لەکاتێکدا کە قەرەسوو دەتوانێت بە فڕۆکە بچێتە ئیمرالی، ئیدی ئەو نمایشەی کە چەند گەریلایەکی هەژار چەکەکانیان دادەنێن، بێ مانایە.
دەوڵەتی تورک پڕۆسەکەی ناوناوە “تورکیا بێ تیرۆر” و ئەو پڕۆژەیە کە بە نهێنی و شاراوە لە گەل ئەنجام دەدرێت، گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ. کۆبوونەوەکانی نێوان ئیمرالی و میت بە نهێنی و شاراوە لە چاوی گەل بەڕێوەدەچن. بۆیە زۆرێک لە بابەتەکانی پەیوەست بەم پرۆسیە بە گومانەوە لە نێو خەڵکدا پێشوازییان لێدەکرێت. لەم دواییانەشدا پرسی چارەنووسی مستەفا قەرەسوو خەڵکی نیگەران کردبوو. بەڵام لە 1ی تەمووزدا شتێکی سەرنجڕاکێش ڕوویدا و مستەفا قەرەسوو کە ئەندامی گرووپی ئەنقەرەی پەکەکەیە و ئیبراهیم کالن بەرپرسی میت هاوکات لە باشووری کوردستان دەرکەوتن.
دارکا مازی چارەنووسی قەرەسووی ئاشکرا کردبوو
مستەفا قەرەسو ئەندامی گرووپی ئەنقەرەی پەکەکەیە و لە دوایین کۆنگرەی پەکەکە کەوا لە مانگی گوڵاندا بەڕێوەچوو و بڕاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکەی دابوو، بەشداریی نەکردبوو. لەمبارەوە لەنیو خەڵکدا مشتومڕێکی گشتی لەسەر چارەنووسی قەرەسوو پێکهات و خەڵک دەیانپرسی: “مستەفا قەرەسوو لە کوێیە؟” پەکەکە بە ئەنقەست ئەو هەواڵەی بڵاوکردەوە کە “قەرەسوو کوژراوە”. هەروەها زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردیش لەسەر ئەو بابەتە هەواڵیان بڵاو کردەوە. سەرچاوەکانی دارکا مازی لە 3ی حوزەیراندا دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر ئەو بابەتە بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە قەرەسوو ماوەیەکی زۆرە لە ڕۆژئاوایە و وادیارە لەوێیەوە ڕۆیشتۆتە ئیمرالی.
کالن و قەرەسوو لە بارەگای میت لە ئیمرالی پێکەوە بوون…؟
ڕۆژی سێشەممە، 1/7/2025، زۆر پێشهات لەسەر ئەم بابەتە ڕوویدا و کاتی ڕووداوەکانیش زۆر سەرنجڕاکێش بوو.
ڕۆژنامەنووس “ئەحمەد نەسین” لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاند کە مستەفا قەرەسو لە ئیمرالییە. ئەحمەد نەسین کەسێکە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ میدیای پەکەکە لە ئەوروپادا هەیە. ئەحمەد نەسین هەروەها ڕایگەیاندبوو کە ئەم زانیاریانەی لە “یاڤوز ئۆزجان” وەرگرتووە. ئۆزجان یەکێکە لە سیما کۆنەکانی ناو میدیای پەکەکەدا. بە واتایەکی تر پەکەکە بە ئەنقەست ئەو هەواڵەی کە قەرەسو لە ئیمرالییە لە میدیاکاندا بڵاوکردبووەوە.
پەکەکە ویستی بەم کارە دوو شت بکات: یەکەم: لەبەر ئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێش نەچووبوو، بێمتمانەییەک لەنێو جەماوەر و ئەندامەکانیدا هەبوو، دەیهەویست ئەو بێ متمانەییە لاببات. دووەم: بە بڵاوکردنەوەی ئەم زانیاریانە، دەیهەویست ئەو سیگناڵە بە دەوڵەت بدات کە لە پرۆسەکەدا بە خێرایی هەنگاو بنێت.
