگیومێنتی کۆکردەوە بۆ ئەوەی شرۆڤەی بکات کەوا بۆچی “کورد ناتوانێت ببێتە خاوەن دەوڵەت”. باشلانگچ بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە باشووردا “کارەبا لە مۆلیدەکانەوە دابین دەکرێت”، کەواتە ناتوانن ببنە دەوڵەت. بەهەمان شێوە هەندێک کەسایەتی چەپ کە هاوپەیمانی پەکەکە بوون، کوردیان سووک کرد و دەیانگوت “ئەوان هێلکە لە دەرەوە دەکڕن و ناتوانن ببنە دەوڵەت”. لایەنگرانی پەکەکەش ئەم لێدوانەیان قبووڵ دەکرد و پەرەیان پێدەدا. هەنووکە، فەلەستین خەریکە دەبێتە دەوڵەت و ئەگەرچی خەڵکی غەززە لە برسێتیشدا دەمرن، چ بگا بەوەی کە کارەبای مۆلیدەیان هەبێت و تەنانەت ئاو خواردنەوەشیان نیە، بەڵام ئایا ئەم چەپگەرایانە دژایەتی بەدەوڵەتبوونی فەلەستین دەکەن؟ نەخێر…

بەکورتی ڕیفراندۆم و پرسی بەدەوڵەتبوونی کورد تاقیکردنەوەی هەموولایەک بوو. بیروڕای ڕاستەقینەی هەموو کەسێکی سەبارەت بەوەی کە کورد و عەیار و کوالیتییەکەیان چی بێت، ڕوون دەکاتەوە. سەرەڕای هەبوونی دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکی؛ “سڵاو بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە سەربەخۆیی کوردستان هەیە، بۆ ئەوانەی گیانی خۆیان لە پێناو ئەو دۆزەدا بەخت کردووە و هەروەها بۆ ئەوانەی کە تا ئێستاش بەرگری لەم بیرۆکەیە دەکەن. هاوکات نەفرەت لەو کەس و لایەنە ناوخۆیی و دەرەکیانەی کە هەوڵدەدەن بێدەوڵەتبوون بەسەر نەتەوەی کورددا بسەپێنن”.

پوستێن ھەمان بەش