ئۆجەلان: “ئیسرائیل 30 ساڵە هەوڵی بەدەستهێنانی ئێمە دەدات و بە نهێنی بەڵێنی دەوڵەتمان پێدەدات”.
وەک دەزانرێت شاندی دەم پارتی لە ڕێکەوتی 25ی نیسانی ئەمساڵ (2025)دا بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەردانی دوورگەی ئیمرالی کردبوو. لەو دیدارەدا ئۆجەلان و وەفدی دەم پارتی زۆر بابەتیان تاوتوێ کرد و لەوانە باسیان لە بارودۆخی تەندروستی سری سورەییا ئۆندەریش کردبوو. هەرچەندە هەندێک لە گفتوگۆکانی ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن شاندی “پارتی دەم”ـەوە بڵاو کرانەوە، بەڵام هەموو گفتوگۆکان بڵاو نەکرایەوە. دواتر ناوەڕۆکی ئەو دانوستانانە بە زمانی تورکی لە ئەورووپا بڵاو کرایەوە و باس لەوە کرا کە ئەو ئاخاوتنە لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەوە بە نهێنی بڵاو کراوەتەوە، بۆیە ئێمە لەم بابەتەدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەو قسانە وەک خۆی بڵاو دەکەیەنەوە.
گفتوگۆی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجالان بەم شێوەیە بەردەوام بووە:
پەرڤین بوڵدان: ئێمە تێدەگەین کە ئەوان لە مافی هیوا بە باشی تێناگەن، بە تەواوی لە چوارچیوەی ئەم مافە تێناگەن، سرری بە وردی باسی لە هەبوونی بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر ئەم بابەتە کرد و هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت هەموو وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپا پابەندی ئەم بڕیارە بن. باسمان لەوە کرد کە هاکان فیدان پێشتر ئاگاداری ئەم بابەتە بووە، ئێوە دەتوانن زانیاری لە هاکان فیدان وەربگرن، ئەویش بە جووڵاندنی سەری ئەوەی قبووڵ کرد.
سەرۆک: ئەمە مومکین نییە، ئەوەی کە باخچەلیش باسی دەکرد، هەر ئەمە بوو. باخچەلی ئەمەی کردبووە ڕۆژەڤ. ئەم پرۆسەیەی کە ئێمە لێرەدا دەیخەینەڕوو، لە هەڵوەشاندنەوەوە بگرە هەتا دەگاتە ئێران و عێراق و ئەوروپا، پێشنیاری کردەیی هەیە و پڕۆسەکە پرۆسەیەکی وەهایە. بۆیە مافی هیوا لە ئێستادا جێبەجێ ناکرێت و دوای ئەم هەنگاوانە نیقاشی لەسەر دەکرێت. هەروەها من هەر لە سەرەتاوە گوتم کە مافی هیوا لە ماوەی هەفتەیەکدا جێبەجێ دەکرێت. ئەمە هەڵە بوو، بۆ پرۆسەیەکی لەمجۆرە دەبێت جیددی بین. ماوەیەکی زۆر دەگوترا کە هەڵوێستی ئۆجەلان چارەنووسی پرۆسەکە دیاری دەکات، ئەمە ڕاستە و زۆر گرنگە چونکە پێشتر ئەمە تاقی کراوەتەوە، زۆر کەسی وەک سەبری و سەلاحەدین بەکار هێنران. بەڵام سەرکەوتوو نەبوون چوونکە ئامرازی هەڵەیان بەکارهێنا. ئیبراهیم [مەبەستی ئیبراهیم کاڵنە] وتی ئەمە کلیلێکی هەڵەیە. ئەمە زۆر گرنگە، لەڕاستیدا دەستنیشانکردنی کلیلی ڕاست زۆر گرنگە، شاندی ئێوە و شاندەکانی دیکە دێن و دەڕۆن، بە باشی کار دەکەن، کاتێک کە ئێوە لەگەڵ وەزارەتی داد کۆدەبنەوە، نابێت لە بە ڕۆژەڤکردنی پرسە یاساییەکاندا پەلە بکەن. بۆ نموونە قەییۆمەکان، ئەگەر ئەوە چارەسەر کرابا، ئیدی قەییۆم دانەدەنران، جەهەپەش نەدەکەوت، پارتی دەم هیچ دەسەڵاتێکی لەسەر بابەتی قەییۆمەکان نیە. دەوڵەتیش هیچ خواستێکی بۆ لەکارلادانی قەییۆمەکان نیە. هەر بۆیە ئێوە لەئێستادا ناتوانن ئەمە چارەسەر بکەن. مافی هیواش بەم شێوەیەیە، ئەوەی باخچەلی وتوویەتی دەربڕینی ڕامان و نیازێکی پاکە، هەر بۆیە نابێت بچینە ناو خەیاڵاتەوە، ئەمە دەبێت پێوەرێک بێت بۆ ئازادی و ڕزگاری، ئەمەش دۆخی زیندانەکان و دۆخی