دارکا مازی دۆسیەی گەندەڵی حەشدی شەعبی لە مووسڵ بڵاو دەکاتەوە

دارکا مازی دۆسیەی گەندەڵی حەشدی شەعبی لە مووسڵ بڵاو دەکاتەوە

دارکا مازی: بە سەرپەرشتیی ئەفسەرێکی ئیستیخباراتی حەشدی شەعبی، هەر پارچە زەوییەک، بە 10 ملیۆن دینار فرۆشراوە.

زانراوە پارچە زەوییەک کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری مووسڵ لەبەرامبەر دەڤەری کۆکجەلی لە نزیک کۆمەڵگەی شرووق کە سەر بە شارەوانی “مووسڵ”ـە، لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبیەوە داگیرکراوە و پاشان ئەم زەوییە کە پارچەیەکی زۆر گەورەیە، بەسەر چەند پارچە زەوییەکی بچووکدا دابەشکراوە و دواتر فرۆشراوە.

سەرچاوەکانی پێگەی “دارکا مازی” ئاشکرایان کرد، لیوای 30ی حەشدی شەعبی، لە ڕێگەی “جەعفەر جەمیل”، برای “محەممەد جەمیل”، فەرماندەی لیوای ناوبراوەوە و “محەمەد عارف”، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، دەستیان بەسەر پارچە زەوییەکی گەورەی سەر بە شارەوانی مووسڵدا گرتووە و لە مانگی ئابی ئەمساڵدا ئەم پارچە زەوییە بەسەر چەند پارچەیەکی بچووکدا دابەش کراوە و دواتر فرۆشراوە.

سەرچاوەکانی “دارکا مازی” جەختیان کردۆتەوە کە هەریەک لەو پارچە زەوییانە، بە سەرپەرشتیی “عەبدوڵڵا وەحش”، ئەفسەری ئیستیخباراتی لیوای 30 حەشدی شەعبی بە بەهای 10 ملیۆن دیناری عێراقی بۆ هەر پارچە زەوییەک، فرۆشراوە و هەروەها بڕیاری ئاوەدانکردنەوەی ئەو پارچە زەوییانە لەلایەن “محەممەد جەمی”یەوە پەسند کراوە.

وەک دەزانرێت لیوای 30ی حەشدی شەعبی بە بیانووی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی دەشتی نەینەوا، لە مووسڵ ماونەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا بۆخۆی سەرچاوەی نائارامەی و ناسەقامگیری و دزی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی دەوڵەتە لە مووسڵدا. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی حکومەتدا گرتووە لە مووسڵدا و بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاسا و دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق لەم شارەدا، هەرچییان بهەوێت دەیکەن. گرنگترین شت بۆ ئەم میلیشیایانە تەنها پاراستنی بەرژەوەندییەکانی حەشدی شەعبییە.

لای خۆشیانەوە دانیشتوانی مووسڵ بەهۆی ئەو کارە نایاساییانەوە زۆر توڕەن لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و دەیانهەوێت ئەو هێزانەی حەشد مووسڵ بەجێبهێڵن و چیدی دەستوەردان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا نەکەن.

Share

پوستێن ھەمان بەش