ئەلمۆنیتەر: ئۆجەلان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، داوای هاوکاری لە نێچیرڤان بارزانی دەکات

لە نامەکەی ئۆجەلاندا بۆ نێچیرڤان بارزانی هاتووە: “زۆر گرنگە کە تۆش سەرکردایەتیی ئەم پرۆسەیە لەئەستۆ بگری.”
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندکراوی پەکەکە، ڕاستەوخۆ داوای هاوکاریی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە.
ماڵپەڕی مۆنیتەری ئەمریکی ڕۆژی سێشەممە 14/10/2025 لە راپۆرتێکدا ڕایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ داوای هاوکاری لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی 40 ساڵەی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکان بەڕێوەدەچێت.
مۆنیتەر باس لەوە دەکات، هەفتەی رابردوو نامەیەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەیەندراوەتە دەستی نێچیرڤان بارزانی و تێیدا باس لەوە کراوە، ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەڕێوەدەچن “کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت. ئامانجی من لەم پرۆسەیەدا بریتییە لە بەدەستهێنانی چارەسەرێکی هەمیشەیی بە پشتبەستن بە بنەما دیموکراسییەکان.”
لە نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا بۆ نێچیرڤان بارزانی هاتووە، “زۆر گرنگە کە تۆش سەرکردایەتیی ئەم پرۆسەیە لەئەستۆ بگری.”
پرسی “چوارچێوەی یاسایی” لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغاندا
داواکارییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کاتێکدایە، نادڵنیاییەک لەبارەی داهاتووی گفتوگۆکان و پرۆسەکە بەشێوەیەکی گشتی هەیە.
ناردنی نامەکە بۆ نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدایە، پێنجشەممەی رابردوو 9-10-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی بە مۆنیتەری راگەیاندووە: “لەو کۆبوونەوەیەدا کە کاتژمێرێکی خایاند، نێچیرڤان بارزانی داوای لە سەرۆککۆماری تورکیای کرد کاریگەری خۆی بەکاربێنێت بە مەبەستی خێراکردن لە هەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی” کە رێگە بە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بدات لە چیاکانی هەرێمی کوردستانەوە بگەڕێنەوە تورکیا.
ماڵپەڕی مۆنیتەر باس لەوە دەکات، نێچیرڤان بارزانی زیاتر لە دەیەیەکە پەیوەندییەکی یەکجار بەهێزی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە و وەک کەسایەتییەکی کاریگەر لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە کورد رۆڵ دەگێڕێ و تەنانەت هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش لە لایەن تورکیاوە لەسەر داواکاری نێچیرڤان بارزانی بوو.