ناوەڕۆکی ڕوانگە و کردارەکانی ئۆجەلان، بە هێندێ بیانووی عەنتیکەوە کورد بەرەو تەسلیمبوون دەبات.
سمکۆ عەبدولعەزیز
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕێکەوتی 11/5/2025دا نامەیەکی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) ناردووە. کاتێک مرۆڤ لە نامەکە دەروانێت، بە ڕوونی بۆی دەردەکەوێت کە ئۆجەلان دیسان لە فەلسەفە و سیاسەت دوورکەوتۆتەوە.
هەندێ جار ئەوە دەبیندرێ کە عەبدوڵڵا خۆی بە ڕێبەری بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەیی کورد دەناسێنێت، هەندێک جاریش ئەوە دەبیندرێ کە ئەو نکۆڵی لەوە دەکات کەوا کورد خەباتێکی سەدانساڵەی لە پێناو سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەری و مافی دیاریکردنی چارەیخۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی بەڕێوە بردبێت. هەندێ جاریش ئۆجەلان وەک داکۆکیکارێک لە پاراستنی ژینگە و ئازادی ژنان و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە دەناسرێت.
ئەگەر مرۆڤ بەشێوەیەکی زیرەکانە وتار و کردەوەکانی ئۆجەلان لێکبداتەوە، زۆر بە ئاسانی بۆی دەردەکەوێت کە هەر لە دەسپێکی خەباتەی سیاسییەکەیەوە هەتا ئێستا، ئەو هەمیشە دژی خەباتی سیاسی نەتەوەیی کورد بووە و بەردەوام کوردانی هان داوە تا بڕۆن لەژێر چەپۆکی دەوڵەتی ناوەندیدا بژین، بە بێ ئەوەی کە کەمترین ئیعتراف بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت.
لێدوانەکانی ئۆجەلان هەمیشە لە دوو لایەن پێکدێن، لایەنی ڕووکەش، کە خۆی وەک پڕۆژەی ئەو بۆ ڕزگارکردنی کورد پیشان دەدات.
ڕووی ناوە و پراکتیک و بنەڕەتەکەشی، ئەوەیە کە بە هێندێ بیانووی عەنتیکە کورد بەرەو تەسلیمبوون دەبات.
کاتێک ئۆجەلان دەڵێت دەوڵەتی نەتەوەیی پڕۆژەیەکی تەسک و بێ ئەنجامە. ئەو تێگەیشتنە زیاتر لە نێو ئەو فەیلەسوفە ڕۆژئاواییانەدایە کە چەندین سەدەیە خاوەن دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن و دەیانهەوێت شێوازی بەڕێوەبردنی خۆیان و تێگەیشتنی هزریی هاووڵاتیانیان بگۆڕن. بە واتایەکی دیکە مەبەستیان ئەوەیە کە بەناوی ژینگە و فێمینیزمەوە خزمەت بە دەوڵەتە نەتەوەییەکەی خۆیان بکەن، واتە ئەوان دەیانهەوێت ئامرازەکانی خزمەتکردن بگۆڕن، نەک ئەوەی کە گۆڕانکاری لە ستراتژییەکەدا بکەن.
هەتا ئێستا کورد نەبووەتە دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ، هێشتا دەسکەوتەکانی سەربەخۆبوونی نەتەوەیی دەستەبەر نەکردووە هەتا بێت و گۆڕانکاریی تێدا بکات. واتە کاتێک کە مرۆڤی کورد لە دژی ئسەربەخۆبوونی نەتەوەکەی ڕادەوەستێت کە هێشتا بەدەستی نەهێناوە، وەک ئەوە وایە کە تۆ هەر لە سەرەتاوە دەستبەرداری هەموو مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی خۆت ببیت و وەکوو ئەو فەیلەسووفە ڕۆژئاواییانە بیر بکەیتەوە کە لە نەتەوەبوون تێر بوون و بانگەشە بۆ ئەو فیکرەش بکەیت. ئەمەش ئەو مانایا دەگەیەنێت کە تۆ لە ڕاستیدا هەوڵی سڕینەوە و للەناوبردنی خۆت دەدەیت و دەبێتە بەرهەمی هزری بێگانەبوون.
هیگڵ لە دیالۆگی (گەورە، کۆیلە)دا ئاماژە بەوە دەکات کە خۆناسین ئەوکاتە بەدەست دێت کە سەربەخۆیی خۆت ڕادەگەیەنیت و ئەو کاتەش لەناو دەچێت کە کۆیلایەتی قبووڵ دەکەیت.
