دارکا مازی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی شاندی ئیمرالی و ئۆجەلان لە 25ی نیساندا بڵاودەکاتەوە «1»

دارکا مازی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی شاندی ئیمرالی و ئۆجەلان لە 25ی نیساندا بڵاودەکاتەوە «1»

 بوڵدان: “لەگەڵ سەرۆککۆماردا باسمان لە مافی هیوا و چەندین بابەتی دیکە کرد، هەڵوێستەکانی زۆر باش بوون و جەختی لە پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەکە کردەوە”.

وەک دەزانرێت شاندی دەم پارتی لە ڕێکەوتی 25ی نیسانی ئەمساڵ (2025)دا بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەردانی دوورگەی ئیمرالی کردبوو. لەو دیدارەدا ئۆجەلان و وەفدی دەم پارتی زۆر بابەتیان تاوتوێ کرد و لەوانە باسیان لە بارودۆخی تەندروستی سری سورەییا ئۆندەریش کردبوو. هەرچەندە هەندێک لە گفتوگۆکانی ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن شاندی “پارتی دەم”ـەوە بڵاو کرانەوە، بەڵام هەموو گفتوگۆکان بڵاو نەکرایەوە. بۆیە پێگەی “دارکا مازی” خۆی گەیاندە یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە و توانی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی نێوان شاندەکەی دەم پارتی و ئۆجەلان لەو کۆبوونەوەیەدا بەدەست بخات. ئێمە لەم بابەتەدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەو قسانە بڵاو دەکەیەنوە کە لەو دیدارەدا کراون.

ئەم ئەندامەی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی دەڵێت: “دوای پشکنینی ڕۆتینی لە بەر دەرگای زیندان، چووینە ژووری کارگێڕی زیندان، دوای ئەوەی 5 خولەکێک لەوێ ماینەوە، دواتر چووینە هۆڵی کۆبوونەوە. کاتێک کە ئێمە ڕۆیشتین، هێشتا سەرۆک “ئۆجەلان” نەگەیشتبوو. بەزۆری سەرۆک پێش ئێمە دەهات و بەخێرهاتنمانی دەکرد، بەڵام ئەمجارە وا نەبوو. دوای ئەوەی ماوەیەکی کەم لە هۆڵەکەدا ماینەوە، سەرۆک گەیشت. دوای ئەوەی ئەحواڵپرسی لێکردین، لەسەر کورسیەکەی خۆی دانیشت.

ئەم ئەندامەی شاندەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت دوای هاتنی سەرۆک ئۆجەلان، گفتوگۆکەمان بەم شێوەیە دەستی پێکرد:

سەرۆک: ئێمە 12 ساڵ لەگەڵ سری سورەییا ئۆندەر کارمان کردووە، ئایا لە ژیاندا دەمێنێ؟

پەرڤین بوڵدان: ئینشائەڵڵا.

سەرۆک: ئێستا بارودۆخی چۆنە؟

پەرڤین بوڵدان: بارودۆخی وەک خۆی ماوەتەوە، هێشتا ژیانی لە مەترسیدایە. پزیشکەکان دەڵێن کێشەی دڵی زۆر نییە، بەڵام ناتوانین هیچ لەسەر مێشکی بڵێین. زۆر بە خێرایی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و بە پەلە نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

سەرۆک: باسم لە گومانێک کرد، ئەم ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی ڕووداوی ئۆزال، ئۆزالیش بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە. زۆر سەیرە مردنی ئەوانیش لەیەک دەچێت، ئایا لەو کاتەدا لای ئێوە بوو؟

بوڵدان: لەو کاتەدا، چووبووە سەردانی دۆغو پەرینچەک و دواتر لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆیدا گەڕاوەتەوە ماڵەوە، هاوڕێیەکی لە ماڵەوە لەگەڵیدا بووە و لەناکاو بارودۆخی تێکچووە. ئەو بۆخۆی داوای لە هاوڕێیەکەی کردووە کە پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی 155ی فریاگوزارییەوە بکات بۆ ئەوەی ئەمبوڵانس بێت.

سەرۆک: ئەگەر 10 خولەک دواکەوتبایە ژیانی لەدەست دەدا، وەک ڕووداوەکەی تورگۆت ئۆزالە و ئەمە بۆ من جێگای پرسیارە. من مەراقمە بزانم کە ئایا بەشەکانی تری جەستەی زیانیان بەرکەوتووە؟ ئایا ئەمە پەیوەندی بە زیانەکانی ئەندامەکانی دیکەی جەستەیەوە هەیە؟

پەرڤین بوڵدان: نەخێر سەرۆکم، لە یەکەم پشکنینی خوێندا بەدوای ژەهراویبووندا گەڕاون، بەڵام هیچ شتێکی لەو جۆرە نەبووە.

