پەکەکە درۆیەکی “زەخم”ی بڵاو کردەوە

نەپەگە: “لە ماوەی 730 ڕۆژدا، بە بێ ناوبڕ و ڕۆژانە 5 بۆ 6 چەکداری تورکمان کوشتووە”.
پەکەکە ئاماری ساڵانەی کوژراو و بریندارانی ئەرتەشی تورکیا و زیانە گیانیەکانی گەریلای بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2023دا، گەریلاکانیان توانیویانە 928 سەرباز و لە ساڵی 2022شدا، 3000 چەکداری تورک بکوژن. بەپێی ئامارەکە، لەماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا، بە گشتی 4000 چەکداری تورک لەلایەن پەکەکەوە کوژراون.
ڕۆژی هەینی 29/12/2023، میدیاکانی پەکەکە ڕاگەیاندراوێکی فەرماندەی بڕیارگەی “نەپەگە”یان بڵاو کردەوە کە تایبەت بوو بە ئاماری شەڕی بێمانا و بێئەنجامی نێوان پەکەکە و تورکیا، کەوا لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی نەپەگە، لە ساڵی 2023دا 928 چەکداری تورکیا کوژراون و 179 گەریلای پەکەکەش گیانیان لەدەستداوە.
شایانی باسە پەکەکە لە مانگی نیسانی 2023دا ئامارێکی دیکەی بڵاو کردبۆوە و تێیدا گوتبووی: “لە نێوان 14ی نیسانی 2022 تا 14ی نیسانی 2023، نزیکەی 3 هەزار چەکداری تورکیا کوژراون و 259 گەریلای پەکەکەش گیانیان لەدەستداوە.
ئەگەر ئەم دوو ئامارە لەپاڵ یەک دابنێین، ژمارەی کوژراوانی سوپای تورکیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە ڕوونی دەردەکەوێت؛ واتە پەکەکە لە ماوەی 730 ڕۆژدا، بە بێ ناوبڕ و ڕۆژانە 5 بۆ 6 چەکداری تورکی کوشتووە. بێگومان کوشتنی چەکدارانی داگیرکەرانی کوردستان، هەموو کوردێک دڵخۆش دەکات، بەڵام ئەوەی پەکەکە ڕایگەیاندووە، یەکێکە لەو درۆیە شاخدارانەی کە دەیهەوێت لە رێگایەوە گەلی کورد فریو بدات، دەنا هەموو کەس دەزانێت کە ئەوەندە چەکدارەی داگیرکەری تورکیان نەکوشتووە.
دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە کۆتایی هەر مانگ و ساڵێکدا ئامارێک لەسەەر زیانە گیانیەکانی شەڕی گوماناوی نێوانیان بڵاو دەکەنەوە و هەرکامەیان دەڵێن ئەوەندەمان لە لایەنی بەرانبەر کوشتووە. بەڵام ئامارەکانی هیچکامیان فڕیان بە ڕاستیەوە نیە و هیچکات لەلایەن ناوەندەکانی سەربەخۆی هەواڵەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە. پەکەکە و تورکیا ئەو ئامارانە وەکوو شەڕێکی ڕەوانی بەکار دەهێنن دەنا لە ڕاستیدا قوربانیانی شەڕی ساختەی نیوان دەوڵەتی تورک و پەکەکە، تەنها و تەنها خەڵکی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانن.