بەشی سێهەم: هەرکام لە دامەزرێنەرانی پەکەکە چیرۆکێکی جیاوازیان هەیە
چارەنووسی ئەو 22 کەسەی کە پەکەکەیان دامەزراند، بۆ تێگەیشتن و ناسینی پەکەکە لەم سەردەمەدا زۆر گرنگە. پێشتر باسی بەسەرهاتی 8 کەس لە دامەزرێنەرانی پەکەکەمان کردبوو.
9ـ کەسیرە ئۆجەلان ـ یڵدرم (فاتمە): لە ساڵی 1958 لە شارۆچکەی قەرەکۆچان لەدایک بووە. لە ساڵی 1978 لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان هاوسەرگیری کردووە. لە ڕاستیدا کەسیرە دەسگیرانی کەسێکی تر بوو لەناو پەکەکەدا، بەڵام ئۆجەلان پەیوەندی نێوان “کەسیرە و عیسمەت”ی قبوڵ نەکرد و تێکیدا. عیسمەتی دوور خستەوە و فشاری خستە سەر کەسیرە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆیدا بکات. لە ئەنجامدا کەسیرە و عەبدولڵا ئۆجەلان هاوسەرگیرییان کرد و کەسیرە (فاتمە) وەکوو ژنی یەکەم لە ناو گرووپی پەکەکەدا جێگەی خۆی گرت. کەسیرە یەڵدرم یەکێکە لەو دوو ژنەی کە لە کۆنگرەی یەکەم و دامەزرێنەری پەکەکدا ئەندام بووە.
بە گشتی لە مێژووی پەکەکەدا، کەسیرە بە خائین ناودەبرێت. کەسیرە لە لەناوخۆی پەکەکە و لە دەروەی پەکەکەشدا وەکوو کچی عەلی یەڵدرم یەکێک لە ئەندامانی دیاری دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) ناسراوە. بەڵام ئەمە دۆخی ئەو نییە لە پەکەکەدا. کەسیرە کەسێکە هەم لە سەردەمی دامەزراندنی پەکەکە و هەم تا ساڵی 1986 کە لە پەکەکە جیابوویەوە، هەولێکی زۆریدا بۆ ئەوەی کە ئۆجەلان بکات بە سەرۆک. کەسیرە بە هاوکاری ئۆجەلان هێرشی کردە سەر کەسانی وەک چەتین گونگۆر (سەمیر) و ڕەسوڵ ئاڵتۆک (داوود). ئەو چیرۆکەی کە بووە هۆی کوشتنی ئەو سەرکردانە لەلایەن پەکەکەوە، کەسیرە و ئاپۆ پێکەوە دروستیان دەکردن. لە ئۆردوگای لوبنان و لۆلان ژنانی ناو پەکەکە یەک بە یەک لەپێش چاوی کەسیرەدا دەکوژران.
دیارە کەسیرە خۆی وەکوو شەریکێکی دەسەڵاتی ئۆجەلان دەبینی و هەربۆیە بە تێپەڕبوونی کات ئۆجەلان کەسیرەی وەکوو بەربەستێک دەزانی. هەروەها ئۆجەلان دەستی کرد بە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ژنانی دیکەش و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسیرەدا کۆتاییان پێهات.
کاتێک کە پەکەکە بڕیاری لەناوبردنی کەسێک دەدات، سەرەتا دەڵێت کەسایەتییەکەی قەلسە و لە بواری ئیدئۆلۆژیکدا لە خەتی پەکەکە لایداوە. پاشان وەکوو تەسفیەکار ناوی دەبرێت و لە قۆناخی کۆتاییدا پیی دەگوترێ سیخوڕە. هەر کات کەسێک گەیشتە ئاستی سیخوڕی، ئەوە نیشان دەدات کە ڕێگا بۆ کوشتنەکەی هەموار کراوە.
لە کۆنگرەی سێیەمی پەکەکەدا، کەسیرەش وەکوو زۆر هەڤاڵی تری ئۆجەلان ئەم سێ قۆناغەی تێپەڕاند. لە ڕێکخراوەکەدا بە تەسفیەکار ناسێندرا و لەگەڵ دوران کاڵکان و عەلی حەیدەر قەیتان ئەندامەتیەکەی هەڵپەسێردرا و قەوارە تەشکیلاتیەکەیان خرایە ئاستی وڵاتپارێزی. بەڵام دیارە بە چەند هۆکارێکی وەکوو هەبوونی پەیوەندیی ئۆجەلان لەگەڵ میت، کە باوکی کەسیرە یەکێک لە ئەندامانی دیار بوو، کەسیرە وەکوو دامەزرێنەرانی دیکەی پەکەکە نەکوژرا بەڵکوو کەسیرە بە شێوەیەکی گوماناوی لە کەمپەکانی پەکەکە لە یۆنان بە هەڵهاتن درا و پاش هەلهاتنەکەشی ئیدی ببڕا و ببڕ باسی پەکەکەی نەکرد.
