“لە عێراقدا ئەرتەش هەمووی بووەتە گرووپی چەکداری، وڵاتەکانی تریش بە راست و چەپ بۆردومانمان دەکەن و پێڵاویان خستووەتە سەر سەرمان و کەس نییە وهڵامیان بداتەوە”.
ئەیاد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشتووتری عێراق رەتیدەکاتەوە شتێک مابێت بەناوی سوپا لە عێراقدا و رایگەیاند، وڵاتان بۆردومانی عێراق دەکەن و سوپایەکی بەهێزمان نییە وەڵامیان بداتەوە.
لە یادی 103 ساڵەی دامەزراندنی سوپای عێڕاق، ئەیاد عەلاوی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان24، رایگەیاند: شتێک نەماوە بە ناوی سوپا هەمووی بووەتە گرووپی چەکداری، وڵاتەکانی تریش بە راست و چەپ بۆردومانمان دەکەن و پێڵاویان خستووەتە سەر سەرمان کەس نییە وهڵامیان بداتەوە چونکە سوپایەكی بەهێزمان نییە.
عەلاوی گوتی: “سوپای عێراقم گەڕاندەوە و ریزەکانیم یەکخستەوە، من ئەو هەڵوێستانەم رەتکردەوە کە دژی کورد بوون، ئەوەش رەتدەکەینەوە کە ئێستا هەیە و قبوڵی ناکەین، کورد گەلی ئێمەن، خۆ لەسەر مانگ و مەریخەوە نەهاتوون”.
ئەیاد عەلاوی ئاماژەی بەوەشکرد: “لە سەردەمی ئۆپۆزیسیۆندا تاکی کورد بە ژیان و رزقی خۆی ئێمەی پاراست، گەمارۆی ئەمەریکا و سەدامیان لەسەر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکان ئێمەیان هەر پاراست، ئێمە لە کوردستان کارمان کردووە، کورد بە گیانی خۆیان ئێمەیان پاراست و بەرگەی نەهامەتی حکومەتە زۆردارەکەی سەدامیان گرت”.
سوپای عێراق لەسەردەمی پاشایەتی و لە شەشی كانوونی دووەمی 1921 دامەزراوە، ساڵانە یادی ئەو رۆژە دەكرێتەوە و لە عێراق پشووی فەرمییە. لە سەرەتای دامەزراندنیدا تەنیا سوپای پیادە بووە دواتر هێزی ئاسمانیی عێراق له ساڵی 1931 و هێزی دهریاییش له ساڵی 1937 دامەزران.
سوپای عێراق لهوهتهی دامهزراوه بەشداری چەندین شەڕ و ململانێی ناوخۆ و كودەتای كردووە، كه دیارترینیان جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران، جەنگی داگیركردنی كوەیت، جەنگی كەنداو، شەڕی شۆڕشەكانی كورد، کیمیابارانکردنی هەرێمی کوردستان و ئەنفالکردنی کورد و سەركوتكردنی راپەڕینی پارێزگاكانی باشووری عێراقی لە ساڵی 1991 بووه.