ڕۆژی سێشەممە، 1ی تەمووز، ڕاگەیاندرا کە مستەفا قەرەسوو بەشداریی لە بەرنامەیەکی کەناڵی “مێدیا هابەر”ی پەکەکە دەکات کەوا بە زمانی تورکی بڵاو دەکرێتەوە. کات و ڕێکەوتی هەندێک ڕووداو زۆر سەرنجڕاکێش بوو. بەو پێیەی نزیکەی سێ مانگ بوو مستەفا قەرەسوو لە شوێنەکەی خۆی نەبوو، ڕێک لەو ڕۆژانەدا دەرکەوت کە هەواڵی چەکدانانی گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە ئاشکرا ببوو. دووەم: لە هەمان ڕۆژدا هەواڵێک بیسترا کە ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)یش لە هەولێرە.
وا دیارە کاڵن و قەرەسوو بە شێوەیەک هاوئاهەنگ و هاوبەش دەجووڵێنەوە. زۆرێک لە سەرچاوە نزیکەکانی پەکەکە باس لەوە دەکەن کە بەشێک لە کادیرانی پەکەکە وەک مستەفا قەرەسوو و بەسێ ئەرزنجان و ئەلیف پازارجیک، لە بارەگای میت لە ئیمرالی جێگیر کراون. بە واتایەکی تر ئیبراهیم کاڵن، مستەفا قەرەسووی لە ئیمرالییەوە هێناوە و ناردویەتی بۆ لای سەرکردەکانی تری پەکەکە. بەشێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە پەکەکە دەڵێن: “مستەفا قەرەسوو دوو ساڵ لەمەوبەر بە گەرەنتی ئێران، لە شاری سلێمانییەوە بە فڕۆکە ڕۆیشتۆتە تاران و ئێستاکەش بە گەرەنتی تورکیا سەفەر دەکات”.
ئایا پەکەکە چەک دادەنێت؟
بەشێک لە سەرچاوە میدیاییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاودەکەنەوە کە لەم ڕۆژانەدا پەکەکە چەک دادەنیت. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لە مەراسیمێکدا گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە چەک دادەنێت و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میدیاکان باس لەم هەواڵە دەکەن. واتە دانانی چەک لەلایەن ئەو گرووپانە و دواتر گەڕانەوەیان بۆ ئۆردوگاکانیان، زانیارییەکی هەستیارە.
چونکە لە بنەڕەتدا هەموو ڕێککەوتنەکان لە ئیمرالی کراون و ئۆجەلان قبووڵی کردووە کە پەکەکە بە پێی بارودۆخی نوێی ناوچەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی تورکیا خۆی بگۆڕێت. لە بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئۆجەلاندا “ئێمە هیچمان بۆ کورد ناوێت” بە روونی دەرکەوت کە لە ڕاستیدا تەسلیمبوونێکی بێ شەرت و مەرجە. کاتێک تەسلیمبوونێکی ستراتیژیی وەها گەورە و ڕێککەوتنێک بۆ بوونە بەشێک لە دەوڵەتی تورک هەبێت، هەموو پرسەکانی دیکە بێ بایەخن و دەبن بە بابەتی لاوەکی. لەکاتێکدا کە قەرەسوو دەتوانێت بە فڕۆکە بچێتە ئیمرالی، ئەوا ئەو نمایشەی کە چەند شەڕڤان و گەریلایەکی هەژار و لە دونیا بێ خەبەر لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن، بێ مانایە.
لە لایەک ئەو هەواڵانەی کە دەوڵەت و پەکەکە هەندێک جار بڵاویان دەکەنەوە، بە ئەنقەست بڵاودەکرێتەوە بۆ ئەوەی نەبزی ڕای گشتی وەربگرن و ڕۆژەڤ کۆنترۆڵ بکەن. ڕاستترین شت ئەوەیە کە دەبێ کورد زیاتر سەرنجی لەسەر پرسیارەکانی وەک “پەکەکە لە بەرانبەر چیدا خۆی هەڵوەشاندەوە و چ دەسکەوتێکی هەبوو و ئۆجەلان بەپێی چ شەرت و مەرجێک، ڕێکخراوەکەی تەسلیم کرد؟” چڕ ببێتەوە.