بانگەشەی “هێرشی دوژمنکارانە بۆ سەر هەولێر” لەلایەن پەکەکە و بەردەوامیی گەمە قێزەونەکان

پەکەکە جەریانێکە کەوا بەپێی ئەجێندای دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دروست بووە و گەورەترین چەکی بەردەستیشی، میدیاکەیەتی.

دوژمنایەتی کردنی میدیای پەکەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەم ئەخلاقی ڕۆژنامەگەری لەبەرچاو ناگرێت و هەمیش فڕی بەسەر کوردایەتییەوە نیە؛ پەکەکە لەژێر ناوی پاری دیموکراتی کوردستاندا، درێژە بە هێرشەکانی دژ بە خەباتی سەربەخۆییخوازانەی کوردستان و قەوارەی سیاسی- ئیداریی کورد و سەنگەری بەرخۆدانی سەد ساڵەی کورد، واتە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەدات. هەڵە نیە ئەگەر ئەم سیاسەتە میدیاییەی پەکەکە بە سیاسەتی “لەدژی یەکتری هاندانی کوردان” ناوزەد بکەین. بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە ڕێگای میدیاکەیانەوە تۆوی دوژمنایەتی لە نێو کورداندا دەچێنن. بەتایبەتی لەم دواییانەدا میدیای پەکەکە دەیهەوێ بەستێنێکی کۆمەڵایەتی و دەروونی بۆ پەلاماردانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە وەرزی بەهاردا، ئامادە بکات.

دەتوانین بڵێین ئاژانسی “میزۆپۆتامیا”ی پەکەکە کەوا لە تورکیا بڵاو دەکرێتەوە، بە چەواشەکاریەکانی، “هێرشێکی دوژمنکارانە بۆ سەر هەولێر” بەڕێوە دەبات.

ئاژانسی میزۆپۆتامیا: پەدەکە لە ماوەی 2 ساڵدا 158 گوندی چۆڵ کردووە

دەزگایەکی ڕاگەیاندنی پەکەکە بەناوی ئاژانسی میزۆپۆتامیا کە لە تورکیا پەخش دەکات، لەژێر ناوی دروستکردنی هەواڵدا، بەشداریی لە هێرشی دوژمنکارانە بۆ سەر هەولێر دەکات. ئاژانسی میزۆپۆتامیا لەژێر ناوی “هەڤپەیڤین”دا هەوڵیدا ئەم هێرشکاریەی خۆی بشارێتەوە. ئەوان هەموو کەس بە خەشیم دەزانن، بەڵام هەموو کورد دەزانن ئەم هەموو هێرشانە لە یەک ناوەندەوە سەرچاوە دەگرن.

بەمەبەستی ئاراستە کردنی بۆچوونی ئەو کەسانەی هەواڵەکە دەخوێننەوە، ئاژانسەکە لە سەرەتاوە دەڵێت: “هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی فیدراڵی کوردستان کە ساڵانێکە تورکیا ئەنجامی دەدات، لە 17ی نیسانی 2022ـەوە بە هاوکاری لەگەڵ پەدەکە بەرفراوانتر بوون. پەدەکە هەوڵی جێبەجێکردنی پلانەکانی تورکیا دەدات و بە چۆڵ کردنی گوندەکان، خەڵک ناچار دەکات کۆچ بکەن”. ئەمە هەواڵەکەی پەکەکەیە.

ئاژانسی میزۆپۆتامیا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ناڕاستە، چاوپێکەوتنی لەگەڵ یەکێک لە هەڤاڵانی پەکەکە بەناوی “باران گەرمیانی” کردووە. “باران گەرمیانی” لە چاوپێکەوتنەکەدا ڕایگەیاندووە، ” تەنها لە ماوەی 2 ساڵدا پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر داوای تورکیا 158 گوندی چۆڵ کردووە. لەو ناوچانەی شەڕ بەردەوامە، زیاتر لە 600 گوند لەژێر هەڕەشەی چۆڵکردندان و سەربازانی تورکیاش لە تەنیشت بارەگاکانی پەدەکەوە، هێرش دەکەنە سەر سەنگەرەکانی گەریلا و پەدەکە زەمینە بۆ داگیرکاری تورکیا لە تەواوی ناوچەکە خۆش دەکات”.

ئەو قسانەی “باران گەرمیانی” شایانی ئەوە نین کە باس لە ڕاستی و ناڕاستیەکەی بکرێت، چونکە پڕ روون و حاشاهەڵنەگرە کە تاکە هۆکاری چۆڵکردنی گوندەکانی باشوور، پێکدادانی هاوئاهەنگی نێوان پەکەکە و ئەرتەشی تورکیایە. هەردوولا (تورکەکان و پەکەکە) بە ئەنقەست ململانێیەکان بۆ دەوروبەری گوندەکانی ناوچەکەدا دەگوازنەوە و دەیانهەوێت باشووری کوردستانیش وەکوو باکووری نیشتمان کاول بکەن.