کەسانی نزیک لە پەکەکە ڕایانگەیاند، کەسیرە لەگەڵ پەکەکە ڕێککەوتووە و بەپێی ئەم ڕێککەوتنەکە، سەرجەم پێداویستییە داراییەکانی کەسیرە دابینکراوە و لە بەرانبەردا ئەویش بەڵێنی داوە کە هیچ شتێک لەدژی ئۆجەلان باس نەکات. پەکەکە بەڵێنی داوە بەو مەرجانە ئیدی کەسیرە ناکووژێت. بەپێی زۆر تێبینیی بەهێز دەگوترێت ئەم ڕێککەوتنەی نێوان ئۆجەلان و کەسیرە میهری بەللی پێکیهێناوە.
دیارە ئۆجەلان لە باسکردن لەگەڵ کدیرەکانی خۆیدا، کەسیرە بە ژنێکی ترسناک و گەندەڵ و دڕندە وەسف دەکات. جێگای سەرنجە کە ئۆجەلان لە ساڵی 1999 کاتێک لە تورکیا ئامادەی دادگا بوو، گوتی: “ڕەنگە کەسیرە دەستی لە کوشتنی ئۆلۆف پاڵمێدا هەبووبێت”. هەر بۆیە لەئێستادا کەسیرە لە لیستی خیانەتکارانی پەکەکەدایە.
10ـ جەمیل باییک (جومعا): لە ساڵی 1955 لە ئەلعەزیزی لەدایکبووە. یەکێک بوو لەو 5 کەسەی کە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئۆجەلان بووە. یەکێک لەو دوو ئەندامەی پەکەکەیە کە هێشتا لە ژیاندایە و سەرکردایەتی پەکەکە دەکات. جەمیل باییک لە سەرەتای دامەزراندنی پەکەکەوە هەتا ئەمڕۆ لە مێژووی پەکەکەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە. هەمیشە بە نوێنەری ئۆجالان یان کەسی دووەمی پەکەکە ناوی دەهێندرێت. بەڵام لە واقیعدا هەموو کارە تاریکەکانی ئۆجالان لەلایەن جەمیلەوە ئەنجام دەدرێن.
گومانی زۆر لە جەمیل باییک هەیە. بەشێک لەو گومانانەی کە لەسەری هەن؛ لە ساڵی 1979 دەستگیرکرا بەڵام گۆیا “بە هەڵە” لەلایەن دەوڵەتەوە ئازاد کراوە. باییک بووەتە هۆی دەستگیرکرانی مەزڵوم دۆغان و کەسانی دیکە. لە ساڵی 1984دا ئێران ڕاپۆرتێکی لەسەر جەمیل بایک ئامادە کرد و بە سیخوڕی تورکیا ناوی برد.
هەرچەندە پێی دەگوترێت دەستی ڕاستی ئۆجەلانە، بەڵام هەمیشە لە ململانێیەکی نهێنیدا بووە لەگەڵ ئۆجەلاندا. لەگەڵ حەقی قەراردا دژی هاوسەرگیری ئۆجەلان لەگەڵ کەسیرە و هەروەها هاوڕێیەتیکردنی ئۆجەلان لەگەڵ پیلۆت (نەجاتی کایا) هەڵوێستیان گرتووە. لە ساڵی 1979دا لە دژی ڕۆیشتنی ئۆجەلان بە تاقی تەنها خۆی بۆ سووریا، بووە و ڕخنەی لەو کارەی ئۆجەلان گرتووە.
دوای ساڵانی نەوەدەکان ناڕەزایی خۆی لە ژیانی ئۆجەلان لەگەڵ ژناندا لەناو ڤیلاکانی دیمشق لە سووریادا دەربڕی. لە ساڵی 1997 ئۆجەلان پێی وتووە “جومعا بۆی نیە تەداخول لە پەیوەندی من لەگەڵ ژناندا بکات”.