سەرۆک: پێشتر کیشەی دڵی هەبووە؟

پەرڤین بوڵدان: نەخێر، بەڵام کێشەی لە دەماری “ئائۆرت”دا هەبوو، ئەم دەمارەی گەورە ببوو.

سەرۆک: دەسەڵات پێشتر ئەمەی زانیبوو، با بڕۆین، باسی چی بکەین، بەڕاستی حەزم دەکرد قسەی لەگەڵ بکەم، نەخۆشیەکەی زوو بوو، کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە کات و مەرج و دەرفەتی ئەوە نییە، نەمانتوانی بەو شێوەیەی کە دەمانویست قسە بکەین. گرنگی سری سورەییا لەوەدا بوو کە تورکمان بوو و کەسایەتییەکی زۆر باشی هەبوو، بە خەباتی خۆی کاریگەری باشی لەسەر کۆمەڵگە دروست کردبوو، ترسەکانی ناو کۆمەڵگە و لە پەرلەماندا شکاندبوو، کە باسی کلتووری ئەنادۆڵ دەکەین، مەبەست ئەمەیە، ئاشتی هەر ئەوەیە. کلتووری ئانادۆڵ و کلتووری تورکمانی پێکەوە هەڵگرتبوو، ئەو کەسایەتییەکی وەها بوو. لە کولتوری بابا ئیسحاقەوە دەهات، ناوەڕۆکی تورکمانێکی ڕاستەقینە ئەو بوو، باشترین ناسنامەی ئاشتی، کلتوری باشترین ئاشتی لە دژی کلتوری دوژمنایەتیکردن بە زەبری هێز و نەتەوەپەرستییە. هۆکاری سەرەکی من ئەوە بوو کە بڵێم پێویستە بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە بکرێ. من دەبینم خەڵکێکی زۆر دەچنە لای و ڕێزی لێدەگرن و ڕێزگرتن لە تێکۆشانی ئەو، بە ئەنجام گەیاندنی هەوڵەکانی ئەون لەپێناو ئاشتیدا و من تەنیا هیوای ئەوە دەخوازم. ئێوە دەتوانن پەیامی من بە نووسراو یان بە زارەکی بەو بگەیەنن؟

پەرڤین بوڵدان: نەخێر سەرۆک، ئەو هێشتا بێهۆشە. کاتێک هاتەوە هۆش خۆی، پەیامەکەتی پێدەگەیەنین.

سەرۆک: باشە تێگەیشتم.

پەرڤین بوڵدان: ئێمە سەردانی سەرۆک کۆمارمان کرد. من و سری پێکەوە چووینە لای سەرۆککۆمار. کۆبوونەوەیەکی باش بوو و پەیامەکانی ئێوەمان گەیاند. باسمان لە مافی هیوا و دۆخی زیندانییە نەخۆشەکان و گۆڕانکاری لە یاسای سزادان و چەندین بابەتی دیکە کرد. هەڵوێستەکانی زۆر باش بوون و جەختی لە پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەکە کردەوە، زۆر بە وردی گوێی لە قسەکانمان گرت و فەرمانی بە ئەفقان ئالای و ئیبراهیم کاڵن کرد کە ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر کۆبوونەوەکانمان ئامادە بکەن و جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکانمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوام دەبێت و دوای کۆنگرە هەنگاوی خێراتر هەڵدەگرینەوە.

سەرۆک: ڕێگاکە کراوەیە، دەستی ئەردۆغانیش کراوەیە، ئەمە پێشبینی منە، ئۆزالیش وەها بوو، ئەو سەرۆککۆمار بوو. کاتێک سەرۆککۆمار وەها دەڵێت، ئەوانەی بەناوی دەوڵەتەوە کار دەکەن شەڕ لە گۆڕ دەنێن، ئایا شتێکی لەو جۆرە ڕوودەدات؟ دەبێت جیددی و دڵسۆزانە بێت، هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم سەرۆکی دەوڵەتدا نیە، دەبێت پراکتیکی هەبێت، بیانووی وەک کێشەی تەکنیکی قبوڵکراو نییە، من ئۆپۆزسیۆنم و ڕێزی لێدەگرم، بۆچی ئێوە وەک دەوڵەت ڕێز لە سەرۆککۆمار ناگرن؟

“بەهۆی ئەوەی کە ئەو کۆبوونەوەیە زۆری خایاندووە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆی شاندی پارتی دەم و ئۆجەلان، لە بابەتێکی دیکەدا باس دەکەین”.

پوستێن ھەمان بەش