لەو کاتەوە کە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە، ڕۆژانە تاوانێکی وەهای پەکەکە ئاشکرا دەبێت

هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.
پەکەکە ناسنامەی 6 گەریلای دیکەی خۆی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2023دا لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە هەتا چەند ڕۆژ پێش هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی شاردبۆوە. لەو کاتەوە کە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە، ڕۆژانە تاوانێکی وەهای پەکەکە ئاشکرا دەبێت.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئەمڕۆ چوارشەممە 15/10/2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی 6 گەریلای دیکەی حیزبەکەی ئاشکرا کرد کە زیاتر لە 2 ساڵ لەوەپێش لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە و پەکەکە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی شاردۆتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگە، ئەو 6 لاوە کوردە لە ڕێکەوتی 19ی حوزەیرانی ساڵی 2023دا، لە چیاکانی باشووری کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی تورکەو کراونەتە ئامانج و گینیان لەدەستداوە.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 6 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ بارش نیازی، خەڵکی ئەرزڕووم لە باکووری کوردستان.
2ـ کەریم خدر، خەڵکی شاری خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
3ـ باسل فەرید، خەڵکی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان.
4ـ دیار ئەنوەر، خەڵکی کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان.
5ـ حەسەن ئەحمەد، خەڵکی دێرەزوور.
6ـ جەنگیز خەلیل، خەڵکی سێرت لە باکووری کوردستان.
پەکەکە وەک زۆرێک لە هەڤاڵەکانی دیکەیان، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم 6 گەریلایەشی بۆ ماوەی 2 ساڵ لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردبۆوە و ئێستاش دەڵێت ئەوان میلیتانی ئاپۆ بوون و خۆیان فیدای ئاپۆ کرد!.
پەکەکە ڕۆژانە وێنەی پۆلێک لە کچ و کوڕانی لاوی کورد بڵاودەکاتەوە کە لە ساڵ و مانگەکانی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە و هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.