جەمیل باییک لە ساڵی 1997دا لەلایەن ئۆجەلانەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. پێش ئەوەی ئۆجەلان لە ساڵی 1999 بچێتەوە تورکیا، شەشەمین کۆنگرەی پەکەکە بەسترا. ئۆجەلان ناوی جەمیل باییکی لە لیستی خۆیدا بۆ کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە نەهێنابوو. کاتی تەسفیەکردنی بایک بوو، بەڵام ئۆجەلان ڕۆیستەوە بۆ تورکیا و چارەنووسی جەمیل گۆڕا و جارێکی دیکە بوو بە کەسایەتییەکی کاریگەر لەناو ڕێکخراوەکەدا.
بەڵام دیسان لەساڵی 2004دا لەلایەن ئۆجەلانەوە وەک تەسفیەکار دەستنیشانکرا و هەتا ساڵی 2006 هیچ ئەرکیکی پێنەدرا. بەڵام جەمیل بایک تۆڵەی خۆی لە هەموو ژنە گەریلاکانی نزیک لە ئۆجەلان کردەوە زۆربەی تەسفیە کردن. وردە وردە شوێن پێیەکانی ئۆجەلانی لەناو ڕێکخراوەکەدا پاک کردنەوە. هەنووکە ئۆجەلان بۆ کادیرەکانی پەکەکە تەنها سەرۆکێکی مەعنەوییە و ئەوەی کە سیستەمی پەکەکە بەڕێوە دەبات، جەمیل باییکە.
جەمیل بایک لە ماوەی 40 ساڵ مانەوەی لە ناو پەکەکەدا، وەکوو کەسێکی بێ ویژدان و ترسنۆک (هەڵاتوو) وەسف دەکرێت. بەردەوام لە گۆڕەپانی جەنگدا هەڵهاتووە و سەنگەری چۆڵ کردووە. جەمیل بە بێ ویژدانی خۆی بۆتە سام بەسەر کادیرەکانی پەکەکەوە و بکوژی سەدان کادیرە.
جەمیل بایک ساڵانێک وەکوو سەرۆکی پەکەکە بە نهێنی کاری کردووە و لەئێستادا بووەتە سەرکردەی ئاشکرای پەکەکە.
11ـ دوران کاڵکان (عەباس): لە ساڵی 1954 لە شاری ئەدەنە لەدایکبووە. یەکێکە لەو 5 کەسەی یەکەم کە پەیوەندیی بە ئۆجەلانەوە کردووە. دوران کاڵکان یەکێکە لەو دوو ناوەی کە بەشداری کۆنگرەی دامەزراندنی پەکەکە کردووە و تا ئێستاش لەناو پەکەکەدا دەژی. دوران کاڵکان، لەناو پەکەکەدا نازناوی “عەباس” بەکار دەهێنێت، لەبواری ئایدیۆلۆجیادا وەکوو سیمایەکی دیار و ناوێکی گرنگ دەناسرێت. سەرەتا لە بواری چاپەمەنی و چاپخانە و هتد… کاری کردووە و کتێبی نووسیوە. عەباس تاقە کەسێکە کەوا کاتێک ئۆجەلان لە دوای ساڵی 1981 خۆی بە تاقە سەرۆک دانا و سەرکردە دامەزرێنەرەکانی پەکەکەی دەکوشتن، بێدەنگیی هەڵبژارد. زیاتر لە باشووری کوردستان ماوەتەوە و لە ساڵانی 1982-1985 لە بڕیارگەکانی پەدەکە (پارتی دیموکراتی کوردستان)دا ماوەتەوە و لەوێ مەشقی سەربازیی وەرگرتووە و لەژێر کاریگەری خەباتی پێشمەرگەدا بووە. دوران کاڵکان سەرەتا گۆڤارێکی بە ناوی پێشمەرگە بڵاو کردەوە و ڕۆمانێکیشی بە ناوی “پێشمەرگەی بچووک” نووسیوە.