ئۆجەلان داوا لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) دەکات کە لەناو حکومەتی ناوەندیی سووریادا ئیدغام ببن. ئەمە داواکارییەکی مەترسیدارە، چونکە مرۆڤ نازانێت لە ئێستادا کێ حکومەتی سووریا بەڕێوەدەبات، بەڵام دیسانیش هەر گەمژەیی دەبێت، کاتێک کە مرۆڤ ئەوەش بزانێت و دیسانیش ئەو داواکارییەی هەبێت.
ڕژێمی ئێستای سووریا، حکوومەتێکی نیشتمانی و عەلمانی و لیبڕاڵ نییە، بەڵکوو ڕژێمێکی توندڕەوی سەلەفی جیهادییە کە ڕێبەری ژمارە یەکەی واتە “ئەحمەد شەرع”، بە سەدان تاوان و جیناتی کوشتنی خەڵکی بێ گوناحی ئەنجامداوە و لە ڕاستیدا ئەو ڕێژیمە، درێژەپیدەری ڕاستەوخۆی ئایدۆلۆژیای داعش و قاعیدەیە.
لە ڕابردوودا و هەنووکەش، ئەم هێزانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پاڵپشتی دەکران و دەکرێن. لەلایەکی دیکەشەوە ئەمانە ئەو کەسانەن کە دەستیان بە خوێنی هەزاران لاوی کورد سوور بووە و بەهەزاران کچی کوردیان ڕفاندووە و کردوویانن بە کەنیزە و جاریە.
تێناگەم چ جۆرە هزر و باوەڕێک لای ئۆجەلان دروست بووە کە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە بێ هیچ ڕێککەوتنێکی ڕوون لەسەر پاراستنی مافە نەتەوەییەکانی خۆی بچێت و لەناو سووریادا خۆی ئاسمیلە بکات؟ بەڕاستی من تێناگەم کە ئەمە چ جۆرە پێشکەوتنێکە!.
ئەوەی ئۆجەلان دەیهەوێت ئەوەیە کە کورد بەدەستی خۆی قەبری خۆی هەڵبکەنێت و لە ڕووی فەلسەفییەوە ئەمە هەرگیز ڕوونادات، چونکە مەحاڵە کورد کەوا بە بەهاکانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ پەروەردە کراون، بڕۆن و لەگەڵ شێوە بیرکردنەوەیەکدا یەک بگرن و ئیدغام ببن کە نەتەوەبوون و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بە گوناحی کەبیرە دەزانێت.
ئۆجەلان لە هەموو کەس باشتر کەسایەتی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەناسێت، چونکە دەزانێت لەبەرچی بەشێکی بەرچاو لە کوردانی ڕۆژئاڤای کوردستان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا پەیوەندییان بە پەکەکەوە کردووە. ئەگەر ئۆجەلان لەبیریشی کردبێت، من وەبیری دەهێنمەوە، لەبەر ئەوەی کە لەو سەردەمەدا کەوا من لە ڕۆژئاڤادا لەگەڵ ئۆجەلان کارم دەکرد، هۆکارە سەرەکییەکانی تێکەڵبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بە پەکەکە بریتی بوون لە:
1ـ زۆرینەی کورد لە ڕۆژئاڤا خوێندەوارن، کەم ماڵ هەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان کە کتێبخانەی تێدا نەبێت.
2ـ پاشخانی فیکری زۆربەی کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، مارکسیزمی نەتەوەییە.
3ـ کوردانی ڕۆژئاڤا زۆر نیشتمانپەروەرن و لە هەرکوێ دەریچەیەک بۆ خەباتی سیاسی نەتەوەیی کورد هەبووبێت یان هەبێت، کوردی ڕۆژئاڤا لەوێ ئامادە بوون. مێژووی شۆڕشەکانی کورد ئەو شایەتیەمان بۆ دەدەن.
4ـ پەکەکە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا خۆی وەک پارتێکی نەتەوەیی کورد ناساندووە کە خەبات بۆ کوردستانی گەورە دەکات، هەربۆیەش کوردەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان پەیوەندییان بە ڕیزەکانیەوە کردووە.
کەواتە ئۆجەلان لە ئێستادا چۆن و بە چ ڕوویەکەوە، ئەم داواکارییە عەنتیکەیە لە کوردانی ڕۆژئاڤا دەکات؟