قەییۆمەکان و ئەوانەی ئەوروپاش لەخۆ دەگرێت. ئەگەر ئەمە بوو بە واقیع، ئەوکات بیر لەوە دەکەنەوە کە چوارچێوەی یاسایی دەبێ چۆن بێت. سەبارەت بە قەییۆمی دیاربەکر، من تووڕە بووم و گوتم دەتانهەوێت ئێمە شەڕ بکەین، ئێستاش داوای کۆنگرە دەکەن، بەڵام بۆردومان و هێرشەکانیان بەردەوامە. ڕۆژێک لەمەوبەر من ئەمەم بە هاکان فیدان وت. من پێم وت مانگێک چاوەڕێ بکە، بزانە ئێمە چی دەکەین. شاندەکە دێنە ئێرە و ئێمەش گفتوگۆی لەسەر دەکەین و کار لەسەر دیموکراتیزەکردنێکی کوردی دەکەین. من خۆمم خستۆتە ناو مەیدانەکەوە، دوای 52 ساڵ و یەک مانگ، ئەمڕۆ بوو بە مانگێک، من داوای کۆتایی سەرهەڵدانی کوردم کرد. دەستەواژەی کۆتایی سەرهەڵدانی کورد لەلایەن دەمیرێلەوە بەکارهاتووە. لە سەردەمی ئۆزالدا، پەکەکە و دەوڵەت درکیان بەوە کرد کە شەڕ سوود بە هیچ لایەک ناگەیەنێت، من ئەم بابەتەم لەگەڵ هاکان فیدان باس کرد، وتم کە ئیتر پێویست بەم کارە ناکات و کۆتایی پێدەهێنین، ئەوانەی نایانهەوێت کۆتایی پێبهێنین، یان خیانەتکاران بە نیشتمانن یان بەڕاستی کوێرن و نابینن.
ئیسرائیل 30 ساڵە هەوڵی بەدەستهێنانی ئێمە دەدات و بە نهێنی بەڵێنی دەوڵەتمان پێدەدات. لە ڕێگەی ڕۆژنامەی سۆزجووەوە دوژمنایەتییەکی باش لە دژی کورد ئەنجام دەدرێت، هێرش دەکرێتە سەر ئەو ژن و منداڵ و کەسانەی کە لە پێناو مندا ڕۆیشتوونەتە “خەلفەتی” [گوندەکەی ئۆجالان]. لە ڕێگەی ئەم ڕۆژنامەیەوە هەوڵ بۆ پەرەپێدان و زیادکردنی دوژمنایەتی دەدرێت و دەگوترێ سەیرکە ئیسرائیل بەڵێنی دەوڵەتی پێداون.
بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئەم دوژمنایەتییە ڕۆژنامەی سۆزجو باشترین ئامرازە، ئەوان ئەتاتورک بەکاردەهێنن، ئەمە ئامرازێکە.
بەرپرسێک: باسی ئەوە کراوە کە کاتێک سرری لە نەخۆشخانە بوو، کۆمەڵێک لە ئولکو ئۆجاگلار ڕۆیشتوون بۆ نەخۆشخانە تا خوێن ببەخشن. پەرینچەک لێدوانێکی دا، پەرینچەک وتی: ئێمە پشتگیری لە ڕێکخراوە کوردییەکانی ساڵی 1978 دەکەین، ئەمانە پێشهاتی باشن و ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەوانیش سەیری ڕۆژنامەی سۆزجوو ناکەن.
سەرۆک: بەڵێ تێدەگەم کە ئێوە بە بارودۆخی ناوخۆی جەهەپەش دەڵێن گەندەڵییە، بەڵام من وا بیر ناکەمەوە. بە ڕۆژەڤ کردنی جەهەپە لەم دۆخەدا، خۆپیشاندانەکانی گەزی وەبیر هێنامەوە، وا بیردەکرێتەوە کە دەستی دەرەکی لە پشت ڕووداوەکانی گەزیدا هەیە. بەرپرسێک پێی وتم کە تۆش وەها بیر دەکەیتەوە، منیش وتم بەڵێ. ئەو بەرپرسە بە لەقاندنی سەری، قسەکانی من پشتڕاست کردەوە و گوتی: بەڵێ ئەوان دەستیان تێدا هەبوو، بەڵام ئەم دەستانە زۆر لاواز بوون، لە 15ی تەمموزیشدا هەر وەها بوو، دەزانم ئۆزال و فەرماندەی بیتلیس چۆن کوژران، هەر بۆیە لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئۆزالدا پەیامێکم بڵاو کردەوە و جەختم لەسەر پابەندبوون بە یادەوەرییەکانی کردەوە، ئەوەی بەسەر ئۆزالدا هات، نابێت لەبیر بکرێت. چاوپێکەوتنێکی من لە ڕۆژنامەیەکدا بڵاوکرایەوە، بەهۆی ئەمەوە هێرش کرایە سەر ئۆزال، محەممەد عەلی بیراند چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ من کردبوو و ئۆزالیش بە بیراندی گوتبوو کە تۆ منت سووتاند.
“بەهۆی ئەوەی کە ئەو کۆبوونەوەیە زۆری خایاندووە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆی شاندی پارتی دەم و ئۆجەلان، لە بابەتێکی دیکەدا باس دەکەین”.
بەردەوام دەبێت..