بەڵام ئۆجەلان ئەم لێدوانەی وەک تەسفیەگەریەک دەبینی و لە کۆنگرەی 3دا ناوی کاڵکان وەکوو لایەنگرێکی پەدەک-پێشمەرگە ناو دەبات. هەروەها لە پرۆسەی تەسفیەکردنی کادیرەکانی پەکەکە کەوا لە ساڵانی 1970 لەلایەن ئۆجەلانەوە بەرێوەچوو، کاڵکانیش بێ نەسیب نەبوو. ئۆجەلان دەیهەویست بە لەناوبردنی کادیرە کۆنەکان، یادەوەرییەکی نوێ دروست بکات. دوران کاڵکان لە ساڵی 1986 لە کۆنگرەی 3دا بە تەسفیەکار ناسێندرا و ئەندامەتیەکەی لە پەکەکە هەلپەسیردرا و ڕەوانەی ئەوروپا کرا. دەیانەویست خۆی بۆ پەکەکە بسەلمێنێت. دوران کاڵکان لەگەڵ عەلی حەیدەر قەیتان (فواد)ی هەڤاڵیدا لە نێوان ساڵانی 1988-1988 لە ئەڵمانیا دەستگیر و زیندانی کران. ساڵی 1994 ئازاد کرا و گەڕایەوە بۆ سووریا. لە کۆنگرەی پێنجەمدا کە لە حەفتەنین بەڕێوەچوو، جارێکی دیکە وەکوو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە دەستنیشان کرا. بەڵام ئەرکەکەی زۆری نەخایاند و لە سەرەتای ساڵی 1998دا لەلایەن ئۆجەلانەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و کرا بە سەرۆکی تیمێک. لە کۆنگرەی شەشەمی پەکەکەدا ناوی کاڵکان لەناو لیستی ئەو کەسانەدا نەبوو کە ئۆجەلان پیشنیاری کردبوو ببنە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، بەڵام دیسانیش لە کۆنگرەدا وەکوو ئەو هەڤاڵانەی دیکەی کە لەلایەن ئۆجەلانەوە لە پۆستەکەیان دوورخرابوونەوە، بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە هەڵبژێردران. ساڵی 2004 دوران کاڵکان جارێکی دیکە لەلایەن ئۆجەلانەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم جارێکی تر دەستی بە کارەکانی کردەوە.
دوران کاڵکان و جەمیل بایک لە هەموو بڕیارەکانی کوشتن و تەسفیەکردنی کادیرەکان لە دوای ساڵانی 2000ـەکانەوە بەشداریان کردووە. دوای کۆنگرەی 10 وەکوو بەرپرسێکی سەرەکی بەشداریی لە هەموو چالاکییەکانی پەکەکەدا کردووە.
12ـ سەیفەدین زۆگورلو (سەلیم): سەیفەدین ئەو کەسەیە کە پەکەکە یەکەم کۆنگرەی خۆی لە ماڵەکەی ئەودا بەست. خەڵکی گوندی “فیسێ”ی سەر بە “لجێ”یە. لەکاتیکدا کە مامۆستای قوتابخانە بووە، پەیوەندی بە پەکەکەوە کردووە. لە ئامەد و دێرسیم چالاکیی گرنگی بەڕێوە بردووە. خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵ بووە. لە ساڵی 1980 لەگەڵ خێزانەکەی ڕوویان لە سووریا کردووە. لە ساڵی 1982دا لە شەڕی فەلەستین و ئیسرائیلدا دەستگیر کراوە. سەیفەدین زۆگورلو هەتا سەرەتای دەیەی هەشتا واتە ساڵانی (1980)، یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پەکەکە بوو، بەڵام لە دوای ساڵی 1983 وردە وردە پاشەکشەی کرد و خۆی لە هەندێک ململانێ کشاندەوە. بەڵام دواتر رووداوێکی سەرنجڕاکێش دێتەگۆڕێ و لە ساڵی 1984دا لە قامیشلۆ هاوسەرەکەی خۆی دەکوژێت و بەرەو بۆتان هەڵدێت. لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1986 لە ناوچەی “بەستا” سەربە “بۆتان”ی باکووری کوردستان، لە چالاکیەکدا بەشیوەی ئینتیحاری پەلاماری دوژمن دەدات و گیان لەدەست دەدات. سەیفەدین بۆخۆی شیوازێکی ئینتیحاری هەڵدەبژیرێت.
سەیفەدین زۆگورلو (سەلیم)، تاقە دامەزرێنەری پەکەکەیە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژرابێت. هەردوو منداڵەکەی لەلایەن پەکەکەوە پەروەردە کراون. یەکێکیان بە کۆدناوی “حەسەن ئەلقامیشلۆ” یان “سەیفییە”، لە ئێستادا لە سەرکردایەتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک “هەسەدە”دایە. منداڵەکەی دیکەشی بەناوی “بەرخۆدان” ساڵانێک لەگەڵ ئۆجەلاندا بووە و لەئێستادا لە پاریس دەژی. بنەماڵەی سەیفەدین زۆگورلو لەلایەن پەکەکەوە بە بەهایەکی ڕەمزی دادەنرێن، چوونکە یەکەم کۆنگرەی پەکەکە لەماڵەکەی ئەواندا بەڕێوە چووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەندامێکی خێزانەکەی لەناو پەکەکەدا پۆستێکی باڵایان پێنەدراوە.