8 ساڵ بەسەر خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبەردا تێپەڕبوو

8 ساڵ بەسەر خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبەردا تێپەڕبوو

دەبوا لەماوەی 8 ساڵی ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانی و یەک بە یەکی ئەوانەی کە خیانەتیان لە گەلی کوردستان کرد، سزا درابان و باجی خیانەتەکەیان دابا.

ئەمڕۆ 8  ساڵی تەواو بەسەر خیانەتە نگریس و گەورەکەی 16ی ئۆکتۆبەردا تێپەڕبوو، خیانەتێک کە بەهۆیەوە زیاتر لە نیوەی خاکی باشووری کوردستانیان ڕادەستی میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئەوکات و ئێستای یەنەکە، واتە میلیشیاکانی “حەشدی شەعبی” کرد.

سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری 2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق و میلیشیاکانی حزبوڵڵای لوبنان و بەشێک لە هێزەکانی ئێران دەستیان بە جووڵە بەرەو کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە کرد. لە بەرانبەر ئەو جووڵانەدا، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، سەنگەرەکانی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان قایم کرد، بەڵام پێش 16ی ئۆکتۆبەری 2017، زۆربەی هێزەکانی یەنەکە، بەبێ هیچ بەرگرییەک، سەنگەرەکانیان بۆ میلیشیاکانی حەشد چۆڵ کرد و بەم شێوەیە ڕێگەیان بۆ میلیشیاکان کردەوە کە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان داگیر بکەن.

38 ئەندامی بەڕێوەبەریی یەنەکە ڕێککەوتنی خیانەتیان واژۆ کردبوو

هەر لەو کاتەدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئێستای یەکێتی نیشتمانی (یەنەکە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی بەریتانی جەختی کردەوە کە بەپێی ڕێککەوتنێک کە 38 ئەندامی سەرکردایەتی یەنەکە واژۆیان لەسەر کردووە، کشاونەتەوە. یەنەکە بەو ڕێککەوتنە خیانەتێکی گەورەی بە کوردستان کرد.

هەرچەندە دوای 4 ڕۆژ لە خیانەتە گەورەکەی یەنەکە، میلیشیا چەکدارەکان، بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەنەکە و هێزە جاشەکانی دیکە، پلانیان دانا بۆ داگیرکردنی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی لە پردێ و سحێلا و مەحموودیە و تلسقۆف و مەخموور و زۆر شوینی دیکەی کوردستاندا، شکستێکی گەورەیان بە داگیرکەران چێشت. بەرخۆدانێکی هێندە گەورە بوو کە میلیشیا داگیرکەرەکان نەوێرن جارێکی دیکە لە کوردستان نزیک ببنەوە.

یەنەکە وەکوو حیزب بەرانبەر بەو خیانەتە گەورە و نگریسەی دژ بە کورد و کوردستان کرا، بەرپرسیارە. هەرچەندە لە 16ی ئۆکتۆبەردا بەشێک لە ئەندامانی یەنەکە وەک شێخ جەعفەر و کۆسرەت ڕەسوڵ وایان نیشاندا کە دژی خیانەتن، بەڵام ئێستا دەبینین ئەوانیش هاتوونەتە ژێر هەمان ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی حزبەکەیان کە بڕیاری خیانەتەکەیان دابوو. بەتەواوی دەرکەوتووە کە یەنەکە وەکوو حیزب بەرپرسیارە لەو خیانەتە نگریسە و دەبێت سزا بدرێت.

دەبوا لەماوەی 8 ساڵی ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانی و یەک بە یەکی ئەوانەی کە خیانەتیان لە گەلی کوردستان کرد، سزا درابان و باجی خیانەتەکەیان دابا، بۆ ئەوەی ببنە عیبرەت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هیچ کەسێک جەسارەتی ئەوە نەکات کە بیر لە جاشایەتی و خیانەت بکاتەوە.

Share

پوستێن ھەمان بەش