چاوپێکەوتنەکە چاوپێکەوتنێکی درێژ نیە، هیچ سەرنج و هەڵسەنگاندنێکی گرنگیشی تێدا نییە. ئەم چاوپێکەوتنە تەنیا بۆ ئەوەیە کە پەدەکە و دەوڵەتی تورک وەکوو شەریک و هاوپەیمان نیشان بدرێن و بڵێن پارتی دیموکرات گوندەکانی چۆڵ کردووە. با بزانین “باران گەرمیانی” کێیە کە ئەو شرۆڤەیەی کردووە و لەلایەن دەزگای میزۆپۆتامیای پەکەکەوە وەکوو ڕۆژنامەنووس ناسێندراوە؟

وتیان بە ڕیوی شاهیدت کێیە، گوتی کلکم؛ شایەتحاڵی ئاژانسی “مێزۆپۆتامیا”ش پەیامنێرێکی “ڕۆژنیوز”ـە

ئەم هەواڵەی ئاژانسی میزۆپۆتامیا لە لایەن هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پەکەکە و کەناڵە تەلەفزیۆنیە تورکیەکانی پەکەکە، وەکوو ماڵپەڕەکانی، ئۆزگور پۆلیتیکا، ڕۆژنامەی یەنی یاشام، خوێبون و هتد… بڵاوکرایەوە. هەروەها ئەم هەواڵە وەرگێڕدراوەتەوە بۆ سەر زمانەکانی “ئەڵمانی و ئیسپانی و ئینگلیزی”ش. بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ماڵپەڕەکانی پەکەکە ئەم هەواڵەیان لە بەشە سۆرانییەکانیان بڵاو نەکردەوە. چونکە ئەگەر بڵاوبکرێتەوە ڕووی ڕاستەقینەی سیستەمە بێ ئەخلاقانە و چەواشەکارانەکەیان زیاتر ئاشکرا دەبێت.

ئەگەر لە ماڵپەڕەکاندا بە دوای ناوی “باران گەرمیانی”دا بگەڕێین، دەبینین ناوی “باران گەرمیانی” تەنها بە زمانە جیاوازەکانی پەیوەست بەو هەواڵە درۆیینەی ئاژانسی میزۆپۆتامیای پەکەکەوە دەردەکەوێت. دەنا هیچ هەواڵێک لەسەر باران گەرمیانی بە شێوەزاری سۆرانی بوونی نییە. هیچ پیشەیەکی لەبواری ڕۆژنامەوانیدا نیە، چوونکە ئەساسەن هیچ  ڕۆژنامەنووسێک بە ناوی “باران گەرمیانی” بوونی نیە. هەتا پەکەکە مابێت فێڵ و تەڵەکە و چەواشەکارییەکانی کۆتاییان پێ نایەت.

باران گەرمیانی کەسێکە کەوا ماوەیەک بەشداریی لە چالاکییەکانی گەنجانی پەکەکە لە شاری کەلاری باشووری کوردستاندا کردووە و دواتریش وەکوو پەیامنێر لە سایتی پرۆڤۆکاتۆری پەکەکە بەناوی “ڕۆژنیوز”دا دەستبەکار بووە کە لە سلێمانی بڵاو دەکرێتەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە باران گەرمیانی تەنها کارمەندێکی پەکەکەیە و هیچیتر.

بە واتایەکی دیکە بابەتی “شاهیدی ڕێوی تەنها کلکەکەیەتی” لەم گەمە میدیاییانەی پەکەکەدا بە ڕوونی دەبینرێت. کۆردیناسیۆنی میدیایی پەکەکە ڕێنمایی دەدات کە: “هەواڵێک لەسەر هاوکاریی پەدەکە و چەکدارەکانی تورک ئامادە بکرێت و بەشێوەیەک دابڕێژێت کە ئەو هاوکاریە زیان بە کورد دەگەیەنێت و دواتر هەواڵەکە بڵاو بکرێتەوە”. دیارە هەواڵەکە بە زمانی تورکی بڵاو دەکرێتەوە، چوونکە ئەگەر هەواڵەکە بە سۆرانی بێت خەڵکی باشوور دەیخوێننەوە و کاردانەوەیان دەبێت. ئەو کارمەندەی پەکەکە وەکو ڕۆژنامەنووس دەناسێندرێت و هاوکارەکەی تەنیشتیشی هەواڵەکە ئامادە دەکات و ناوەندی ڕاگەیاندنی پەکەکە ئەو هەواڵە بڵاو دەکاتەوە. واتە پەکەکە خۆی هەواڵی ساختە دروست دەکات، پاشان فووی پێدا دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە.

میدیاکانی پەکەکە دژ بە کوردان جاشایەتی دەکات

کاتێک لەم ڕوانگەیەوە سەیری شێوازی ئامادەکردنی هەواڵەکانی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا دەکەین، ئەم ئەنجامە سەرهەڵدەدات؛ میدیای پەکەکە ڕێکخراوێکی جاشە. ئەم ڕێکخراوە دوو ئامانجی سەرەکی هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە لەژێر ناوی پەدەکەدا سووکایەتی بە هەبوونی سیاسی و ئابووریی باشووری کوردستان بکات و لەرووی ئیحساسی و سیاسیەوە بەستێنێکی وەها بڕەخسینێت کە ڕەوایەتی بە پەلاماری داگیرکەرنی کوردستان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بدات و هەروەها بەکرێگرتە و پاشکۆ بۆ داگیرکەران دروست بکات. ئامانجی دووەمی میدیای پەکەکەش ئەمەیە؛ “شاردنەوەی شکستە سەربازی و سیاسییەکانی پەکەکە و هەڵوێستەکان لە دژی نەتەوەی کورد و پاراستنی حیزبەکەی لەرێگای مانیپولاسیۆن و هەواڵی درۆیین و چەواشەکارانەوە”.

  ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین میدیای پەکەکە لە ڕاستیدا جەوهەری پەکەکەیە. دوای ئەوەی کە لەساڵی 2003دا ستاتۆی هەرێمی کوردستان دەستەبەر کرا، پەکەکە دژایەتی هەرێمی کوردستانی کرد و شانبەشانی هێزە شۆڤێنیەکانی تورک و فارس و عەرەب دژ بە حکومەتی باشووری کوردستان هەڵوێستی گرت. پەکەکە لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب بوو بە هاوپەیمان کە نایانهەوێت کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەن هیچ قەوارەیەکی سیاسی بێت و بەردەوام بە هەموو توانایەنەوە دژ بە دەستکەوتە نەتەوەییەکانی کوردستان کار دەکەن. پەکەکەییەکان بە پێی بەرژەوەندی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان دەجووڵێنەوە و سیاسەتێکی دوژمنکارانە دژی ئیدارەی هەولێر بەڕێوە دەبەن. هۆکاری هێشتنەوەی پەکەکە لە ساڵانی 2000 بەملاوەش هەر ئەمەیە؛ داگیرکەرانی کوردستان پەکەکە وەک ئامرازێک لە دژی خەباتی سەربەخۆییخوازانەی کورد و کوردستان بەکاردەهێنن.

میدیاکانی پەکەکە هێرش دەکەنە سەر دەستکەوتەکانی 100 ساڵەی باشووری کوردستان

میدیای پەکەکە درێژەپێدەری ئەم چەرخە قێزەونەیە. لقوپۆپەکانی پەکەکە بارەگایان لە ئەستەنبوڵ و ئامەدە و لەژێر ناوی ئاژانسی “میزۆپۆتامیا” و ڕۆژنامەی “یەنی یاشام” بڵاو دەکرێنەوە، یان باڵیان فش دەکەنەوە و لەنێوان سلێمانی و قامیشلۆدا لە هاتووچۆدان، یانیش بە هاوکاری گەریلاکانەوە لە خەتی “پێنجوین”ـەوە بە بێ پاسپۆرت لە ڕێگای ئێرانەوە دەچنە لای کۆمیتەی ڕاگەیاندنی پەکەکە لە سلێمانی.

دەوڵەتی تورک لەکاتێکدا کە بیانووی یارمەتیدانی پەکەکەوە هەوڵی زیندانیکردنی پیرەژنێکی تەمەن 81 ساڵ بەناوی “مەقبولە عوزێر” دەدات، کەچی ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 15 ـ 20 ساڵیدایە و لە میدیاکانی پەکەکەدا کاریان کردووە و دەیان جار لەگەڵ مستەفا قەرەسو و جەمیل بایک کۆبوونەتەوە و لە قوتابخانەی ناوەندی پەکەکەدا مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە، لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی پەکەکەدا لە ئەستەنبوڵ و ئامەد بۆخۆیان دەسووڕێنەوە. هەمان ئەو کەسانەی لەو ناوەندانەی داگیرکەرانەوە پەلاماری دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان دەدەن کە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدی سوورخەڵاتن و هەروەها هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش، کە سەرجەم کورد شانازییان پێوە دەکات.

پەکەکە جەریانێکە کەوا بەپێی ئەجێندای دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دروست بووە و گەورەترین چەکی بەردەستیشی، دەزگا میدیاییەکەیەتی. هەربۆیە میدیای پەکەکە لە خودی پەکەکە گوماناویتر و قێزەونترە. دەزگای هەواڵگریی “میت” لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی پەکەکەدا لە تورکیا حزووری هەیە و لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی پەکەکە لە شاری “سلێمانی” باشووری کوردستانیشدا، دەزگای هەواڵگریی “ئیتڵاعات”ی ئێران تەڕاتێن دەکات. بەهۆی ئەم ڕاستییەوە دەتوانین بە بێ دوودڵی بڵێین کە میدیای پەکەکە هێرشی دوژمنکارانە دژ بە هەولێری پایتەخت بەڕێوە دەبات.

پوستێن ھەمان بەش